گۆشەنگیاى نائایدۆلۆژى

لە بیرەوەرەیەکانم و لەبرى بیرەوەى حیزبی شیوعیى و کۆمەڵەى رەنجدەران بە نمونە

4 ساڵ لەمەوپێش




سوارە نەجمەدین

لە هەموو سەردەمەکان، 
هەرچى پێشتر نووسراوە و هەرچى لەمەودوا دەنووسرێت، 
یەک ئامانجى هەیە، 
ئەویش بریتییە لە وەسفکردنى ئەوەى: 
کە ژیان چۆن پشت لە هەمووان دەکات. 
نازم حیکمەت

دەگێڕنەوە وەختى خۆى کابرایەکى شیوعی وتویەتى: وەڵاى چەند ساڵە شیوعیم هێشتا نازانم مارکس و لینین کامیان پیاوەکەیە و کامیان ژنەکە!. رەنگە ئەمە تراژیدیاترین نوکتەى سەردەمى خەباتى شیوعیەت بێت، جا گەر ئەم نوکتەیە سەرچاوەکەى بگەڕێتەوە بۆ خەباتى حیزبى شیوعى عێراقى (حشع) یان بۆ سەردەمى کۆمەڵەى مارکسی-لینینى کوردستان، چونکە بەرانبەر پارتى دیموکراتى کوردستان تەنها ئەم دوو لایەنە لەو قۆناغەدا هەڵگرى ئایدۆلۆژیاىکۆمۆنیزم بوون. 
لە دیدارێکى ڕۆژنامەوانیدا،لە شاعیرى ناودارى عەرەب محەمەد ماغوت دەپرسن: چۆن بووى بە ئەندامى حیزبی نەتەوەیی سورى؟ دەڵێت: بارەگاکەیان لە ماڵى ئێمەوە نزیک بوو، زستانیش بەردەوام زۆپایان دادەگیرسان و بارەگاکەیان گەرم بوو... بەم پێوەرە لە نێوان حیزبی بەعسی سورى و حیزبی نەتەوەییکۆمەڵایەتى سورى، ئەوى دووهەمیان هەڵدەبژێرێت. ڕەنگە ئەمە یەکێک بێت لە راستگۆیانەترین هۆکارى هەڵبژاردنى حیزب لە رۆژهەڵاتدا، باوکم سێ حەجى کردبوو، کاتى خۆى ئینتیماى حیزبی شیوعى هەبوو، دەیوت ئەوکات هەر پارتى و شیوعى هەبوو، گەر پارتیت بەدڵنەبووایە دەبوویت بە شیوعى، هەرچۆن زۆرێک لە کوڕانى مامۆستا ئاینییەکان بوون بە شیوعی و دواتر ژمارەى گەورەشیان لێ دەرچوو. 
بەهادین نورى لە بەشی یەکەمى بیرەوەریەکانیدا دەڵێت:(رۆژێکیان یەکێکیى لادێی نەخوێندەوار لێى پرسیم: بۆچى گیراوىت؟ 
-    بە تاوانى شیوعى بوون. 
-    وتى : ئیشی ئەم حکومەتە سەیرە، جا بۆچى خەڵک بەم تاوانە دەگرێت، خۆ نیوەى ئۆمەتى محەمەد شیوعیە).
هەر لەسەر هەمان ریتم فاروقى مەلا مستەفا لە بەشى یەکەمى (یادەوەرییەکانم)دا، کە هەر هەمان کتێب دەبێتە سەنتەرى ئەم باسە و کردوومە بە بیانویەک تاکو لەوێوە ئیستێک لەسەر گۆشەنیگاى نائایدۆلۆژیبوونى شۆڕش بکەم،  باس لە (عەلى زەردەشتى) ناوێک دەکات، بە پێى گێڕانەوەکەى کەسێک بووە هاوشێوەى بەشیر موشیر و فیگەرێکى فکرى بێ ئیلتیزامى هەبووە، دەڵێت: رۆژێک هاتە ناوکێلەکان(کە ئەو کاتە بارەگاى حیزبی شیوعى – قایادەى مەرکەزى لێبووە) هاوڕێ سەبرى کە لێپرسراوى هێزەکەیان بووە لە عەلى زەردەشتى دەپرسێت: ڕات چییە لە هاوڕێ ماوتسیتۆنگ؟ لە وەڵامدا پێى دەڵێت: ئەگەر چل سەر مەڕ و بزنت لە ڕەواندز بدەمێ ئەتوانى بە تەنها بیانگەیەنیتە ئەم بارەگایە لە ناوکێلەکان؟ هاورێ سەبرى (کە خۆى عەرەب بووە) دەڵێت: نەوەڵا لەم شاخ و داخ و شیو و دارستانە بەیەکداچووە زۆر زەحمەتە!، زەردەشتى پێى دەڵێت: ماوتیستۆنگ ملیارێک بەڕێوەدەبات و هیچیشیانى لێ ون نابێت، ئەم بەسەرهاتەش لە رووکەشدا کۆمیدیا و لە ناوەڕۆکدا تراژیدیاى شوێنکەوتنى مەڕانەى ئایدۆلۆژیا و حیزبە، ڕاستە باسەکە لەمەڕ حیزبی شیوعییە، بەڵام بۆ عەوامى زۆربەى حیزبە ئایدۆلۆژیەکانى رۆژهەڵات دەشێت ڕاست بێت، سەرکردە خۆى دەزانێت ئامانجى لە هەڵبژاردنى ئەو ئایدۆلۆژیییە چییە، بەڵام زەحمەتە هەموو شوێنکەوتوانى بەهۆى ئایدۆلۆژیاوە شوێنى کەوتبن.
بیرى کۆمۆنیستى کە دژى فیودال و دەرەبەگایەتى بووە، بەڵام پێدەچێت رێبەرەکانى زوو زوو بیریان چووبێتەوە، بۆیە سالار رەشید لە یادەوەریەکانیدا (ئەو کاروانەى بۆ هەوارى ئێمە نەچوو-٢٠٢٠) لەسەر زارى شوانە ناوێکەوە دەگێڕێتەوە( رۆژێک سالار عەزیز(یەکێک لە سەرکردەکانى کۆمەڵەى رەنجدەران) لە بارەگاى سەرکردایەتى تێپەڕى، هەموو پێشەمەرگەکان لەبەرى هەستان، تەنها یەک پێشمەرگەیەک نەبێت، ئەویش سەرقاڵى رادیۆ چاکردن بوو، سالار چووە لایەوە و پێى وت: کە بۆچى لەبەرى هەڵناسێت!؟ ئەویش وتى کاک سالار خۆت ئەزانى من سەرقاڵ بووم، پاشان خۆ سەردەمى ئاغایەتى نییە. سالار گرتى و زۆرى لێدا، تاکو قۆڵى شکاندا) واتە ڕابەڕێکى بیرى مارکسی لینینى، لەسەر ئەوەى پێشمەرگەیەک لەبەرى هەڵناسێت، کە سەرقاڵە قۆڵێکى دەشکێنێت، ئەمە چۆن دەکرێت لە ئەدەبیاتى ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیستیدا جێگاى بۆ بکرێتەوە؟
بەدر شاکر سەیاب، شاعیرى ناودارى عەرەب رەخنە لە ئایدۆلۆژیای شیوعیەت دەگرێت و دەڵێت (مەعقوڵ نییە بۆ جوتیارێکى سادە بنەماکانى ماددەى دیالێکتیکى شرۆڤە بکەین و بڵێین ماددەى یەکەمى ئەو فەلسەفەیە بریتییە لە رەتکردنەوەى عەقڵى رەها، ئەمەش لە راستیدا ئینکاریکردنى وجودى خواى پەروەردگارە) ئەمە لە کاتێکدا بە تایبەت لە کوردستاندا شوێنچالاکى حیزبی شیوعی و کۆمەڵەى مارکسی لینینى کوردستان مزگەوتەکان بووە، دیارەشوێنى کۆبوونەوەى ئەو قۆناغە لە لادێ و شارەکاندا زیاتر مزگەوتەکان بوون، بە ئێستاشەوە ناونیشانەکان بە مزگەوتەکاندا دەناسرێنەوە، ئێستاش کۆدى پۆستەمان نییە و دەبێت ناوى مزگەتێکى پێ بڵێت تاکو بتدۆزێتەوە. 
لە دروستبوونى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە، (١٩٤٦- مەهاباد) هیچ حیزبێکى کوردى لە گۆڕەپانى سیاسیدا نەبووە، حیزبی شیوعى عێراقى(١٩٣٤-بەغداد)، کە دواتر لقى کوردستانى بوو بە رێکخراوێکى تا ڕادەیەک سەربەخۆ، تەنها دوو ئاڕاساتەى سیاسی بوون لە کوردستاندا کاری سیاسیان دەکرد، پارتى حیزبێکى ئایدۆلۆژی نەتەوەیی و شیوعى حیزبێکى ئایدۆلۆژى مارکسی لینینى.
پارتى دیموکراتى کوردستان، لەگەڵ ئەوەى هەر لە سەرەتاوە وەک پارتێکى نەتەوەیی دامەزرا، بەڵام بەهۆى ئەوەى هەندێک لە سەرکردە باڵاکانى ئەو سەردەمە هەڵگرى بیروباوەڕى مارکسی بوون، لەناو ئەو حیزبەدا باڵێکى چەپ پەیدا بوو، کە ئاڕاستەى حیزبیان بەرەو گۆڕینى ناسنامەى کۆمۆنیزم دەبەرد، پێش گەڕانەوەى مەلا مستەفا بارزانى لە رووسیاوە هەوڵێک هەبووە بۆ ئەوەى ناسنامەى پارتى بگۆڕێت بۆ حزبیکی  مارکسی-لینینى، ئەم رەوتەش بەهۆى ململانێ و بەرنگارى ئیبراهیم ئەحمەدەوە لاواز دەکرێت، بە گەڕانەوەى بارزانى و جێگیربوونى وەک سەرۆکى حیزب هەموو ئاڕاستەکانى تر زۆر لاواز بوون، چونکە بە پێى گێڕانەوە مێژووییەکان بارزانى تەنانەت بڕواى بە ستراکتۆرى حیزبیش نەبووە، ئەم ڕاستییە هەم بەهادین نوورى لە بەشی یەکەمى بیرەوەرییەکانیدا باسی دەکات، هەم جەلال تاڵەبانى لە کتێبی دیدارى تەمەندا ئاماژەى پێدەکات، بە نمونە تاڵەبانى باس لە سەردانێکى خۆى و بارزانى دەکات بۆ لاى عبدالکریم قاسم، کە ئەوکات لە دەرئەنجامى کودەتایەک بریندار دەبێت و لە نەخۆشخانە دەکەوێت، قاسم کە مەلا مستەفا دەبینێت ڕاستەوخۆ توڕە دەبێت و دەڵێت : مەلا مستەفا کاتێک کە لە رووسیا گەڕایتەوە نەوموت تۆ ئیتر سەرۆکى عەشیرەتێک نیت و تۆ سەرۆکى حیزبێکى نەتەوەیی و شۆڕشێکى نەتەوەییت، پێویستە ئاوا هەڵسوکەوت بکەیت، بۆچى شێخ ئەحمەدى زێباریت کوشت؟ تەواوى سەربوردەکان ئەوەمان پێدەڵێن، کە مەلا مستەفاى بارزانى زیاتر حەزى بە سەرۆک عەشیرەتى هەبووە وەک لەوەى ببێت بە سەرۆکى حیزبێک، وە لەبەر ئەوەى تەرازوى هێز و پێگەى جەماوەرى لە ناو پارتى دیموکراتى کوردستاندا بەشێوەیەک بووە، کە سەنگ و قورسایی بارزانى بە تەنها زیاتر بووە لە مەکتەبی سیاسی، ئەمەش بە پێى هەندێک شیکارى هۆکارەکەى دەگەڕێتەوە بۆئەوەى کە پێش گەڕانەوەى بارزانى برایم ئەحمەد و خەتەکەى وەک سیمبولێکى نەتەوەیی چاوەڕوانى مەلا مستەفا بوون، بە گوێى هەمووانیان دابوو کە سەرکردەى نەتەوەیی کورد مەلا مستەفایە و بێ ئەو ئەستەمە بتوانن هیچ جوڵانەوەیەک بکەن، ئەمەش مەلا مستەفاى کرد بە خاوەن عەرشێک کە هێنانە خوارەوەى بوو بە مەحاڵ،  تاکو لە ساڵى ١٩٦٤ بوو بە هۆکارى جیابوونەوەى باڵى مەکتەبی سیاسی، کە زۆرێک لە بیروڕاکان بەو ئاراستەیەن ئەم بەش بوونە جیابوونەوەى ئایدۆلۆژیا لە پارتى، تەنانەت هەندێک پێیان وایە جیابوونەوەى باڵى مەکتەبی سیاسی سەرەتای دروستبوونى کۆمەڵەى مارکسی – لینینى کوردستانە، کە دواتر دەبێت بە کۆمەڵەى ڕەنجدەرانى کوردستان، هەندێکیش بە تەواوەتى پێچەوانەى ئەم ڕایەن و پێیان وایە پارتى لە دواى هەمزە عەبدوڵاوە هیچ تەیارێکى مارکسی تیادا نەبووە. 
کۆمەڵەى ڕەنجدەرانى کوردستان ئەڵتەرناتیڤى حیزبی شیوعى بوو لە کوردستان، بۆ تەبەنى کردنى بیرى مارکسی لینینى، کە دەکرێت بە ئاڕاستەى حیزبی شیوعى سۆڤێتى ئاماژەى پێبکرێت، لە بەرانبەردا مام جەلال ویستویەتى تەبەنى بیرى ماوی بکات، وەک بنەمایەک بۆ دامەزراندنى پارتى پێشڕەو، کە ئەودەمە باسێکى سەرەکى کار و پالاکى حزبایەتى بوو، باڵى جەلالى کە لە دواى ١٩٦٦ دەیەوێت تەیارێکى جیڤاریستى دروست بکات، دواتر لە ئەنجامى گۆڕانکارى و رووداو و پێش هات دەبێت بە تەیارێکى ماوى، واتە دەکرێت بڵێین ئایدۆلۆژیا لەو قۆناغەى نێوان کۆمەڵە و یەکێتیدا تێکەڵەیەک بووە لە خۆ یەکلایینەکردنەوە. 
هەموو ئەم وێنانەى سەرەوە لە پێناوى ئەوەدا بوو بە خێرایی گۆشەنیگایەکى جیاواز لەو قۆناغەدا ئاماژە بۆ بکەین،دەکرێت لێرەدا پەیوەندى ئایدۆلۆژیا و حیزب هەر لەسەر بنەماى ئەو گێڕانەوانەى سەروە ئەوەمان بۆ روون بکاتەوە، کە ئایدۆلۆژیا چۆن شۆڕ دەبێتەوە بۆ کادیران و خوارەوەى حیزب، چ لە ناو حیزبی شیوعى، چ لە ناو کۆمەڵەى رەنجدەران و دواتر یەکێتى نیشتیمانى کوردستان. لەسەر ئاستى هەردوو رەوتەکە لە قیادەى حیزبدا یان لەناو رەوتى رۆشنبیرانیاندا ململانێى ئایدۆلۆژى توند هەبووە، هەرکاتێکیش سەرکردە بە تەواوەتى باوەڕى بە ئایدۆلۆژیاکە نەبووبێت، ئاستەم بووە بتوانێت باوەڕ بە خوارەوە بهێنێت باوەڕى پێبهێنن، بە نمونە کاتێک نەوشیروان مستەفا لە کتێبی (لە کەنارى دانوبەوە بۆ خڕەى ناوزەنگ) دەڵێت: من باوەڕم بە بیر و باوەڕى کۆمەڵە نەبوو، بەڵام لەبەر خاترى مام جەلال بووم بە سکرتێرى کۆمەڵە. ئەمەیە وا دەکات، لە دواى دروستبوونى یەکێتییەوە باڵانس بەلاى کۆمەڵەدا روو لە کەمى دەکات، تاکو دەگات بە کۆنگرەى دووهەمى یەکێتى ١٩٩٢ و کۆمەڵە لە ناو یەکێتیدا دەتوێننەوە، دەکرێت بڵێین ئەم ململانێیە بە جۆرێکى تر لەناو حیزبی شیوعیدا وا دەکات، لە گەورەترین حیزبی عێراقەوە ببێتە بە حیزبۆچکەیەکى یەک نوێنەرى، بەڵام لەناو کۆمەڵەى رەنجدەرانى کوردستاندا دەکرێت بووترێت باڵە نەیارەکە زاڵتر بووە لە باڵى هاوڕا، بەو پێەى سەرکردەکانى دەسەڵاتدار لە کۆمەڵە زیاتر باوەڕیان بە خەباتێکى کوردستانى هەبووە. 
سەرکردە بۆ ئەوەى باوەڕى ئایدۆلۆژی لاى جەماوەرەکەى دروست بکات،بە پرنسیپى کارى رێکخراوەیی، دەبێت سەرەتا خۆى باوەڕى تەواوى بەو ئایدیاییە هەبێت، ئایدۆلۆژیا لە جەوهەردا ئامانج و ئامڕازیشە، بەڵام لاى زۆربەى سەرکردەکانى کورد تەنها ئامڕاز بووە،تەنها وەسیلەیەک بووە تاکو ئامانجى نەتەوایەتى پێ بەدیبهێنن، بۆیە ئاساییە سەرکردەیەکى مارکسی کوردى بڵێ: من خۆم باوەڕم بە بیروباوەڕى مارکسی نەبووە. ئەمە بە دیوێکى تردا ئەوە دەخاتە روو، کە ئەم سەرکردەیە هەڵگرتنى بیروباوەڕى مارکسی بۆ هەڵخەڵەتاندن و لەخشتەبردنى جەماوەر بووە.
*** 
یاداشت وەک سەرچاوە بۆ هەڵسەنگاندنى مێژوو 
نووسینەوەى بیرەوەرى هونەرە، جیا لەوەى وردبینى و زاکیرەیەکى باشی دەوێت، دەبێت بزانیت چۆن و لە کوێوە دەستپێدەکەیت و بۆ کوێى دەبەیت، رێک وەک ئەوەى ئاڕاستەى رۆمانێک دیارى دەکەیت، پێویستى بە تەکنیک و گرێچن و گێڕانەوە هەیە، پێویست بە فلاشباک و ناساندنى کارئەکتەر هەیە، شوێن و کات بەهاى گەورەیان هەیە، هەڵبەت بەڕەچاوکردنى جیاوازى نێوان یاداشت و نووسینەوەى یادەوەرى، دەفتەرۆچکەیەک هەموو کات لە بەرباخەڵتدا بووبێت و لە کاتى خۆیدا زانیاریت تۆمار کردبێت جیاوازە لەوەى پشت بە زاکیرەى خۆت ببەستیت. 
لەسەر ئاستى دنیا هەندێک کتێبى بیرەوەرى پێگەى گەورەیان هەیە، یاداشتەکانى وینستۆن چەرچڵ لە نێوان هەزاران ڕۆمان و شیعر و چیرۆکدا، لە مابەینى سەدان ئەدیبی گەورەدا ساڵى ١٩٥٣ خەڵاتى نۆبڵى ئەدەبی وەردەگرێت، ڕەنگە ئەمە باشترین نمونە بێت بۆ بایەخى کتێبی یادەورەى، کە سیاسیەک گەورەترین خەڵاتى ئەدەبی پێبەرێتەوە، لە هەمان کاتدا نمونەیەکى زیندووە بۆ نیشاندانى پەیوەندى نێوان یادەوەرى و مێژوو، بێ ویستى خۆت هەرچۆن یادەورەى بنووسیتەوە کارت لەسەر مێژوو کردووە، پێگە و سەنگى خۆت چەند بووە ئەوەندە پێگەى کتێبەکەت بۆ ئەو قۆناغە گرنگە، کە دەیگێڕیتەوە، بەڵام پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە تۆ بۆچى یادەوەرى دەنووسیتەوە؟ 
دەتەوێت خۆت نەمربیت؟ یان دەتەوێت هەندێک راستى ئاشکرا بکەیت، کە لاى زۆرینەیەک نییە؟ یان وێنەیەکى روونى خۆت دەکێشیت و دەتەوێت خۆت وەک ئەوەى لە زاکیرەى خۆتدا وێنا بووە بناسێنى، ئامانجى نووسینەوەى یادەورەى خزمەتکردنى مێژووە یان ڕاستکردنەوەیەتى؟ هەندێک لە پێناو مێژوویەکى گشتگیردا دەینووسن و هەندێک دەیانەوێت هەڵەى مێژووى پێ راست بکەنەوە، ئەمەش دەرهاویشتەى ئەوەیە زۆرێک لە ڕێگەى بیرەوەرییەوە مێژوویان شێواندووە، هونەرى دورستکردنى مێژوو لاى مێژوونووسان جیاوازە لەگەل یاداشت نووساندا، بەڵام هەریەکەیان بە ئامانجێکى جیاواز لەویتر. لە نووسینەوەى مێژوودا مێژوونووس هیچکات بەشێک نەبووە لە رووداوەکان و خۆشی ناکات بە پاڵەوان،لە رابردووى حیزبی کوردیدا مەترسیدارترین خاڵ بە راى من ئەوەیە دەیانەوێت مێژوو دروست بکەن، نەک مێژوو بنووسنەوە، مەترسیدارترین دەسەڵاتەکانى دونیا ئەو دەسەڵاتانەن کاریان لەسەر شێواندنى مێژوو کردووە، ئەمەش پشت بەستن بە ڕونکابیرانى حیزب، کە هەستاون بە دروستکردنى مێژووى رەنگاوڕەنگ بۆ ئێستا، بەشێوەیەک هەقیقەتیان لە نەوەى ئێستا ون کردووە، باشترین بەڵگەش بۆ ئەم دەستەواژەیە نووسینەوەى مێژووى شۆڕشی نوێیە، کە تەمەنى کەمترە لە پەنجا ساڵ و دەیان شێوازى گێڕانەوەى هەیە. 
بەشێکى ترى یاداشتنووسان، بۆ ئەوە دەنووسن قورسایی بۆخۆیان دروست بکەن و خۆیان بکەن بە سەنتەر و پاڵەوان، ئەوانە کێشەى باسنەکردنیان هەیە، بۆیە دەبێت خۆیان زارهەڵبێنن.  
هەندێک لە پێناو خوڵقانى دەقێکى ئەدەبیدا دەنووسێت، وەک محەمەد شوکرى کاتێک نانى ڕووتى نووسی، جان جاک رۆسۆ دەیەوێت ددان بە هەندێ هەڵەدا بنێت، کە زۆرینەمان شەرم دەکەین باسی بکەین، هەشە وەک چێشتى مجێورەکەى هەژار دەیەوێت ئامۆژگارى بکات، تاکو ئەو هەڵانەى کردوویەتى کوڕەکەى دووبارەى نەکاتەوە، هەندێک کتێبی یادەورەیش، کە دەیخوێنیتەوە لە دەستوخەتى کۆلکە خوێندەوارێک دەچێت، وەک چیرۆکى گوێئاگردان بە حینجە و پچڕپچڕ کۆى دەکاتەوە، گێڕانەوەیەک بێ بوونى هیچ هونەرێک، هەشە وەک ئەوەى چیرۆکى فیلمێک بگێڕێتەوە باسی ئەوانە دەکات کە بینویەتى، بە نمونە ئەحمەد خواجە لە (چیم دى)دا ئەوە باس دەکات کە خۆى بینیویەتى، لەو باوەڕەدام ئەم گێڕانەوە سادانە خزمەت بە هونەرى یادەوەرى ناکەن، هەرچەند زۆرجار خزمەتى گەورە بە مێژوو دەکەن. 
بۆ ئەوەى یادەوەرییەکى زیندوو بنووسیتەوە، دەبێت بەشی ئەوە زیندوو بووبێتى، کە کاریگەریت هەبووبێت. دەشێت رێگەیەکى دیکەش بەکار بهێنیت بۆ ئەوەى کتێبەکەت نەمربێت، هەر چۆن پشکۆ نەجمەدین و هەڤاڵ کوێستانى دێن هونەرێکى یاداوەرى دەخوڵقێنن، بە پێچەوانەى چەند سەرکردەیەکى سەربازییەوە، کە بە دەست کتێبەکانیانەوە گیرۆدە دەبیت، چونکە تاقەت پروکێنە. 
(بیرەوەرییەکانم- فاروق مەلا مستەفا-٢٠١٧) لەو جۆرە نییە، تەنها ئەوانە بگێڕێتەوە، کە بینویەتى، زۆرجار بێ ئەندازە شیکارى دەکات و پێرادەکێشێت بۆ وەڕزبوون، دوو هێڵى هاوتەریب لە گێڕانەوەى کەسی و گێڕانەوەى حیزبی تاکۆتایی درێژ دەبێتەوە، رێک وەک فەرهەنگى ناو، بیانو دەدۆزێتەوە ناوى هەموو ئەوانە بهێنێت، کە بەرکەوتنى لەگەڵیان هەبووە، رەنگە یەکێک بێت لەو کتێبانەى زۆرترین کارئەکتەرى تیادایە، کارئەکرتەرى سەرەکى و لاوەکى، کارئەکتەرى راگوزەر، کارئەکتەرى سەرپێی، کارئەکتەرى حیکاتخوان، فیگەر و رەمز و پاڵەوان، بەجۆرێک لە خزم و ناسیاوانەوە درێژدەبێتەوە بۆ سەرۆکى حیزب و سەرۆکى دەوڵەت. 
ڕەنگە بۆ زۆرێک لە نەوەى نوێ ناوهێنانى فاروق مەلا مستەفا وەک کارئەکتەرێکى سیاسی جۆرێک بێت لە حیکایەت، چۆن ئەو کەسایەتییە زیاتر وەک سەرمایەدارێک ناسراوە وەک لەوەى رۆژێک پێشمەرگە بووبێت، رەنگە میدقدار و ئاستى بزنسەکەى ئەوە نیشان بدات، کە هەموو تەمەنى بە کاسبییەوە سەرقاڵ بووە ئینجا گەیشتووە بەو ئاستە، تۆ دەست بۆ بیرەوەرى ئەو کەسایەتییە دەبەیت، خۆت بۆ ئەوە ئامادە دەکەیت پێت بڵێت: چۆن پارە کۆدەکەیتەوە؟ چۆن پرۆژە دەگەیەنیت بە کۆتایی و نهێنى دەوڵەمەندبوون و سەرکەوتن چییە؟ لێ بە خوێندنەوەى (بیرەوەریەکانم) تێدەگەیت تۆ بەلایەکى تردا رۆیشتوویت، ڕەنگە ئەم روئیاییە بۆ بەشی دووهەمى بیرەوەریەکانى فاروق مەلا مستەفا ڕاست بێت، هەر ئەمەش هۆکارى ئەوە بێت نەتوانیت رەخنەى ئەوەى لێ بگریت، بۆ بە توڵ و تەفسیر باس لەو لایەنەى ژیانى ناکات، کە ئێستا پێى دەناسرێت، تاکو ئەو یادەوەریانە نەخوێنیتەوە ناتوانیت بیهێنیتە پێش چاوى خۆت ئەو پیاوەى ئێستا بە سەعاتى رۆلێکسەوە دەردەکەوێت، رۆژانێک خۆرئاوابوونى کردووە بە قیاس. 
لایەنێکى نەنگى ئەم کتێبە رەنگە ئەوە بێت دابەشبوونى پەڕەى بەسەر زەمەندا عەدالەت نییە، ئاخر ناکرێت تۆ سێ سەد پەڕە باسی ١٧ ساڵى (١٩٥٨ بۆ ١٩٧٥) بکەیت و بە چل پەڕە مێژووى شانزە ساڵى (١٩٧٥ بۆ ١٩٩١) بنووسیتەوە، رەنگە ئەمە زیاتر پەیوەندى بەوەوە هەبێت ناسنامەى ئەم کتێبە زیاتر لەوەى یادەوەرى بازرگانێک بێت یادەوەرى شیوعیەک بێت، ئاخر رەوتى گێڕانەوەى دواى هەرس هێندە تیژڕەوە پێڕاناگەى رووداوەکان بناسیتەوە. 
لایەنى گەشى ئەم کتێبە لە گۆشەنیگاى منەوە دوو خاڵە، یەکەمیان ئەو وێنانەى دەڵێى فیلمن، ئەو مەشهەدانەى هەق نییە بە بێ دەنگى تێبپەڕن، چونکە دەشێت کەرەستەى رۆمانێکى ناوازە بێت، فیلمێکى شایستەى خەڵاتى لێبەرهەم بهێنرێت، خامێک بۆ زۆر هونەر دەشێت، دیمەنى ململانێى بەفر و سەرما، دیمەنى خۆحەشاردان و هەڵهاتن و کۆڵان کۆڵانى گێڕانەوەى ناو بەغداد و بەزمەکانى سەربازى، لەسەروهەموویانەوە گێڕانەوەى چیرۆکى شەمەندەفەرى مردن، ئەو چیرۆکەى لەو بڕوایەدام هیچى کەمتر نییە لە سیناریۆى ئەو فیلمانەى باس لە هۆڵۆکۆست دەکەن و خەڵاتى نێونەتەوەیی وەردەگرن، کۆمەڵێک خەباتگێرى شیوعى دەخرێنە شەمەندەفەرێکەوە، فارگۆنێک رێک وەک ئەوەى مەڕ و ماڵاتى پێ باردەکرێت، دروست وەک ئەوە شەمەندەفەرەى لە فیلمى مێگەلى یەڵماز گوێنایدا مەڕەکانى پێ بار دەکەن،جا ئەو فارگۆنانە  قیرکارى ئەکرێت و نەفەس بڕ دەکرێت، بێ ئاو و خۆراک، قیچێک هەناسەى قەتیسماو، ئەمر بە شۆفێرەکەش دەکرێت بە خاوى و لە رێگەیەکى دوورەوە بیانگەیەنێتە بەندیخانەى کوت، تاکو بگەن هەموو بمرن و وەک رووداوێک تەماشا بکرێت نەک کوشتنى بە کۆمەڵ، ئەو رووداوە بەلاى منى خوێنەرەوە هێند سەرنج راکێش بوو، رێک وەک ئەوەى بەدیار فیلمێکەوە دابنیشم و نزا بکەم شۆفێرەکە تێبگات و پێى لێهەڵبگرێت، فیلمێک بە تراژیدیا دەستپێبکات و بە شادى کۆتایی بێت. 
خاڵى دووهەمى ئەرێنى هەر پەیوەندى بە گێڕانەوەوە هەیە،گێڕانەوە هۆکارى سەرکەوتنى یاداشتنامەیە، بە بێ شارەزایی لە گێڕانەوەدا ئاستەمە بتوانیت هەق بدەیت بە رووداوەکان، مەحاڵە بتوانین زەمەن و شوێن نەشێوێنى، ڕاوى چۆن لە چیرۆک و ڕۆماندا کۆڵەکەى ئەساسییە، بەهەمان شێوە لە گێڕانەوەى یادەوەریشدا هۆکارێکى سەرەکى سەرکەوتنى کتێبە، فاورق مەلا مستەفا لە سلێمانییەوە بۆ بەغداد و دواتر بۆ شاخ پێ بە پێى شوێن دەگێڕێتەوە، کات رێز دەکات، لێ جوانى ئەم گێڕانەوەیە لەوەدایە، لەو وشێنانەى دەچێتە بەغداد خوێنەرى هەست دەکات لە غەریبیدایە، ناوى گەڕەک و ناونیشانەکان، ناوى کەسەکان و تا رادەیەک کەلتورەکە فەزایەکى غەریبی دروست دەکات، پێ بە پێى هاتنەوە بەرەو سلێمانى هەستى گەڕانەوەت دەداتێ، بەراى من ئەم خاڵێکى ئەرێنى ئەم گێڕانەوەیەیە، چۆن لەو جێگایانەى گێڕانەوە لە بەغداد و ناو سەربازگە و مامەڵەى عەربیانەیە هەستدەکەیت لێرە نیت، نامورتاحى بە خوێندنەوە، بە کەرکوکدا گەڕانەوە بۆ سلێمانى و دواتر چونە شاخ، هەست بە مورتاحى دەکەیت، هەرچۆن دەشێت ئەمە بۆ خوێنەرێکى عەرەب پێچەوانەبێت، چونکە ئەم کتێبە بە زمانى عەرەبیش چاپ بووە، دەشێت پرۆسەیەکى پێچەوانە لاى خوێنەرەێکى عەرەبی زمان دروست بکات. 
*** 

شوعیەت لە دوو گۆشەنیگاى جیاوازەوە 
دەکرێت بڵێین شوعیەت لە سەربنەماى یەکسانخوازى و نەمانى جیاوازى دروست بووە، مافى یەکسانى خواردن و خواردنەوە و بەشدارى و هاوئاستى و سێکس و رەگەزخوازى،دژى هەژارى و نەدارى نەمانى نەهامەتى، بیر و بازوى کرێکاران و هێزى کرێکاران و نەمانى جیاوازیکردن لە نێوان رەگەزەکان و چەندان دروشمى دیکەى بریقەدار بووە، کە هۆکار و ئامڕاز بووە بۆکۆکردنەوەى ملیۆنان لایەنگر، بەڵام ئایا ئەمە هەر دروشم بوو یان کاریان پێ دەکرد، بەدر شاکر سەیاب لە (کتێبى رەشى شیوعیەت)دا دەڵێت: (من بۆیە بووم بە شیوعى، چونکە گەلەکەمم خۆشدەوێ، دراوسێ و ناسیاوەکانم خۆشدەوێ، وامدەزانى شیوعیەت چاکترین چارەسەرە، تەنانەت بە تاکە چارەسەریشم  بۆ کێشەکانمان و کێشەى گەلەکەمان دەزانى، بۆ کێشەى هاوڕێ جوتیارەکەم لە گوندێکى دوورەدەستدا، بۆ چارەسەرکردنى کێشەى رۆشنبیران و ملیۆنان خەڵکى شەریف و ناشەریف) سەیاب لە ساڵى ١٩٥٩ کاتێک دەست دەکات، بە نووسینى زنجیرە وتارێک لە ڕۆژنامەى حوڕیەتدا، لە ئەلف بۆ یائی شیعویەت رەت دەکاتەوە، بەو پێیەى خۆى لەناویاندا بووە، جومگە لاوازەکان و کارە قێزەوەنەکانى دەخاتەڕوو، تەنانەت تومەتى ئەخلاقى بۆ بەهادین نورى سکرتێرى پەنجاکانى حیزبی شیوعیى عێراقى دروست دەکات، لەکاتێکدا بە پێى بەڵگەنامەکان ئەو خانمەى ئەو باسی دەکات بەهادین نورى لە یادوەریەکانیدا دەڵێت: بە خواستى خۆم و لەسەر بنەماى بیرکردنەوە هاوسەرگیریم لەگەڵ کرد.. تەنانەت نەوەش دەخەنەوە. 
سەیاب، کە مێژووى دواى سەرۆک فەهد دەگێڕێتەوە، تەنانەت هۆکارى لە سێدارەدانى هاورێ فەهدیش بە هەڵە و کێشەى شیعویەکانەوە دەبەستێتەوە، واى دەبینێت، لە عێراقدا شیوعیەت لە رێگەى فێڵ و هەڵخەڵەتاندنەوە لایەنگر پەیدا دەکات، بۆیە لە یەکێک لەو وتارانەى رۆژنامەى حوڕیەتدا دەڵێت: (حیزبی شیوعى گرنگى بە دوو جۆر کرێکار دەدات، کرێکارى نەوت و کرێکارى هێڵى شەمەندەفەر، چونکە ئەوان دەتوانن دەست بەسەر دوو لە گرنگترین هۆکارەکانى شەڕدا بگرن) لەمەش زیاتر پێى وایە شیوعیەت لە عێراقدا بنەمایەکى رەوشتدارى نییە، بۆیە دەڵێت: ( شیوعیەکانى عێراق بە بەدڕەوشتیان لە شوعییەکانى دیکە جیا دەکرێنەوە) ئەم قینە گەورەیەى بەدر شاکر سەیاب کە تەنانەت براکەى خۆشی (مستەفا شاکر سەیاب)یش لێى هەڵدەگەڕێتەوە و تاوانبارى دەکات، ناکرێت هەروا جەنگێکى بیر و باوەڕ بێت، بەڵکو زیاتر لە جەنگێکى کەسی یان قینێکى دیارى کراو دەچێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وێنەیەکى دیکەى حیزبی شیوعییە لە گۆشەنیگایەکى دیکەوە. 
لە بەرانبەردا بەشی یەکەمى یادەوەرییەکانى بەهادین نورى باس لە هەمان قۆناغ دەکات، بە نزیکەیی ساڵەکانیش هەمان ساڵن، سەرەتایی ئەم بیرەوەرییانە هەر دەڵێى مروارییە ریز کراون، تا ئەوەى بە سیاسەت دەگات، باسی لادێ و دێنشینى و بەزم و تەڵەکەکانى منداڵى، هێند جوان دەیانگێڕێتەوە لە دەستوخەتى نووسەرێکى کارامە دەچێت، بەشێوەیەک گەر بەراوردى بکەین بەو پێشەکییەى هێمن بۆ دیوانى تاریک و روونى نووسیوە و لاى زۆرێک لە رۆشنبیران ئەو لاپەڕانەى هێمن لوتکەى یادەوەرین، رەنگە زۆر غەدرمان نەکردبێت، چونکە هێندە جوان تێهەڵکێشی ژیانى لادێ و شار دەکات، هێند دەستى بەسەر زماندا شکاوەتەوە، هەر دەڵێى ئەو پیاوە ئەدیبە نەک سیاسەتمەدار. 
بەهادین نورى کە ماوەیەک سکرتێرى حیزبی شیوعی عێراقى بووە، باس لە سەرەتاى خەباتى خۆى دەکات، دواى هاوڕێ فەهد و رۆیشتنى بۆ بەغداد، چۆن شیوعیەت ببوو بە جێى ئومێدى هاوڵاتیان، چۆن دەیانویست ژیانى خەڵکى بگۆڕن و پێ بە پێى خواستى هاوڵاتیان بڕۆن، لەم پێناوەشدا ماڵ بەکۆڵى و راکە راکەکان دەگێڕێتەوە، بارەگا بە هەڵواسراوى و ژیان بە کولە مەرگى، سەرکردە بیت و بە پاسکیل هاتوچۆ بکەیت، تەنانەت لە ناو زیندانى نوگەرەسەلمانیش لێنەگەڕێت و سەرقاڵى رێکخستن و بەرنامەى حیزب بێت، بەهادین نورى بەم گێڕانەوەیىە دەیەوێت پێمان بڵێت خەبات لە پێناو شیوعیەتدا خەباتێکى سەرتاسەرییە، وەک خۆیان دەڵێن: تاکو برسیەک بمێنێت ئەرکى ئەوان تەواو نابێت، نورى بۆیە شوعیەت هەڵدەبژێرێت چونکە لایەنگرى هەژارانە، زۆر راشکاوانە دەڵێت: ئێمە دژى کۆڵۆنیالیزمى بێگانەین، واتە دەیەوێت هەژارانى نەتەوەکەى، هەژارانەى وڵاتەکەى، کە عێراقە رزگار بکات، ئەمەش زیاتر دروشمى بەشێک لە شیوعیەکان بووە، کە سەرەتا وڵاتەکەى خۆیان ڕزگار بکەن و دواتر پێویست بێت بۆ کوێ بچن. 
دروشمەکانى حیزبی شیوعى کە زیاتر لە خواستى هاوڵاتیاندا خۆى دەبینێتەوە، لە پەنجاکانى سەدەى ڕابردوودازیاتر لە عێراقدا زەق دەبێتەوە، لەکاتێکدا ساڵى ١٩٥٤ ماسلۆ بە بیردۆزە بەناوبانگەکەى لە کتێبی ((Motivation and Personality باس لەوە دەکات هەندێ خاڵ مافى سەرەتایی مرۆڤە، زیاتر لە ماسلۆوە ئەوە تێدەگەین ئەو دروشمانە کارێکى زانستین وەک لەوەى ببنە دروشمى سیاسی، چونکە مرۆڤ بە پێى هەموو ئایدۆلۆژیایەک، لەسەر هەموو رێبازێک دەبێت رێزى لێبگیرێت و خواردن و خەوتن و سێکس مەڕتەبەى یەکەمى خواستەکانن، ئاسایشی خۆراک و خواستە سەرەتاییەکان پلەى یەکەمى هەڕەمەکەى ماسلۆیە. 
بە پێچەوانەوە کاتێک مافى سەرەتاى دەبێتە دروشم و دژ بە فیودالیزم بەکاردەهێنرێت، رێگریکردن لە چەوساندنەوە دەبێتە وەسیلە بۆ چەوساندنەوەیەکى تر، ئەمەش زیاتر لە ڕۆمانى (١٩٨٤- جۆرج ئۆریۆل)دا دەردەکەوێت(بەدر شاکر سەیاب زۆر لەسەر ئەم رۆمانە وەستاوە و بەستویەتییەوە بە سیستەمى شیوعیەتەوە لە هەموو جیهان)ئۆریۆل لە ساڵى ١٩٤٩ ئەم ڕۆمانە دەنووسێت،پێشبینى بۆ ئەوە دەکات سیستەمى کۆمۆنیستى لە ساڵى ١٩٨٤دا چی لێدێت و چۆن دەبێتە مەکینەیەک بۆ برسیکردنى خەڵک و چەوساندنەوەى هاوڵاتیان، ئۆریۆل بەم ڕۆمانەى دەیەوێت بڵێت: سیستەمى کۆمۆنیستى دواى سی ساڵى تر، کە دەگات بە ترۆپکى دەسەڵات دەبێتەوە هەمان ئەو دەسەڵاتەى، کە هاوڵاتیان برسی دەکات و لەناویان دەبات، بەڵام بە پێچەوانەوە لە عێراقدا لە ماوەى حەفتا ساڵدا بەردەوام لەو بەرەیەدا بوون، کە لەناوببرێن و زیندانى بکرێن، هەڵبەت ئەمەش هەندێکیان پەیوەندى بە هەڵەى مێژوویی خۆیانەوە هەیە، بەنمونە لە پەنجا کاندا کە دەکرێت بڵێت لە هەڕەتى گەشەسەندنیاندا بوون، لە دواى شۆڕشی ١٤ تەموزەوە لایەنگرى قاسم دەکەن لەکاتێکدا قاسمیش لەگەڵیاندا نییە، لەبەر ئەوەى دەیانویست ببنە بەشێکى سەرەکى لە دەسەڵاتى حوکمى قاسم، ئەمەش وایکرد هەم قاسم لێیان دڵنیا نەبێت، وە لە کاتى ئینقیلابی عبدالسلام عارف ١٩٦٣ دەکەونە بەرگرى لە حکومەتەکەى قاسم. 
*** 
ئیستکردن لەسەر گۆشەنیگاى شیوعیەت و هێنانە پێشەوەى یادەوەرییەکانى فاروق مەلا مستەفا، بیانویەکە بۆ ئەوەى باس لە سەردەمى نائایدۆلۆژیبوونى ئەو قۆناغە بکەین، لە هەمان کاتدا دواین کتێبی مەلا بەختیار (لەبرى بیرەوەرى) دەکەین بە بیانویەک تاکو لەوێوە باس لە دیوە توند و تیژیەکەى ئەو قۆناغە بکەین، کە بە دروستبوون و توانەوەى کۆمەڵەى ڕەنجدەران دەستپێدەکات و کۆتایی دێت، ئامانجى ئایدۆلۆژى لەم دوو کتێبەدا پەیامێکى ترى هەیە، فاروقى مەلا مستەفا لە حیزبی شیوعییەوە دەبێتە سەرمایەدار و مەلا بەختیار لە کۆمەڵەى ڕەنجدەرانەوە دەبێتە سیاسەتمەدار. 
*** 
کتێبی لەبرى بیرەوەرى بە دۆکیومێنتەکانەوە ٧٣٠ لاپەڕەیە، نووسینەکانى ٤٦٠ لاپەڕەیە و لە نێویدا نزیکەى سەد لاپەڕەى تەفسیر و شیکارییە بۆ چەند چەمکێکى جیاواز، ڕەنگە کەمترین پەیوەندیان بە بابەتەکەوە هەبێت یان هەر نەبێت، پێویستى بابەتیانە نییە و سەنگ و هێزى بە نووسینەکە نەداوە، بەڵکو رێگاخۆشکردنە بۆ وتنى هەندێ بابەت و باس، کە پێدەچێت چەند ساڵ لە دەرونیدا پەنگى خواردبێتەوە، لەوێوە دەیەوێت شتێک بڵێت و ئەو زەمینە سازییەى بۆ دەکات، هەر چۆن دەیەوێت لە رێگەى شیکارى ساکیۆلۆژیەتەوە پێ راکێشێت بۆ باس کردن لە کەسایەتى نەوشیروان مستەفا.
وەکو خۆى دەڵێت نووسەر هەلى کەرنتینەى بەهۆى ڤایرۆسی کۆرۆناوە قواستۆتەوە تاکو ئەم کتێبە بنووسێت، واتە گەر ئەو دەرفتە نەبووایە، رەنگە ئێستاش ئەم قسانەى نەکردایە، ڕەنگە کەرەنتینە و ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنها ئەو خێرەیان هەبووبێت، هەندێک کاتیان دا بە هەندێک پڕۆژەى هەڵپسێردراو، هاوکات ئەو کتێبە مێژوویانەى لەم ماوەیەدا چاپکران. دەکرێت بڵێن لە بەرژەوەندى و خواستى مەلا بەختیار و رەوتەکەى بێت، بەو پێیەى بە هەمان نەفەسی مەلا بەختیار قسە دەکەن، بە تایبەت (شەهاب کەریم- مێژوویەک لە لوولەى تفەنگەوە، مامۆستا جەعفەر- بە خەونى گەورەوە کەوتینە ڕێ- بەرگى دووهەم) تەنانەت کتێبی (شەڕى ناوخۆى کورد- سەڵاح رەشید) تا ئەندازەیەک خزمەت بە هەمان ئامانج دەکات، کە مەلا بەختیار بێویستى خۆى دیوەکەى ترى شۆڕشمان نیشان دەدات. 
یەکێک لە دیارترین ئەو رەخنانەى لەم کتێبە گیراوە، دواکەوتنى بڵاوکردنەوەیەتى یان وتنى ئەو نهێنیانەیە لە دواى مردنى مام جەلال و کاک نەوشیروان، کە بە دڵنیاییەوە لە سەروەختى بە پێوەبوونى مام و کاک نەوشیروان ئەم قسانەى بکردایە بە دڵنیاییەوە هەم کاریگەرى جیاواز دەبوو، هەم لێکەوتەکانى زیاتر دەبوو، بە تایبەت گەر سەروەختى نەوشیروان مستەفا ئەم کتێبە بڵاوببووایتەوە، یان نەوشیروان مستەفا وەڵامێکى توندى دەدایەوە، یان لێ دەگەڕا نە خۆى وەڵام بداتەوە، نە بەوە رازی دەبوو لایەنگرانى ئەو هەموو وەڵامە لاوازە هەڵڕێژن، چونکە زۆربەى ئەوەى تاکو ئێستا لە لایەن دڵسۆزانى نەوشیروان مستەفا و گۆڕانخوازانەوە بەناوى وەڵامەوە دراوەتەوە، زیاتر خزمەتى بە مەلا بەختیار کردووە، وەک لەوەى وەڵامێک بێت بۆ کتێبەکە. 
لەبرى بیرەوەرى، نە نووسینەوەى بیرەوەریەکانى نووسەرە، نە کتێبێکە لە دەرەوەى یاداشتنامە، زیاتر لە هەر شتێک وەڵامێکە بۆ کتێبى (چەپکێک لە مێژووى کۆمەڵە- برایم جەلال- ٢٠١١) کە لە کاتى خۆشیدا لە ساڵى ٢٠١٢دا مەلا بەختیار بە کتێبی ( چۆن چەپکێک و کام مێژووى کۆمەڵە) وەڵامى هەمان کتێبی داوەتەوە، بەڵام پێدەچێت دڵى سوکناى نەهاتبێت و جارێکى تر تێهەڵچۆتەوە بۆ وەڵامدانەوە هەمان کتێب و لە هەمان کاتدا کردوویەتى بە بیانویەک تاکو کۆنە شەڕى نێوان خۆى و نەوشیروان مستەفا بگێڕێتەوە. 
لە (لەبرى بیرەوەری)دا لە چەندین جێگادا نووسەر ئاماژە بەوە دەکات، کە هەندێک شت هێشتا کاتى وتنى نەهاتووە، دەڵێت بۆ کاتى تر، وەکو خۆشی لە دیدارى رۆژنامەوانى دەربارەى کتێبەکە و لە کتێبەکەشدا دەڵێت: ئەم گێڕانەوانە بۆ ئەوەیە نەکا فریا نەکەوێت بیرەوەرییەکانى بنووسێتەوە، بەڵام رەخنەیەکى پێشوەختە، کە بە دڵنیاییەوە گەر مەلا بەختیار بیەوێت بیرەوەریەکانى دواى مردنى بڵاو بکاتەوە و خۆى وتەنى شتى زۆر قورسترى تیادا بێت لەمەى ئێستا ، ئەوکات بە دڵنیاییەوە رووبەرووى هەمان رەخنە دەبێتەوە، کە بۆچى لە سەروەختى خۆیدا کتێبەکە بڵاونەبۆتەوە، بۆ نووسەرى سیاسەتمەدار ئەوە شانازییە بە بوێرییەوە لە کاتى خۆیدا قسە بکات، وە کتێبەکەى تا خۆى لە ژیاندا بێت چاپ ببێت.
هۆکارى نووسینى کتێبی لەبرى بیرەوەرى، بوونى کات و بوونى کتێبێکە، کە پێویستى بە وەڵامە، بەڵام ئەمانە هۆکار نین بۆ وتنى ڕاستى، بەڵکو دواى پەنجا ساڵ لە دروستبوونى کۆمەڵە و دواى نزیکەى سی ساڵ لە هەڵوەشاندنەوەى ئەو رێکخراوە چەپە، هێشتا چەندان نهێنى پەنهان و شاراوە بوونى هەیە، بە راى بەندە هەم کات درەنگە و هەم دەشێت بەشێک لەو نهێنیانە بچنە ژێر گڵەوە، بۆیە ئەم کتێبەى مەلا بەختیار دەرفەتێکە بۆ هەڵدانەوەى سەرى مەنجەڵەکە، ئەو مەنجەڵەى ساڵانێک لە ناوەوە دەکوڵا و لە دەرەوە تینى بۆ یەکێتى و خەتى گشتى هەبوو. 
چ کتێبی لەبرى بیرەوەرى و چ کتێبی (مێژوویەک لە لوولەى تفەنگەوە- شەهاب کەریم) کە هەندێک پێیان وابوو ئەم کتێبەى دووهەمینیشان بە دەستوخەتى مەلا بەختیار دەچێت یان هیچ نەبێت پێش چاپبوونى بینویەتى، چونکە نووسەرى کتێبی (مێژوویەک لە لوولەى تفەنگەوە) نە هێندە فیگەرێکى دیارى شۆڕش بووە و نە خۆى بەشێک بووە لە رووداوەکان، بەڵام نەفەسى گێڕانەوەى دڵخوازى مەلا بەختیارى پێوە دیارە، بۆیە ئەو گومانەى لەسەر دروست بووە. 
ئەم دوو کتێبە جەخت لەسەرهەندێک بابەتى کەم وتراو دەکەنەوە، ئەویش کوشتن و بڕین و رق و کینەیە لەناو شۆڕشی نوێ و مێژووى کۆمەڵەى رەنجدەران و ئاڵاى شۆڕش تا دەگات بە ڕا و رووتى تاڵانى راپەرین. 
گرفتى کتێبەکەى مەلا بەختیار بۆ کۆلکە خوێنەر لەوەدایە بە تەنها ناخوێنرێتەوە، ناشتوانى خوێندنەوەى بۆ بکەى ئەگەر ئەدەبیاتى کۆمەڵە و ئەو دەیان کتێبە یادەوەری و مێژوویانەت نەخوێندبێتەوە، کە سەرکردەکانى کۆمەڵە نووسیویانە. 
چ لەم کتێبەدا و چ لە بەشی دووهەمى بیرەوەرییەکانى مامۆستا جەعفەر(بە خەونى گەورەوە کەوتینە ڕێ) جەخت لە سەر دیوى دیکتاتۆرى نەوشیروان مستەفا دەکرێتەوە، ئەم وێناکردنەى کاک نەوشیروان تەنها لەم دوو کتێبەدا نییە، بەڵکو لە چەندین جێگاى دیکە ئاماژەى بۆ کراوە، وە دیل کوشتن و کوشتن بە قۆڵبەستکراوى لە قڕناقا و پشتئاشان بووە بە بەڵگە و دەوترێتەوە، کوشتنى (وریاى وەستا وەهاب) لەسەر ئەوەى بە بڕیارى شەخسی (نورى حەمە عەلى) تیرۆر دەکات و دواتر لەسەر ئەوەى نووسراوى راسپاردنەکەى رادەست ناکاتەوە بە تەور دەکوژرێت، تەنانەت مامۆستا جەعفەر لە بەرگى دووهەمدا بە وردى دەستدانە یەخەى یەکترى نێوان کاک نوشیروان و وەستا وەهاب دەگێڕێتەوە، ئەمانە و دەیان مەشهدى دیکە لەسەر هەمان رەوتن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەوشیروان مستەفا وەک کاریزما دەمێنێتەوە و دواى مردنیشی خەڵک هەر لە دەورین، ئەمەش رەنگە نهێنیەکەى ئەوە بێت نەوشیروان مستەفا زانیویەتى کۆمەڵگا بخوێنێتەوە، پێ بە پێى مایکیافیلى بە پێى کۆمەڵگا سیاسەتى کردووە. 
کتێبی لە برى بیرەوەى لەیەک گۆشە نیگاوە وێنەکان دەگوێزێتەوە، ئەوەیش ئەوەیە، کە من ڕاستم، هەڵبەت ئەوەى ئاگادارى گوتارى مەلا بەختیار بێت، دەزانێت هەندێ کات ددان بە هەڵەدا دەنێت، لێ لەم کتێبەدا بە هیچ جۆرێک باس لەوە ناکات، کە لە هیچ جومگەیەکدا هەڵەى کردووە، لە کاتێکدا هەڵەى هەرە زەقى مەلا بەختیار لە ئاڵاى شۆڕشدایە، چونکە کاتێک ئەزموونى بزوتنەوەى سوۆسیالستى لە ئارادایە یەکێتى لێناگەرێت هێزێکى ترى بۆ قوت ببێتەوە، وە ناشکرێت  تۆ سەرکردەیەکى سیاسی بیت و چاوەڕوانى ئەوەت لێیان هەبێت باوەڕت پێبکەن جیابوونەوەى هێز ئەنجام نادەى، گەر بەڵێننامەش پڕ بکەیتەوە، ئایا ئەمە تەنها بە وتن بووترێت بەسە: من نیازم نییە جیابونەوەى سەربازى ئەنجام بدەم. 
لە کارى مەلا بەختیار دەچێت بێ لە بیرەوەرییەکانى کتێبێکى تریش بنووسێت لە بارەى هەڵەکانى خۆى، یان ئەو هەڵانەى خۆى تیایدا بەشدار بووە، لەو باوەڕەدام ئەوە دەبێتە کتێبێکى جیاواز و دەبێتە رێچکەیەک بۆ سیاسەتمەدارانى دیکە، کە لە بارەى هەڵەکانى خۆیانەوە بدوێن، چونکە تاکو ئێستا لە ناو یاداشتنووسی ئێمەدا (بە تایبەت سیاسییەکان) کەمترین ددانپیادانان هەبووە، بگرە بە پێچەوانەوە کتێبی هەر یەکێکیان دەخوێنیتەوە وێنەى سەرکردەیەکى بێ هەڵە و پاک و بێگەردت دێتە پێش چاو، وەک ئەوەى هەموو تەمەنى هەر راست بووبێت، هەمووان دەیانەوێت پێمان بڵێن من وام وت بەڵام بەقسەیان نەکردم، بۆیە وایان لێ هات، یان ئەو بریارە دروستە من دام، بەڵام بریارى هەڵە کەس خۆى دەرناخات کە خاوەنێتى، ئەم کێشەى خۆ بە پاڵەوان کردنە، تەنها کێشەى یاداشتەکانى سیاسییەکانە، چونکە ئەوان دواى تەواو بوونى قۆناغەکەش ململانێ لەسەر رابردوو دەکەن، واتە ئێستا ئەوە هیچ لە ململانێدان، وە دەیانەوێت لە داهاتووشدا سەرکەوتووو بن، بەڵام لە هەمان کاتدا دەیانەوێت شەڕى رابردووش بکەن، چونکە لەم قۆناغەدا بردنەوەى شەڕى رابردوو کاریگەرى لەسەر ئێستایانیش هەیە. 

*** 
لە ساڵى ١٩٤٦ کە بزوتنەوەى شۆڕشگێرى کوردستانى عێراق خۆى لە قاڵبى حیزبیدا بینیەوە، شۆڕش لە ئەرکى خەێڵەکان و عەشرەتەکانەوە بوو بە ئەرکى حیزب(ئەگەرچى مەلا مستەفا تا مردیش باوەڕى بەوە نەبوو شۆرشەکە بکات بە شۆڕشى پارتى ، زیاترى حەزى کردووە سەرۆکى بارزان بێت وەک لەوەى سەرۆکى پارتى) لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریەشدا هیچ کام لە حیزبەکان بە تەواوەتى شەڕى ئایدۆلۆژیایان نەکردووە، لە لایەکى ترەوە بە پێى لێدوانەکانى خۆیان، هەر لە شۆرشى ئەیلولەوە تاکو شۆڕشی نوێ، ئێمە کەمترین سەرکردەى سیاسیی لێهاتوومان هەبووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەموو کات خاوەنى سەرکردەى سەربازى بەهێز بووین، هەموو کات سەرکردە و ڕابەرەکان کەسانى ئەفسانەى بوون و ئەوەى ئەنجامیانداوە مەحال بووە، شەڕکردن لەگەڵ تانک و تۆپ و تەیارە بە تفەنگى بچوک، تەنانەت شەڕى دەستەویەخە و سنگنان بە فیشەکى نزیکەوە، ئێمە چ لە شۆڕشی ئەیلول و چ لە شۆڕشی نوێدا خاوەنى داستانى بێ وێنە بووین، بە نمونە رەنگە گێڕانەوە و نووسینەوەى داستانى حەمک زیاتر لە فیلم بچێت وەک لە بەشێک لە شۆڕش. 
لە پاڵ ئەم سەروەرییە گەورەیەدا، سەرکردایەتى شۆڕش کەمتر زانیویەتى شەترنج بکات، بەڵکو هەموو کات ئەو دەستکەوتانەى وەدەستى هێناوە لەسەر مێزى گتفتگۆ رادەستى کردۆتەوە، ئێمە لەبرى سەرکردەى سیاسیش سەرکردەى سەربازیمان هەبووە، بە بێ بوونى هیچ ئەکادیمیا و ناوەندێکى راهێنان، لە دەشت و چیا، لە بن تەلان و پەنا و پەسێر دەیان سەرکردەى سەربازى لێهاتوومان هەبووە، بە چەکى بچوکەوە شەڕى گەورەیان کردووە، بەڵام ئەوە کێشەکە بووە، کە کەمتر توانیویانە سیاسەت بکەن، زیاتر شارەزاى خەباتیی پارتیزانى بوون، عبدالستار تایر شەریف لە بەرگى یەکەمى یاداشتنامەکەیدا (کە دواترلەسەرى دەکوژرێت) دەڵێت: ((لە شەستەکاندا بارزانى دوو جار هەوڵى رێکەوتنى داوە لەگەڵ حکومەت(١٩٦٤ - ١٩٦٦ لەگەڵ حکومەتەکەى بەزاز) لە هەردوو رێکەوتنەکەدا، کە بارزانى لەگەڵ حکومەت رێکەوت شۆرش لەو پەڕى بەهێزیدا بووە، حکومەتى عێراقیش لەوپەڕى لاوازیدا، وەک باسمان کرد هیچ کات شۆرشی کورد لە شەڕدا نەیدۆڕاندووە))  لە هەمان بەرگدا نووسەر دەڵێت:((دواى هەموو رێکەوتنێک حکومەت توانیویەتى ژمارەیەک لە ئەندامانى سەرکردایەتى پارتى بکڕێت و ژمارەیەک سیخور لە ریزى شۆرش بنێتەوە، دەتوانم بڵێم پێش مفاوەزاتى ١٩٦٤ حکومەتى عێراق بە دەگمەن سیخورى هەبووە لە ناو شۆرشدا)) 
لە مفاوەزاتى ساڵى ١٩٨٤دا بە هەمان شێوە حکومەتى بەعس بە هۆى شەڕى ئێران عێراقەوە، لە دۆخێکى باشدا نەبوو، ئەگەر چی یەکێتیش لەبەر ئەوەى لەگەڵ زۆربەى لایەنەکان لە شەڕى ناوخۆدا بوو، بە هەمان شێوە لە دۆخى لەباردا نەبووە، بەهەمان شێوە ئەم مفاوەزاتەش هیچى لێ سەوز نەبوو، لە مفاوەزاتى سەردەمى بەرەى کوردستانى، کە بۆ ئێستاش لاى زۆرێک پرسیارە بۆچى هەوڵى دانوسان لەو قۆناغەدا دراوە، کە حکومەتى عێراقى تازە لە جەنگى کوەیت شکستى هێناوە و نەتەوە یەکگرتووەکانى خەتى سی و شەشى بۆ داناوە، کەچى بەرەى کوردستانى بۆ دانوسان دەچێتە بەغدادو دواتر بێ ئەنجام دەبێت، ڕەنگە تەنها ڕێکەوتنێک کە کورد کردبێت و سودێکى بۆ حیزبێکى کوردى هەبووبێت، رێکەوتنى نێوان بەعس و پارتى بووە لە ٣١ ئابدا، بەڵام ئەم ڕێکەوتنەش بۆتە پەڵەیەکى ڕەش لە مێژووى خەباتى رزگارى کوردا، چونکە ئەوەندەى خاسیەتى خیانەت هەڵدەگرێت خاسیەتى رێکەوتن و دانوسان هەڵناگرێت.
 *** 
رووداوى کەسی لە هەردوو شۆڕشی ئەیلول و نوێدا، لە هەژمار نایەن، هەر لە کوشتنى ماڵباتى مێرگەسۆرییەکانەوە لە لایەن بەرزانییەوە، بۆ کوشتنە یەک بەدواى یەکەکانى شۆڕشی نوێ، وەک وریاى وەستا وەهاب، وەک کوشتنى جەبارى عەلى عەوێز لەبرى ژنەکەى و کوشتنى ئاواتى ئامە قەرەج لە برى براکەى و کوشتنى دوو عاشق، فڕێدانى نارنجۆک بۆ مەکتەبی کچان، تا دەگات بە کارەساتى قرەناقا و پشتئاشان و کانى ژنان. لە لایەکى ترەوە کوشتن و لەناوبردن  و ژن کوشتن و دیل کوشتنو تەسفییەى حساب، راستە ئەمانە مۆرکى هەموو شۆڕشێکن، ناکرێت شۆڕش بکرێت و رووداوى هاوشێوەى تیادا نەبێت، بەڵام کارەسات ئەوەیە کوشتن و شەهیدبوونى سەرکردەکان بەهۆى کەمئەزموونى و هەڵەى لاوەکییەوە بێت، سەرنج بدە کارەساتى هەکارى راستە دەکرێت خیانەت بێت و گەر پارتى نەبووایە رووى نەدەدا، بەڵام بەهۆى هەڵە و پێداگرى شەهید عەلى عەسکەرییەوە کارەساتەکە روو دەدات، بە بێ ئەوەى رێبەرێکى هەبێت و بێ گوێدانە دەنگى تەقە دەچێت بەرەو تاریکى، بەرەو جوگرافیایەک، کە بە خۆى و پارتەکەى نامۆیە.. شاسوار جەلال کاتى شەهیدبوونى لە تەنگى سەر تەنها یەک پاسەوانیشی لەگەڵ نەبووە، ئاوات قارەمانى بۆ دیدەنى خێزانەکەى ئەوى بە جێ هێشتووە، لە (رێگا باریکەکان)دا پاژێک لەو بارەیەوە دەدوێت، کە دەیەوێت بڕوا بە خوێنەر بهێنێت ئەوە شەهید ئارام بووە بە زۆر ناردویەتى بۆ دیدەنى خێزانەکەى، نەک خۆى ئەوى بە جێهێشتبێت، بەڵام بە هەر شێوازێک بێت سکرتێرى کۆمەڵە بە بێ پاسەوان لە دێیەکى نزیک شار بێت، جگە لە هەڵەى سەرکردە هیچى تر نییە... خاڵە شەهاب کاتێک دەزانێت زمانى لێ دراوە لەبرى ئەوەى روو لە چیا بکات، لەگەڵ سەرانى کۆمەڵە پێکەوە دەچنە ئێران و بە پۆلیسێکدا رادەستیان دەکەنەوە، لە ئەنجامدا ئەو کارەساتە روودەدات، کە کۆمەڵە بەرەو تەواو بوون دەبات، چونکە دواى ئارام و شەهاب کۆمەڵە بە بڕیارى مام دەکەوێـتە دەستى کاک نەوشیروان،  کە پێدەچێت زیاتر بڕیارێکى بەرنامە بۆ داڕێژراو بووبێت.
شەهید بوونى عەلى عەسکەرى و خاڵە شەهابو شەهید ئارام، بەهۆى هەڵەى سیاسییەوە بووە، کاک نەوشیروان کاتێک بە یەک پێشمەرگەوە دەگەڕێت و حسک دەیگرێت، گەر شەهید بکرایە یان رادەستى حکومەت بکرایەتەوە، بە هەمان شێوە دەبووە هەڵەى سیاسی خۆى، ئەم هەڵانە ناکرێت لە سەرکردەى سیاسییەوە رووبدات، بەڵکو نیشانەى کەم ئەزموونییە، یان دەشێت بوغرایی یان بێمنەتی، یان وەکو پێشبینى نەکردن بێت. 
کاتێک مەلا مستەفا ئاشبەتاڵ دەکات، ناکرێت قیادەیەکى وا گەورە، پارتێک کە دەسەڵاتى یەکەمى هەبووە لە ناوچەکەدا، چەند ساڵێک بووە دەزگاى پاراستنى دروست کردووە، نەزانن قەوارەکەیان لەبەردەم هەڕەشدایە، نەزانێت چەند ساڵێک بووە عێراق و ئێران لە دانیشتنە جیاوازەکاندا خەریکى رێکەوتن بوون بۆ شکستپێهێنانى شۆڕشی ئەیلول، ئەمە یان کەمئەزموونییە، یان کەمتەرخەمى بە ئاگابوون بووە، نەکسەى حەفتا و پێنج هەڵەیەک نییە، بشێت هەروا بە ئاسانى و رووکەشی بەسەر رووناکبیران و سیاسەتمەداران و مێژوونووسانى کوردا تێپەڕێت و قسە و توێژینەوەى وردى بۆ نەکرێت. ئاسان نییە  خەونى گەلێک بە یەک رستە لە گۆڕ دەنرێت، لە کاتێکدا هەزاران پێشمەرگە ئامادەبوون بە نانە رەق بەرەنگارى پیلانەکە ببنەوە.. 
*** 
گەر بە وردى کتێبی (شەڕى ناوخۆى کورد – سەڵاح رەشید) بخوێنینەوە، تێدەگەین هێزەکان چەند سەرقاڵى شۆرش بوون ئەوەندەش سەرقاڵى شەڕى ناوخۆ بوون، شەڕى ناوخۆ لەسەر ئایدۆلۆژیا و بیر و راى جیاواز نا، بەڵکو شەڕ لەسەر ناوچەى دەسەڵات و گرد و تەپۆڵکە، شەڕ لەسەر دەمەبۆڵە، شەر لەسەر کەپکى حەمەد ئاغا، شەڕ لەسەر ئەندام بوون و ئەندام نەبوون، شەڕ لەسەر پێشمەرگە کوشتن، شەڕ لەسەر بچوکترین شت. 
لە دواى هەرەسى شۆڕشی ئەیلولەوە، دواى ئەوەى یەکێتى مەحاڵ دەکات بە واقع و هەموو ئەو نائومێدییەى بارزانى بە رستە بەناوبانگەکەى(کارى من تەمام شود) هەموو کوردستانیانى گرتەوە، یەکێتى دەست دەکاتەوە بە خەباتى چەکدارى، بەڵام سەیرییەکە لەوەدایە یەکەمین شەڕى شۆڕشی نوێ لە نێوان پارتى و یەکێتیدا هەڵدەگیرسێت، سەڵاح رەشید بە وردى دەیگێڕێتەوە( لە شەڕێکى نێوان پارتى و یەکێتى لە ١٧ تەموزى ١٩٧٦ ئەو مەفرەزەییەى یەکێتى دەکوژرێن و تەنها چوار پێشمەرگەیان لێ رزگار دەبن، کە ئەوانیش لە لایەن حکومەتەوە دەستگیر دەکرێن و لە ٢٩ ئازارى ١٩٧٧ لە سێدارە دەدرێن، بەم شێوەیە لە جیاتى ئەوەى کە یەکەمین مەفرەزەکان لە شەڕى بەرگرى و دژ بە حکومەت ببنە قوربانى بونە قوربانى شەرێکى خوێناوى ناوخۆ). ئەمەش دواتر لە لایەن پارتییەوە دەکرێت بە بەرنامە و لە دواى کارەساتى هەکارى وتە بەناوبانگەکەى ئیدریس بارزانى دێتە گۆڕێ کە دەڵێت (شۆڕشمان پێنەکرێت خۆ پێمان تێکدەدرێت)، ئەمە لە کاتێکدا یەکێتى دەیویست ئەو هێزە چەک لەگەڵ خۆیاندا بهێننەوە بۆ بەرنگارى حکومەت، بەڵام دەبنە قوربانى شەڕى ناوخۆ. 
لە دواى ئەو مەفرەزەیەوە دەیان سەرکردەى وەک جەمالى عەلى باپیر و شێرکۆى شێخ عەلى و سەڵاحى موهەندیس... لە شەڕى ناوخۆدا بوون بە قوربانى، هەموو ئەو شەهیدانەى لە شەڕى ناوخۆدا بوون بە قوربانى، هەموو ئەو هێز و توانایەى بۆ ململانێى ناشەرفمەندانەى شەڕى ناوخۆ بەکار هات گەر بەرانبەر بەعس یەکبخرایە بە دڵنیاییەوە ئەنجام جیاوازتر دەبوو. 
*** 
پوختەى مەبەست دەگەینە ئەنجامێک، دەبێت لە کوێى باوەڕ و ئایدۆلۆژیادا جێگاى هەموو ئەو رووداوە نەخوازراوانەى شەڕ و ناکۆکى ناوخۆ و تاوان و کوشتن و یەکترسڕینەوەى تێکۆشەرەکانى شاخدا جێگاى ببێتەوە؟ لە چل ساڵى شەڕى ناوخۆ؟ لە هەڵەى زەقى سەرکردەکان و لەناوچوونیان؟ لە کوشتنى دیل و ژن کوشتن؟ لە شکستى مفاوەزات و لە هەرەس و ئاشبەتاڵ؟ لە کورتبینى و لە نەخوێندنەوەى ئایندە؟ هەموو ئەمانە چۆن پێناسە دەکرێن؟ خیانەتە؟ یان هەڵە؟ یان ڕوودواى ئاسایی شۆڕشن؟
لە جیابوونەوەى جەلالى و مەلاییەوە بۆ جیابوونەوەى حسک و دواتر ئاڵاى شۆڕش و لق و پۆپەکان، تا دەگات بە جیابوونەوەى بزوتنەوەى گۆڕان، دەکرێت بەکامیان بووترێت جیابوونەوە لەسەر جیاوازى بیروڕا و جیاوازى ئایدۆلۆژیا؟ یان راستر بووترێت زۆرجار لە رووکەشدا جیابوونەوەى ئایدۆلۆژیبوون، بەڵام لە جەوهەردا جیابوونەوە بووە لە پێناو گەیشتن و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات بووە. 
مێژوویەکى زۆر دوور و درێژ نییە، تەمەنى حەفتا ساڵێک دەبێت، هەر لە یادەوەرییەکانى سەرکردەکانەوە تێدەگەى شەڕەکان و ململانێکان لەسەر چی بوون، بەڵام دەبێت جێیان بکەیتەوە، چونکە هەر کەسێک بە شێوەى خۆى وێناى دەکات، بە دەگمەن یاداشتنامەیەک دێتە پێش چاو باس لە کوشتن و لەناوبردن بکات بە بێ بیانوى نائایدۆلۆژیەتى، هەڵبەت بەکارهێنانى دەستەواژەى سەردەمى نائایدۆلۆژى بە تەواوەتى دروست نییە، چونکە بە تایبەت کۆمەڵەى مارکسی – لینینى کوردستان لە ئەساسەوە لەسەر بنەماى ئایدۆلۆژیاى مارکسى دروست دەبێت، تەنانەت لە نێوان خەتى کوردستانى و  عێراقێتیدا، هەردوو رەوتەکە هەڵگرى ئایدۆلۆژیاى کۆمۆنیستى بوونە. 
لە پوختیدا دەبێت بڵێین، وێڕاى غیابی ئایدۆلۆژیا، ئێمە زیاتر شۆڕشی چەکداریمان کردووە وەک لە سیاسەت، لە شۆڕشی سەربازیشدا زیاتر شێرى شەڕى ناوخۆ بووین وەک لە بەرنگارى و بەرگرى. 

تێبینى: 
-    هەموو ئەو کتێبانەى وەک سەرچاوە بەکارهاتوون لە ناوەڕۆکى نووسینەکاندا ئاماژەم پێکردون، بە پێویستم نەزانیینەوە جاێکى تر ریزیان بکەمەوە. 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار