دەبێت تاوانە نەتەوەییەکان روونو دیار بن!
4 ساڵ لەمەوپێش
سوارە محەمەد
هەموو هەبوونێک لەچوارچێوەى ئیکۆسیستمێک (ژینگەکەیدا) دەژی. یانی هەر هەبوونێک لەسەر هەندێک بنەماو یاسا پێکهاتووە. مرۆڤیش وەک هەبوونێک خاوەن ژینگەیەکە. یاسای هەبوونی مرۆڤ کۆمەڵگەیی بوونە. مرۆڤ وەک هەبوونێکی کۆمەڵایەتی ئافرێنراوە و بۆ درێژەدان بەهەبوونی خۆی دەبێت کۆمەڵگەیی و کۆمەڵایەتییانە بجوڵێتەوە.
دانیشتوانی کۆمەڵگەیەک، وەک کلان، قەبیلە، عەشیرە، قەوم، نەتەوە، بنەماڵە و ... هتدن. هەموو ئەو شێوازانە لەکات و قۆناغە جیاجیا مێژووییەکاندا شێوەی هەبوونی مرۆڤایەتی بوون. ئەمڕۆش لەهەندێک ناوچەى دونیادا هەندێک لەوانە هەر سەرەکین و ماون، بەڵام لەکوردستان ئەو فۆرم و شێوە کۆمەڵایتییانە بەشێوەیەکى گشتی لەناو یەکتردان. بۆ هەندێک کەس فۆرمی بنەماڵە، بۆ هەندێک قەبیلە و عەشیرە، بۆ هەندێکیش قەوم و بۆ هەندێکی تریش نەتەوە بنەمایە.
لەڕۆژگاری ئەمڕۆماندا شێوەو فۆرمی سەرەکیی کۆمەڵگە نەتەوەیە. لەبەرئەوەش ئەگەر گەورەترین فۆرم، کە پێی دەوترێت نەتەوە، نەتوانێت هەبوونی خۆی بپارێزێت، ئەوا لەو کاتەدا فۆرمەکانی تریش ناتوانن خۆیان بپارێزن و هەبن. بۆیە ئەگەر نەتەوە لەناوبچێت، ئەوا لەو کاتەدا نە بنەماڵە دەەمێنێت و نە عەشیرەت و قەبیلەش. لەو کاتەدا ئەوەى روون دەبێتەوە ئەوەیە، بۆ ئەوەى کورد بتوانێت بەردەوامی بەهەبوونی خۆی بدات دەبێت وەک نەتەوە بجوڵێنەوە. ئەوە ئیکۆسیستم و ژینگەى گەلی کوردە. ئەگەر کورد لەچوارچێوەى ژینگەى خۆیدا یان لەچوارچێوەی نەتەوەبووندا نەجوڵێتەوە، ئەو کاتە ناتوانێت درێژە بەهەبوونی خۆی بدات، باشە ئێستا دۆخەکە چۆنە؟
گەلی کورد لەدۆخی ئێستادا لەژێر چەپۆکى پاکتاوکردن و سڕینەوەدایە. ئەو هەوڵە بۆ پاکتاوکردن و سڕینەوە هەم لە رووی جەستەییەوەو هەم لە رووی کولتوری و رۆشنبیرییەوە ئەنجامدەدرێت، بۆ ئەوەش دەبێت گەلی کورد بەهەڵوێستێکی نەتەوەیی لەبەرامبەر ئەو سیاسەتە پاکتاوکارییانەدا بوەستێتەوە، بەڵام بەداخەوە لەدۆخی ئێستادا گەلی کورد زۆر پارچە پارچەیە، هێشتا خۆی نەگەیاندووەتە فۆرمی نەتەوەبوون. ئەمڕۆ لە رۆژئاوای کوردستان هەندێک کورد بۆ بەرژەوەندیی کەسیی خۆیان، بنەماڵە و حزب دەتوانن هاوکاریی دوژمنی گەلی کورد بکەن، ئەوەش دەبێتەهۆی ئەوە، کە کوردستان داگیربکرێت و ئەو دەستکەوتانە، کە بەقوربانیدانی هەزاران شەهید بەدەستهاتوون لەناوبچن. ئەمڕۆ لەباکووری کوردستان، هەندێک هاوبەشیکردن لەگەڵ رژێمێکدا دەکەن، کە سەدان هەزار کوردی کوشتوەو لەئێستاشدا دەیەوێت کورد لە رەگەوە هەڵکەنێت، ئەوەش دەبێتەهۆی ئەوە، کە گەلی کورد لەباکوور زیاتر بکوژرێت، کوردستان زیاتر تاڵان بکرێت. هەرئەوەش لە رۆژهەڵاتی کوردستان روودەدات، لەوێ لەناو کورداندا رکابەریی یەکتر هەیەو هێزە کوردییەکان لەبەرامبەر رژێمی داگیرکەردا نابنە خاوەن هەڵوێستێکی نەتەوەیی. لەباشووری کوردستان و سەرباری ئەوەى دەسەڵات لەدەستی کورد بۆ خۆیدایەتی، بەڵام ئەویش پارچە پارچەیە. لێرە، واتە لەباشوور بەناوی ماڵبات، عەشیرەت و حزبەوە پارچە پارچەبوونی زۆر گەورە روویداوە.
باشە، هۆکاری ئەوانە چین؟ کێ رێگا نادات ئەو یەکێتییە، کە بۆ گەلی کورد وەک ئاوو نان پێویستە بەدی بێت؟ لێرەدا سیاسەت رۆڵی چەندە؟ باشە سیاسەتی ئێستا بۆ چارەسەرکردنی کێشە نەتەوەییەکان چۆن رۆڵێک دەگێڕێت؟ باشە، کێشە لەگەلی کورددایە، یان لەو سیاسەتەدایە کە بەناوی گەلی کوردەوە بەڕێوەدەچێت؟ باشە چارەسەر چییە؟
فۆرمی قەبیلە و عەشیرە لەناو گەلی کورددا زۆر بەهێزە. سەلماندنە مێژووییەکان ئەوە دەخەنەڕوو، کە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا فۆرمی قەبیلە سەرەتا لەکوردستان و عەرەبستاندا دروستبوون. بۆ ئەوەش ئەو فۆرمە لەناو کورددا بەهێزە، لە تەنیشت ئەو فۆرمەدا حزبە سیاسییەکان هەن، قسەیەکی لەجێی خۆیدایەتی، ئەو پارچەبوونە، کە پێشتر بەناوی قەبیلەو عەشیرەتەوە روویدابوو، لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا ئەو پارچەبوونە بەناوی حزبە سیاسییەکانەوە پێکدێت.
لەدۆخی ئێستادا لەهەموو پارچەکانی کوردستاندا حزبی سیاسی هەیە. لەناو ئەو حزبانەدا هەندێکیان رزگارکردنی پارچەیەکی کوردستان، هەندێکی دیکەیان رزگارکردنی هەموو کوردستان بەئامانجی سەرەکی و یەکەمی خۆیان دەزانن. بەکورتی، گوایە ئەو حزبانە بەگشتی دەیانەوێت کوردستان رزگارو ئازاد ببێت، بەڵام کاتێک مرۆڤ سەیری هەڵوێستی ئەو حزبە سیاسییانە دەکات ئەوەی بۆ دەردەکەوێت، کەزۆربەى ئەو حزبانە هەرگیزواهەرگیز بەپێی رزگاری و ئازادیی کوردستان ناجوڵێنەوە، چونکە ئەگەر ئامانجەکە رزگاری و ئازادیی کوردستانە، ئەوا ئەو کاتە دەبێت هەموو جموجوڵەکانیشیان لەچوارچێوەى بەرژەوەندیی نەتەوەییدا بێت، بەڵام بەداخەوە وەها نییە.
رووداوەکانی ئەمدواییانە ئەوەى سەلماند، کە چۆن هەندێک هێزی کورد لەبەرامبەر کورداندا هاوکاریی داگیرکەران دەکات، رێککەوتنی نێوان پارتی و حکومەتی فیدراڵی عێراق بەرامبەر بە ئێزدییەکان یەکیکە لەو نموونانە. لەو رێککەوتنەدا هەندێک کورد بەرامبەر بەکوردانی ئێزدی لەگەڵ دەوڵەتێکی داگیرکەردا دەستی تێکەڵ کردووەو هاوبەشیی دەوڵەتی داگیرکەر دەکات، هەڵوێستی نەتەوەیی نییە، بەڵکو حزبییە.
لەباشووری کوردستاندا، بەپاساوی ئەوەى ٢ گەنجی کورد بەرپرسێکی دەزگای هەواڵگری و سیخوڕیی تورکیا (میت)یان کوشتوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، لەسیاسەتی باشووری کوردستاندا ئەو کوردانەى بەرامبەر دوژمنی کورد تێدەکۆشن سزا دەدرێن. هەڵوێستێکی نەتەوەیی نییە، هاوبەشیکردنە لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەردا.
ئەو گەریلایانەى، کە تاوەکو ئێستا ئەرکە شۆڕشگێڕییەکانیان هەندێکجار لەباکووری کوردستان، هەندێکجار لە رۆژئاوای کوردستان، هەندێکجار لە باشووری کوردستان، هەندێکجار لەشەنگال، هەندێکجار لەکەرکوک و هەندێکجار لەمەخمور بە ورەو ئیرادەیەکی گیانفیدایانەوە بەجێدەهێنن، بەپشتیوانیی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لەلایەن سیاسەتی باشووری کوردستانەوە گەمارۆ دەدرێن. هەڵوێستی نەتەوەیی نییە، هەوڵێکە بۆ لەناوبردن و ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشە لەپێناو دەوڵەتی پاکتاوکەرو داگیرکەری تورکیادا.
لە رۆژئاوای کوردستان هەموو کەس چاوەڕێی بەدیهاتنی یەکێتیی نەتەوەییە، بەڵام لەلایەن هەندێک هێزی کوردییەوە مشتومڕ لەسەر زمانی کوردی دەکرێت!. هەڵوێستێکی نەتەوەیی نییە، بازرگانیکردنە لەگەڵ رژێمی داگیرکەردا.
بەداخەوە ئێمە دەتوانین نمونەى لەوە زیاتریش بهێنینەوە، هەموو ئەو نمونانە جێگای نیگەرانی و پەژارەن، بەڵام دەبێت ئیدی ئەو نمونانە لەگۆڕێدا نەهێڵدرێن. هەموو ئەو حزبە سیاسییانە گوایە بەناوی ئێمەى گەلی کوردەوە دەجوڵێنەوە. لەو کاتەدا دەبێت ئێمە هەموو ئەو حزب و هێزە کوردییانە بەپێی خواستی خۆمان بخەینەگەڕ، ئێمە وەکو گەل یەکێتیمان دەوێت، دەبێت ئێمە ئیدی بەو حیزب و هێزە سیاسییانە بڵێین، ئیدی بەسە! دەبێت ئێمە هەموویان ناچار بکەین، کە لەسەر بنەماو بەرژەوەندیی یەکێتیی نەتەوەیی گەلی کورد یەکبگرن. ئەگەر نا ئێمە لە رەگەوە دەردەهێندرێین.
ئێمە پێناسەى تاوان و سزا دەکەین. تاوان کردەیەکى خراپە، باجی کردەی خراپیش سزایە، لەو کاتەدا دەبێت ئێمە وەک گەلی کورد چوارچێوەی بەرژەوەندیی نەتەوەیی دیاری بکەین، کە چی تاوانە؟ دەبێت ئێمە ئیدی ئەو لێڵاییە لە گۆڕێدا نەهێڵین. تاوانەکان دیارو روون بن، بەپێی تاوانەکانیش سزا بەسەر تاوانباراندا بسەپێنرێت، ئەگەر ئێمە دەستتێوەردان نەکەین، ئەوا ئەو حزب و هێزانە، کە تەنها بەرژەوەندیی خۆیان بۆ گرنگە دەبنەهۆی ئەوەى کە لەڕەگەوە هەڵبکەندرێین و کۆتاییمان پێ بێت...