بایکۆتی کاڵای فەڕەنسی

یان سزادانی تەکنۆلۆژیای زانیاری‌و لێسەندنەوەی مافی بەکارهێنان؟

4 ساڵ لەمەوپێش



دابان خەسرەو

لەگەرمەی ئەم ئاگری رق و هاتوهاوارەی کە چەند رۆژێکە دژی فەڕەنسا هەڵگیرساوە خەیاڵێکی زانستی مێشکمی پڕکرد، بەجۆرێک بیرم کردەوەو بەخۆمم وت چی دەبوو ئەگەر ئێمە وەک دژایەتی و ناڕەزایەتی بەرامبەر قسەکانی ماکرۆن و کۆمەڵگای فەڕەنسی بمانتوانیایە لەجیاتی بایکۆتی کاڵای فەڕەنسی شۆڕشێکی زانستیمان بەرپا بکردایەو تەکنۆلۆژیای زانیاریمان لەسەر فەڕەنسا قەدەغە بکردایە؟

خۆ کوفر نەدەبوو ئێمەش وەکو وڵاتێکی پێشکەوتوو رێگەمان لەبەکارهێنانی خزمەتگوزاریەکانی گوگڵ و ئەمازۆن و فەیسبوک و تویتەر و چەندانی تر بگرتایە تانەهێڵین بگەنە ئاسمانی وڵاتی فەڕەنسا؟

دۆخی فەڕەنسا بەکوێ دەگەیشت ئەگەر ئەو کتێب و تیۆریا زانستیانە هی ئێمە بوونایەو بەرهەمی فەیلەسوفان و بیرمەندانی ئێمە بوونایە کەوەکو میتۆدێکی فەلسەفی و مێژوویی و سیاسی و ئابوری لەزانکۆکانی سۆربۆن دەخوێنرێن و  ئێمەش وەکو کاردانەوەیەک بۆ ئەو سوکایەتیەی کردیانە سەرمان ئەو بەرهەمە جوانانەمان لە سیستمی خوێندن و زانکۆکانی ئەو وڵاتە ریشەکێش بکردایە تا قەیرانێکی زانستی و مەعریفەیی لەفەڕەنسا دروست بکەین؟ 

بەڵام کاتێک هاتمەوە هۆش خۆم رووانیم ئەمە تەنها خەیاڵێکی فریودەرەو بەرگێکی ئەفسانەیی پۆشیوە بەجۆرێک ئەمەی من بیری لێدەکەمەوە زۆر دوورە لەڕاستییەوەو پێچەوانەکەی راستە.

بەداخەوە لۆکاڵی بوونی فیکری ئیسلام بەجۆرێک بووە کە نەیتوانیوە بیرکردنەوەی نەک لەچوارچێوەی شارێک، بەڵکو لەچوارچێوەی گەڕەکێک دەربچێت. مانەوە و چەقبەستوویی و دەستگرتن بەجەوهەرگەرایی و کەلەپور پەرستیەوە هێندە ئیسلامی لاواز کردووە شەڕی دونیایەکی ئاڵۆزو پڕ گۆڕانکاری پێناکرێت، تۆ ناتوانی شەڕی وەها جیهانێک کەپڕ لەتەکنۆلۆژیا و زانیاری و داتای وردە بەمرۆڤێکی کەم زانیاری و بێئاگا و قوڕمیشکراو و ئایدۆلۆژیست بسپێریت.

رەتکردنەوەی سیستمی جیهانگیری و مۆدێرنە چارەسەر نیە، تۆ وەکو ئیسلام زەرەرمەند دەبیت گەر سیستمی سیکۆلارو عەلمانی و لیبراڵ دیموکراس رەتبکەیتەوەو نادیدەی بگریت، بەڵکو بەهێزی تۆ پەیوەستە بەوەی تۆش دەتوانیت لەکوێی ئەم جوڵە خێراییانەی دونیادا بیت؟ ئایا تۆ وەکو کۆمەڵگای ئیسلام توانیوتە تەحەدای ئەم پێشکەوتنانەی جیهان بکەیت و سیستمێکی لەوەی ئەوان ناوازەتر پێشکەش بکەیت کە بەرهەمی عەقڵ و شۆڕشی زانستی ئەوانە؟ یان ئیشی تۆ تەنها جوێندان و سوکایەتیە لەفەیسبوک و تویتەر و ئینستاگرام و واتس ئەپ و چەندانی تر کە بەقەولی خۆتان ئەمانە بەرهەمی کافرانن و تۆ تەنها بەجوێندان و خوویەکی ناشرین بەشداری لەم هەموو پێشکەوتنەدا دەکەیت.

بەداخەوە ئەوەی کەڕێگر بووە لەوەی ئیسلام لەگەڵ رەوتی سەردەم و کۆی پێشهات و رووداوەکاندا رێ بکات ئەو ئایدۆلۆژیا رەهایەیە کە هەمیشە بەئەگەری توندوتیژی و ناعەقڵانیەت بارکراوە.

ترس لەکرانەوەو دەست تێکەڵکردن لەگەڵ مۆدێرنە هەمیشە ئیسلامی بەرەو ناوخۆی بردۆتەوە و بۆتە بەربەست لەبەردەم بەرەوپێشچوونی ئەم ئاینە.

بێرنارد لویس پرسیارەکەی زۆر جوانە کە دەڵێت «هەڵەکە لەکوێدایە؟ « بەڵێ هەڵەکە لەخودی خۆماندایە کە هەمیشە پێمانوایە هۆکاری ئەم دواکەوتوویی و داخرانەی کۆمەڵگای ئیسلامی تێکەوتووە ئەوروپاو خۆرئاوایی و بێگانەکانن. لەکاتێکدا ئەوە خودی خۆمانین هۆکاری ئەو دواکەوتووییەین، بەڵێ ئەوە  ئێمەین هەموو کات بۆ شاردنەوەی هەڵەو کەموکورتیەکانمان دوژمنان و بێگانەکانمان کردۆتە پاساو بیانوو لامان وایە ئەوان ئێمەیان گەیاند بەم رۆژە، بەڵام گەر تۆزێ بگەڕێینەوە بۆ دواوە لەسەدەی حەوتەم و سەرەتای دروستبوونی ئیسلامدا هەتا سەدەی دوازدەهەم ئیسلام لەزێڕینترین قۆناغی خۆیدابوو پێشکەوتن و هێزی ئیسلام هەموو دونیای گرتەوە هەموو داهێنان و فەلسەفە و ئەدەب و زانست و ماتماتیک و گەردونناسی فەلەکناسی و جیۆلۆجی و کۆی ئەمانە لەسەر دەستی زانایانی ئیسلام داهێنران و ئیسلام ئەستێرەیەکی درەوشاوەی ناو ئاسمانی زانست و مەعریفە بوو ، بەڵام مەخابن لەسەدەی دوازدە بەولاوە ئیسلام کەوتە غەفڵەت و بێ ئاگایی و خەوێکی قوڵەوەو خۆرئاواییەکان ئەسپی خۆیان تاوداوە و کۆی ئەو بەرهەمانەی ئیسلام بەدەستی هێنا بوون بۆخۆیان بردن و بەجۆرێک پێشکەوتن و چوونە قۆناغی زێڕینەوە کۆی شۆڕشە زانستی و پیشەسازی و هونەری و رۆشنگەریان کردە مەدالیای شەرەف و نایان بەسنگی خۆیانەوە وا ئەمڕۆ بەرهەمی ماندووبونەکەی دەخۆن.

من هەرگیز لەگەڵ ئەوە نیم سوکایەتی بەهیچ ئایین و رێبازێکی دینی بکرێت و مافێکی سەرەتایی هەموو ئایینەکانیشە بەرگری لەدینەکەی خۆیان بکەن و بەرپەرچی ئەو سوکایەتیانەی پێیان دەکرێت بدەنەوە.

مافی ئیسلامیشە شەڕ لەهەمبەر ئەو سوکایەتیەدا بکات و بچێتە دۆخی بەرگرییەوە، بەڵام شەڕکردن و بەرگری بەچی؟ بەجوێندان؟ بەسوکایەتی بەئینسانێک کە لەئیسلامدا رێزی بۆ دانراوە؟ بەکوشتن؟ بەسەربڕین و خۆ تەقاندنەوە؟ نەخێر هەموو ئەمانە بێجگە لە ماڵوێرانی و دواکەوتوویی بۆ ئیسلام هیچی دیکەیان لێ سەوز نابێت. ئەوەی تۆ دەبێت بیکەیتە کەرەستەو شەڕی پێبکەیت تەنها گوتاری مانەوە نیە، واتە تەنها ئەوە بەس نیە تۆ دەست بەو شێوەو فۆڕمەوە بگریت کە چەند ساڵە شکڵ بەئیسلام دەبەخشێت ئەمە جگە لە شکاندنەوەی ئیسلام و بادانەوە بەرەو دونیای کۆنزەرڤاتیڤ و کۆنەپەرستی هیچی دیکە فەراهەم ناکات. بەرەوپێشچوونی ئیسلام وابەستەیە لەوازهێنان لەدەمارگیری، بریتییە لەشەڕکردن بەعەقڵ و لۆژیک، بریتییە  لەدوورکەوتنەوە لەسەپاندنی بیروڕای خۆت کە پێتوابێت تۆ راستی و بەرامبەرەکەت هەڵەیە. بریتییە لە بیرکردنەوە و کرانەوە بەڕووی دونیای ئێستادا.

بریتییە لەگۆشەنیگای جیاوازو رووانینی زانستیانە بۆ دونیایەکی ئاڵۆز و پڕ گۆڕنکاری، بریتییە لەبەدەستهێنانی عەقڵی زانستی کە بەرهەمەکەی تەکنۆلۆژیا و زانیاری و مەعریفەیە.

شەڕی ئەم دونیا ئاڵۆزە بەدەمارگیری لەو فەیسبوکەوە ناکرێت کەبەرهەمی کافرەکانەو تۆ بەکاری دەهێنیت بۆ جوێندان و سوکایەتی بەخاوەنەکەی، بەڵکو چوونە مەیدانی جەنگ گۆڕدراوەو ئیرادەو عەقڵی سەردەمیانەی دەوێت، پێویستە ماشێنێکی گەورە لەمەعریفەو گوتاری زانستی بەگەڕبخەیت

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار