بڕیاری ١٣٢٥ ژن وەک قوربانی جەنگ

4 ساڵ لەمەوپێش



دڵپاک ئیسماعیل

لە ھەموو جەنگەکاندا ژن و منداڵ ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەرئەنجامەکان دەبنەوە ، بێ ئەوەی ھیچ دەستێکیان لە ھەڵگیرسانی جەنگدا ھەبێت ، پەلاماری ژن دەدرێت بە مەبەستی ھەڕەشە و تۆقین ، چونکە ژن وەک کەرەستەیەکی سێکسی و شەرەفی پیاو ، ھەروەھا وەک دەستکەوتی جەنگ بۆ دوژمن سەیر دەکرێت. توندوتیژیی دژی ژنان نەک هەر کاریگەری لەسەر خودی ژن ، بەڵکو کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر خێزان و کۆمەڵگاش دەبێت. ڕۆژانە لە تەواوی جیھاندا بە ھۆی جەنگ و ململانێ سیاسییەکانەوە ھەزاران ژن و منداڵ ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی و کەمی خۆراک و ئاو دەبنەوە ، سەرەڕای نەبوونی شوێنی پاریزراو بۆیان. بڕیاری ژمارە (١٣٢٥ ی ساڵی ٢٠٠٠) كە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بۆ پاراستنی ژنان لە ململانێ چەكدارییەكان دەركراوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە ژنان بەشداری بکەن لە پرۆسەی بەرقەراربونی ئاشتی و بڕیاردان. عێراق وەک یەکەمین وڵاتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ، ئەو بڕیارەی پەسەندکردووە و پلانی نیشتیمانی بۆ داناوە ، کوردستانیش پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە. کارەساتی شنگال بە نموونە وەرگرین کە لە (٣ ی ئابی ٢٠١٤) دا ڕوویدا، کە( ٦٠٠٠) هاووڵاتیی مەدەنی و لەناویاندا سێ هەزار و پێنج سەد و چل و هەشت لە ژنانی ئێزدی بەدیل گیران و وەک کۆیلەیەک مامەڵەیان لەگەڵکرا و بازرگانیان پێوەکرا ، ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و دەرونی و دەستدرێژی بوونەوە ، تەنانەت کوژران و ڕووبەڕووی خۆکوشتن کراونەتەوە بەوەی دوژمن ناچاری کردبن یاخود لە لایەن کۆمەڵگا و کەس و کاریانەوە قوبوڵ نەکراونەتەوە، تا ئێستاش ژن و منداڵی ئێزدی بەدیل گیراو لەژێر دەستی داعشدا ماون، ڕزگاربووانی ئەم کارەساتە نامرۆڤانەیەش پێویستیان بە چاودێری تەندروستی جەستەیی و دەروونی ھەیە بۆ بنیات نانەوەی کەسێتیان. لەگەڵ ئەوەشدا ژنان هەمیشە قوربانی جەنگ نین. ئاشکرایە ژنان لە هەرێمی کوردستان بونەتە شەڕڤان لە پێناو پاراستنی خاک و نەتەوەکەیان دژ بە داعش جەنگاون ، ئەم ژنانە نموونەی ئاشتی و ژیانەوە و پارێزەری خاک و خەڵک و نیشتیمانن. ئەوەی پێویستە بکرێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری (١٣٢٥) ، باشترکردنی دۆخی ژنان: 1-کارکردن له‌ بواری په‌روه‌رده‌ ، كه‌ تێیدا هۆشیاری بدرێت لەسەر یه‌كسانیی ڕه‌گه‌زی. 2-بواری زیاتر بۆ ژنان بڕەخسێت تا ڕۆڵ و پێگەی گرنگی سیاسیان هەبێت ، بەشداری پرسە گرنگەکانی کۆمەڵگا و بڕیاردان بکەن. 3-ـ هەڵمەتی هوشیاركردنەوەی کۆمەڵگا لە رێگای میدیا و سیمینار و ۆرکشۆپ, بەتایبەتی میدیا کە کاریگەری هەیە لەسەر ڕایی گشتی. 4- دابینكردنی پێداویستییەكانی ژنانی رزگاربوو و ئاوارە. 5-کارکردنی زیاتری ژنان لەبواری ئەمنی و بەڕێوەبردنی کەمپەکان. لەدوای بەشداربوون لەپرۆژەی وۆرک شۆپێکی میدیایی ڕێکخراوی (ئەزموون)بەهاوکاری ڕێکخراویی ئاسودە ئەم بابەتە نوسراوە . ئەم پرۆژەیە بودجەی بۆدابین کراوە لەلایەن ئاژانسی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆکاروباری خانمان و صندوق المرأة الأمن والسلام . 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار