چاری بكەن تاهەناسەیەكی تیاماوە

4 ساڵ لەمەوپێش



قادرى حاجی عەلی

لەدەیەی سێیەمی حوكمڕانی كوردی نزیكدەبینەوەو لەشكستێكەوە دەماندەنە دەست شكستێكی تر، نزیكەی 30 ساڵە، زیاتر لەپێنج ملیۆن كەس، باجی شكست‌و چاوچنۆكی‌و نابەرپرسیارێتی، پێنج شەش كەسە دەدەن، نە گوێیەكیان هەیە بۆ بیستن، نە باكیشیان هەیە بەكەوتن.

دەستبردن بۆ نەوت، بەناوی سەربەخۆكردنی ئابورییەوە، كوردستانی دوچاری ڕۆژێكی تاریك‌و بێ ئاسۆ كردوە، دوای چەندین ساڵ لەفرۆشتنی نەوت‌و بانگەشەی چونەسەر نەخشەی وزەی جیهان، دەستە نا ئەمنیەكان بونە ملیاردێرو میللەتیش هەژارو نەبوو و بێدەرەتان كەوت.

پێناچێت ئابوری كوردستان بەمزوانە بەرەو باشی‌و جێگیربون بڕوات، پێگەی سیاسی هەرێمیش لەبەرامبەر بەغدا لەدۆخێكدایە كەس بەخیلی پێنابات، حكومەت موچەی پێنادرێ، دەوڵەتداری پێناكرێ، غەیری شیعارات‌و یەكتر تەخوینكردن، حیكایەتێكیان نەماوە بۆ خەڵكی بكەن.

ئەگەر دەسەڵاتداران ئەیانەوێت بارودۆخەكە لەوە ئاڵۆزترنەبێت‌و لەدەست دەرنەچێ، ئەوا چاریان نییە جگەلەوەی دان بەشكستی خۆیاندا بنێن‌و دەستیش بكەن بەگیرفان‌و ژمارەی بانكەكان‌و پڕۆژەكانیانداو پارەی دزراوی خەڵك بهێننەوە.

دەسەڵاتدارانی هەردوو حزب بەتایبەت ئەوانەی نەوت‌و غازو بازاڕیان داگیركردوە، دەتوانن پارەی چەندین مانگ بۆ موچەو پێداویستی  وڵات  فەراهەمبكەن، خەڵك برسییە، بێزارە، نائومێدە، ئەمانە بەسن بۆ ئەوەی چیتر ناعەدالەتی قبوڵنەكەن‌و بێدەنگ نەبن.

ناكرێت خوێن‌و ڕەنج‌و ماندبونی هەزاران ڕۆڵەی ئەم میللەتە، ئەنفال‌و كیمیاباران‌و تاوانە گەورەكان دەرهەق بەم گەلە بكەن بەقوربانی بەرژه‌وەندی تایبەتی خۆتان، خەباتی 100 ساڵەی گەلێك بكەن بەقوربانی پارەو كۆمپانیاو پۆست‌و ناوبانگ، ئۆباڵی مێژویی گەورەتان لەئەستۆیە، شیعارە بەسەرچوەكانتان كۆبكەنەوە، كاتی ئەوەیە بیرێكی جدی لەگیرفانی بەتاڵی خەڵكبكەنەوە.

كێشەی خەڵك سیستم نییە، كێشەی خەڵك ناعەدالەتییە لەدابەشكردنی سامانەكەی، بردنی بەناهەق‌و بێكۆتایی قوت‌و داهاتەكەیەتی، كێشەی ئانی مەركەزی‌و نامەركەزی نییە، سیستم لەجەوێكی بارگاوی بەتەخوین‌و موزایەدەكردندا ناگۆڕێت، چی لەژیانی خەڵك ئەگۆڕێت حزبێك لەهەولێر داهاتوو گومرگ بدزێت‌و قۆرخی بازاڕبكات،  حزبێكی دەسەڵاتداری تریش لەسلێمانی هەمان كاربكات؟.

لەهەردوو حاڵەتەكەدا خەڵك برسی دەبێت وەك ئێستا سیستمی باش‌و دەسەڵاتی دادپەروەر خەمی باشكردنی گوزەرانی خەڵك‌و گۆڕینی هەلومەرجی ژیانێتی، جیاكاری ناكات لەنێوان ناوچەو ئینسانەكان، بەهۆی جیاوازی ئینتماو بیركردنەوەیان.

وا دەردەكەوێت لەم ساتەوەختەدا لێكدانەوەی هەر حزبێك بۆ مەركەزی‌و نامەركەزی ڕەنگدانەوەی بەرژوەندی خۆیبێت، جا پەرچەكرداربێت یان بۆ باڵادەستی لێپرسراوەكانی، كە شتێكی وا لەدۆخەكە ناگۆڕێت، ناعەدالەتی  لەهەولێر بێت یان لەسلێمانی یان هەر جێگایەك بۆ خەڵك جیاوازی نییە، چارەسەر دەسەڵاتێكی نیشتمانی پاكە لەهەر كوێیەكیان بێت، ئەوكات ساخكردنەوەی مەركەزی‌و نامەركەزی كارێكی ئاسانە، كە بێگومان لەلامەركەزیدا لەگەڵ ئەوەی كارو ئیدارە باشتر ئەڕوات، دیكتاتۆری گەورەش دروستنابێت.

دواین وتاری كۆچكردوو قادر حاجی عەلی

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار