ڕامان لە شەڕی ناوخۆی کوردی

4 ساڵ لەمەوپێش



سەردار عەزیز

شەڕی ناوخۆ دیاردەیەکی دێرینە؛ ڕەگی زۆری کەلتوریی و دەرونی و جیوپۆلەتیکی  هەیە لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا. ئەم دیاردەیە چونکە هەمیشە وەک شەرمێک تەماشا دەکرێت، سەرباری ئەوەی زۆرینەی زۆری کۆمەڵگای کوردی بە ئاگایی و بێئاگایی تیادا بەشدارە و درێژەی پێئەدات، بەڵام لە بێدەنگیەکی قڕوقپ پێچراوە. ئەوەی کوشندەیە کە سەرباری بونی سەربوردە و حیکایەت و ڕوداوی زۆر لەمبارەوە بەڵام نە لە بواری ئەدەب، نە فیکر، نە مێژوو، نە ئابوری هیچ کارێکی جیددی لەمبارەوە نەکراوە.  ئەم بێدەنگییە یەکێکە لە هۆکارەکانی بێئاگابون و نەتوانینی دابران لەم دیاریدەیە. شەڕی ناوخۆ سودی زۆرە لە ڕوی دروستکردنی جۆرێک لە کەسایەتی و ئابوریی و خزمەتکردنی هێزە هەرێمییەکان.

کوردستان وەک جوگرافیا لە پەراوێزی چەند ئیمپراتۆریەتێکدا بوە لە مێژوی پێنج سەدەی ڕابوردوویدا. بون لە پەراوێزی ئیمپراتۆریەتدا چەند خەسڵەتێکی هەیە. لە بەر دوری لە ناوەندەوە دەتوانرێت بڕێکی زیاتر ئۆتۆنۆمی هەبێت و بوار هەبێت بۆ مانۆڤەرکردن.  ئەمەش هۆکاری بونی سیستەمی میرایەتی بوە لە  کوردستان بۆ سەردەمانێک. لە هەمانکاتدا لە بەربونی کوردستان بە سنوری ئەوانیترەوە، ئەوا ناوەندەکان هەوڵیانداوە  سۆزو لایەنگیریی میرەکان بۆ خۆیان ڕابکێشن. هەموو ئەمانە وەهایانکردوە کە ناوەند  سیاسەتێکی تایبەتی هەبێت بەرامبەر دەسەڵاتی میرەکان، لە کاتێکدا کە گرنگە لایەنگری و سۆزیان لە بەرچاو بگرێت لە هەمانکاتدا دەبێت هاوسەنگی  هێز لە نێوانیاندا دروست بکەیت بە جۆرێک کە کەس بە ئاسانی نەتوانێت یاخی بێت. لە سەر ئەم بنەمایانە دەتوانین بڵێین  سیاسەتی ناوەندی ئیمپراتۆریەتەکان بەرامبەر  هێزە کوردییەکان لە پەراوێزدا هەمیشە چەند خەسڵەتێکی هەبوە: یەکەم، سود لێبینینان بۆ دروستکردنی بەربەرست بەرامبەر نەیارەکان، کردنیان بە بەفەر. دووەم، ڕێگریکردن لە بەهێزبونیان بە دروستکردنی ناکۆکی لە نێوانیاندا و پاشان دەستوەردان بۆ دروستکردنی هاوسەنگی. ڕاگرتنی ئەم هاوسەنگیە هەروەها میکانیزمی پەیوەندی و بەکاربردن و ناچارکردن دروست دەکات.

سەرباری ئەمانە لە هەناو هێزە کوردییەکاندا چەند خەسڵەتێک دێتە ئاراوە. چەکداری  و شەڕکردن دەبێتە بەشێکی سەرەکی ژیان، سەرچاوەی دابینکردنی داهات و پێگە و سامان. یاریکردن لە نێوان ناوەندەکاندا کوردەکان وەها لێدەکات  خاوەنی خەسڵەتی تایبەتی خۆیان نەبن بەڵکو خەڵكێک بن کە ململانێی هێزەکان ئاراستەیان بکات. لە سەدەی نۆزدە دوو ئیمپراتۆریەتی تر دێنە ناوچەکە کە ڕوس و بەریتانیان.  بە هاتنی ئەوان ئیتر سەردەمی ئیمارەتەکان کۆتایی دێت و سەردەمی کەسایەتی ئاینی و خێڵ دێتە ئاراوە. ئەمە هێندەی تر کورد لاواز دەکات. هاتنی لایەنی سێیەم و چوارهەم جۆری یاریکردنی خێڵ و کەسایەتییەکان دەگۆڕێت

چاودێران ئەم چەند سەدەی ژیانی سیاسی کوردی دەکەن بە سێ بەشەوە: سەردەمی ئیمارەتەکان کە سەردەمێکی عەلمانییە. عەلمانیەت بەمانای ئەوەی دونیایین نەک ئاینی. ئەم عەلمانی بونە جۆرێک لە سەروەریی دابینکردوە، چونکە دەسەڵاتی ئاینی کوردی هەمیشە پاشکۆی ناوەندەکانی ترە. پاشان سەردەمی ئاینی، پاش ئەوە سەردەمی خێڵەکان. ئەمە پاشخانی ئەوە دروست دەکات کە جاشایەتی لە ١٨٩٠ لە سەردەمی سوڵتان عبدولحمید دەست پێبکات.

وەک لەم پاشخانە خێراوە دەبینین، دۆخی کوردی لە پەراویزی ئیمپراتۆرییەکاندا هەمیشە لە ژێر فشاری پەرتبون و شەڕی یەکتر و شەڕ بۆ هێزەکانی تربوە. لە هەمانکاتدا سەرباری نەیارێتییان ناوەندە ئیمپراتۆرییەکان لەوە بە ئاگابوون و وەک جۆرێک لە کۆنتراک بوە لە نێوانیاندا، کە ڕێگە نەدەن هێزە کوردییەکان لە یەکتریان داببڕێت.

 

هەموو ئەمانە لە میانەی دووبارە بونەوەدا کەلتور و یادەوەریی  بۆ دروست بوە. لە ئەنجامدا کوردەکان زوو بون بە ئەویتر بۆ یەکتر. هەموو ئەمانە ڕێگربوە لەوەی ناوەندی کوردی سەقامگیر و بەهێز دروست بێت. لە کاتێکدا هێزە کوردییەکان هەوڵیانداوە کە دەسەڵاتیان فراوان بکەن، بە ناوی کوردستانەوە تێبکۆشن و شەڕ بکەن، بەڵام هەموو ئەمانە لە شەڕی یەکتردا فەراهەم بوە. بە مانایەکی تر کوردستان لای ئەمیرێک یان کەسایەتیەکی کورد وەک ئامانجێک نەبوە لە پێناو کوردستان بەڵکو ئامانجێک بوە لە پێناو دەسەڵاتی میر یان شێخ یان ئاغادا. ئەمە لە ئەنجامدا نەبوەتە هۆکاری هاتنە ئارای کۆنفیدراسیون، پێکەوەبون، بە سەنتەرکردنی پەراویز. بەڵکو زیاتر و زیاتر یەکترکوژی ئاسایی کردوەتەوە. ئەمەش پاشاخانی ئەو دۆخەیە کە کورد کاتێک کوردێکی تر دەکوژێت هەرگیز بیر نە لە کوردبونی خۆی و نە لە کوردبونی ئەویتر دەکاتەوە. بەڵکو شوناسە لاوەکییەکان گرنگترە بۆی. ئەمەش بنەمای ئەوەمان بۆ دادەڕێژێت کە ئارگومێنتی ئەوە بهێنینە ئاراوە کە کورد هێشتا شەڕی ناوخۆ و شەڕی براکوژی و شەڕی یەکتر کوژی تەنها لە ئاستی زمانەوانیدا بەکاردەبات، ئەگینا هێشتا ئێمە لە بەرامبەر ناوخۆیەکی کوردیدانین. چونکە چەمکی ناوخۆ بە مانای ئەوەدێت کە پانتاییەکی هەیە جودا لەوانەی دەروبەری، کە لە هەناو خۆیدا ناوخۆی خۆی بەرهەم دەهێنێت و لە هەمانکاتدا دەرەوەی خۆی. بۆیە چەمکی ناوخۆ چەمکێکی ناسیونالیستانەیە. هەمو پرۆژەی بونیادی نەتەوە لە سەر ئەوە بونیادنراوە کە لە ناوەوە یەکبون دروست بکات و لە دەرەوەی جودا بکاتەوە. بەڵام ئێمە ڕەنگە تەنها لە ئاستی زمانەوانیدا لەم پرۆسەیە بدوێین. چونکە بەرهەمهێنانی ناوخۆ هەوڵ قۆناغ و کاری زۆری دەوێت کە ئێمە نەمانکردوە.

شەڕی ناوخۆی کوردی سودی زۆرە  بۆ ئەکتەرەکانی بۆیە بەردەوامی هەیە. کوردستان سەرزەمینێکە کە ئەستەمە لە مێژودا کەسایەتییەک بتوانێت هەموو کورد یەکبخات. ئەم پەرتییە هۆکاری جوگرافی و سیاسی و جیوپۆلەتیکی زۆری هەیە. بۆیە هەمیشە دەرفەت هەیە بۆ سەرهەڵدانی کەسایەتی و کەسی سیاسی لۆکاڵ. دەستوەردانی هێزە هەرێمییەکان هۆکارێکی سەرەکین کە کەسایەتییە لۆکاڵیەکان دەتوانن دروست بن، بمێننەوە و ململانێی یەکتر بکەن. ئەمەش وەها دەکات کە کەسایەتییە لۆکاڵییەکان لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا هەمیشە هەوڵی ئەوە بدەن کە نەک دژایەتی دۆخەکە نەکەن، بەڵکو درێژەی پێبدەن. شەڕ  ئەفسانەی قارەمانێتی و هێز و سامان  بۆ کەسایەتییە لۆکاڵەکان دابین دەکات. پیاویان بۆ دابین دەکات.

ئەمڕۆ چەندین شەڕی ناوخۆی کوردی هەیە. هەموو ئەم شەڕانە لە نێوان دۆخی شەڕ و دۆخی نەرمدا جۆلانێ دەکەن. ئەگەر سەیری پەرتبونەکانی هەناو کۆمەڵگای کوردی بکەیت دەبینێت کە هەموو ئەو پانتاییانە وەک سەرمایە و زەخیرەی سیاسی بەکاردەبرێت لە لایەن ئەکتەرە لۆکاڵەکانەوە بۆ بەدەستهێنانی سەرمایەی سیاسی و ڕەمزی. هاتنی دیموکراسی و پارەی سیاسی و تەکنەلۆجیا ئەم دۆخەی زیاتر ئاڵۆز و تۆخکردوەتەوە.

لە بەر ئەم هۆکارانە شەڕی ناوخۆی کوردی ڕەگ و ڕیشەی قوڵی هەیە، وەک پەتا تەشەنەی کردوە لە هەناو هەموو جومگەکانی کۆمەڵگادا، بە دروستبونی دەرفەتی سیاسی هەموو سیاسییەک هەوڵ دەدات بەکاری بهێنێت. دەرچون لەم دۆخە سەختە چونکە هەم کەسایەتی سیاسی و هەم پارتی سیاسی بە ئاسانی ناتوانن ببنە خاوەن  پاشخانی سیاسی و ئامرازی وروژاندن و سەرمایەی سیاسی.

ڕەهەندێکی تری شەڕی ناوخۆ ڕەهەندی ئایدەلۆجییە. هێزە کوردییەکان ئایدەلۆجیا کوردیانە بەرهەم دەهێننەوە. ئایدەلۆجیا بەکاردەبەن بۆ ڕەوایی بەخشین و خۆ جوداکردنەوە. ئایدەلۆژییەکان زەخیرەی ئەوە دابیندەکەن کە بکوژ بەرهەم بهێنن. مرۆڤێک کە بڕاوی وەهایە لە پێناو دونیایەکی باشتردا دەبێت خەڵکانێک، کە ڕێگرن، لە ناوببرێن. ئەمە دیدێکی مارکسیانەیە هەتا ئاستێکی زۆر بەڵام لە هەناو ژیاری سیاسی کوردیدا بەرهەمهاتوەتەوە. بونی چەمکی وەک شۆرش بە شێوەیەکی بڵاو  دەرخەری ئەو دونیابینییە کە وەها دەبینێت کە نەیار و جیاوازەکان دەبێت لە ناو ببرێن. کاتێک ئەم دونیابینییە بڕەوی پێدەدرێت ئەوا گەمەی سفریی و شەڕی مان و نەمان دێتە ئاراوە. ئایدەلۆژیا مرۆڤە-ڕۆبۆتی ترسناک بەرهەم دەهێنێت کە توانای سازان و گونجان و پێکەوەبون و تێگەیشتنی نیە. زمانێک قسەدەکات کە لە واقیع دابڕاوە. ئەمە بە ڕەهەندە ئاینی و ئیسلامییەکەیشیدا ڕاستە. ئەم ئارگومێنتە مانای ئەوەنیە کە ئایدەلۆژیا شەڕی ناوخۆی کوردی بەرهەمهێناوە، بەڵکو بە مانای ئەوەیە کە ئایدەلۆژیا بە گوڕێکی جیاوازەوە ڕەوایی بۆ شەڕی ناوخۆی کوردی دابین دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار