دوا دیدارم لەگەڵ (کاک قادری حاجی عەلی)

3 ساڵ لەمەوپێش



بەیار عومەر عەبدوڵڵا

چەند مانگێک لەمەوبەر بەتەنها چووم بۆ لای (کاک قادری حاجی عەلی) بۆ وەرگرتنی راوبۆچوونی لەسەر پرۆژەی بەهەرێمکردنی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین. کاک قادر جگە لەوەی سەرکردەیەکی بەتواناو لێهاتوو بوو، جێگەی ئومێدو متمانەی خەڵکانێکی زۆری ناڕازی بوو لەدەسەڵات، من وەک مامێک سەیرم دەکرد، چونکە نزیکترین هاوڕێی باوکم بوو.

کاک قادر و باوکم کارگێڕی مەکتەبی سیاسی بوون، لەساڵی ٢٠٠٠ کە زانییان حزبایەتی لەڕێگەیەکەوە بۆ خزمەتکردن بووە بەڕێگایەک بۆ خۆدەوڵەمەندکردن، هەرووکیان پێکەوە دەستیان لەکارکێشایەوە، وەک مامێک کەسەردانم کرد، سەرەتا وتم کاک قادر ئەگەر جەنابت پرۆژەی بەهەرێمکردنی ئەم دەڤەرە بگریتە ئەستۆ، هەموومان پشتیوانیت دەکەین، ئەگەر جەنابیشت حەزناکەیت ببیتە سەرمەشقی ئەم پرۆژەیە، ئەوا هیوادارم پشتیوانیمان بکەیت.

کاک قادر چەند تێبینیەکی پێوتم کە خۆشی هەندێکیانی پێشتر لەدوا وتاریدا راگەیاندبوو بەناوی (چاری بکەن تاهەناسەیەکی تیا ماوە) کە لەمانگی پێنجی ساڵی ٢٠٢٠ دا بڵاویکردەوە. من لەمانگی حەوتدا سەردانم کرد، کاک قادر وتی یەکەم من پێمباشە ئەم پرۆژەیە بکرێت بەسەرتاسەری و هەولێرو دهۆکیش بگرێتەوە، وەک چۆن دەمانەوێت دەسەڵات و داهات بگێڕینەوە بۆ خەڵکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، وابکەین کە لەڕێی فیدرالیەتی پارێزگاکانەوە، دەسەڵات و داهات بگەڕێتەوە بۆ خەڵکی پارێزگاکانی هەولێرو دهۆک و لەدەستی ئەو دەسەڵاتە ستەمکارە بهێنرێتە دەرەوە کەچەندین ساڵە خەڵکی ئەو ناوچانە دەچەوسێنێتەوە.

بەندەش لەوەڵامدا وتم کاک قادر تەواو‏ هاوڕاتم کەدەبێت ئەم پرۆژەیە گشتگیر بێت و هەموو پارێزگاکان بگرێتەوەو سەرجەم خەڵکی ئێمە لەهەموو پارێزگاکان رزگاریان بێت لەو زوڵم و ستەمەی لێیاندەکرێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کەئێمە بەپێی دەستوری عێراق بۆمان هەیە تەنها بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە قسە بکەین کەتێیدا دەژین، ناتوانین بەناوی هەولێرو دهۆکەوە قسە بکەین، وتم جەنابت تۆڕێکی فراوانی پەیوەندیت هەیە لەگەڵ خەڵکی هەولێرو دهۆکداو دەتوانیت قسەیان لەگەڵ بکەیت و سەرپەرشتی هەموومان بکەیت.

تەنانەت ئەمە پڕۆژەیەک بێت بۆ کەرکوک، چونکە دەکرێت لەجیاتی ئەوەی کەڕاستەوخۆ کەرکوک بخرێتەوە سەر هەرێمی کوردستان کە لەم کاتەدا لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە مەحاڵەو ئەزمونێکی شکستخواردووشە، بیر لەوە بکەینەوە کەکەرکوک ببێتە هەرێمێکی سەربەخۆو لەدواڕۆژدا کەرکوک و سلێمانی و هەڵەبجەو هەولێرو دهۆک وەک پێنج هەرێمی بەهێزو دەوڵەمەند یەکبگرن بۆ دروستکردنی وڵاتێکی فیدراڵی پێشکەوتوو. یەکێکی تر لەڕەخنەکانی تری کاک قادر ئەوەبوو کە فەرمووی «کێشەکە ئەوەیە ئەگەر ئێرە ببێت بەهەرێمیش دواجار دەکەوێتەوە دەستی ئەو حزبانەی کە هیچ خزمەتێکی ئەوتۆی ئەم دەڤەرەیان نەکردووە، چونکە نیگەران بوو لەلاوازی ئەدای یەکێتی و گۆڕان و نزیکبوونەوەیان لەپارتی»، منیش لەوەڵامدا گوتم کاک قادر ئەم ماوەیە زۆربەی شارو قەزاو ناحیەو گوندەکانی ئەم دەڤەرەی خۆمان لەگەڵ هاوڕێکانمدا گەڕاوم، زۆرینەی خەڵکی ئەم دەڤەرە هەمان گومانی جەنابتیان هەیە بەڵام چارەسەرکردنی ئاسانە، وتم ئێستا سێ حزبە سەرەکییەکەی ناو حکومەت پشتیوانی یەکتردەکەن بۆ درێژەدان بەمانەوەی خۆیان و دابەشکردنی کێکی دەسەڵات لەنێوان خۆیاندا و بردنی داهات و دەسەڵات و بێبەشکردنی میللەت لێی.

بەڵام ئەگەر ئێمە لەڕێی فیدراڵیەتی پارێزگاکانەوە، ئەو حزبانە دابڕین لەیەک، ئەوکاتە خەڵکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین ئاسانتر دەرەقەتی حزبەکانی ئەم سنورە دێن و خەڵکی پارێزگاکانی هەولێرو دهۆکیش ئاسانتر دەرەقەتی پارتی دێن. هەروەها گوتم لەسایەی فیدراڵیەتی پارێزگاکاندا، یەکێتی و گۆڕان چیتر ناتوانن بەپشتی پارتی حوکم بکەن، بەڵکو دەبێت بەپشتی خەڵکی ئەم دەڤەرە حوکم بکەن. واتە لەجیاتی دڵڕازیکردنی پارتی، ناچارن دڵی خەلکی ئەم دەڤەرە رازیبکەن لەڕێی کۆمەڵێک پرۆژەی ستراتیژی و باشکردنی موچەو بژێویی هاووڵاتیانەوە. تەنانەت سەردەمی دوو ئیدارەییم بە نموونە بۆ هێنایەوە کە نەوت و گازیش دەرنەهێنرابوون، دوو گەمارۆی ئابوریش لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام بارودۆخی خەڵک زۆر لەئێستا باشتر بوو، چونکە کێبڕکێیەکی تاڕادەیەک بنیادنەر لەنێوان یەکێتی و پارتیدا دروستبوبوو لەسەر ئەوەی کامیان خزمەتی زیاتری ناوچەکانی خۆیان بکەن.

بەڵام لەدوای یەکگرتنەوەی دوو ئیدارەکەوە، ئەم دەڤەرەی ئێمە بەتەواوی کەوتە دواوەو پشتگوێخرا. هەروها بە کاک قادرم گوت کەچەندین ساڵە لەم سنورەی ئێمەدا خۆپیشاندان ئەکرێت و تێیدا خەڵک شەهیدو بریندار دەبێت بەبێ ئەوەی هیچ سودێکی هەبێت. بۆ نمونە ١٧ی شوبات ئەم دەڤەرە خرۆشاو چەندین شەهیدو بریندارمان دا، بەڵام دەسەڵات وەک خۆی مایەوەو هیچ گۆڕانکارییەک رووینەدا، بگرە خراپتریش بوو، چونکە ئێمە لێرە خۆپیشاندان دەکەین لەکاتێکدا دەسەڵات لەهەولێرەو هەست بەفشار ناکات، وتم ئەگەر دەسەڵات بهێنینەوە بۆ ئەم دەڤەرە، خەڵک و دەسەڵات نزیک دەبنەوە لەیەک. ئەگەر حزبەکانی ئەم دەڤەرە هێشتا هەر کەمتەرخەمبون، ئەوکات ئاسانتر دەتوانین فشاریان بخەینەسەر.

هەروەها وتم لەڕێی فیدراڵیەتی پارێزگاکانەوە، تەنها داهات و دەسەڵات ناهێنێت بۆ ئەم سنوورە، بەڵکو بەرپرسیارێتیش دێنێت لەگەڵ خۆیدا، حزبەکانی ئەم دەڤەرە ناچار دەبن خزمەت بکەن و بیانوویان نامێنێت و چیتر ناتوانن کەموکوڕییەکانی خۆیان بخەنە ملی پارتی.

لەکۆتاییدا کاک قادر وتی بەڕای من جارێ دوایبخەن و لەوانەیە هەندێک گۆڕانکاری گەورە بەڕێوە بێت لەکوردستان و عێراق و ناوچەکەدا. منیش بڕیارمدا لەبەر رێز و خۆشەویستی کاک قادر چەند مانگێک دوایبخەین، هەرچەندە هەندێک لەهاوڕێکانم ئەم دواخستنە نیگەرانی کردن. لە کۆتایی دانیشتنەکەدا بەسوعبەت و شۆخییەوە وتم کاک قادر ئەگەر سەرکەوتوو بووین دەڵێین کاک قادر بووە، ئەگەر شکستمان هێنا دەڵێین خەتای خۆمان بووە. کاک قادر فەرمووی من ئەگەر پشتیوانیتان بکەم، دەبێت تەحەمولی سەرکەوتن و شکستیش بکەم. بەداخەوە رۆشتنی کاک قادر زیانێکی گەورەی لە میللەتەکەماندا، پیاوێکی بیرتیژو نهێنی پارێزو بەتواناو ماندونەناس و ئازا کەهەموو سیفەتە جوانەکانی خۆی خستبوە خزمەتی میللەتەکەیەوەو بەتایبەتتر ئەوانەی دەیانویست نیشتیمان باشتر بێت لەئێستا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار