زوبێر عوسمان، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى بۆ ‌ھاوڵاتی: بۆ لامه‌رکه‌زى تا کۆتایى ئه‌مساڵمان داناوە، دواى ئه‌وه‌ یەکێتی بڕیارى دیکه‌ی ده‌بێت

3 ساڵ لەمەوپێش



سازدانى: ئارا ئیبراهیم

ئهندامێکى ئهنجومهنى سهرکردایهتى یهکێتى دهڵێت لهناو کۆبوونهوهکانى سهرکردایهتى باسى کۆبوونهوهى سێقۆڵى نێوان (یهکێتى، پارتى، گۆڕان) کراوهو کارنامهى خۆیان ئامادهکردووه که لامهرکهزى یهکێکه لهخاڵهکانى گفتوگۆکانیان.

زوبێر عوسمان، ئهندامى ئهنجومهنى سهرکردایهتى یهکێتى لهم چاوپێکهوتنهیدا لهگهڵ ھاوڵاتی دهڵێت: «بۆ پرسى لامهرکهزى سهقفى زهمهنیمان تاکۆتایى ساڵ داناوهو دواى ئهوه بڕیارى دیکهمان لهپێناو بهرژهوهندى و خۆشگوزهرانى خهڵکدا دهبێت».

ناوبراو ئاماژه بهوهدهدات که« حزبهکهم پلانى ههیه بۆ دۆخى ئێستاى ههرێم و ئهو قهیرانانهى رووبهڕوومان بوونهتهوه، چ بۆ پرسى لامهرکهزى بهرنامهى جددى و رهیسى و ستراتیژیمان ههیه، چ بۆ چارهسهرى کێشه ههڵپهسێردراوهکان لهگهڵ بهغدا، چ بۆ ئهو تهراکوماتهى لهناوخۆى ههرێم دروست بووه بۆ بهڕێوهبردنى حکومڕانییهکى تهندروست و دروست بۆ ئهوهى لێکتێگهشتنى هاوبهش دروست ببێت».

ھاوڵاتی: کۆبوونهوهى سێقۆڵى نێوان یهکێتى و پارتى و گۆڕان لهسهر پرسى لامهرکهزى و حوکمڕانى ههرێم کهى ئهنجامدهدرێت؟

زوبێر عوسمان: سهبارهت بهکات و شوێن و ماوهى کۆبوونهوهى سێقۆڵى، من پهیوهدیدار نیم بهکاروبارى پهیوهندییهکان، ئهو پرسه پهیوهسته بهمهکتهبى پهیوهندییه کوردستانییهکان.

ھاوڵاتی: لهناو سهرکردایهتى گفتوگۆ کراوه لهسهر کۆبوونهوهى سێقۆڵى؟

زوبێر عوسمان: بهدڵنیایییهوه باسى ئهو کۆبوونهوهیه کراوه، بڕیار لهسهر ئهوه دراوه کهکۆبوونهوهکان بهردهوام بن بۆ ئهوهى دهرچهیهک بدۆزرێتهوه بۆ ئهوه، یهکێتى هەموو ههوڵێک دهدات بۆ ئهو قۆناغهى ئێستا تێى کهوتووین، لهگهڵ لایهنه کوردستانیهکان بهتایبهت بۆ پرسى لامهرکهزی، بهڵام سهبارهت بەکات و شوێن و وردهکاریهکهی، زیاتر بۆ ههڤاڵانى ترو لایهنى پهیوهندیدار، چونکه ئێمه ئێستا لهمهڵبهندهکانین ئهو بهشهیان پهیوهندى بەبهشى کوردستانى و مهکتهبى پهیوهندییهکانهوه ههیه.

ھاوڵاتی: لامهرکهزى تاچهند پێویسته جێبهجێبکرێت، لهکاتێکدا زۆرجار کێشه دروست بووه لهئیدارهى پارێزگاکان و حکومهتى ناوهندى لهههولێر، ئایا سهقفێکى زهمهنى دادهنرێت بۆ ئهمه؟

زوبێر عوسمان: بهدڵنیاییهوه لایهنه سیاسییهکان که ئێستا پێکهێنهرى حکومهتن، بهتایبهت ئهو سێ لایهنهى کهباسى دهکهیت، بهو پێیهى کابینهى نۆ ئهو سێ لایهنه پێکیان هێناوه، بۆیه گرنگه کۆبوونهوهکان بهردهوام بن بۆ ئهوهى بتوانن ههموو ئهو پرسانهى که ههیهو بابهتى گهرمن باس دهکرێن و بهتێگهیشنى هاوبهش و کارى پێکهوهیى و بتوانن زیاتر بۆ ههموو ئهو قهیرانانهى کهئێستا بهرۆکى خهڵکى گرتووه، بهیهکهوه بڕیار بدهن و چى لهبهرژهوهندى خهڵکى کوردستانه ئهوه جێبهجێ بکهن، یهکێتى کۆمهڵێک بهرنامهى ههیه چ بۆ پرسى لامهرکهزى و چ کارنامهى ترى ههیه بۆ واقعى ئێستاى ههرێمى کوردستان، ئهو کارنامانه لیژنهى بۆ تهرخانکراوهو دواتر بۆ کۆبوونهوه هاوبهشهکان ئاماده دهکرێت بۆ ئهوهى جێبهجێ بکرێت.

ھاوڵاتی: گفتوگۆ لهگهڵ پارتى و گۆڕانیش کراوه، بۆ ئهوهى ئهوانیش لیژنه دروستبکهن بۆ کارنامه؟

زوبێر عوسمان: نا مهرج نیه، یهکێتى کارنامهى خۆى بۆ ئهو پرسه گهرم و گرنگانهى کهئێستا دهگوزهرێن و یهکێتى کارنامهى خۆى ئاماده دهکات و بهڵکو لایهنهکانى دیکهش ئامادهیان کردبێت.

ھاوڵاتی: ئهو دهرچهیه بۆ پرسى لامهرکهزییه یان بۆ ئهو پرسه کهڵهکهبووانهیه که ههیه لهنێوان ئهو سێ لایهنهدا لهپرسى حوکمڕانى ههرێمدا؟

زوبێر عوسمان: ئێمه ههموومان دهزانین ڤایرۆسى کۆرۆنا جیهانییهو ههموو جیهانى تێدا زهرهرمهنده، جگه لهچهند دهوڵهتێک بهنموونه چین که زهرهرمهند نهبوون، ئهگینا لهئهمریکاوه تا ههموو شوێنێک، کهعێراق و ههرێمى کوردستانیش بهو بێ پلانییه کهههیانه، بێگومان خهسارمهندێکى گهورهییه، لهبهرئهوه دهبێت تۆ بۆ میللهتهکهت تێبکۆشیت و بهرنامهت ههبێت و پلان و نهخشهڕێگات ههبێت، یهکێتى ئهو پلانانهى ههیه بۆ ئێستاى ههرێم و ئهو قهیرانانهى رووبهڕوومان بوونهتهوه، چ بۆ پرسى لامهرکهزى بهرنامهى جدى و رهیسى و ستراتیژیمان ههیه، چ بۆ چارهسهرى کێشه ههڵپهسێردراوهکان لهگهڵ بهغدا، چ بۆ ئهو تهراکوماتهى لهناوخۆى ههرێم دروست بووه بۆ بهڕێوهبردنى حوکمڕانییهکى تهندروست و دروست بۆ ئهوهى لێکتێگهشتنى هاوبهش دروست ببێت، بهتایبهت ئێمه دوو رێکهوتنمان ههیه لهگهڵ پارتى که بۆ ئهوهى بتوانین شهریکى راستهقینهو هاوبهش بین لهبڕیاردان و حوکمڕانى بۆ ئهوهى بتوانین بهئاراستهیهکى دروست حوکمڕانى بکهین.

ھاوڵاتی: تاچهند پێتانوایه بهجێبهجێکردنى لامهرکهزى زۆر کێشهى کهڵهکه بوو چارهسهر دهبێت، ئایا سهقفى زهمهنیتان داناوه وهک کارنامهى خۆتان؟

زوبێر عوسمان: بهدڵنیایهوه سهقفى زهمهنى دانراوهو ئهو کارنامهیهى دامانناوه لهگهڵ پارتى و گۆڕان باسى دهکهین کهپێموایه زیاتر پهیوهندیداره بهپارتى، تا کۆتایى ساڵ سهقفى زهمهنییه بۆ پرسى لامهرکهزى.

ھاوڵاتی: واتا دهتوانین بڵێین بۆ جێبهجێکردنى لامهرکهزى سهقفى زهمهنى تاکۆتایى ئهمساڵه؟

زوبێر عوسمان: بهدڵنیاییهوه بهڵێ، لهدواى سهرى ساڵ کۆبوونهوهى دیکهمان دهبێت، بهدیراسه کراوى چى لهبهرژهوهندى خهڵک بێت بڕیارى لهسهر دهدهین.

ھاوڵاتی: یهکێتى لهگهڵ ئهوهدایه حکومهتى ههرێم نهوت رادهست بکات؟

زوبێر عوسمان: ئهمه پهیوهندى بهپارتى و یهکێتى و گۆڕانهوه نییه، تیمهکانمان پهرلهمانتارهکانمان لهبهغدا تا توانیوایه دیفاعیان کردووه لهقوت و موچهى خهڵک، ئهمه شتێکه پهیوهندیداره بهپهرلهمانى عێراقهوه، ئهمه پهیوهندى بهویستى پارتى و یهکێتى و گۆڕان و لایهنه سیاسییهکانهوه نییه، وهک یهکێتى پێمانوایه دهبێت ههر تاکێکى کورد لهههموو خهڵکانى سهر زهوى زیاتر خۆشگوزهرانتر ژیان بکهن، بهڵام ئایا بهویستى ئێمهیه.

بۆیه یاساى کورتهێنانى دارایى پهرلهمانى عێراق دهنگى لهسهر داوهو بووهته یاسا، تازه نه بهیهکێتى و پارتى و لایهنه سیاسییهکانى دیکه ناتوانین ئهو یاسایه ههموار بکهینهوه یان بیگۆڕین.

ئهو یاسایه ههموو شتێکى رهتنهکردووهتهوه بۆ کورد، کۆمهڵێک بڕگهو ماددهى باشى تێدایه، وهک یهکێتى لهسهر ئاستى هاوسهرۆک و مهکتهبى سیاسى لهگهڵ بهغدا لهسهر خهتین، حکومهتى ههرێمیش وهفدى دانوسانکارى خۆى ههیه بۆ ئهوهى لهگهڵ بهغدا گفتوگۆ بکرێت و  ئهو یاسایه لهخزمهتى خهڵکى کوردستان بهرجهسته ببێت که پهیوهندیدارن بهداهاتهکان، بهغداش مهرج و رێکارى خۆیان ههیهو گرنگه رێککهوتن بکرێت بۆ ئهوهى موچهو مافى خهڵکى کوردستان وهربگرین.

ئهگهر ئێمه پاشهکشه بکهین لهحوکمڕانى بهغدا رۆڵى نابێت، چونکه بهههموو لایهنه سیاسییهکانى ههرێم ئهگهر یهکههڵوێستیش بین لهبهغدا ئهو قهواره گهورهیهمان نییه کاریگهریمان ههبێت لهسهر عێراق لهبهرئهوه دهبێت ههوڵبدهین باشترین یارى لهگهڵ بهغدا بکهین لهپێناو خهڵکى ههرێمى کوردستان، تا بهشێک لهمافهکان دهستهبهر بکهین یان ههموو مافهکانى خهڵک وهربگرینهوه.

ھاوڵاتی: لاهور شێخ جهنگى هاوسهرۆکى یهکێتى چووه بهغداو لهگهڵ مستهفا کازمى سهرۆک وهزیران و چهند بهرپرسێکى دیکه کۆبووهوه، لهکۆبوونهوهى ئهنجومهنى سهرکردایهتى بابهتێکى باس کرد که لهمیدیا نهخرابێتهڕوو؟

زوبێر عوسمان: لهکۆبوونهوهى ئهنجومهنى سهرکردایهتى باس لهوهکرا که بهشێک لهلێدوانهکانى ههرێم کاریگهرى نهرێنى خراپى ههبووه لهسهر شیعهو سوننهکان ئهوه کاردانهوهى ههبووه لهسهر یاساکان، ئهوهى لهگهڵ هاوسهرۆکى یهکێتى باسکراوه دڵخۆشکهرهیه، بهغدا بهتایبهت شیعهکان خۆیان بهدوژمنى خهڵکى کوردستان نازانن و پێیانوایه پێویسته بهشێوهیهکى یهکسان داهاتى عێراق بۆ ههموو عێراقییهکان خهرج بکرێت.

ھاوڵاتی: ئایا کادرانى یهکێتى نیگهرانن لهم دۆخهى ئێستاى ههرێمى کوردستان بهتایبهت لهپرسى دارایى و ئابووریدا؟

زوبێر عوسمان: کادرهکانى ئێمهش کوڕى ئهو خهڵکهن، خۆشمان کورى ئهو ههژارانهین که لهناو خهڵکدان، رۆژانه خۆمان دهچینه ناو خهڵک، تهبعهن موعاناتى گهوره ههیه لهناو خهڵکداو ئێمه جیانهکراوینهتهوه لهگهڵ خهڵکدا ههمان فیئهو توێژى خهڵکین، ئێمهش بهموچه دهژین، نهک ههر کادرهکانمان خۆشمان لهئاستى سهرکردایهتى و مهڵبهند، بهڵام نهک ههر کادرى یهکێتى کادرو ههموو ئهندامانى لایهنه سیاسییهکانى دیکه ههمان گرفتیان ههیه.

 بهشێک لهخهڵکى ههرێمى کوردستان چاویان لهسهرکردایهتى نوێى یهکێتییه دهرچهو چارهسهرێک بۆ ئهم دۆخهى ئێستا ههرێمى کوردستان بدۆزێتهوه، ئێمه گهشبین و ئومێدمان ههیه چی بهیهکێتى بکرێت ئهنجامى دهدات، ئێمه وهکو یهکێتى چاوهڕێین تا کۆتایى ئهمساڵ بهرنامهى کارى پێکهوهیى ئهنجامبدهین لهگهڵ لایهنهکانى دیکه، ئهگهر کێشهکان چارهسهر نهبن تا سهرى ساڵ ئهگهرو کارتى دیکهمان لهپێناو خهڵکى کوردستان دهبێت، کارتهکانى دیکهمان تاقى دهکهینهوه، کام رێچکه باش بێت لهپێناو خهڵکدا بۆ باشتر کردنى دۆخى خهڵک ئهوه ههڵدهبژێرین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار