کوردستان بەرەو باشوور؟!
4 ساڵ لەمەوپێش
سهردار عهزیز
رۆژانی رابوردوو لەڕێگای ئۆنلاینەوە کۆڕبەندی ئابوری کوردستان بەڕێوەچوو. جاران ئەم دیدارە ناوی کۆنفرانسی نەوت و غازی کوردستان بوو. گۆڕینی ناوی دیدارەکە هەڵگری بڕێکی زۆر لەئاماژەو ماناو وەرچەرخانە کەدەکرێت وەک میتۆدێک بۆ تێگەیشتنی کۆتایی قۆناغێک و دەسپێکی قۆناغێکی تر وەرچەرخان بەسودبێت.
ناو هەڵگری ماناو ئاماژەی گەورەیە، هەموو ناونانێک پرۆسەیەکی خیتابی و سیاسی و ئاماژەییە، گۆڕینی ناوی کۆنفرانسی نەوت و غازی کوردستان بۆ کۆڕبەندی ئابوری کوردستان ئاماژەیە بۆ کۆمەڵێک وەرچەرخان لەچەندین ئاستدا، یەکەم، لابردنی ناوی نەوت و غاز، ئاماژەیە بۆ هاتنی سەردەمی پاش-نەوت. پۆست-نەوت ئەگەر بکرێت وەها ناوی بەرین وەرچەرخانێکی گەورەیە بۆ کوردستان.
لەساڵانی رابوردوودا نەوت و غاز تەنها دوو بوار بوون کەکوردستان هەوڵی دەدا لەڕێگایەوە سەرنجی وەبەرهێنی بیانی رابکێشێت، بەتایبەتی لەبواری وەبەرهێنانی گەورەو درێژخایەندا.
پرۆژەی نەوتی کوردستان هەتا ریفراندۆم پرۆژەیەکی ئاسایشی، دیپلۆماسی و سیاسی بوو لەوەی ئابوریی بێت، نوخبەی کوردی و زۆرێک لەخەڵکی کورد کۆمپانیای نەوتی وڵاتێک بەنوێنەری ئەو وڵاتە دادەنێن، بۆ نمونە ئەگەر وڵاتێک لەکوردستان کۆمپانیایەکی نەوتی هەبێت ئەوا مانای وەهایە کەئەو وڵاتە بەشێکی لەکوردستانەو بەرژەوەندی لەوێیەو لەڕێگایەوە پەیوەندی و بەرژەوەندی هاوبەش و پرۆسەی پاراستن دێتە ئاراوە.
ئەم مۆدێلە لەبیرکردنەوە زیاتر دەرئەنجامی دۆخی کەنداوی فارسی یان عەرەبییە، بەتایبەتی ئەگەر بێتو پەیوەندی کەنداوو ئەمریکا لەپاش دۆکترنی کارتەرەوە لەبەرچاو بگرین. بەکورتی دۆکترنی کارتەر دەڵێت: هەر هەوڵێک لەلایەن هێزێکی دەرەکییەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی کەنداوی فارسی لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە وەها لەقەڵەم دەدرێت کەدەستدرێژییە بۆ سەر ئەمریکا، بۆیە هەر جۆرە هەوڵێکی لەو جۆرە رێگری لێدەکرێت بەهەر شێوازێک پێویست بکات لەنێویاندا هێزی سەربازیی. بەڵام زۆر هۆکار وەهایان کرد کەسەردەمی دۆکترنی کارتەر بەسەرچوو، هەرێم دوای ریفراندۆم بۆی دەرکەوت کە بەهۆکاری زۆر ئەمریکا چیدی پەیوەست نیە بەدۆکترنی کارتەرەوە. بەم پێیە نەوت و غاز ناتوانرێت بکرێنە بنەمای ئاسایش و پاراستن، ئەمە یەکێکە لەهەرە راڕاییە گەورەکانی وڵاتانی کەنداو لەئێستاداو پاڵنەری سەرەکی نزیکبوونەوەیان بوو لەئیسرائیل.
دووەم، بەئابوری بوونی نەوت. ئەگەر نەوت بەها سیاسی و ئاسایشی و دیپلۆماسییەکانی وەک جاران نیە، ئەوا ئەوەی دەمێنێتەوە بەها ئابورییەکەیەتی. لەسەردەمی کۆرۆناو هەروەها لەداهاتودا بەهۆکاری زۆرەوە، نەوت لەڕووی ئابورییەوە بەهای کەمتر دەکات و هەموو ئاماژەکانیش بۆ ئەوە دەڕۆن کە لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، وەک زۆربوونی سەرچاوەی تری وزەو گۆڕانی رەفتاری خەڵک و فشاری سیاسی، بڕی بەکاربردنی نەوت لەدونیای رۆژئاوادا هەتا بێت کەم دەکات.
بۆیە نەوت ئەگەر بەهای ئابوری لەدەست نەداوە ئەوا بەدڵنیاییەوە بەهای ئاسایشی داهاتی لەدەستداوە، مەبەستم لەئاسایشی داهات ئەوەیە کە ناتوانیت دڵنیابیت کە لەداهاتودا دەتوانیت پشت بەم سەرچاوەیە ببەستیت بۆ داهات. بەڵام بەئابوری بوونی مانای ئەوەیە کە دەبێت زیاتر خەمی ئەوە بخۆیت کە چۆن ساغی بکەیتەوە بەبێ گوێپێدانە هیچ رەهەندێکی تر. ئەمەش ئامانجی سەرەکی کۆمپانیایە. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە غازە، غاز پرسێکی جیاوازو ئاڵۆزە، کات بۆ غاز گرنگە، چونکە هەتا رۆژێک زیاتر دوابکەویت لەساغکردنەوەی غاز ئەوا رکەبەری زیاترت بۆ پەیدا دەبێت، جاران تورکیا وەک یەکێک لەکڕیارەکانی غازی هەرێم دەبینرا، بەڵام چیدی ئەمە گەرەنتی نیە، ئێران و روسیاو ئازەربایجان و قەتەریش رکەبەری بۆ ئەم بازاڕە دەکەن. لەهەمانکاتدا ئەگەر رۆژانێک ئەگەری ئەوە هەبوو غازی هەرێم بگاتە ئەوروپا، ئەوا ئەو خەونەش پووکایەوە چونکە ئەگەر ئەوروپا غازی هەرێم بکڕێت وەک بەشێک لەپرۆسەی فرە سەرچاوەکردنی غازی ئەوروپا دەیکڕێت، بەڵام بوونی روسیا لەهەرێم و بواری وزەدا ئەو فرە سەرچاوەییە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بۆیە ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ غازی هەرێم تەنها بازاڕی ناوخۆو عێراقە. ئەمەش پاڵنەری سەرەکی هەرێم دەبێت بۆ بوونی پەیوەندی باش لەگەڵ عێراقدا، نوێنەری کەرتی وزەی ئەمریکی لەکۆڕبەندەکەدا جەختی لەسەر ئەمە کردەوە، ئەمریکییەکان غاز وەک ئامرازێکی سیاسی دەبینن ئیجا ئابوری.
سێیەم، ناونەهێنانی نەوت لەناوی کۆنفرانسەکەدا بەمانای ئەوە دێت کەدەبێت بەدوای سەرچاوەی تردا بگەڕێین. ئەمە یەکێک بوو لەتیما سەرەکیەکان، فرەچەشنکردنی داهات. هەرێم وەها دەبینێت کە دەبێت سەرچاوەی داهاتی فرە چەشن بکات، ئەمەش کاتێک دەبێت کەوەرچەرخێ بۆ کەرتی تایبەت. دەمێکە لەکوردستان کەرتی تایبەت وەک دەرمانی دەردان دەبینرێت، لەدونیادا ئەم قۆناغە دەمێکە کۆتایی هاتووە. کەرتی تایبەت پێویستە بەمەرج و ئامانجەکانی ئەم سەردەمە بێت. کەرتی تایبەت ئەگەر لەپێناو کۆمەڵگایەکی باشتردا نەبێت ئەوا دەبێتە مایەی دروستکردنی پەرتبوونی کۆمەڵایەتی و ناسەقامگیریی لەداهاتوودا. هەرێم بۆ ئەوەی کەرتی تایبەتی هەبێت دەبێت وەرچەرخانێکی چەند رەهەندی گەورە بکات.
ماوەی پێشوو کاتێک وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانیان لەعێراق و کوردستان رایان وەرگرتم، باسی ئەم پرسەم بەووردی بۆ کردن، چونکە ئەوان لەڕێگای چەندین رێکخراوەوە خەریکی پەرەدانن بەکەرتی تایبەت لەهەرێم. کەرتی تایبەت بۆ ئەوەی دروست بێت دەبێت ئازادی زانستی و دەستگەیشتن بەپارەو بازاڕێکی کراوەی ئازاد هەبێت. دەبێت کاتێک کەسێک بیرێکی ئابوری یان داهێنان یان کارێکی نوێی بۆ دێت بتوانێت دەستی بگاتە پارەو ڕێگری نەبێت لەبەردەم کارەکانیدا، ئەمە لە هەرێم نیە، بۆ ئەوەی هەبێت دەبێت سیستەمێکی بانکی هەبێت کەباوەڕپێکراو و ئاسان بێت. دووەم، دەبێت ناوەندی خوێندن بڕەو بەداهێنان و سەرکێشی بدەن. کرۆکی سەرمایەداری سەرکێشی و شکستە، کرۆکی سیستەمی سەرمایەداری شێتییە.
جۆرێک لەخەڵک هەیە کەپێیان دەڵێن ئیکسێنتریک، کە لەکۆمەڵگای موحافیزکاری کوردیدا بە شێت لە قەڵەمدەدرێن بڕبرەی پشتی سیستەمی سەرمایەدارین. بۆ نمونە ئەگەر ئاینشتاین لەکۆمەڵگای کوردیدا بوایە وەک ناتەواو مامەڵە دەکرا. کەواتە بازاڕی ئازاد پێویستی بەگۆڕانی ئیپۆسی ئێمەیە. کەواتە ئازادی بیر، ئازادی پارە، لەگەڵ ئازادی بازاڕ سێ کۆڵەکەی دروستبوونی کەرتی تایبەتن. لەگەڵ گۆڕانی کۆمەڵاتی ئێمەدا چوار، ئەگریمارکێت، دەمێکە باس لەبوژانەوەی کشتوکاڵ دەکرێت. بوژانەوەی کشتوکاڵ پەیوەستە بەزۆر بواری ترەوە، ژێرخان، ڕێگاوبان، بوونی قەزر، بازاڕ، هەروەها پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا. وەک چۆن غازی کوردستان تەنها ناوەوەو باشوری عێراقی هەیە وەک بازاڕی ساغکردنەوە، بەهەمانشێوەش کشتوکاڵ تەنها ئەو دوو بوارەی هەیە. لەنێو خەڵکدا ئاگاییەکی باش هەیە بۆ کڕین و بەکاربردنی کاڵای خۆماڵی. دەکرێت ئەمە زیاتر لەڕووی ئابوریی و تەندروستی و خۆماڵیبوونەوە پەرەی پێبدرێت. دروشمی shop local یان لۆکاڵییانە بازاڕ بکە، دروشمێکە لەزۆر جێگای دونیادا دەبینرێت. ئەمە ئابوری ناسیونالیزم نیە، بەڵکو خەمخواردنی هاووڵاتیان و بژێویی و هەروەها ئاسایشی خۆراکە. لەکۆڕبەندەکەدا باس لەکردنی کوردستان کرا بەسەبەتەی خۆراک. کوردستان باش مامەڵە لەگەڵ دروشمدا دەکات، بە سەبەتە بوون دروشمێکی ترە، بەڵام پەیوەندی نێوان دروشم و واقیع ئاسمان و رێسمانە.