رێگای چارەسەری
4 ساڵ لەمەوپێش
سوارە محەمەد
لەبارەی شێوازی چارەسەرکردنی کێشەی کوردەوە دوو رێگای بەرچاوو هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا دژبەیەکیشن. یەکێک لەو رێگایانە رێگای دەوڵەت – نەتەوەیە. رێگاکەى تر رێگای نەتەوەی دیموکراتیکە. ئامانجی ئەو دوو رێگایە چارەسەرکردنی کێشەکەیە، بەڵام ئەو دوو رێگا و تێزە تێگەیشتنیان بۆ چارەسەری جیاوازە، بۆیە ئێستا باسی جیاوازییەکانی ئەو دوو رێگایە دەکەین.
دەوڵەت – نەتەوە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دامەزراوەیەکی سیاسیی ٤٠٠ ساڵەی ئەمدواییەی سیستمی دەوڵەتپارێزییە. فۆرم و شێوەی دەوڵەت لە سەردەمی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیستدا پێی دەگوترێت دەوڵەت – نەتەوە. هەرچەند تاوەکو رادەیەک هەوڵ بۆ تێپەڕاندنی ئەو فۆرم و شێوەیە هەبێت، بەڵام هێشتا ئەو فۆرمە لە دەوڵەت بەردەوامی بە خۆی دەدات. دەوڵەت – نەتەوە هەیکەل و جەستەى عەقڵییەتی نەتەوەپەرەستیی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیستە. واتە لە سەردەمی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیستدا نەتەوەپەرەستی رۆح و زیهنیەتە، دەوڵەت – نەتەوەش جەستە و هەیکەلە.
ئەو عەقڵییەتە، عەقڵییەتێکی یەکپارێزە و جیاوازی لە ناو خۆیدا ناحەوێنێتەوە، هەوڵ دەدات رەنگ، دەنگ و ناسنامەى جودا لە ناوخۆیدا بتوێنێتەوە و لە ناویان ببات. لە فۆرمولاسیۆن و شێوەی دەوڵەت – نەتەوەدا «زۆرینە» لە ناو «یەک» دا دەتوێندرێتەوە. ئەو عەقڵییەت و تێگەیشتنەی دەوڵەت – نەتەوە لە ناو زۆرێک لە ئەتنیکەکاندا تەنها یەکێکیان بۆ خۆی دەکاتە بنەما و ئەوانیتر لە ناو یەکدا دەتوێنێتەوە. یەک ئایین بە بنەما دەگرێت و ئەوانی تر لە ناو ئەمەیاندا دەتوێنێتەوە. یەک ناسنامەیی بە بنەما دەگرێت و ئەوانی تر لە ناو ئەو ناسنامەیەدا دەتوێنێتەوە.... هتد. بۆ نمونە پێشتر لە عێراق سەرباری ئەوەى، کە جیاوازییەکان زۆر بوون و کۆمەڵگە فرە رەنگ بوو، بەڵام بەهۆی عەقڵییەتی دەوڵەت – نەتەوەوە هەموویان لە ناو «یەک» دا دەتوێنرانەوە. کۆماری تورکیا گوایە کۆمارە، بەڵام جیاوازییەک، کە لە سەردەمی عوسمانیدا دانی پیادا نرابوو، هەموویان لە سەردەمی کۆماری تورک دا لە ناو بران. ئەرمەنییەکان پاکتاوکران، رۆمییەکان لە ئەنادۆڵ دەرکران. لە رێگەی جۆراوجۆرەوە ناسنامەکانی دیکە توێندرانەوە و پاکتاوکران. بەو شێوەیە ئەنادۆڵ، کە باخچەى جیاوازییەکان بوو، لەسەر دەستی دەوڵەتی تورک بووە گۆڕستانی رەنگ و هەبوون و پێکهاتە جیاجیاکان. مرۆڤ دەتوانت نمونەى لەو شێوەیە زۆر بهێنێتەوە، بەڵام لێرەدا ئەوەندە بۆ ئێمە بەسە.
ئێستا لەسەر رێگا و عەقڵییەتی نەتەوەی دیموکراتیک رادەوەستین. شێوازی چارەسەریی نەتەوەی دیموکراتیک پشتبەستووە بە رەنگاڵەیی کۆمەڵگە. بەپێی ئەو شێوازە کۆمەڵگە فرە رەنگە. لە کۆمەڵگەدا تەنها یەک شت نییە. کۆمەڵگە تەنها لە چینێک پێکنایەت. کۆمەڵگە تەنها لە ئیتنیکێک پێکنایەت. کۆمەڵگە تەنها لە ئایینێک یان رەگەزێک پێکنایەت... لە کۆمەڵگەدا تەنها «یەک» نییە، کۆمەڵگە کۆبوونە «یەک» نییە. «یەک» هەموان بە یەک دەگەیەنێت و کۆمەڵگە پێکدەهێنێت. بە کورتی کۆمەڵگە یەکپارێز نییە، بەڵام لەبەر ئەوەى تێگەیشتن و عەقڵییەتی دەوڵەت - نەتەوە یەکپارێزە، ئەو هەموو رەنگانە دەکرێتە قوربانیی «یەک». ئەوە لە شێوازی چارەسەریی نەتەوەی دیموکراتیک دا نییە. لەو شێوازەدا بەبێ ئەوەى رەنگ و دەنگە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بچەوسێنرێنەوە و لە ناوببرێن، هەموویان بە رەسەنایەتیی خۆیان لەسەر بنەمای یەکسانی و ئازادی لە پاڵ یەکدا دەبن و پێکەوە دەژین. جیاوازی نابێتە هۆی دابڕاندن و تەریککردن. لەوەدا نە لەسەر یەکترەوە بوون و لە خوار یەکتربوونەوە هەیە، بەڵکو پێکەوە بوون هەیە و ئەوە بنەمایە.
کاتێک ئەو پەیوەندییە ئازاد و یەکسانە لە نێوان یەکەکاندا هەبێت، ئیتنیک، ئایین، ئایینزا، کولتور و زایەندە جیاجیاکان دەتوانن بێنە پاڵ یەک و پێکەوە کۆمەڵگەبوونێکی نوێ پێشبخەن. دەتوانرێت هەر ئەوەش لە ناو گەلێکدا بونیات بنرێت. بۆ نمونە گەلی کوردیش رەنگین و فرە رەنگە. لە ناو گەلی کوردیشدا ئایینی جیاجیا، ئایینزای جیاجیا، کولتوری جیاجیا، زاراوەی جیاجیا هەیە و دەبێت پەیوەندیی نێوانیان پەیوەندییەکی ئازاد و یەکسان بێت. بەو شێوەیە لە ناوخۆیاندا دەبنە کۆمەڵگەبوونێکی نوێ. بەو شێوەیە و بەو عەقڵییەتە دەتوانرێت لە کوردستان نەتەوەی دیموکراتیکی کورد، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەتەوەی دیموکراتیکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە جیهاندا نەتەوەی دیموکراتیکی جیهان بونیات بنرێت. ئاشکرایە ئەوە بونیاتنانێکی نوێ و تەواوە و بەگوێرەی داوا و خواستی کۆمەڵگەى فرەرەنگ دەبێت.
ئەگەر پەیوەندی لە نێوان مرۆڤەکان، بەشەکانی کۆمەڵگە، ئایین، ئایینزاکان، کولتور و ئیتنیکەکان لەسەر پەیوەندیی ئازاد و یەکسان پێشبخرێت. لەو کاتەدا ئەو کێشانە، کە ئێستا مرۆڤ پێیانەوە سەرقاڵە نامێنن. لێرەدا هەر هەبوونێک وەک رەنگێکی پێویست و شکۆمەند دەبینرێت و هەبوونی خۆی بە شێوەیەکی خۆسەر و خۆبەڕێوەبەر درێژە پێدەدات. ئەوەش دەبێتە سیستمی سروشتیی کۆمەڵگە. ئەو سیستمەش ناوی سیستمی مۆدێڕنیتەى دیموکراتیکە. بەو شێوەیە نەتەوەی دیموکراتیک دەبێتە عەقڵییەت و تێگەیشتنی مۆدێڕنیتەى دیموکراتیک، خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکیش دەبێتە جەستە و هەیکەلی ئەو عەقڵیەت و تێگەیشتنە. لە مانایەکى دیکەدا، نەتەوەی دیموکراتیک رۆح و عەقڵە و خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکیش جەستە و هەیکەلە.
لە خاڵە گشتییەکاندا، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت: دەوڵەت – نەتەوە یەکپارێزە، نەتەوەی دیموکراتیک فرەرەنگە.
دەوڵەت – نەتەوە چەوسێنەرە، زۆردار و ملهوڕە، جیاوازییەکان دەسڕێتەوە، لە نەتەوەی دیموکراتیکدا بەش و پێکهاتەکانی کۆمەڵگە بە ئارەزووی خۆیان و لە دڵەوە بەشداری ژیان دەبن.
فۆرم و شێوەى دەوڵەت – نەتەوە وشکە، بۆ شتە جیاوازەکان کراوە نییە و لەبەر ئەوەش لەناوبەر و پاکتاوکەرە، نەتەوەی دیموکراتیک بۆ جیاوازییەکان کراوەیە، جیاوازی بە شکۆ و کەرامەت دەزانێت.
نەتەوە – دەوڵەت لەبەر ئەوەى جیاوازییەکان قبوڵ ناکات، ماف بە جیاوازییەکان نادات، جودایخوازە، جیاوازییەکان ناچاری جودایخوازی دەکات، نەتەوەی دیموکراتیک لەبەر ئەوەى جیاوازییەکان بە پێویستی و شکۆیەک دەزانێت، یەکگرتووخوازە.
شێوازی دەوڵەت – نەتەوە لەبەر ئەوەى هەبوون لە ناو دەبات، سروشتی و ئاسایی نییە، نەتەوەی دیموکراتیک لەبەر ئەوەى هەوڵ دەدات هەبوون لەسەر رەگ و جەوهەری خۆی بپارێزێت سروشتی و ئاساییە...
لەبەر ئەوەى تێگەیشتنی دەوڵەت – نەتەوە پشتبەستووە بە عەقڵییەتی دەسەڵاتدارییەوە هەموو کات کێشە دەخوڵقێنێت و ئاوسە بە کێشە خوڵقاندنەوە.
هەر خۆی لەبەر ئەوەیە هەموو کێشەکانی کۆمەڵگە بە کێشەى کوردیشەوە چارەسەر ناکرێن، لەبەر ئەوەى چارەسەریی نەتەوەی دیموکراتیک رێگای چارەسەری لە دەرەوەی دەسەڵاتداری و دەوڵەت بۆ خۆی دەکاتە بنەما، جیاوازییەکان قبوڵ دەکات، پشتبەستووە بە عەقڵییەتی یەکتر تەواوکردن، لە ناو خۆیدا کێشەکانی کۆمەڵگە پردەپۆش ناکات. لەسەر ئەو بنەمایانە، فۆرم و شێوەى نەتەوەی دیموکراتیک دەرمانی چارەسەرکردنی کێشەکانە... لە دۆخی ئێستادا شۆڕشی رۆژئاوا سەرنجڕاکێشترین چارەسەری نەتەوەی دیموکراتیکە. ئەو شۆڕشە بەپێی خواستی کۆمەڵگە دامەزراوە و هەموو هێزی خۆی لەوەوە وەردەگرێت. لەوێدا هەموو پێکهاتەکان بەپێی خواستی خۆیان، خۆیان بە رێکخستن دەکەن و لە خۆبەڕێوەبەریی خۆیاندا دەژین.
ئەگەر سیاسەتی کورد بەپێی عەقڵییەتی دەوڵەت – نەتەوە بجوڵێتەوە ئەوا وەک کێشەى شەنگال لە قەیراندا دەژی، بەڵام ئەگەر بەپێی سروشتی کۆمەلگە بجوڵێتەوە ئەوا وەک شۆڕشی رۆژئاوا لە هەموو جیهاندا دەدرەوشێتەوە. بێگومان دەبێت کورد بەپێی سروشتی کۆمەڵگە بجوڵێتەوە و ئەوەشی لە کورد چاوەڕێ دەکرێت هەر ئەوەیە.