كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و چه‌ند سه‌رنجێك!

4 ساڵ لەمەوپێش



سامان ساڵح فه‌ره‌ج

رۆژی 4/11/2020 رێكه‌وتی چوارشه‌ممه‌، كۆتا كۆبوونه‌وه‌ی هه‌فتانه‌ی ئاسایی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك وه‌زیران، مه‌سرور بارزانی و ئاماده‌بوونی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران سازكراوه‌.
به‌ گوێره‌ی راگه‌یاندنی فه‌رمیی حكومه‌ت له‌و كۆبوونه‌وه‌دا "چوار" ته‌وه‌ر باسكراو و بڕیاردراوه‌ پرۆژه‌ی قانون بۆ یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌كان ئاماده‌ بكرێت(gov.krd).
له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی نۆهه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌‌رێمی كوردستانه‌وه، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌شێوه‌ی هه‌فتانه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ده‌كات و له‌ماوه‌ی 100 رۆژی یه‌كه‌می ته‌مه‌نیشیدا 10 كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه‌.
به‌و پێیه‌ی هه‌م وه‌ك رۆژنامه‌نووس و هه‌م پیشه‌ی ئه‌كادیمیم، و‌ه‌ كتێبێكیشم له‌سه‌ر نۆهه‌مین كابینه‌ی حكومه‌ت هه‌یه‌، ده‌مه‌وێت له‌م وتاره‌‌دا چه‌ند شتێك باس بكه‌م:
1- یه‌كێك له‌ خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی نۆهه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بریتیی بووه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ هه‌فتانه‌و خوولییه‌كان.
2- یه‌كێكی دیكه‌ له‌ خاڵه‌ به‌هێزه‌كان بریتیه‌ له‌ "داتا"ی زۆر له‌سه‌ر هه‌ر بوارێك كه‌ حكومه‌ت بیه‌وێت كاری له‌سه‌ر بكات. بێگومان چه‌ندین خاڵی به‌هێز و كاری باشتریش هه‌ن، به‌ڵام:
نۆهه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ زۆر بواردا خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی بوون به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی له‌سه‌ر پێگه‌و مانه‌وه‌‌ی حكومه‌ته‌كه‌ دروستكردووه‌، به‌مجۆره‌:
1- له‌ماوه‌ی 20 رۆژی گه‌شتی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران بۆ ئه‌وروپا، هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌نجام نه‌دراوه‌، كه‌ له‌وماوه‌یه‌دا ده‌بوو له‌ دوو رۆژی چوارشه‌ممه‌دا كه‌ ده‌كه‌ونه‌ رێكه‌وتی(11و 18ی/ 11 /2020) كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام بدرایه.
2- زۆریی داتا و ژماره‌كان له‌ نۆهه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ چوارچێوه‌ی بازنه‌یه‌كی ته‌سكی كه‌سیدا كۆبوونه‌ته‌وه‌و بوونه‌ته‌ بنه‌مای بڕیاردان و دروستكردنی سیاسه‌ت. به‌ جۆرێك سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان‌ ده‌ڵێت: "به‌رێگه‌ی په‌یوه‌ندی كه‌سییه‌وه‌ زانیاریم له‌سه‌ر داهاتی گومرگه‌كان ده‌ستده‌كه‌وێـت".

كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆچی یه‌؟
به‌شێكی زۆری حكومه‌ته‌كان وه‌ك به‌شێك له‌ نه‌ریت و ئه‌ركی فه‌رمانڕه‌وایی هه‌فتانه‌ یان زووتر به‌ گوێره‌ی "پێویست" كۆبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌شێوه‌یه‌كی ساده‌: مه‌به‌ستی كۆبوونه‌وه‌ش بۆ پێداچوونه‌وه ‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی سیاسه‌ت و بڕیار و راسپارده‌ و به‌ڕێوه‌چوونی كاروباری حكومه‌ت و داواكاری خه‌ڵكییه و له‌دیوێكی سیمبولیشدا مانای به‌رده‌وامیی و سه‌قامگیری پێكه‌وه‌یی پارته‌ به‌شداربووه‌كانی ناو حكومه‌ت (حكومه‌تی هاوپه‌یمانی) و یه‌كانگیریی ده‌دات.‌
لێره‌دا پرسی ئه‌وه‌ دێته‌پێش، باشه‌ ئایا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ی ئه‌م 20 رۆژه‌دا كه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان نییه‌، هیچ پرسێكی هێنده‌ گرنگ و شیاو نییه كه‌ له‌پێناویدا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كۆببێته‌وه‌؟‌
ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌م 20 رۆژه‌دا خراپترین قانون له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتاره‌ عه‌ره‌به‌كانی سونه‌ و شیعه‌ له‌ عێراق، به‌بێ ره‌چاوكردنی ئه‌ركه‌ ده‌ستوری و فیدڕاڵییه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراق تێپه‌ڕێندرا.
جگه‌ له‌وه‌ پرسی په‌تای كۆرۆنا و قه‌یرانی دارایی و دره‌نگ كه‌وتنی موچه‌ و ... تاد له‌ ئارادان.
گرفتێكی تری نۆهه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رۆیشتنی "كاره‌كان و بڕیاره‌كان" به‌بێ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌، له‌ بارێكدا ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بوونیشی نه‌بێت، كاره‌كان هه‌ر ده‌ڕۆن!، ئه‌م نه‌ریته‌ له‌ كوردستان له‌ماوه‌ی 28 ساڵی فه‌رمانڕه‌وایی رابردوودا هه‌میشه‌ باوبووه‌، كه‌ "دامه‌زراوه‌‌ی حكومه‌ت" ته‌نها رۆڵێكی نمایشییانه‌ی بۆ دابه‌شكردنی به‌رژه‌وه‌ندی و پۆست له‌نێو حیزبه‌كان گێڕاوه‌ و پۆسته‌كان، كه‌سه‌كان، دامه‌زراوه‌كان، هیچ رۆڵێكی قانونی و نیشتمانی وازی ناكه‌ن، هه‌ر بۆیه‌ دامه‌زراوه‌ گشتییه‌كان كه‌ به‌شێكن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان و به‌رهه‌می خه‌باتی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستانن شێوه‌ كارتۆنین و به‌های قانونیی و متمانه‌یان لای خه‌ڵك زۆر لاوازه‌.
مه‌ترسی دابه‌شنه‌كردنی به‌رپرسیارێتی و ده‌سه‌ڵات، هه‌ر له‌رۆژی دروستبوونی نۆهه‌مین كابینه‌وه بۆته‌ مۆته‌كه‌و پێده‌چێت بشبێته سه‌ره‌‌خۆره‌ی حكومه‌ته‌كه‌، كه‌ نابێت به‌رپرسه‌ دڵسۆزه‌كان كه‌لێنی هێنده‌ گه‌ور دروستبكه‌ن، چونكه‌ نۆهه‌مین كابینه‌ی حكومه‌ت هێنده‌ی پشت به‌ "داتا" و بیرۆكراتی نا پێویست ده‌به‌ستێت پشت به‌ ره‌وایه‌تی و هاوسه‌نگی و به‌شداری نابه‌ستێت، كه‌ هیچینا بێ یه‌كتری تا كۆتایی ناڕۆن.‌

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار