لەشوێنی هەڵەدا گەڕان بەدوای راستیدا

سوارە محەمەد

3 ساڵ لەمەوپێش



 

سوارە محەمەد

بەگشتی هەم گەلی کوردو بەتایبەتی گەلەکەمان لەباشووری کوردستان تووشی کێشەى جۆراجۆر بووە، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، هەموانیش لەو دۆخەى ئێستا ناڕەحەت و ناڕازین، گلەیی و گازندەیان هەیە، تەنانەت زۆر کەس لەزۆر شت هیوابڕاو بووە، دۆخێکی دەروونیی نیگەتیڤ و خراپ خۆی بەسەر هەموو کەسێکدا ئاڵاندووە، هیچ کەس ناتوانێت بە روونی پێشەڕوژو داهاتوی خۆی ببینێت، دۆخی سیاسی، ئابووری، سەربازی، کۆمەڵایەتی، تەنانەت کولتوری و رۆشنبیریش گومان لەمرۆڤدا دروستدەکات.

بەڵام لەمرۆڤدا حەزی ئارامبوون هەیە، لەدۆخی ئێستادا کاتێک ئێمە سەیری خۆمان و دەورووبەرمان دەکەین هەموان دەیانەوێت دۆخمان ئارام و خۆش بێت، هەموو کێشەکانمان چارەسەر ببن، ئەوەش خواستێکی راست و دروستە، بەڵام سەرباری ئەو خواستەش ئێمە دەبینین، کە کێشەکانی هیچ کەسێک وەک ئەوەى ئەو کەسە دەیەوێت چارەسەر نابێت، باشە بۆ ئەوە وایە؟ باشە سەرباری ئەو هەموو خواستە بۆ کێشەکانمان چارەسەر نابن؟ باشە کێشەکان چۆن چارەسەر دەبن؟

بۆ ئەوەى مرۆڤ بتوانێت چارەسەری بەدەستبهێنێت، دەبێت مرۆڤ بەشێوازو رێبازێکی راست بجوڵێتەوە، هۆکاری ناچارەسەری هەمووی بۆ ئەو بیرکردنەوە هەڵانە دەگەڕێتەوە، کە خۆیان دەبنە سەرچاوەی کێشەکانیش، سەرباری ئەو بیرو رامانە خراپانەش  رێبازەکەش راست و دروست نییە، راستە هەمووان دەیانەوێت کێشەکان چارەسەر ببن، بەڵام چۆن؟

گەلی باشوورمان چاوەڕێیە حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی لەعێراق کێشەکان چارەسەر بکەن.

سیاسەتی باشووری کوردستان چاوەڕێیە هێزە جیهانی و ناوچەییەکان بێن و کێشەکانی کوردستان چارەسەر بکەن.

بچووکەکان چاوەڕێن گەورەکان کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەن.

ژنان چاوەڕێن پیاوان کێشەکانیان چارەسەر بکەن...

ئەو چاوەڕوانییانە درێژ دەبنەوە و دەڕۆن. بەکورتی هەموو کەس چاوەڕێیە هەندێک کەس بێن و ژیانیان بۆ ئارام و جوان بکەن، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا کێشەى هیچ کەسێک و بە گشتیش کێشەى باشووری کوردستان چارەسەر نەبووە، بەو شێوەیش بڕوات ئەستەمە بێن و کێشەکان چارەسەر بکەن، باشە، ئەوە بۆ وایە، هەڵەکە چییە، لە کوێیە؟.

هۆکارەکەی شێوازی بیرکردنەوەیە، ئەستەمە بە بیرکردنەوەى هەڵە هیچ کەسێک لەکێشەکانی رزگاری ببێت و ئارامی بە دەستبهێنێت، ئەگەر بیروڕامان و پەیوەست بەوەشەوە شێوازو رێبازەکەش هەڵە بێت، ئەستەمە مرۆڤ شتە راستەکە بدۆزێتەوە، تاوەکو بیرو رێبازی راست نەدۆزرێتەوە ئەو دۆخە هەر بەردەوامیی دەبێت، لەوکاتەدا دەبێت ئێمە بۆچوون و رێبازێک بدۆزینەوە، کەهەموو کێشەکانمان چارەسەر بکات.

روون و ئاشکرایە دەبێت ئێمە پیاداچوونەوەیەکی بنەڕەتی بەخۆماندا بکەینەوە، یان بۆچوونی خۆمان لەبارەی خۆمانەوە بگۆڕین، دەبێت ئێمە بزانین، کەئێمە خاوەن جەوهەرێکی زۆر بەهێزین، ئێمە لاواز نین و بەهێزترین هەبوونین. ئەوەى فەلسەفە پێی دەڵێت، «سروشتی دووەم»، ئەوەى زانست پێی دەڵێت، «گەردوونی بچووک» و ئەوەى ئایین پێی دەڵێت، «ئەشرەفی مەخلوقات» ئێمەین و هەریەک لەوانە لە روویەکەوە راستیی مرۆڤ پیشان دەدەن، ئەو پێناسەکردنانە هەموویان جەوهەرو سروشتە بەهێزەکەى ئێمە دەستنیشان دەکەن، بۆیە دەبێت ئیدی ئێمە خۆمان بەبێهێز و بچووک نەزانین، خۆمان بە بەهێزترین هەبوون و خاوەن ماتەوزەو پۆتانسیەل بزانین.

دووەم ئەوەیە، دەبێت بزانین هەموو ئەو کێشانە، کێشەى دروستکراون و بەرهەمی مرۆڤن، چۆن ئەو کێشانە دروستکراون بەو شێوەیەش دەتوانرێت چارەسەر بکرێن، ئەو کێشانە بە بیرو کردەی هەڵە دروستکراون، بۆیە بەبیرو کردەی راست چارەسەر دەکرێن.

سێیەم ئەوەیە، دەبێت ئێمە چاوەڕێ نەبین، کە هەندێک بێن و کێشەکانمان بۆ چارەسەر بکەن، سەرباری ئەوەى تاوەکو ئێستا ئەو هەمووە چاوەڕێ بووین، بەڵام هیچ کەسێک کێشەکانی ئێمەى چارەسەر نەکردووە، ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە، کە لەو عەقڵییەت و تێگەیشتنەدا هەڵەیەک هەیە، لێرەدا گەورەترین هەڵە ئەوەیە، کە ئێمە چارەسەریمان لەو کەسانە دەوێت، کە لەجەوهەردا سەرچاوەی کێشەکانن.

هۆکاری کێشەکانی ئێستامان ئەو سیاسەتەى ئێستایە، بەڵام چاوەڕێین ئەو سیاسەتە کێشەکانمان بۆ چارەسەر بکات.

هۆکاری کێشەکانی ئێستامان، هێزە دەسەڵاتدارە ناوچەیی و جیهانییەکانن، بەڵام ئێمە و سیاسەتی باشووری کوردستان چاوەڕێین، کەئەوان بێن و بۆ ئێمە ببن بەدەرمان، ئەوە لەکاتێکدایە ئەوان بۆ خۆیان هۆکاری کێشەى کوردن.

سەرچاوەی هەموو کێشەکانی ژنان پیاوە دەسەڵاتدارەکانن، بەڵام ژنان چاوەڕێن ئەو پیاوانە گۆڕانکاریی ریشەیی لەخۆیاندا دروست بکەن و کێشەکانی ژنان چارەسەر بکەن.

سەرباری ئەوەى گەورەکانی کورد بۆ بچووکەکان و گەنجان ژیانێکی باشیان مەیسەر نەکردووە، بەڵام گەنجان چاەڕێن گەورەکانیان هەموو کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەن، مرۆڤ دەتوانێت ئەوە درێژ بکاتەوە... هتد، رەنگە ئەنشتاین بەهۆی ئەو بۆچوونە هەڵانەوە بووبێت، کەوتویەتی، «سەرچاوەی تێگەیشتن و عەقڵییەتی کێشەکانی خوارەوە، ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات!»، لەهەموو ئەو نموونانەدا، کە باسمانکردن هەموویان دەزانن هەڵەیەک لەشوێنێکدا هەیە و بەدوای راستیدا دەگەڕێن، بەڵام ئەو راستییە نابینرێت و نادۆزرێتەوە، چونکە لە شوێنێکی هەڵەدا بەدوای راستیدا دەگەڕێن، راستییەکە ئەوەیە، کە دەبێت لەشوێنێکی راست و دروستدا بە دوای راستیدا بگەڕێین، ئەگەر بەو شێوەیە بێت، ئەوا راستیش دەدۆزرێتەوە. 

ئەوەى لەدەستدراوە ئەوەیە، کە مرۆڤ لەبیری چووەتەوە، خۆی گەورەترین هێزە، یانی خۆیان دۆڕاندووە، هێزو بڕوابوون بەخۆیان لەدستداوە، مرۆڤ لاواز کراوە، مرۆڤ قبوڵی کردووە، کە ناتوانێت ببێت بەهێزی چارەسەری، دەکرێت بڵێین، عەقڵییەتی دەسەڵاتداران، کە مرۆڤ بەبچووک و بێ هێز و لاواز دەبینێت، لەناو هەموو مرۆڤەکاندا چێندراوە، ئاشکرایە، کە بۆ چارەسەریی هەموو کێشەکان دەبێت سەرەتا خۆمان لەو بیرو رامانە هەڵەیە رزگار بکەین.

ئێمە خۆمان بەهێزی چارەسەری بزانین، ئێمە ئەوە بزانین، ئەگەر ئێمە بمانەوێت دەتوانین ببین بەخاوەنی ئیرادە و خاوەنی بڕیار لەوکاتەشدا ئێمە سەد لەسەد سەردەکەوین.

هەر خۆی ئەو سیاسەتەى ئێستا بەڕێوەدەچێت بۆ خۆی سەرچاوەی هەموو کێشەکانە، دەبێت ئێمە خۆمان سیاسەت بکەین.

هەر خۆی هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان سەرچاوەی کێشەی کوردن، بۆیە دەبێت ئێمە چارەنووسی خۆمان لەسەردەستی خۆمان دیاری بکەین، رێڕەوی ژیانی خۆمان نەخەینە دەست هیچ کەسێک.

هەر خۆی گەورەترین کێشە بۆ ژنان، ئەو پیاوەی ئێستایە، بۆیە دەبێت ژنان ببن بە بەهێزترین تێکۆشەر لەبەرامبەر پیاوی دەسەڵاتدارو خۆیان بکەن بەهێزی چارەسەری.

هەمان شتیش بۆ گەنجانیش لەگۆڕێدایە.

ئاشکرایە دەبێت، کە ئێمە خۆمان بەهێزی چارەسەری بزانین، نەک هەندێکی دیکە، دەست لەناو دەست و دەستبەکاربن، کارەکانتان راپەڕێنن و دەورووبەری خۆتان بونیات بنێن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار