ئەنتۆنی بلینکن

پرۆفایلی وەزیری دەرەوەی نوێی ئەمریکا:

سه‌ردار عه‌زیز

3 ساڵ لەمەوپێش



سه‌ردار عه‌زیز

ناوی ئەنتۆنییە، هاوڕێکانی پێی دەڵێن تۆنی. بەقسەی سەمەنتا پاوەر بێت تازە منداڵیان بووە، لەکۆتایی مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٧دا لەڕۆژنامەی نیورک-تایمز ئیدۆتۆڕیاڵێک دەنووسێت داوادەکات کە ئەمریکا دەبێت پەیەدە چەکدار بکات، چەند مانگێک لەمەوپێش لەدیدارێکدا پەیوەندی نێوان ئەمریکاو تورکیا و بەپەیوەندییەکی پڕ لەئالانگاری لەقەڵەمدا، ئەگەر سێنات رەزامەندیی لەسەربدات ئەنتۆنی بلینکین دەبێتە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.

بەدیدی چاودێری جیۆپۆلەتیکی ناسراو ئیان برێمەر هەڵبژاردنی وەزیری دەرەوەی لەلایەن سەرۆکەوە دەرخەری تێگەیشتن و بایەخپێدان یان بایەخ پێنەدانی سەرۆکە بۆ ئەو پۆستەو دەکرێت ئەم دیدە لەپەیوەندی نیکسۆن و فۆرد بە کیسنجەرەوە بخوێنرێتەوە، بۆشی بە باوک بە جەیمس بەیکەرەوە، ئۆباما بە کلینتۆنەوە، هەندێک جار کایەی دیپلۆماسی بۆ دوورخستەوەی کەسێک بەکاردێت، بەتایبەتی لەباڵیۆزیدا، بۆ نموونە نوخبەی سیاسی پاریس حەزیان بە سیگۆلین رۆیال نییە، بۆیە کردیان بە باڵیۆزی فەرەنسا لەکیشوەری بەستەڵەکی باشور، ئەنتارتیکا، ئەویش لە داخاندا کتێبێکی دەربارەی خیانەتە ناکۆتاکانی کۆشکی ئیلێزی نووسی.

مادەم باسی فەرەنسامان کرد، با باسی ئەوەش بکەین کە ئەنتۆنی بلینکن فەرەنسی زانە، باوەپیارەی ئەو فەرەنسی زمان بووە، باوەپیارە بەزمانی فەرەنسی بو-پێغ، یانی باوکی جوان، باوەپیارە ئەو کەسەیە کە دوای جودابوونەوەی دایک و باوکی بایولۆجی دەبێتە مێردی دایک، لە نێو کورددا وێنەیەکی ترسناک هەیە بۆ باوەپیارەو باوەژن.

لەساڵی ١٩٧٠باوانی بایولۆجی تەڵاق لەیەکتر دەسێنن، دایکی شوودەکات بە سامۆئێل پیسار کە کەسایەتییەکی ناسراوە لەدونیادا، پاشان کۆچ دەکەن بۆ پاریس، لەکامپی نازییەکانەوە دەگاتە راوێژکاری کۆشکی سپی، لەسەردەمی کەنەدیدا، لەهارڤەرد نامەی دکتۆراکەی دەنووسێت، لەزۆر جێگاو ناوەندی دونیادا کاردەکات، دەبێتە هاوڕێ و هاوەڵی تۆنی. چاودێرانی ئەم رووداوە لەژیانی ئەودا بەهێند وەردەگرن بۆ سەر لەقاڵبدانی دیدی سیاسی، باوەپیارە جولەکەکەی رەنگە کاریگەری هەبێت لەسەر ئەوەی کە بەهێز دەبێت هاوکاری لاواز بکات، ئەمەش بنەمای دیدی دەستتێوەردانە. دەستتێوەردان چەمکێکی ئاڵۆزە، لەئاستی نێودەوڵەتیدا تەواو بەپێچەوانەی چەمکی سەروەریی وێستڤیلیاییە. هەموو کوردێک لەنەوەدەکان ژیابێت لەبیری دێت عدم التدخل فی الشۆون الداخلیە، یانی چی. گۆڕینی سەروەری دەوڵەت لەپاش وێستڤیلیا زۆر بەسودی کورد شکاوەتەوە، یەکێک لەترسەکانی من لەسەر هەڵکشانی چین، وەک زلهێزێک، گەڕانەوەیە بۆ سەروەریی وێستڤیلیایی.

تۆنی دۆستی نزیکی بایدنە، ئەو کەسەیە کە بایدن بە go-to-guy وەسفی دەکات، بەمانای ئەوەی ئەو کەسەیە کە هەرچیت پێویست بوو بچۆ بۆلای، لەکوردەواریدا دەڵێن چاوی ماریشی لایە.

هەرچەندە تۆنی بیرۆکراتی سەردەمی ئۆبامایە، بەڵام تەواو ئۆبامایی نیە. کاتێک ئۆباما لە لێدانی سوریا کشایەوه لەکاتی بەکارهێنانی چەکی کیمیاویی، تۆنی دژی بوو و وتی، هێزی گەورە کەس فریو نادات، یان قسەی بەلاش ناکات، بڵەف. تۆنی ئایدەلۆجی نیە، وەک سەمەنتا نیە. بەڵام خاوەن دونیابینییە. سەمەنتا ئافرەتێکی بەهێزەو یەکێکی ترە لەدۆستانی کورد، لەسەرەتای یەکەم کەمپەینی ئۆبامادا باوەشمان بەیەکتدا کرد، کاتێک سەردانی زانکۆکەمانی کرد، تۆنی بڕوای بەهاوپەیمانی گلۆباڵە. بەوپێیە ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر کێشەیەک، ئەمە رەنگدانەوەی دیدی بایدنیش خۆیەتی.

کارێک کە بلینکن دەبێت کاری لەسەربکات گەڕانەوەی هەیبەتە بۆ وەزارەتی دەرەوە، مام ترەمپ بڕوای بەوەزارەت و ئەو شتانە نەبوو، ئەو تێگەیشتنی وەهابوو، کە خۆی نەبێت کەس هیچی پێناکرێت و ئەوەی بەخۆی دەکرێت بە کەسی تر ناکرێت، ئەمەش دەرئەنجامی ئەوەبوو کەوەزارەتی دەرەوە، وەک وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی لێهاتبوو، بودجەی زۆری بڕابوو، پلەی کەس بەرز نەدەکرایەوە، بەجۆرێک گۆڤاری ئەتلانتیک لەساڵی ٢٠١٧ نووسیبوی کە زۆربەی کارمەندان کاریان بۆ ناکرێت چونکە نیگەرانی پۆستەکانیانن. بلینکن دەبێت ئەمانە بگۆڕێت و رەنگە ئەو دیپلۆماتانەش بهێنێتەوە کە ترەمپ لەبەر جیاوازی بیروڕا دەریکردن.

تۆنی لەژینگەیەک و خێزانێکەوە هاتووە کە هەمووان لەپێگە باڵاکانی حکومەتدا بوون. باوکی باڵیۆز بوو، خێزانەکەی لەکۆشکی سپی کاری کردووە بۆ هیلاری، لەکەمپەینی هیلاریدا یەکتریان ناسی و هیلاری چووەتە شاییەکەیان. پاشان کار بۆ بایدن دەکەن، بەڵام ئۆباما دانوی لەگەڵ تۆنیدا نەدەکوڵا. لەدواکتێبیدا تەنها دووجار باسی دەکات.

ئۆباما رۆشنبیربوو، بەڵام خاوەن ئەزموونی دەرەکی نەبوو، ئەمەش وەهایکرد کە بایدن و بایدنییەکان کاریگەرییان هەبێت، وەک رۆشنبیرێک ئۆباما بەخێرایی و دەستوبرد کاری نەدەکرد، زۆر لایەنی کێشەکانی دەبینی و بڕیاردانی بۆ ئاسان نەبوو.

لەنێوان کوردو جولەکەدا هاوشێوەیەکی زۆر هەیە، لەنێوان هۆلۆکۆست ئەنفالدا هاوشێوەی زۆر هەیە، بەڵام ئەنفال چونکە بەزۆری خەڵکی لادێی هەژار قوربانی بوون، نەبووەتە بنەمای ئەخلاق و دونیابینی، لەهەمانکاتدا ئێمە توانای رامان لەڕووداوەکانی خۆمان زۆر کەمە، چینی  بەناو بیرمەندی ئێمە بەزۆری قەڵەمی شەڕی ناوخۆن.

بەڵام بلینکن تەنها کەسێک دەبێت لەبڕیاری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، سیستەمی بڕیار لەسیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا تەنها لەدەستی وەزیرو یەک وەزارەتدا نیە، بەڵکو هێزو لایەن و بەرژەوەندی زۆر بڕیار لەسەر ئەو بوارە دەدەن، سی ئای ئەی، تیمی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، پەنتاگۆن، تەنانەت ناوەندێکی وەک سینتکۆم، بەتایبەت لەپەیوەندی بەکوردەوە، لۆببیەکان، سێنات و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، میدیا، لەسەرووی هەموویەوە سەرۆک.

سەرباری ئەم هەموو ئاڵۆزی و تێکچراژانە لەنێوان ناوەندو دەزگاکانی ئەمریکادا هەمیشە کێبڕکێ هەیە، بەڵام ئەوەی کاریگەریی لەسەر هەموو زیاترە دۆخی ئەمریکاو جیهانە، وەک دەبینرێت دونیا چاوەڕێی ئەوەیە ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ دۆخی جارانی، لەهەمانکاتدا خەڵکی ئەمریکاش، بەتایبەتی دەنگدەرانی کۆمارییەکان چاوەڕێی ئەوەن کەئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ دۆخی جارانی، لەنێوان ئەم دوو گەڕانەوەیەدا جیاوازییەکی زۆر هەیە، بەڵام ئەوەی هاوبەشە ئەوەیە کەهەردوو خوازیارو پیادەکەری سیاسەتی نۆستالیجیانن. گەر سەرنجێک لەدروشمەکانی ترەمپ بدەیت گرنگترین وشە تیایدان دووبارەو جارێکی تر  بوون. ئەم وشانە ئاماژەن بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمێک لەڕابردوودا، بایدن ناتوانێت ئەمریکا بگەڕێنێتەوە بۆ ئەمریکای جاران، بەڵام دروشمی ئەمریکا پێش هەموانیش کۆتایی دێت، چونکە ئەو دروشمە لە ئەنجامدا یانی ئەریکا بەتەنها، ئەمە لەگەڵ بلینکن و بایدنیدا ناگونجێت.

بلینکن لەو نوخبە لیبرالە باڵایەیە کە چووەتە هارڤەردو دنیای دیوەو ژیانێکی دەوڵەمەندو پڕ لەکەسایەتی گەورە ژیاوە، حەزی لەمۆسیقایەو  وەها پەروەردە بوە کە دەوڵەتمەدار بێت. ئەم نوخبەیە لەلایەن زۆرێک لەخەڵکی ئەمریکاوە بێزراون. وەهایان دەبینن کە لەبڵقێکی داخراوو دابڕاو لەدونیادا دەژین و ئاگایان لەهەژاران نیە، ئەم ئاڵۆزییە یەکێک دەبێت لەفشارە گەورەکانی سەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەردەمی ئۆبامادا، پرسی ئەوەی سیاسەتی دەرەوە بۆ کێ؟ پرسێکی گەورەیە، بۆ تێگەیشتن لێی دەبێت هەندێک لەکارە رادیکاڵەکانی رۆبەرت ڤیتالیس بخوێنینەوە، ئەوە بۆ کاتێکی تر.

بلینکن بۆ کورد باشە، بەڵام کورد دەبێت کاری زیاتری بۆ بکات و زەمینەی ئەوە بڕەخسێنێت کە بتوانێت لەباشییەکانی سوودمەندبێت، بایدنییەکان واقیعی و پراگماتیکن، ئەمە هەمیشە بۆ کورد سوودمەند نیە، چونکە پرسی کورد پێویستی بەسەرکێشی و دژایەتی هەیە، بۆیە نابێت پشتی لێبکەینەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار