بەکێ دەڵێن پێشمەرگە؟
رێبین عومهر
4 ساڵ لەمەوپێش
رێبین عومهر
بەداخەوە خەریکە ناوو ناوبانگی پێشمەرگە بەناحەق لەلایەن چەند تاقمێکی نابەرپرس و لادەر لەکەدار دەکرێت، ئەوەی جێگەی باسە ئەوەیەکە ئاخۆ کەسانێک هیچ هەست بە بەرپرسیاریەتی نیشتمانی و نەتەوەییو ئینسانی ناکەن، کەچی لە ژێر ناوی پێشمەرگە و بەپۆشینی بەرگی تێکۆشەرە راستەقینەکان خۆیان بە پێشمەرگە دەناسێنن!
ئایا دەتوانرێ پێیان بوترێ پێشمەرگە، لەکاتێکدا ئەوانە چەک بەدەستن و دوورن لە ئاکاری بەرزی پێشمەرگە؛ جۆرە کەسانێکن کە پابەندبوونی نیشتمانییان نییەو بێبەرین لەشوناسنامەی راستەقینەی پێشمەرگە.
لەمێژەوە لەهزری نەتەوەکەماندا چەسپیوە کەپێشمەرگە واتە (گیان لەسەر دەست ) لەپێناو سەرفرازی و سەربەخۆیی و ئازادی نەتەوەدا، شەهیدان (ئارام؛ مامە ریشە، عەلی عەسکەری، حەمەڕەش، ئازاد هەورامی) پێشمەرگەبوون؛ کەنوێنەرایەتی لوتکەی بەرزی ئاکاری پێشمەرگەیان دەکرد؛ ئەوان هەڵگری ئەو ناوەبوون، ئەی ئەوانەی لادەرن لەیاسا کێن؟ کاتی نییە شوناسنامەی پێشمەرگە بەکارنەهێنن و ناوێکی دی بدۆزنەوە!
لەخەباتی رابردوودا تێکۆشانی راستەقینەی پێشمەرگە ئەم دۆخەی بۆ گەلەکەمان دروستکرد، بەڕووبارێک خوێنی گیانفیدایی پێشمەرگە ئەم دۆخەی لێ بەرهەم هات.
کەکورد وەک نەتەوە تا ئەندازەیەک بەکەناری ئارامی گەیشت، بووە خاوەن کیانی دەستوری خۆی لەعێراقدا.
پێویستە لێرەوە ئیتر تێکۆشەرە دێرینەکان، ئەوانەی هەڵگری شوناسنامەی راستەقینەی پێشمەرگەن و خاوەنی راستەقینەی ئەو ناوە بەرزوو پیرۆزەن، هەڵوێست بنوێنن و چیتر نەیەڵن؛ کەسانی لادەر لەیاساو نابەرپرس ناوی جوان و بەرزی پێشمەرگە لەخۆیان بنێن.
دەپرسین ئایا لادەران لەیاساو دەزگا فەرمییەکانی دەوڵەت دەتوانرێت پێیان بوترێت پێشمەرگە؟
ئەوانەی فەلاقەی خەڵک دەکەن و بەڕۆژی رووناک هەڵدەەکوتنە سەر دوکان و چێشتخانە کێ پشتگیرییان دەکات؟ ئایا ئەوانە پێشمەرگەیان پێ دەوترێت؟
بێگومان نەخێر.
کاتیەتی لەلایەن تێکۆشەرانەوە یئەو شوناسنامەیە بەتەواوەتی بپارێزرێت و بەدەستی خەڵکانی نامۆ نەشێوێندرێت، بەداخەوە زۆر میدیاش بەمەبەست خەریکی شێواندنی ئەو ناوبانگە پیرۆزەن.
ئیتر کاتیەتی ناوی پێشمەرگە وەک چۆن لەمێژووماندا گەورەیە، ئاواش پێویستە لەم سەردەمەدا هەر بەبڵندی خۆی بمێنێتەوە کەپێشمەرگە ئەوسومبولەیە کەئەفسانەی داعشی تێکشکاندووە، ناکرێت مرۆڤی تێکۆشەرو چەک بەدەست و نابەرپرس جیاوازییان نەبێت و تێکەڵ بەناوی پێشمەرگە بکرێن.