گرنگ نییە کێ حوکمڕانی دەکات،  بەڵکو گرنگ چۆنییەتی حوکمڕانییە؟!

سیروان حه‌مه‌ ره‌شید

4 ساڵ لەمەوپێش



سیروان حه‌مه‌ ره‌شید

جارێ  دەکرێت ئەو پرسیارە  بکەین و بزانن لەهەرێمی کوردستان  کام جۆرە لەفۆرم و مۆدێلی حوکمڕانی هەیە،  یان ئەوەی پێیدەوترێت حکومەتی هەرێم سەر بەچ جۆرە پەرادایمێکەو  لەکام قاموس و فەرهەنگی سیاسیدا هاتووە.؟!!!  بەگشتی دوو جۆر مۆدیلی سەرەکی حوکمڕانیی پیادە دەکرێت (دیکتاتۆری و دیموکراتی).

هەڵبەتە لەدونیای  دیموکراسیشدا سێ شێوە سیستەمی سیاسی دیارکراوە..

کەبریتین  لەسیستەمەکانی (سەرۆکایەتی_ پەرلەمانی_ تێکەڵاو) بەڵام گەر  لەم مۆدێلەی هەرێم  رابمێنین  بێگومان نە لەهیچ قاموس و فەرهەنگێکی سیاسیدا  هەیەو نە  هیچ چەشنە خەسڵەت و بنەمایەکی فەڕمانڕەوایی  تێدا دەبینرێت،!!!

بەڵێ بەشکڵ و ناو  هەرێم دامەزراوەکانی ( یاسادان .. جێبەجێکردن... دادوەری) هەیە، بەڵام هیچیان دەسەڵاتی فعلی و کارایان نییە، دەتوانین بڵێین ئەو  رەگەزو تایبەتمەندییانەی کەپێویستە لەسیستەمی سیاسی مەعقولدا هەبن، لەم قەوارەیەدا بوونی نییە، کەواتە دەبێت چۆن ئەم حوکمڕانە پێناسە بکەین و  ئەوە بڵێین خەڵکی کوردستان دەرگیری چ جۆرە عەقڵیەتێکی سیاسی و مۆدێلی حوکمڕانییەکە؟!!

لەکاتێکدا دەسەڵاتێک بەو هەموو سەرەوت و سامانەو توانا مرۆییەی لەبەردەستدا بووەو پاش نزیکەی (30) ساڵ لەئەزمونی بەناو حوکمڕانی و  بەرئەساسی ئەو عەقڵانیەت و فۆڕمەی کوردستانی ئیدارە داوە ئێجگار دەستکورت و هەژار بووە لەوەی سەرەتاییترین  کێشە و قەیران چارەسەر بکات، کەبریتین: لەچاککردنی دۆخی کارەباو ئاوو رێگاوبانەکان، تەنانەت لەئێستادا توانای نییە موچەی  فەرمانبەران بدات و   ئیرادەی یەکخستنن و بەنیشتیمانیکردنی هێزی پێشمەرگە  و هێزەکانی ناوخۆی نەبووە.

کارڵ پۆپەر لەبارەی (حوکمڕانی رەشید)ەوە دەڵێت:  «گرنگ ئەوە نییە کێ حوکم دەکات، بەڵکو گرنگ چۆنییەتی حوکمڕانیە، بۆیە حکومەتی دیموکراتیک بەپلەی یەکەم ئەو حکومەتەیە پارێزەری مافی ژیان و ئازادیی هاووڵاتییانەو لەکاتی پێویستدا بەرگرییان لێبکات».

سەرەڕای ئەوەش حزبی کوردی بەتایبەتی پارتی و یەکێتی کەم و زۆر پەیوەندییان بەدونیای دیموکراتییەوە نییە و هاوکات   پەیڕەوی  سیاسەتی مۆنۆپوڵیکاری تەواوی  سەروەت و سامانی سەرو ژێر زەوی  ئەم پارچە بچووکەی کوردستانیان کردووەو باکیان بەخراپی ژیان و گوزرانی خەڵک نییە..

 چونکە چوارچێوەی ئیدارەدانی هەرێم  بەسیستەم و دەستورو یاسا  ڕێکنەخراوە،

بەڵکو بەمەزاج و مەزاجکاری ئەم و ئەو خێزانی سیاسی  بەڕێوەدەچێت و بڕیار لەچارەنووسی زیاتر لە (5) ملیۆن هاووڵاتی دەدات.

  ئەزمونی چەندساڵەی رای گشتی و ئۆپۆزسیۆن و رەخنەگرتنی نووسەران و رووناکبیران ئەو فاکتەیە کەدۆخ و هەلومەرجی هەرێم  بەدروشمبازی و چاکسازیی درۆینە  تروسکایی چارەسەر نییە و  شکستی هێناوە.. گەر هێزگەلێک هەبن چاویان لەگۆڕانکاری و کۆتایپێهێنانی ئەم جۆڕە لەحوکمڕانییە بن و خەڵکی کوردستان لەو ئاستە خراپ و دژوارە رزگار بکەن،. پێویستە بیر لەبەدیل و تەرحکرنی پڕۆژەیەکی سیاسیی نوێی گونجاوتر بکەنەوە...

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار