عه‌دنان عوسمان، وته‌بێژى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ هاوڵاتى: رێگە بەگۆڕان نادرێت لەحکومەت ئه‌و هه‌نگاوانه‌ بنێت کەپێویستن

4 ساڵ لەمەوپێش



سازدانى: ئارا ئیبراهیم

عه‌دنان عوسمان، وته‌بێژى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان رایدەگەیەنێت ئەوان حزبێکن له‌پێناو چاکسازیی کۆمه‌ڵگادا کارده‌که‌ن، نەک له‌پێناوی ئه‌وه‌ى چه‌ند که‌سێک بکه‌ین به‌وه‌زیرو به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى، جەخت لەوەش دەکاتەوە کە لەحکومەت رێگە بەگۆڕان نادرێت ئه‌و هه‌نگاوانه‌ بنێت کەپێویستن

عه‌دنان عوسمان، لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ هاوڵاتى باس لەوەدەکات کەئیداره‌دانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ په‌یوه‌ندیه‌کانى فراکسیۆنه‌کانیان "لاوازه‌و خراپه‌".
سەبارەت بەھەنگاوەکانی چاکسازیی حکومەتی ھەرێمیش دەڵێت "حکومه‌تى هه‌رێم به‌دیلێکیان نیه‌، ته‌نیا به‌دیلیان ئه‌وه‌یه‌ که‌قوتى خه‌ڵک ببڕن، چاره‌سه‌رى تریان نیه‌ و ده‌سه‌ڵاتیشیان به‌سه‌ر مافیاکاندا پێ ناکرێت و ناتوانن داهاته‌کان هه‌مووى کۆبکه‌نه‌وه‌".
ھەروەھا دەڵێت "هه‌ردوو حزبه‌که‌ که‌ له‌گه‌ڵیان داده‌نیشین ده‌ڵێن به‌ڵێ مافیاگه‌رێتى هه‌یه‌، دزى هه‌یه‌"
لەبەشێکی قسەکانیدا رەخنە لەشاندی دانوستکاری ھەرێم دەگرێت کەدەچنە بەغداو لەو بارەیەشەوە دەڵێت "تائێستا وه‌فدى ئێمه‌ کارى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نه‌کردووه‌، له‌چوارچێوه‌ى یاسایه‌کدا پشکى کورد له‌به‌غدا دیاری بکات، بۆیه‌ ئه‌مه‌ کێشه‌که‌یه‌، وه‌فده‌کانى ئێمه‌ ته‌نیا بۆ پینه‌و په‌ڕۆ بووه‌و وه‌فدى لیژنه‌ى دارایى هات بۆ لاى ئێمه‌ پێمان وت پێویسته‌ ئه‌مه‌ له‌چوارچێوه‌ى یاسایه‌کدا چاره‌سه‌ر بکرێت، که‌هه‌ردوولا پابه‌ندبن پێوه‌ى".

ئێمه‌ حزبێکین له‌پێناو چاکسازیی کۆمه‌ڵگادا کارده‌که‌ین،

نەک له‌پێناوی ئه‌وه‌ى چه‌ند که‌سێک بکه‌ین به‌وه‌زیرو به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى

 

هاوڵاتى: نزیکه‌ى ساڵ و نیوێکه‌ کابینه‌ى نۆیه‌م پێکهاتووه‌و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌شدارى کردووه‌، ئایا ئه‌و چاکسازییه‌ى گۆڕان باسى ده‌کرد هاتووه‌ته‌ دى له‌ناو ئه‌م کابینه‌یه‌دا؟
عه‌دنان عوسمان: بەشداریکردنمان به‌ڵێنى چاکسازییه‌کى گه‌وره‌ بوو، به‌رنامه‌ى حکومه‌ته‌که‌ش له‌چوارچێوه‌ى چاکسازیدا بوو، بڕیار وابوو چاکسازى له‌سێکته‌رى ئابورى و په‌روه‌رده‌یى و هێزى ئه‌منى و هه‌موو ئه‌و بوارانه‌دا بێت که‌ئه‌مه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ى له‌سه‌ر ژیان و واقعى خه‌ڵکدا بێت، له‌دواى ئه‌و به‌شداریه‌ى ئێمه‌ ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا دروستبوو، به‌رده‌وام بوون و چووه‌ قۆناغى خراپتره‌وەو نه‌وت نرخه‌که‌ى دابه‌زى و ئه‌وه‌ش به‌هۆى ئه‌و سیاسه‌ته‌ ئابورییه‌ خراپه‌ى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ دۆخه‌که‌ى خراپتر کردو  هاتنى ڤایرۆسى کۆرۆنا دووباره‌ ماشێنى ئابورى له‌هه‌رێمدا وه‌ستاندو ئه‌مانه‌ واقعێک بوون، هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌و ئیراده‌یه‌ى که‌ئێمه‌ چاوه‌ڕێى بووین ئیراده‌ى فیعلى چاکسازیکردن و ده‌ستبردن بۆ ئه‌وانه‌و جورئه‌تکردن له‌هه‌نگاونان بۆ چاکسازیى ئه‌و ئیراده‌یه‌مان نه‌بینى، چونکه‌ دوو حزبى ده‌سه‌ڵات هه‌ردووکیان ئێستا ده‌ڵێن مافیا هه‌یه‌، گه‌نده‌ڵى هه‌یه‌، خروقاتى زۆر زۆر گه‌وره‌ هه‌یه‌، بۆ حاڵه‌تى وا که‌سێک که‌ له‌ده‌سه‌ڵاتدا بێت ده‌بێت ئیراده‌ى هه‌بێت بۆ چاککردنى ئه‌و دۆخه‌، بۆ رێگه‌گرتن له‌وه‌، چونکه‌ له‌سایه‌ى تۆدا (حکومه‌ت) ئه‌گه‌ر مافیا هه‌بێت که‌واته‌ تۆ به‌شێکى له‌مافیاکه‌، باڵت به‌سه‌ر مافیاکه‌دایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ڕووى یاساییه‌وه‌ تووشى کێشه‌نه‌بن و له‌ژێر سێبه‌رى تۆدا (حکومه‌ت) مافیاچێتى و مافیاگه‌رى ده‌که‌ن، بۆیه‌ ئه‌مه‌ خۆى تاوانێکه‌، بۆیه‌ هیچ دڵخۆشکه‌ر نین به‌و هه‌نگاوانه‌ى که‌ تائێستا نراون.
هاوڵاتى: گۆڕان چاوه‌ڕێى چی ده‌کات که‌ له‌ناو حکومه‌تدا ماوه‌ته‌وه‌؟ ئایا بۆچوونى جیاواز له‌ناو گۆڕاندا هه‌یه‌ له‌سه‌ر مانه‌وه‌ یان کشانه‌وه‌؟
عه‌دنان عوسمان: بۆچوونى جیاواز هه‌یه‌ به‌ڵێ، پێشتر ده‌نگێکى لاواز هه‌بوو، ئه‌وه‌ راى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان بوو که‌ ئێمه‌ به‌شدارى حکومه‌ت بکه‌ین، ئه‌و کاته‌ گۆڕان به‌به‌ڵێنى چاکسازى به‌شدارى کرد له‌حکومه‌ته‌کەداو له‌هه‌موو بواره‌کاندا چاکسازیى بکرێت، له‌بواره‌کانى ئابورى و پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و قوت و ژیانى خه‌ڵک، که‌هیچ چاکسازییه‌کى تێدا نه‌کراوه‌و هه‌نگاوێکى گه‌وره‌ى بۆ نه‌نراوه‌، به‌ڵێنى ئێمه‌ بۆ مانگێک و شه‌ش مانگ  و حه‌وت مانگ و ساڵێک نه‌بووه‌ و به‌رنامه‌ى حکومه‌ت بۆ چوار ساڵه‌، واته‌ هه‌نگاو به‌هه‌نگاو با ساڵى یه‌که‌م با له‌سه‌دا (25)ى جێبه‌جێبکرێت و هه‌ر ساڵه‌ى رێژه‌یه‌کى جێبه‌جێبکات گرنگ ئه‌وه‌یه‌ شاڕێیه‌کى گرنگ هه‌بێت که‌ئێمه‌ ئێستا ئه‌و شاڕێیه‌ى چاکسازى نابینین، بۆیه‌ له‌ناو گۆڕاندا ده‌نگێکى توندو به‌هێز خه‌ریکه‌ دروست ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى چیدیکه‌ گۆڕان به‌شێک نه‌بێت له‌م سیستمه‌ شێواوه‌ که‌حوکمڕانى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات.
هاوڵاتى: زۆرجار ده‌بینین وه‌ک خانه‌ى راپه‌ڕاندن له‌گه‌ڵ تیمى گۆڕان له‌حکومه‌ت گفتوگۆ ده‌که‌ن، ئه‌وان قسه‌یان له‌سه‌ر چاکسازى کردن چییه‌؟
عه‌دنان عوسمان: به‌رپرسه‌کانى ئێمه‌ له‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانن و ئه‌رکێکى دیاریکراویان هه‌یه‌، که‌وه‌زیرى دارایى یان کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى هه‌ریه‌ک سه‌رقاڵى ئه‌رکه‌کانى خۆیه‌تى، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ فریاى ئه‌وه‌ ده‌که‌وێت، هه‌ڵبه‌ت حزبه‌که‌ وێنه‌ گه‌وره‌که‌ ده‌بینێت که‌نوێنه‌راتى هه‌موو ئۆرگانه‌کان ده‌کات، هاوڕێکانمان له‌حکومه‌تى هه‌رێم ماندوون و هه‌وڵده‌ده‌ن و کارده‌که‌ن و شوێن په‌نجه‌شیان دیاره‌، خه‌ڵکێکى زۆر له‌ئه‌دایان رازییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ له‌توانایاندا هه‌یه‌و بێگومان ئه‌وانیش نیگه‌رانییان هه‌یه‌، ئێمه‌ هه‌وڵمانداوه‌ له‌ڕێگه‌ى حزبه‌وه‌ کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێت، به‌ڵام مه‌سه‌له‌که‌ ئه‌وه‌نیه‌ که‌حکومه‌ت چیده‌ڵێت و تیمى حکومه‌ت چیده‌ڵێت، مه‌سه‌له‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ واقع حاڵه‌که‌مان چیمان پێده‌ڵێت، بۆیه‌ واقع حاڵه‌که‌مان پێمان ده‌ڵێت ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى پێویستن نه‌نراون بۆ چاکسازى کردن و باشترکردنى ژیانى خه‌ڵک.
هاوڵاتى: زۆرجار باس له‌وه‌ده‌کرێت ئه‌و داهات و سه‌روه‌ت و سامانه‌ى که‌هه‌یه‌ کۆنترۆڵ بکرێت ده‌کرێت به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا به‌شى موچه‌ و پێداویستى و ته‌نانه‌ت به‌شى بوارى وه‌به‌رهێنانیش بکات؟ ده‌وترێت وه‌زیرى دارایى سه‌ڵاحیاتى ته‌واوى نییه‌ بۆ بنه‌بڕکردنى گه‌نده‌ڵییه‌کان؟
عه‌دنان عوسمان:  وه‌زیرى دارایى به‌ته‌نیا نا، هه‌ردوو حزبه‌که‌ که‌ له‌گه‌ڵیان داده‌نیشین ده‌ڵێن به‌ڵێ مافیاگه‌رێتى هه‌یه‌، دزى هه‌یه‌، جا ئه‌وه‌ى که‌ له‌مه‌رزه‌کان و سنوره‌کان ده‌کرێت ئاشکرایه‌و ئه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵیه‌و له‌دائیره‌کان ده‌کرێت ئاشکرایه‌و شتێکى تایبه‌تى نیه‌ له‌کۆبوونه‌وه‌ى تایبه‌تى بووترێت و له‌کۆبوونه‌وه‌ى گشتى نه‌وترێت، دووڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر هاوسه‌رۆکى یه‌کێتى ده‌ڵێت مافیا هه‌یه‌و ئێمه‌ رێگرییان لێده‌که‌ین، مه‌سه‌له‌که‌ له‌وه‌زیره‌که‌ى ئێمه‌ نییه‌، من خۆشم دڵنیام له‌وه‌ى که‌ سیستمێکى ئیدارى و ئابورى باش له‌کوردستاندا و ئیراده‌یه‌کى سیاسى راسته‌قینه‌ هه‌بێت و زماندارانى وڵاته‌که‌ خۆیان به‌شێک نه‌بن له‌گه‌نده‌ڵکاران و له‌کۆمپانیاى گه‌نده‌ڵى، پێموایه‌ ئه‌و داهاتانه‌ى ناوخۆ له‌گه‌ڵ فرۆشى نه‌وت لانى که‌م به‌شى له‌سه‌دا 90%ی موچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات.
هاوڵاتى: پێتانوایه‌ ده‌بێت حکومه‌تى هه‌رێم چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بکات به‌تایبه‌ت تائێستا هیچ رێکه‌وتنێک نه‌کراوه‌ بۆ چاره‌سه‌رى کێشه‌ى بودجه‌و نه‌وت و دۆسییه‌کانى دیکه‌؟
عه‌دنان عوسمان:  تا به‌شێک بین له‌عێراق و هه‌رێمێک بین له‌عێراق ده‌بێت له‌ده‌رگاى به‌غدا بده‌ینه‌وه‌، که‌ ئه‌مه‌ش ده‌ستوره‌که‌ کاتى خۆى  مام جه‌لال و کاک مه‌سعود هێنایان و فه‌رزیان کرد به‌سه‌ر خه‌ڵکیداو خه‌ڵک ده‌نگى پێدا، عێراق هه‌ر یه‌ک عێراقه‌ و چه‌ند هه‌رێمێکى تێدایه‌و تا به‌شێک بین له‌عێراق ده‌بێت له‌ده‌رگاى به‌غدا بده‌ین و ئه‌وه‌ به‌ناچارییه‌ و که‌ خۆت جیاده‌که‌یته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا گفتوگۆکان له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ مانگێک بوون و نه‌ک ته‌نیا بۆ ساڵێکیش، بۆیه‌ مه‌فروز وایه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌چوارچێوه‌ى ده‌ستوره‌که‌ که‌ قورسایت له‌به‌غدا هه‌یه‌، سه‌رۆک کۆمارت هه‌یه‌ و پێویسته‌ ئه‌مه‌ بکرێته‌ چوارچێوه‌ى یاسایه‌که‌وه‌، که‌ سه‌رۆکوه‌زیرانیش بگۆڕێت، حکومه‌تى عێراقى پابه‌ندبێت پێیه‌وه‌و هه‌موو خه‌مى خه‌ڵکى کوردستان ئه‌وه‌ نه‌بێت، که‌ سه‌رکۆک وه‌زیرانێک له‌به‌غدا ده‌گۆڕێت و چ لیستێک یه‌که‌م ده‌بێت.
 تائێستا وه‌فدى ئێمه‌ کارى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نه‌کردووه‌، له‌چوارچێوه‌ى یاسایه‌کدا پشکى کورد له‌به‌غدا دیاریبکات، بۆیه‌ ئه‌مه‌ کێشه‌که‌یه‌، وه‌فده‌کانى ئێمه‌ ته‌نیا بۆ پینه‌و په‌ڕۆ بووه‌ و وه‌فدى لیژنه‌ى دارایى هات بۆلاى، ئێمه‌ پێمان وت پێویسته‌ ئه‌مه‌ له‌چوارچێوه‌ى یاسایه‌کدا چاره‌سه‌ر بکرێت، که‌ هه‌ردوولا پابه‌ندبن پێوه‌ى.
هاوڵاتى: واته‌ هه‌رێمى کوردستان له‌هه‌موو بارێکدا قارانج ده‌کات که‌ به‌شێک له‌نه‌وته‌که‌ى و داهاته‌ فیدراڵییه‌کان راده‌ستى  به‌غدا بکات، تا ئه‌و کێشانه‌ نه‌مێنێت؟
عه‌دنان عوسمان: راى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئه‌مه‌یه‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان چى پێویست ده‌کات بیکات بۆ ئه‌وه‌ى موچه‌ى خه‌ڵک بدرێت و ژیانى خه‌ڵک دابین بکرێت، له‌گه‌ڵ کێ پێویسته‌ بیکات و چى پێویسته‌ بیکات، ئه‌وه‌ى که‌ئێستا لاى گۆڕان گرنگه‌ ژیان و که‌رامه‌تى خه‌ڵکى کوردستانه‌ که‌خه‌ریکه‌ پێشێلده‌کرێت، جا له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌رچۆنێک رێده‌که‌ون هه‌موو نه‌وته‌که‌ى راده‌ست ده‌که‌ن یان نیوه‌ى راده‌ست ده‌که‌ن، ده‌روازه‌کان چیده‌کرێت، به‌ راى ئێمه‌ سه‌روه‌رى نیشتیمانى و نه‌ته‌وه‌یى له‌که‌رامه‌تى خه‌ڵکه‌وه‌ دێت، که‌خه‌ڵک هه‌ژاربێت و باوک به‌زه‌لیلى بچێته‌ ناو منداڵه‌کانى و خێزانه‌که‌یه‌وه‌، ئه‌مه‌ پێشێلکردنى سه‌روه‌رى و نه‌ته‌وه‌یى خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستانه‌، نه‌ک ئه‌وه‌ى موچه‌که‌ت له‌کوێوه‌ دێت یان نه‌وته‌که‌ت راده‌ستى کێ ده‌که‌یت.
 ئێمه‌ تا 2014 هه‌موو داهاتى هه‌رێم له‌به‌غداوه‌ ده‌هات، ئه‌وکات خۆشمان به‌کوردو کوردستانى ده‌زانى، ئه‌وکات بۆ که‌س نه‌یده‌وت ئه‌وه‌ جاشایه‌تیه‌ و عه‌یبه‌یه‌، له‌ئێستادا ئه‌م حکومه‌ته‌ به‌رپرسه‌، خه‌ڵک ورده‌کارى ناوێت له‌دابینکردنى ژیانى خه‌ڵکى، حکومه‌تى هه‌رێم نایکات با بڵێت من پێم ناکرێت و یان ته‌سلیمى خه‌ڵکى دیکه‌و حزبى دیکه‌ى بکات یان هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ بکات و یان ته‌سلیمى به‌غداى بکات، واته‌ چاره‌سه‌رى تر نیه‌ جگه‌ له‌وه‌. 
هاوڵاتى: ئه‌مه‌تان به‌فه‌رمى به‌ پارتى راگه‌یاندووه‌ که‌چاره‌سه‌درى دۆخى خه‌ڵک بکه‌ن ؟
عه‌دنان عوسمان: به‌ڵى پێمان وتوون و ئه‌گه‌ر په‌یامه‌که‌ نه‌گه‌یشتووه‌ ئه‌وه‌ با ئێستا بگات، وه‌ڵامه‌که‌یان هه‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ "ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ به‌غدا رێککه‌وتن بکه‌ین، داوامان کردووه‌ رێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ بکه‌ین"، موچه‌خۆر ده‌بێت هه‌موو مانگێک موچه‌ وه‌ربگرێت، تۆ هه‌موو مانگێک وه‌فد ده‌نێریت بۆ به‌غدا، ئێستا ئه‌م کێشه‌ گه‌وره‌یه‌ى که‌ دروست بوو له‌به‌غدا، تۆ سه‌یرکه‌ ئاماده‌ نین وه‌فد بنێرن بۆ به‌غدا، ده‌بوو تائێستا سه‌رۆکى هه‌رێم و سه‌رۆکى حکومه‌ت و جێگره‌کانى هه‌مووى له‌به‌غدا بن، با هه‌فته‌یه‌ک له‌به‌غدا بن له‌گه‌ڵ حزبه‌کانماندا فشار بکه‌ن و له‌وێ بن تاکێشه‌کان چاره‌سه‌ر نه‌بن نه‌یه‌نه‌وه‌، حکومه‌تى هه‌رێم به‌دیلێکیان نیه‌، ته‌نیا به‌دیلیان ئه‌وه‌یه‌ که‌ قووتى خه‌ڵک ببڕن، رێژه‌یه‌کى تر له‌قوتى خه‌ڵک جارێکى دیکه‌ ببڕن، چاره‌سه‌رى تریان نیه‌ و ده‌سه‌ڵاتیشیان به‌سه‌ر مافیاکاندا پێناکرێت و ناتوانن داهاته‌کان هه‌مووى کۆبکه‌نه‌وه‌و هه‌ر به‌ڵێن ده‌ده‌ن، ناتوانن کۆى بکه‌نه‌وه‌ و که‌ئه‌مه‌ت پێناکرێت و ئیراده‌ت نیه‌ قووه‌تت نیه‌، ناچاریت له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌رى بکه‌یت، بۆیه‌ بڕۆ به‌قورسایى خۆته‌وه‌ چاره‌سه‌رى بکه‌ن.
هاوڵاتى: هیچ کات وه‌زیرى دارایى لاى ئێوه‌ باسى کردووه‌ قه‌باره‌ى ئه‌و گه‌نده‌ڵى و مافیاگه‌رییه‌ ده‌گاته‌ چه‌ند؟
عه‌دنان عوسمان: له‌وانه‌یه‌ ئه‌و ورده‌کارییه‌ نا، به‌ڵکو به‌رده‌وام له‌کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حزبه‌کانى دیکه‌ش باسکراوه‌ که‌ رێژه‌که‌ قه‌باره‌یه‌کى گه‌وره‌یه‌و زۆره‌و به‌ڵێ به‌دڵنیایه‌وه‌ ئه‌وه‌ بکرێته‌ سه‌ر داهاتى ناوخۆ، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵکو رێکخستنێکى دیکه‌ى ئابورى هه‌رێمى کوردستان بکرێت و سیستمى ئابورى له‌کوردستان بکرێت، پێموایه‌ زۆربه‌ى کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بوون.
هاوڵاتى: شه‌ش په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى گۆڕان راگه‌یه‌ندراوێکیان بڵاوکرده‌وه‌و سه‌رۆکى فراکسیۆنه‌که‌ش به‌جیا، هه‌ردوولا داواى چاره‌سه‌رى ئه‌م دۆخه‌ ده‌که‌ن؟ ئایا ئێستا فراکسیۆنى گۆڕان دوو گرووپن؟
عه‌دنان عوسمان: دوو راگه‌یاندراو هه‌بوو، هه‌ردوو راگه‌یاندراوه‌که‌، یه‌ک ناوه‌رۆک بوون، چ راگه‌یاندراوى فراکسیۆنه‌که‌، چ راگه‌یاندراوى ئه‌و شه‌ش په‌رله‌مانتاره‌و ناوه‌رۆکى هه‌ردووکیان دروسته‌و ته‌عبیر له‌تێگه‌یشتنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌کات.
ناوه‌رۆکى هه‌ردوو راگه‌یاندراوه‌که‌ یه‌ک شته‌ و باسى قه‌یرانه‌کان و موعاناتى خه‌ڵک ده‌کات و  خۆزگه‌ یه‌ک به‌یاننامه‌ بوایه‌ یه‌ک بزوتنه‌وه‌یه‌ و ده‌بوایه‌ یه‌ک به‌یاننمه‌ بوایه‌ یان فراکسیۆنه‌کانى دیکه‌ش به‌شدار بونایه‌ له‌و به‌یاننامه‌یه‌، ئه‌وه‌ى که‌ هه‌ردوولا به‌ جیا ده‌ریان کردووه‌ نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه‌  که‌ ده‌یانه‌وێت پێمان بڵێن ئێمه‌ دوو گروپین.
هاوڵاتى: به‌ڵام فراکسیۆنى گۆڕانیش له‌به‌غدا که‌ پێنج په‌رله‌مانتارن دوورن له‌بزوتنه‌وه‌که‌وه‌، هۆکاره‌که‌ى چییه‌؟
عه‌دنان عوسمان: هۆکارى یه‌که‌مى ئه‌وه‌یه‌ که‌هه‌ر سه‌ره‌تا بڕیارێکى گشتى نه‌بوو له‌سه‌ر به‌شداریکردنى گۆڕان له‌حکومه‌ت، دووه‌م به‌زۆرینه‌ که‌ ده‌نگدرا که‌کێشه‌کانى حکومه‌ت چاره‌سه‌ر نه‌بوون و هه‌نگاوى چاکسازیى نه‌نرا، که‌ئه‌مه‌ش ره‌خنه‌و بۆله‌بۆڵى له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌هێزتر کرد، سێیه‌م هه‌ست ده‌که‌ین تیمى حکومه‌تى ئێمه‌ ناتوانن ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى که‌ پێویسته‌ ئێستا بنرێت و رێگه‌یان پێناده‌ن ئه‌و هه‌نگاوه‌ گرنگانه‌ بنێن، که‌ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ ره‌خنه‌کان به‌هێزتر بن، چواره‌میش په‌یوه‌سته‌ به‌خودى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌وه‌ که‌ئیداره‌دانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ په‌یوه‌ندیه‌کانى فراکسیۆنه‌کان لاوازه‌و خراپه‌، له‌کاتى کاک نه‌وشیروانیشدا  بۆچوونى جیاواز هه‌ر هه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌و ئیداره‌یه‌کى دا له‌چوارچێوه‌ى به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا، که‌ ئێستا به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ ناکرێت، چونکه‌ هه‌ر ئه‌ندامێکى ئێمه‌ یان فراکسیۆن یان هه‌ر هه‌ڵسوڕاوێکى ئێمه‌ ئازاده‌ له‌وه‌ى ره‌خنه‌ى هه‌بێت و بۆچوونى جیاوازى هه‌بێت و له‌ئۆرگانه‌کانى خۆیدا بیڵێت، ئه‌مه‌ شتێکه‌ ئاساییه‌ له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا و ده‌بێت مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بکرێت.
هاوڵاتى: بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌م نزیکانه‌ کۆنفرانسى نیشتیمانى ده‌به‌ستێت؟
عه‌دنان عوسمان: ئێستا خه‌ریکى ئاماده‌کاریه‌کانین، ئێمه‌ کاتمان دیاری نه‌کردووه‌، به‌ڵام به‌پێى ده‌ستوره‌که‌ بێت ده‌بێت پێش هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌کان گۆڕان کۆنفرانسى خۆى بکات، واته‌ چوار ساڵ جارێک بیکات، ماوه‌که‌ى زۆر دواکه‌وتووه‌، به‌پێى ده‌ستوره‌که‌ کۆمه‌ڵێک هه‌نگاوى پێویسته‌.
 یه‌کێک له‌و هه‌نگاوانه‌ پێویسته‌ هه‌ڵبژاردن بکرێت، ئێستا ژوورى هه‌ڵبژاردن خه‌ریکن و جارێکى دیکه‌ به‌داتاى هه‌ڵسوڕاواندا بچنه‌وه‌و به‌م نزیکانه‌ کۆنفرانسى قه‌زاکان ده‌که‌ین و دواتر کۆمه‌ڵێک کۆنفرانسى تایبه‌تمه‌ند ده‌که‌ین، له‌سه‌ر پرسى ده‌ستور و پرسى چاکسازیى و دواتر هه‌موو ئاماده‌کارییه‌کان فه‌راهه‌م بوو کۆنفرانسى نیشتیمانى ئه‌نجامده‌ده‌ین، که‌ به‌نیازین له‌زووترین کاتدا بیکه‌ین.
هاوڵاتى: چیتان کردووه‌ بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى زویر بوون له‌بزوتنه‌وه‌که‌ که‌ به‌هه‌ڵسوڕاوانى خوار گرده‌که‌ ناوده‌برێن؟
عه‌دنان عوسمان: وه‌ک ئۆرگانه‌کانى بزوتنه‌وه‌که‌ هه‌وڵى زۆر دراوه‌و کارى له‌سه‌رکراوه‌، چ وه‌ک شه‌خسى یان وه‌ک ئۆرگانه‌کانى بزوتنه‌وه‌که‌، جڤاتیش به‌مه‌به‌ستى ئه‌وه‌یه‌ که‌موباده‌ره‌یه‌کى هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌و به‌شێکى زۆرى ناڕه‌زاییه‌کان په‌یوه‌ندى به‌وتارى بزوتنه‌وه‌که‌وه‌ هه‌یه‌، خانه‌ى راپه‌ڕاندن و جڤاتى گشتى و نیشتیمانى بتوانن ئه‌و وتاره‌ به‌هێزترو رۆشنتر بکه‌نه‌وه‌، پێموایه‌ نیگه‌رانییه‌کان ده‌ڕه‌وێنه‌وه‌، بۆیه‌ بۆ کاتى هه‌ڵبژاردنه‌کانیش ئێمه‌ بتوانین که‌ پلاتفۆرمێکى هاوبه‌شمان هه‌بێت له‌گه‌ڵیاندا یان به‌رنامه‌یه‌کى هاوبه‌شمان هه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڕێیانه‌، پێموایه‌ هه‌نگاوێکى گه‌وره‌ ده‌نێین.
هاوڵاتى: کوڕه‌کانى نه‌وشیروان پێگه‌یان له‌ناو گۆڕاندا چییه‌؟
عه‌دنان عوسمان: ئه‌وان خاوه‌نى کۆمپانیاى وشه‌ن، ئێستا ئه‌و گرده‌ هى کۆمپانیاى وشه‌یه‌، که‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان تێیدا ده‌ژى، هه‌موو داموده‌زگاکانى دیکه‌ش سه‌ر به‌کۆمپانیاى وشه‌ن که‌ئه‌وان خاوه‌ندارێتى ده‌که‌ن، به‌ڵام وه‌ک بزوتنه‌وه‌که‌ ئۆرگانى خۆى هه‌یه‌و خانه‌ى راپه‌ڕاندن و جڤاتى هه‌یه‌و خانه‌ى راپه‌ڕاندن و جڤاتى نیشتمانى پێویسته‌ خاوه‌نى بڕیارى خۆیان بن، بۆیه‌ که‌خاوه‌نى بڕیارى خۆیان نه‌بن ئه‌وه‌ لاوازى خانه‌و جڤاته‌کانه‌ نه‌ک کوڕه‌کانى، چونکه‌ به‌پێى بزوتنه‌وه‌که‌ ئه‌وه‌ى بڕیار ده‌دات جڤاتى نیشتیمانییه‌، ژوورى دارایى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان هه‌یه‌و سه‌رپه‌رشتى ئیدارى و دارایى بزوتنه‌وه‌که‌ ده‌کات.
هاوڵاتى: ده‌وترێت لایه‌نى دارایى بزوتنه‌وه‌که‌ کوڕانى کاک نه‌وشیروان به‌شێکى زۆرى دابین ده‌که‌ن؟
عه‌دنان عوسمان: کۆمپانیاى وشه‌ بێگومان هه‌ندێک هاوکارى ده‌کات، به‌ڵام وه‌زعى داراییه‌که‌ى به‌و شێوه‌یه‌یه‌ پێشتر بزوتنه‌وه‌که‌ چۆن ژیاوه‌ ئێستاش هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ژی و ژیانێکى بژى و مه‌مره‌ ده‌ژی و وه‌ک شوێنه‌کانى دیکه‌ کارمه‌نده‌کانمان که‌مترین موچه‌ وه‌رده‌گرن و دره‌نگترین کات موچه‌ وه‌رده‌گرن و به‌داخه‌وه‌ له‌ژێر فشارێکى ئابورى زۆر زۆر سه‌خت و دژوارداین و توانیومانه‌ تێچووه‌کان زۆر که‌مبکه‌ینه‌وه‌.
هاوڵاتى: گۆڕانخوازان که‌م تا زۆر ره‌خنه‌و گله‌ییان له‌بزوتنه‌وه‌که‌ هه‌یه‌، چ په‌یامێکتان هه‌یه‌ بۆیان؟
عه‌دنان عوسمان: ئه‌وه‌ى که‌زۆر گرنکه‌، که‌ گۆڕانخوازه‌کان له‌وه‌ تێبگه‌ن که‌ ئیراده‌یه‌کى زۆر به‌هێز هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ هه‌مان دیدگاو روئیاو په‌یامه‌کانى کاک نه‌وشیروان پیاده‌ بکات و ئێمه‌ هه‌موو براده‌ران ده‌مانه‌وێت به‌هه‌موو توانامانه‌وه‌ به‌هه‌مان روئیاوه‌ کار له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ بکه‌ین.
 به‌شێکى په‌یوه‌سته‌ به‌وتارى بزوتنه‌وه‌که‌ که‌ده‌بێت به‌هه‌مومانه‌وه‌ کار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بکه‌ین، دورکه‌وتنه‌وه‌ و په‌راوێزخستن، سود به‌ڕه‌وتى چاکسازیى له‌کوردستاندا ناکات، چونکه‌ ره‌وتى چاکسازى له‌ئێستادا له‌کوردستان ده‌بێت ببێته‌ به‌ره‌یه‌کى به‌رفراوان و به‌هێز که‌ لایه‌نه‌کان و که‌سایه‌تییه‌کان هه‌موو به‌شداربن تیایدا، ئه‌و وردو خاشکردنانه‌ى به‌ره‌کان و بوونى گروپى جیاواز جیاوازو پێم وانیه‌ هه‌نگاوێک بێت به‌ئاڕاسته‌ى دروست، راسته‌ له‌وانه‌یه‌ ره‌خنه‌کان هه‌قیقه‌تى تێدابێت و من پشتگیرى له‌به‌شێکى زۆرى ده‌که‌م، به‌ڵام ره‌خنه‌ و وتن شتێکه‌ و پیاده‌کردنى ئالیه‌تى جێبه‌جێکردنى ئیشه‌کان و هه‌نگاونان به‌ره‌و ئیسڵاح کارێکى تره‌.
 ئێمه‌ حزبێکین له‌پێناو ئیسڵاحى کۆمه‌ڵگادا کارده‌که‌ین، حزبێک نین له‌پێناو ئه‌وه‌ى که‌ چه‌ند که‌سێک بکه‌ین به‌وه‌زیر یان به‌ به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى، ده‌بێت تێبینى و ره‌خنه‌مان هه‌بێت، ده‌بێت ئه‌و به‌ره‌یه‌ به‌هێز بکه‌ین، چونکه‌ گه‌ر وانه‌بێت ئه‌و به‌ره‌و لایه‌نانه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش سه‌رده‌که‌وێت و شه‌رعیه‌ت وه‌رده‌گرێت وه‌ک هه‌ڵبژاردنه‌که‌ى پێشوو که‌سه‌رکه‌وت.
هاوڵاتى: دوێنێ له‌گه‌ڵ یه‌کێتى کۆبوونه‌وه‌و راگه‌یه‌ندراوى هاوبه‌شتان هه‌بوو؟ چى ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئارامى و جوڵه‌ى ئابوورى له‌سنورى سلێمانى و ئیداره‌ى گه‌رمیان و راپه‌ڕین په‌ره‌پێبده‌ن؟
عه‌دنان عوسمان: له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌داین که‌ به‌ئاراسته‌ى ئارامى و بووژاندنه‌وه‌ى بازاڕ بێت، په‌یوه‌ندیه‌کانمان له‌گه‌ڵ یه‌کێتى چه‌ند به‌هێزبێت و چه‌ند باش بێت هه‌موو رێککه‌وتنه‌کانمان له‌خزمه‌تى خه‌ڵک و پرۆسه‌ى سیاسى ده‌بێت له‌هه‌رێمى کوردستاندا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار