كه‌ی له كه‌لی دزێتی و شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ خه‌ڵك دێنه‌خواره‌وه..!؟
4 ساڵ لەمەوپێش
ئارام حسێن
سه‌رباری كۆمه‌ڵێ زانیاری و سه‌رنجی خۆم، ماوه‌یه‌كی زۆر بوو ده‌مویست باوه‌ڕ به‌خۆم بهێنم كه ده‌زگای ئاسایش و هێزی پێشمه‌رگه نا نیشتمانی نین، هیچ كاتێكیش به‌قه‌د ئه‌مڕۆ تووشی ره‌شبینی نه‌بووم، خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مڕۆی (3/12/2020) ته‌واو گه‌یاندمیه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی یان به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتم نه ئاسایش و نه پێشمه‌رگه‌و ئه‌و هێزانه‌ی ده‌كه‌ونه ئه‌و چوارچێوه‌یه‌وه نه نیشتمانین و نه به‌شێكیشن له‌و خواست و داخوازییه‌ی كه خه‌ڵكه به‌شمه‌ینه‌ته‌كه له ده‌سه‌ڵاتیان ئه‌وێ..! سه‌رده‌می دیكتاتۆرییه‌تی به‌عس كاتێك هێزی أمن و مغاوير و قوة خاصةى ده‌كرد به‌گژ خه‌ڵكی عێراق به‌گشتی و كورددا به‌تایبه‌تی، خۆ ئه‌و هێزه‌ی له ده‌ره‌وه هاورده نه‌كردبوو، ئه‌و أمن و مغاوير و قوة خاصةیه‌ی به‌كاریده‌هێنا بۆ سه‌ركوتكردنی خه‌ڵكی عێراق و هه‌شت ساڵ جه‌نگی له‌گه‌ڵ ئێرانی پێكردن له ده‌ره‌وه نه‌یهێنابوون. چه‌كبه‌ده‌سته‌كانی ئه‌و هێزه دیكتاتۆرییه، كوڕی شار و شارۆچكه‌و گونده‌كانی عێراق بوون، به‌ڵام گه‌وره‌ترین تاوانی پێده‌كردن و ده‌ستی هه‌ریه‌كه‌یانی سوور كرد به‌خوێنی هه‌زاران هه‌زار لاوی شۆڕشگێڕ و نیشتمانی. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ من بینیم له ئاسایشی سلێمانی، رێك ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی ساڵانی هه‌شتای بیرخستمه‌وه كه أمن و قوة خاصةكانی به‌عس كۆڵان به كۆڵان راویان ده‌ناین! ئه‌وكات بۆ ئه‌وه نه‌مان ده‌كرد كه موچه‌مان نییه، خوارده‌مه‌نی و ده‌رمانه‌كانمان ئێكسپایه‌رن، بۆ ئه‌وه نه‌مان ده‌كرد كه مه‌سئولین له‌سه‌ر گیرفانی خه‌ڵك بۆچی بوونه‌ته ملیۆن نێر؟ ئه‌وكات هه‌موو ئه‌وانه‌مان هه‌بوو، ئه‌وكات بۆ ئه‌وه ده‌مانكرد به‌عس چه‌وسانه‌وه له‌سه‌ر خه‌ڵك هه‌ڵبگرێ و ئازادی سیاسیمان بۆ فه‌راهه‌م بكا‌و نه‌وێرێ ده‌ست ببات بۆ خه‌ڵك و پیرۆزییه‌كانمان و له‌ناویشیاندا ناوی پێشمه‌رگه لكه‌دار نه‌كات.
به‌ڵام به‌داخه‌وه زۆرێك له‌و سه‌ركردانه‌ی ئه‌وكات دنه‌ی خه‌ڵكیان ده‌دا بۆ خۆپیشاندان و له شه‌قامه‌كانی شاردا سنگیان ده‌نا به گوله‌وه و زیندانه‌كانی به‌عسیان پڕ پڕ كردبوو كه زۆریان له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا گیانی پیرۆزیان به كوردستان به‌خشی، هه‌ر ئه‌و سه‌ركردانه‌ی ئێستان كه به‌بۆمبی فرمێسك‌ڕێژ و شه‌ق و تێهه‌ڵدان، رووبه‌ڕووبوونه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ رۆڵه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئه‌مڕۆیان بۆ هێناونه‌ته‌دی. مه‌گه‌ر هه‌ر له ده‌سه‌ڵاته دیكتاتۆرییه‌كاندا بینرابێت، خه‌ڵكێك به‌شێوازێكی هێمنانه وه‌كو ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ من بینیم، بێ ئه‌وه‌ی ده‌ست ببات بۆ خڕكه به‌ردێك یان تێڵای به‌ده‌سته‌وه بێ و داوای سه‌ره‌تایترین مافی خۆی بكات كه موچه‌یه، كه‌چی هێشتا نه‌یه‌ڵێت داوای ئه‌و حه‌قه دزراوه‌یان بكه‌ن و چه‌ندین كه‌س به بۆمبه ژه‌هراوییه‌كانی ئاسایش بریندار ببێت! ئه‌و كرده ناشرینانه‌ی ده‌سه‌ڵات و كوته‌ك به‌ده‌سته‌كانی ئاسایش، به ناڕاسته‌وخۆیی ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن: ئێوه چه‌ند له ره‌زاله‌تیشدابن و سواڵ بكه‌ن و به‌رگی به‌ریشتان بۆ تیكه نانێ بفرۆشن، نابێت داوای حه‌قی خۆتان بكه‌ن. ده‌مه‌وێت دڵسۆزانه ئه‌وه به ده‌سه‌ڵات بڵێم، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ بینیویانه هه‌ڵمی ناو مه‌نجه‌ڵه‌كه‌یه، هێشتا دیواره‌كانی توانای خۆڕاگرییه‌كی كه‌می ماوه بۆ ئه‌وه‌ی به ته‌واوی نه‌ته‌قێ و فریای ئه‌وه ب‌كه‌ون خۆیان له گڕ و كڵپه‌ی خه‌ڵك بپارێزن، هێشتا كه‌مێكی به‌ده‌مه‌وه ماوه له كه‌لی دزێتی و شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی خۆیان بێنه‌خواره‌وه، گه‌رنا فریای خۆده‌ربازكردنیش ناكه‌ون. ته‌مه‌ننا ده‌كه‌م هێزی پێشمه‌رگه‌و ئاسایش نه‌كه‌ونه ناو یارییه چه‌په‌ڵه‌كانی كۆمه‌ڵێك له‌و به‌ناو سه‌ركردانه‌ی له‌سه‌ر قوتی هه‌ریه‌كێمان بوونه‌ته ملیارلێر، چونكه كه ره‌وشه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه هه‌ڵدێرا ئه‌وانیش ده‌بنه سووته‌مه‌نی و تاهه‌تایه به خه‌جاڵه‌تی له‌به‌رده‌م قاپی خه‌ڵكدا سه‌رده‌نێنه‌وه و ده‌مێننه‌وه.