لەوڵاتی نان؛ بێ نانی
4 ساڵ لەمەوپێش
سوارە محەمەد
کۆمەڵگە سیستمی هەیە، سیستمی بەرهەمهێنان، سیستمی خۆپاراستن، نەوە خستنەوە، خۆپاراستن و خۆبەڕێوەبردن و .... هتد. کۆمەڵگەکان لەسەر سیستمەکانی خۆیان دەژین، پێشدەکەون و خۆدەچەسپێنن و هەرمان دەبن. یان ئەگەر کۆمەڵگەیەک نەتوانێت لەسەر بۆچوون و دیدی خۆی، لەسەر سیستمی جەوهەریی خۆی بژی، لەبەریەک هەڵدەوەشێت، هەر وەک زۆرێک لەکۆمەڵگەکانی مێژوو، کەئەمڕۆ تەنها ناوێکیان لێماوەتەوە.
لەکوردستانیشدا سیستمی کۆمەڵگە هەیەو تەنانەت تاوەکو ئەمڕۆش و سەرباری هێرشە داگیرکەرییەکان و پاکتاوکردن و سڕینەوەش، کوردو کودستان پشتبەستووە بە راو بۆچوونی مێژوویی خۆی و بەکولتوری کۆمەڵگەکەى خۆی لەسەرپێ ماوەتەوە، بەڵام ئەگەر مرۆڤ بەسەرنجەوە لەمێژووی کوردستان و کۆمەڵگەى کورد وردبێتەوە، بەتایبەت لەم دووسەد ساڵەى دواییدا، لەم دووسەد ساڵەشدا، لەم سەد ساڵەى دوایی وردبێتەوە، کە هەندێک جیاوازترە هەندێک شتی بۆ روون دەبێتەوە. کوردستان هەمیشە گۆڕەپانی جەنگ بووە، هەندێکجار داگیرکەرو هەژمونگەرایانی ناوچەیی لەسەر ئەم خاکەدا لەیەکتریان داوە، هەندێکجاریش گەلی کورد لەبەرامبەر هەموو جۆرە هێرشەکاندا شەڕی بەرخودان و بەرەنگارییان کردووە، بەڵام هێرشەکانی ئەم سەد ساڵەی دوایی، لەوانەى پێشووتر مەترسیدارترن. لە بنەڕەتدا سیستمی کاپیتاڵیست، لە بەرامبەر هەموو کۆمەڵگەکاندا، دوژمنایەتیی کۆمەڵگە دەکات. بەڵام لەهەموو کەس زیاتر، کاپیتاڵیزم دوژمنایەتیی کۆمەڵگەى کوردی کردووە. هەڵبەت ئەوەش بۆ هۆکاری مێژوویی و تایبەتمەندیی کۆمەڵگەى کورد دەگەڕێتەوە. کوردو کوردستان لەئاستێکی چارەنووسسازو یەکلاکەرەوەدا بوونەتە ناوەندی بەکۆمەڵگە بوون. کولتوری رەسەنی کورد بەکۆمەڵگەبوونە، کاپیتاڵیزمیش لەدژی بە کۆمەڵگە بوونە. دوو عەقڵییەت و جیهانی جیاوازن، ئەگەر وتەیەکی لەجێدا بێت، کۆدی جیناتی کۆمەڵگەى کورد لەسەردەمی نیولۆتیک (لەسەردەمی چاخی بەردینەوە) نەخشاوە. لەڕۆژگاری ئەمڕۆماندا دەوترێت زانست چەند پێشبکەوێت، بەڵام حکومی جینات لەسەر ئێمە یەکلاکەرەوەو چارەنووسسازە.
دەکرێت تاوەکو ئاستێک زانست رێگا لەیەلاکەرەوەبوونی جینات بگرێت، بەڵام لەئەنجامدا جینانەت خۆی یەکلاکەرەوەو چارەنووسسازە. تایبەتمەندیی وەک، رەنگی چاوم، قژ، پێست، دان و ... هتد دیاری دەکات. جیناتی کۆمەڵگەش شێوازو مەرجی مانەوە بۆ کۆمەڵگە دیاری دەکات، شێوازی ژیان دەبێتە بنەمای فێربوون و کولتور. بۆ نموونە هەندێک کۆمەڵگە هەیە، کەهەبوونی خۆیان بەکاری دەست یان پیشەوەری درێژەى پێدەدەن، هەندێک کۆمەڵگە ماسیگرن، هەندێک کۆمەڵگە بەبارزگانی دەناسرێن، هەندێک کۆمەڵگەی دێرین و لەمێژینەی وەک کوردیش بەئاژەڵداری و کشتوکاڵ درێژەیان بەهەبوونی خۆیان داوە، جوگرافیا، پەروەردەی کولتوری، دەرفەت و تواناکان، شێوازی بەرهەمهێنان و چەندین هۆکاری تر کاریگەریی لەسەر راستی و جەوهەری کۆمەڵگە هەیەو ئەو تایبەتمەندییانەش لەقوچەکی مێژووییەوە وەردەگرێت و کۆمەڵگە ئەوە وەک شێوازی هەبوون و ژیانی خۆی پەسەند کردووە.
ئێمە لەسەر ئەو بنەما راستییانەى کۆمەڵگەبوون و مێژووییانە سەیری کۆمەڵگەى باشووری کوردستان و کورد دەکەین. باشە ئێمە ئەمڕۆ تاچەند بەپێی راستیی مێژوویی، کولتوری و رۆشنبیریی و کۆمەڵایەتیی خۆمان دەژیین؟ شێوازی ژیانی ئەمڕۆمان چەند بەپێی بەرژەوەندیی خۆمانە؟ داپیران و باپیرانی ئێمە چۆن دەژیان، ئێمە چۆن دەژیین؟ ئەمڕۆ سەدان هەزار مرۆڤ ئەگەر مانگانە مووچەیان پێنەدرێت، ئەگەری ئەوە هەیە تووشی برسێتی ببن. پێشینان وتوویانە «چاو لە دەر، خۆڵ بەسەر!» ئەمڕۆ باشووری کوردستان سەر زەویی و ژێر زەویی زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام ئەو دەوڵەمەندییانە چەند بۆ گەلی کوردن و بەپێی بەرژەوەندیی کۆمەڵگەکەمان بەکار دەهێنرێن؟ هەموومان دەزانین، ئامارە فەرمییەکان راست نین و تەنها بۆ چەواشەکردنن، بەڵام سەرباری ئەوەش ئێمە ئەو ئامارە فەرمییانەش بە نموونە دەهێنینەوە، بەپێی ئەو ئامارانە حکومەتی هەرێم لەماوەی ساڵێکدا تەنها لە رێگەى فرۆشتنی نەوتەوە (٨) ملیارو (٤٣٨) ملیۆن و (٦٠١) هەزارو (٣٠٠) دۆلاری دەستکەوتووە. دوای هەموو خەرجی و تێچووەکان و هەندێک بێسەرشوێنکردنیش، مانگانە (٢٤١) میلۆن و (٨٦٥) هەزارو (٢٧٤) دۆلار بۆ بودجە دەمێنێتەوە. بە شێوەیەکی فەرمیشیش ملیۆنێک و (٢٥٦) هەزار فەرمانبەر لەهەرێمدا هەیە و مووچەکانیان دەکاتە (٧٢٧) ملیۆن دۆلار، بەڵام حکومەتی عێراق رایگەیاندبووە، فەرمانبەرانی راستەقینەى هەرێم (٦٨٣) هەزارو (٢١) کەسن و مووچەى مانگانەیان دەکاتە (٢٦٠) ملیۆن دۆلار.
دەکرێت بەتەواوی و بەڕوونی ژمارەی فەرمانبەران دیار نەبێت، بەڵام ئەوە روونە، ئەو سیاسەتە گەلی باشوورمان لە رەنج، بەرهەمهێنان، ئافراندن و داهێنان دادەبڕێت و لەناو دەوڵەمەندیدا بەفەقیری و هەژاری رایدەگرێت. ئەم گەل و وڵاتە، کەدەتوانێت دونیایەک بەخێوبکات، زۆربەیان پێویستییان بەنان هەیە. ئەو دۆخەى ئێستاش « لەوڵاتی ناندا بێ نان بوون» نیشان دەدات. باشووری کوردستان بەدەوڵەمەندیی خۆی دەوڵەتی تورکیا، کە لەقەیرانێکی ئابووری و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی قوڵدایە، بەخێودەکات، بەڵام هەر ئەو دەوڵەتەى تورکیا، دەتوانێت بڵێت، بەڕێوەبەرانی باشووری کوردستان «ئێمە ئێوە لەبرساندا دەکوژین!»، دەوڵەتی عێراق، چەند دەوڵەتە ئەوە جیگای مشتومڕە، بەڵام عێراقیش دەتوانێت بەهۆی پەیوەندیی قێزەونی هێزە سیاسییەکانەوە هەڕەشە لەباشووری کوردستان بکات و مووچەى ببڕێت. لەئەنجامدا ئەوانە دەوڵەتی داگیرکەرن و خاکی کوردستانیان پارچە کردووەو چەوسێنەرو دادۆشێنەرن. یانی بەپێی راستی و ‹سروشتی› خۆیان دەجوڵێنەوە. بەڵام بۆ ئێمە بەپێی سروشتی خۆمان نەجوڵێینەوە؟ گەلی باشوورمان شایانی ئەوە نییە، کە چاوی لەدەست و دەری خەڵک بێت. مرۆڤ لەبنەڕەتدا بەبەرهەمهێنان، رەنج و بەهاکان و بەکۆمەڵگەبوون و داهێنەربوون دەبێتە مرۆڤ، کاتێک ئەو بەهاو بنەمایانەی هەبوون و مرۆڤ لەیەکتر داببڕدرێت، مرۆڤ لەمرۆڤبوونی خۆی دەردەچێت، ئەوەش تاوانێکی دژ بەمرۆڤایەتییە، پاکتاوکردنە، بەشێوەى ماددی و مەعنەوی کوشتنی مرۆڤە.
باشە، بەڕێوەبەریی باشووری کوردستان بۆ گەلەکەمانی لەو هەلومەرجەدا راگرتووە؟ بۆ دەرچوون لەمرۆڤبوون بۆ ئێمە بە رەوا دەزانێت؟ پرسیاری لەوەش قورستر ئەوەیە، بۆ ئێمە وەک گەلی باشوور ئەوە بەشایانی خۆمان دەزانین؟ بۆ ئێمە بەپێی سروشت و تایبەتمەندیی خۆمان ناجوڵێینەوە؟ باشە کۆمەڵگە دەتوانێت بەدەستی یەکێکی تر تێر بخوات؟ جوگرافیا، کولتورو رۆشنبیری، دەوڵەمەندیی سەر عەرزو ژێر عەرز لەداپیران و باپیرانمانەوە بۆمان ماونەتەوەو لەئەمانەتی ئێمەدان، پاراستنی ئەوانە بۆ منداڵان و رۆڵەکانی ئەم وڵاتە و بۆ داهاتوویەکی ئازاد، شکۆمەندانەو ئارام ئەرکێکی نیشتمانپەروەری و وڵاتپارێزیی و مرۆڤایەتییە و لەئەستۆی ئێمەدایە. مسوڵمانی پێنجەم، ئەبوزەری غەفاری وتوویەتی، «ئەوەى ئێوارە بەبرسێتی بخەوێت و سبەى دەست بۆ شمشێر نەبات، گومان لەعەقڵی دەکەم!». پێشمەرگە کەمئەندام و بریندارەکان، پێشمەرگە دێرینەکان، مامۆستایان، کرێکاران، فەرمانبەران و ... هتد، بەڵام چەندین مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە. زەوییەکانی کوردستان، زەوییە بەردارەکان دەبن بەچۆڵەوانی!. کشتوکاڵی کوردستانیان لەناو بردووە! داهاتووی منداڵانمان بەداگیرکەران و پاکتاوکاران دەفرۆشن. ئەوە تاوان نییە؟ ئەوانەى ئەو سیستمە بەڕێوەدەبەن دەزانن چی دەکەن، بەڵام ئەوانەى بوونەتە قوربانیی ئەو سیاسەتە دەزانن چی دەڵێن؟ باشە تاکەی ئێمە لەماڵی خۆماندا بێ ماڵ بین؟ تا کەى ئێمە لەبەر کانی و چەمی خۆماندا تینو بین؟ لەوڵاتی ناندا بێ نانی تاکەی؟ ئاشکرایە دەبێت ئێمە ئەو پرسیارانە لەخۆمان بکەین و وەڵامی راستیان پێ بدەینەوە و چیش پێویست بکات بەشێوەیەکی راست و دروست ئەنجامی بدەین.