پاڵەوانی ساختەو شۆڕشگێڕەکانی پشت کیبۆرد!

4 ساڵ لەمەوپێش



کاوە عوسمان عومەر

دیاردەی خۆنمایشکردن بەقارەمانی زەمانەو خۆناسین بەشۆڕشگێڕی جیڤارائاسا زۆربەی کاتەکان هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی تەنگەژەیەکی ئابووری و سیاسی. کەسانی نمایشکەری قارەمانێتی زۆر لێزانانەو لەساتەوەختێکی شڵۆقی سیاسیدا هەڵپەئەکەن و هەڵئەزنە سەر پشتی رووداوەکان لەڕێی نووسین و کۆمێنت و فۆتۆشۆپ و پۆستی رەنگاوڕەنگ. ئەوانە لەبۆشایی نەبوونی شۆڕشگێڕو قارەمانی راستەقینە خۆیان ئەکەنە دەمڕاستی خەڵکی چەوساوەو بەشمەینەتی کوردستان، ئەو کەسە نمایشکارە سیاسییانە زۆرن و هەمەچەشنەن و لەزۆربەی کایە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا جێی خۆیان کردووەتەوە.

یەکەم جۆر لەنمایشکاری قارەمانێتی و شۆڕشگێڕیەتی کۆمەڵێک لەئەندام پەرلەمەنتارو بەناو سیاسەتمەدارن، کە بەهۆی بارودۆخی نالەباری کوردستان و کەمی کۆهۆشەنگی خەڵک، هەم بوونەتە بارێکی قورس بەسەر بودجەی وڵات و هەم هۆکاریشن بۆ نیگالێڵبوونی هاووڵاتیانیش لەجیاوازیکردن لەنێوان خەمخۆری راستەقینەی خەڵک لەگەڵ بازرگانە سیاسییەکان کەدەستەکەوتی سیاسی ئەچننەوە بەئازارو مەینەتی خەڵک، ئەندام پەرلەمەنتاری نمایشکارو شۆڕشگێڕی فەیک چەندین رێگاو ئامرازی جیاواز بەکاردێنن لەپێناوی خۆنواندن بەقارەمان و پاڵەوان. ئەم جۆرە گەنە سیاسییانە، ئیتر پەرلەمانتارێکی دەسەڵات بێ یان بەناو ئۆپۆسیسیۆن، وەک هەلپەرستێکی لێزان هەمیشە لەبۆسەدان بۆ سودوەرگرتن لەهەر ئاڵۆگۆڕێکی سیاسی، یان تەنگەژەی ئابوری، یان کێشمەکێشێکی حزبی. هەر ئەمانەشن لەئاڵوگۆڕی کابینەو دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەنێوان کوڕو کوڕەزاکانی دوو خێڵ و بنەماڵە ئەبنە شاباشی رەواییدان بەو دەسەڵاتە تاسەر ئێسقان گەندەڵ و نادادوەرە. بۆ نموونە هەروەک سوود وەرگرتنێک لەتەنگەژەی نەبوونی مووچەی ئەم نمایشکارە سیاسییانە وەک پەیامنێرێکی هەرزان لەڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتی یان میدیاکان، چەندین پۆست و وێنەو چاوپێکەوتن و چەندین هەواڵی بێ سەرچاوەو بێمانا دەربارەی هاتن و نەهاتنی موچە بڵاودەکەنەوە وەک بڵێی کاری ئەو پەیامنێری هەواڵ بێ نەک پەی بردن بۆ کێشە سەرەکییەکان کە تەنها لەئەندام پەرلەمەنتاری لێهاتوو ئەوەشێتەوە نەک نمایشکارێکی هەلپەرستی بەرژەوەندیخواز.

زۆرجاریش ئەو ئەندام پەرلەمانتارە نمایشکارانە بۆ راکێشانی هەست و سۆزی خەڵکی زەحمەتکێش هەم لەهەولێرو هەم لەبەغداد، هەواڵی سەیر دەربارەی کۆکردنەوەی ئیمزاو دروستکرنی کامپین بڵاودەکەنەوە دەربارەی پڕۆژەیەک کەهەرگیز خۆر نابینێ! یاخود لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی وێنەی بینینی سەرۆک وەزیرانی عێراق یان ئەندام پەرلەمەنتارە شیعەو سونییەکان، ئەو نمایشکارانە خۆیان دەکەنە خەمخۆری راستەقینەو فریادڕەسی خەڵک. سەیر لەوەدایە لەمێژووی کاری ئەم هەلپەرستانە لەڕابردوو لەئێستاشدا هیچ یاسایەک و هیچ بڕیارێک لەلایەن ئەو ئەندام پەرلەمەنتارانەی حزبەوە یان بەناو ئۆپۆزسیۆن نەبووەتە دەستکەوتێک بۆ خەڵکی کوردستان! خەڵکی کوردستان نمایشە زۆرەکانی تەپڵلێدان و فڕێدانی دەبەی ئاوو هەڕەشەی جۆراوجۆری زۆر لەو نمایشکارە پەرلەمانتارەیان لەبیرە بۆ راکێشانی سەرنج و خۆ بەشۆڕشگێر کردن و هەر ئەو کەسانەش بوون پڕۆژەی خانەنشینی موچەی زەبەلاحیان بۆ خۆیان و بلە باڵاکان مسۆگەر کردو زۆربەشیان هەرزوو لەگەڵ تەواوبوونی کاری نمایشکارانەی پەرلەمان و کابینەکان وەک وەزیر سەنگەریان گواستەوە بۆ باوەشی ناو دەسەڵات بەناوی وەزیرو راوێژکارو زۆری تریشیان بەپارەیەکی خەیاڵی و خانەنشینی کوردستانیان جێهێشت و وەک خانەنشینی دەرەجە یەکو بلەباڵا بوونە جێنشینی هەمیشەیی هەندەران!

گروپی دووەم لەکەسانی خۆنمایشکار بەقارەمان و شۆڕشگێڕ بەشێکن لەهاووڵاتیانی تاراوگەو هەندەران. ئەمانە کەسانێکی زۆرن کەخۆیان ئەناسێنن بەنوسەرو رەخنەگرو بیرمەند،  گەرچی زۆربەی هەرەزۆری ئەم گروپە ماوەیەکی زۆرە دابڕاون لەبارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتوری و ماریفی کوردستان، بەڵام هەمیشە خۆیان کردوەتە دەمڕاست و پێشەنگ لەڕاڤەکردنی هەر دیاردەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان، هەروەک ئەندام پەرلەمانتارە نمایشکارەکان، ئەم گروپەش ستایل و میتۆدی تایبەت بەخۆیان هەیە لەخۆناساندن بەقارەمان و شۆرشگێڕ یان تاکە فریادڕەسی کۆمەڵگا. کۆگەلێک ئامراز یارمەتی ئەمانە دەدا لەخۆناسین وەک شۆڕشگێڕ وەک هەبوونی کاتێکی زۆرو بەردەستخستنی ئامێرە جیاوازەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و هەبوونی ئەو بۆشاییە رۆحی و سایکۆلۆجیە کەئاسان نیە پڕکردنەوەی جگە لەپەیپردن بۆ راڤەکردنی کێشەو بابەتێک کەڕۆژانێ هەر ئەو بەڕێزانە ساڵانی پێشتر لێی هەڵهاتوون!

ئەوەی رەوەندو کۆمەڵگە بەناو شۆڕشگێڕەکانی هەندەران جیادەکاتەوە ئەوەیە کەخەڵکانێکی توڕەو وەڕسن لەهەموو شتێک و تەنها خۆشیان بەخاوەن راستی رەهاو تەنها شۆڕشگێڕی راستەقینە دەناسێنن. زۆربەی کاتەکان ئەم گروپە پاسیڤ و بێ کردارن و بێهودەیی و رەشبینی زۆریان پێوە دیارە. لەهەمان کاتیشدا ئەم گروپە دژی هەموو دەنگ و جموجوڵێکی دژ بەدەسەڵاتن گەر رای لەمان جیاواز بێ و گەر کاریش بۆ گۆڕانکاری راستەقینە بکات، لایڤە زۆرەکان و پۆستە زۆرەکان و کۆمێنتە لەڕادەبەدەرەکانی ئەم گروپە دەبێتە بابەتی گەرمی شەوو رۆژی گەنجانێک کەخۆیان واپیشان دەدەن کە ئەوانن هەموو راستییەکانیان لایە، ئەوانن تاکە هۆشمەندی کۆمەڵگاو هەر ئەوانیشن کەئەڵتەرناتیڤی راستەقینەن، ئیترلەڕێی پڕۆپاگەندەی چەپ بێ یان راست یان ئیسلامگەرێتی. بەڵام کاتێ کار کەدەگاتە لایەنی کردارو جێبەجێکردنی وتەو بانگەشەکانیان، نەک ئامادەنین خەمی تەنها کەسێکی هەژاری ناو نیشتمان هەڵگرن لەڕێی هاوکارییەکی مەعنەوی یان مادیش بێ، بەڵکو ئامادەش نین رابەڕێتی ئەو شۆڕشە بکەن کە لەپۆست و نووسینەکانیاندا بانگەشەی بۆ دەکەن! پارادۆکسەکە لەوەدایە کەهەموو ئەو کۆمێنت و لایڤ و ڤیدیۆو پۆستانەی شەوو رۆژانێکی پێشتری ئەو شۆڕشگێڕانەی پشت کیبۆرد هەر زوو نامێنن لەڕۆژانی داهاتووداو زۆر نابات بابەت و شتی تر دێتەپێش کەهەرگیز ناچێ بەلای بانگەشە شۆڕشگێڕییەکانی رۆژانی پێشووتر!

گروپی سێیەم لەشۆڕشگێڕی فەیک و پێشمەرگەکانی کیبۆرد ئەو کۆمەڵە زۆرەی خەڵکی نێو فەیسبووک و هۆکارەکانی تری پەیوەندی کۆمەڵایەتییە کەزۆربەی کات خۆشی و چێژ دەبینن بەدروستکردنی گاڵتەوگەپ و نوکتەو قسەی هەرزان و کۆمیدیئاسا دەربارەی بارودۆخی سیاسی. ئەم جۆرە کەسانە زۆربەیان کەسانی سادەو ساکارن لەهەموو تووێژەکانی کۆمەڵگە کە بەهۆی پەتای بێکاری و نەبوونی کۆهۆشمەندی چێژ لەپەیبردن بۆ بابەتی سیاسی دەبەن، کەزۆربەی جار ئەو کۆمێنتانە لەڕێگەی پڕۆفایلکێکی فەیک یان نادیارە! ئەم دەنگە بەناو ناڕازی و بەناو شۆڕشگێڕانە هیچ ئامانج و ئاراستەیەکی سیاسی کۆیانناکاتەوە جگە لەدەربڕینی سکاڵای هەرزان و پرتەو بۆڵەی لاوازو کۆمێنت و فۆتۆو پۆستی کۆمیدیئاسا کەوەک خاڵیبوونەوەیەکی سایکۆلۆجی خەڵکەو هیچ کاریگەریەکیشی نیە بۆ گۆڕینی دەسەڵاتێک کەخۆی مەبەستێتی تەنگەژە سیاسی و ئابورییەکان لەڕێی میدیای چەواشەو هەرزانەوە بکاتە بابەتی سووک و بێنرخ و کۆمیدیئاسا .

هەربۆیە دیاردەی شۆڕشێگێڕە کارتۆنییەکان و پێشمەرگەی پشت کیبۆرد!، ئیتر ئەندام پەرلەمانتاری بیزنسمان و خۆنمایشکار بێت، یاخود کەسانی پاسیڤ و پەراوێزی هەندەران بێت، یاخود کەسانی ئاسایی کەپیشەیان بووەتە دروستکردنی قسەی قۆشمەو کۆمیدی نێو فەیسبووک و تۆڕی کۆمەڵایەتی، هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نیە بۆ سەر دەسەڵاتی گەندەڵ و شکستخواردوو، دیاردەی ئەم شۆڕشگێڕانەی پشتی کیبۆردو پەرلەمەنتاری نمایشکار مەترسین بۆ سەر سایکۆلۆجی خەڵکی کوردستان، چونکە دەبنەهۆی چاولێڵی و سەرلێشێواوی لەوەی چیتر نەتوانێ کەسانی دڵسۆزو خەمخۆری خەڵک جیابکاتەوە لەشۆڕشگێرە فەیک و ساختەکانی پشت کیبۆرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار