دیسان بازرگانی بەچارەنووسی گەلانەوە دەکرێ

4 ساڵ لەمەوپێش



 

خالید هەرکی

لەدواڕۆژەکانی حوکمڕانییدا ترەمپ دەست سەوداکاری بەچارەنووسی گەلانی بندەست بەرنادا. هەروەک پێشتر سەودای بەکوردو چەندین گەلانی دیکە کرد دوایین کاری،  بازرگانیکردن بووە بە چارەنوسی بیابانی رۆژئاوا (الصحراء الغربیە) ، بیابانی رۆژئاوا دەکەوێتە باشوری مەغریب و رۆئاوای مۆریتانیا، لەم ولاتە نەتەوەو تیرەی جیاجیای لێ دەژین وەکو (بەنی حەسان و کۆچەر و (بدو) قەبائل) کەمێژوویان بۆ سەدان ساڵ دەگەرێتەوە، بێ ئەوەی هیچ رۆژێک بەشێک بووبێ لەمەغریب، ئەم خۆی لێکردووە بەخاوەن و دەستی لێبەرنادا، ئەم وڵاتە لەدوو هەرێم پێکهاتووە، یەکەمیان هەرێمی ( جۆگەلەی سور) بەو رێڕەوە ئاوە وتراوە کە بەناو گەورەشاری بیابانی رۆژئاوادا تێدەپەڕێ بەناوی (ئەلعیون)، پانتایی ئەم بەشەیان دوو لەسەر سێی وڵاتەکەیەو کەوتۆتە باکوریەوە، هەرێمی دووەمیان (دۆڵی زێڕ) پانتایی سێیەکی وڵاتەکە دەبێ گەورە شاری (ئەلداخیلە)یە، ژمارەی دانیشتوانی هەردووک هەرێم خۆی لەنیو ملیۆن کەس دەدا بەپانتاییەکی زۆرەوە نزیکەی (٢٦٦) هەزار کم چوارگۆشە مەزندە دەکرێ، درێژایی سنورەکانی دەگاتە (٢٠٤٥) کم، لەگەڵ مۆریتانیا (١٥٧) کم-ی هەیە، لەگەڵ مەغریب (٤٣٠) کم، لەگەڵ جەزائیریش (٤٥) کم دەبێ.

لەسەدەی حەڤدەو هەژدەوە  لەژێر دەستی ئیسپانیادا بووە، یەکەم بڕیاری نەتەوەیەکگرتوەکان لەسەر ئەم هەرێمە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بووە لەسەر مافی چارەی خۆنوسین لە ١٩٦٥ بەڵام ئەنجام نەدراوە، بەهۆی ئەوەی لە رەچەڵەکیان بەشێک لە گەلی جەزائیری هەن ،  لەوکاتەی ئیسپانیا لەحەفتاکانی سەدەی رابردوو دەستی لێهەڵگرتووە، جەزائیر پشتگیرییان لێدەکات بۆ گەیشتن بەمافەکانیان، لەولاشەوە مۆریتانیا دەستی بەسەر باشوریدا گرتووە، باکورەکەشی مەغریب کۆنترۆڵی کردوە،  لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی کاتێک ئەفریقا دووبارە بەسەر دەوڵەتانی هاوپەیمان (براوەی جەنگی دووەم)دا دابەشکرایەوە بەهۆی زۆری کێشەکانیەوە ئیسپانیا جێی دەهێڵێ بەو مەرجەی بنکەیەکی لەدەستدا بمێنێ بۆ مەرامی بازرگانیکردن بەکۆیلەو بەرهەمهێنانی دەریایی، لەوکاتەوە کێشەی توند دەکەوێتە نێوان مەغریب و مۆریتانیا و جەزائیر وێرای دانیشتوانەکەی بۆ دەسگرتن بەسەر ئەو هەرێمەدا، بەڵام دوای ئەوەی پرسەکە دەچێتە قۆناغێکی تری نێودەوڵەتی هەریەک لەجەزائیرو مۆریتانیا لە ١٩١٧٩  دەستی لێهەڵدەگرن، کێشەکە لەنێوان مەغریب و دانیشتوانەکەیدا دەمێنێتەوە کە ئەوان مەغریب بەداگیرکار دەزانن .

لە ٢٠ی ئایاری ١٩٧٣ بەرەی (پۆلیساریۆ Polisario) کەکورتکراوەی (بەرەی میللی بۆ رزگاری جۆگەلەی سورو دۆڵی زێڕ)ە، دادەمەزرێ بۆ خەباتی چەکداری لەپێناو گەیشتن بەمافە نیشتمانی و نەتەوەییەکانیان، هەرچەندە نەتەوەیەکگرتووەکان دان نە بە مەغریب، نە بە کۆماری عەرەبیی بیابانیی دیموکراسیدا نانێ کەپۆلیساریۆ دایمەزراندبوو  لە دەستگرتن بەسەر ئەو هەرێمە، تەنها ئەوە نەبێ دان بەمافی بەرەدا (پۆلیساریۆ) دەنێ کەدانوستاندن لەگەڵ مەغریب لەسەر پرسی بیابانی رۆژئاوادا بکا.

دواتر پۆلیسازیۆ لەڕێگەی نەتەوەیەکگرتەوەکان دەتوانێ رەزامەندی وەرگرێ لەسەر مافی چارەی خۆنووسین و ئەنجامدانی راپرسیەک لەسەر چارەنووسیان، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەسەر مافی دەنگدان ئاخۆ کێ مافی دەنگدانی دەبێ؟ لەگەڵ مەغریب رێکناکەون، بۆیە ئەم پرۆسەیە دوای کێشمەکێشمێکی دوورودرێژ لەنێوان، دەکرێ و ناکرێدا  تائەمڕۆ نەکراوە. لە ١٩٧٥ مەغریب ئەم پرسەی خستە بەردەست دادگای دادی نێودەوڵەتی، بڕیاری دادگا دەڵێ: 

(هەرچەندە لەسەردەمی داگیرکاری ئیسپانی پەیوەندی لەنێوان مەغریب و ئیسپانیا لەسەر بیابانی رۆژئاوا هەبووە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کەئێستا مەغریب مافی دەستگرتنی هەبێ بەسەر هەرێمی بیابانی رۆژئاوادا).

بەرەی پۆلیساریۆ Polisario لە ٢٧/٢/١٩٧٦ یەکەم حکومەت بەناوی (کۆماری عەرەبیی بیابانیی دیموکراتی) بەسەرۆکایەتی محەمەد ئەلئەمین ئەحمەد لەدەرەوەی وڵات رادەگەیەنێ بەهەموو دامودەزگا حکومییەکانیەوە، پایتەختەکەشی شاری (ئەلعیون) دەستنیشان دەکرێ، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەژێر دەستی مەغریبدا دەبێ بەشێوەیەکی کاتی شاری (تفاریتی) دەکەن بەپایتەخت، ئەم کۆمارە پەیوەندیی باشیان لەگەڵ (٣٨) وڵات دەبێ کەپەیوەندیی دیبلۆماسیان لەگەڵیدا بەستووە، لەناویاندا رێکخراوی یەکێتیی ئەفریکی. لە ١٩٩٧ جیمس بیکەر James Baker وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا وەکو نوێنەری تایبەتیی سکرتێری نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ چارەسەری ئەم پرسە دیاریکرا، بیکەر لەڕێگەی پرۆژەیەکیەوە کە بەناوی (پرۆژەی بیکەر Baker Project) هاتە ناسین بۆ گەیاندنی لایەنەکان و چارەسەری ئەم پرسە کەوتە کار، دوای چەندین ساڵ لەهەوڵەکانیدا بەهۆی پێداگری و سووربونی مەغریب لەسەر دەستگرتن بەسەر تەواوی هەرێمەکەو خستنە سەر سنورەکانی خۆی، ئەم پرۆسەیە شکست دێنێ و بیکەریش لەبێئومێدیا لە ٢٠٠٤ دەست لەپرۆسەکە هەڵدەگرێ و وازهێنانی خۆی رادەگەیەنێ.

بەڵێ ئەم پرسە وەکو هەموو پرسەکانی دیکەی کەمە نەتەوایەتییەکان یا نەتەوە بێ وڵاتەکان بەهەڵپەسێردراوی مایەوە هەرچەندە قۆناغێکی باشی لەنێو مەحافلی نێودەوڵەتی بڕیبوو، بەڵام بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێز لەیاسای نێودەوڵەتی و عورفی خۆجێی بەهێزترە،  بۆیە لە ١٠/١٢/٢٠٢٠ ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کەچەند رۆژێکی لەکۆشکی سپی ماوە، لەسەودایەکیدا وەکو پیشەی هەمیشەیی ئەمریکاو وڵاتە زلهێزەکان چارەنووسی میللەتێک بەبەرژەوەندیەکی تایبەتی کۆمپانیاکانیان ئالوگۆڕ پێدەکا، (لەبەرانبەر ئەوەی مەغریب بچێتە ژێرباری رێکەوتن لەگەڵ ئیسرائیل، دان بەمافی کۆنترۆڵکردنی بیابانی رۆژئاوا بەمەغریب دەدا).

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار