بەخێربێن بۆ بیابانی تووڕەیی
4 ساڵ لەمەوپێش
سهردار عهزیز
بەشی یەکەم
توڕەیی دونیای ئێمەی تەنیوە، بەڵام سەرباری ئەمە توڕەیی بیرلێنەکراوەیە. خۆپیشاندانەکانی رۆژانی رابردوو، ئاستێکی تری توڕەییان بەئێمە ناساند. بۆیە ئێمە ناچارین بیر لەتوڕەیی بکەینەوە وەک خەسڵەتێکی مرۆیی، وەک دیاردەیەکی هەناوی کۆمەڵگا، وەک چەمکێکی فیکریی هەروەها رەنگە لەسەرووی هەموویەوە وەک ئامرازێک، دەمەوێت لەم چەند نووسینەدا کەمێک بەکاوەخۆیی بیر لەم چەمک و دیاردەو ئامرازە بکەمەوە.
توڕەیی خەسڵەتێکی مرۆییە، بەڵام لەهەمانکاتدا خەسڵەتێکی کۆمەڵایەتی و جڤاتییە، ئەمە بەو مانایە دێت لەکۆمەڵگاو جڤات و کاتە جیاوازەکاندا جۆری توڕەیی جیاواز دێتە ئاراوە. یەکێک لەو کتێبانەی کە لەم ساڵانەی دواییدا بەگوڕێکی باشەوە هاتە ناو دونیای گفتوگۆی سیاسی و فیکری کتێبی سەردەمی توڕەیی، لەنووسینی بیرمەندی لاوی هیندی Pankaj Mishra. تێزی میشرا دژ بەمۆدێرنەیە. بۆیە دەکرێت توڕەییەکەی ناو بنێین توڕەیی مۆدێرن، رەنگە ئەم کتێبە بۆ تێگەیشتن لەتوڕەیی دونیای ئێمە بەئاستێکی باش بەسودبێت، بەتایبەتی ماشرا تێزەکەی لەدەرئەنجامی دۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی هیندەوە سەرچاوە دەگرێت، کۆمەڵگایەک کە لەزۆر ئاستدا هاوشێوەی دونیای ئێمەیە، میشرا دەڵێت پاش هاتنەسەر دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانی ئێستای هیند لە ٢٠١٤، ئەو بیری لەنووسینی کتێبەکەی کردەوە. مودی کەسێکی پۆپۆلیستە کەیاری بەهەست و سۆزی جەماوەر دەکات و هەروەها کارتی ئاینی لەکۆمەڵگادا دەوروژێنێت. پەنکاژ بڕوای وەهایە هاتنی مودی و کەسانی تری وەک ئەو لەجێگە جیاوازەکانی دونیا، خەڵکانی وەک ئەردۆغان، یان سەرکردەکانی ئەوروپای رۆژهەڵات، ترەمپ، دەرئەنجامی شکستی ئەو خەون و پەیمان و چاوەڕوانیانەن کەخەڵکی لەو وڵاتانە تووشی بوون. لێرەدا دەبێت کەمێک لەسەر دۆخەکە بوەستین.
بەدیدی پەنکاژ، مۆدێرنە پەیمانی دیموکراسی و ئازادی و خۆشگوزەرانی و دەرفەت و دەوڵەمەندی دەدات، لەئەنجامی ئەمەدا ئەندامانی کۆمەڵگا بەپێی ئەم دراوانە ژیان و ژیارو ئاگاییان دەگۆڕێت، بەڵام کاتێک ئەم پەیمانانە وەک خۆیان نایەنەدی یان بۆ هەموان وەک یەک نابێت، یان لەئەنجامدا کەمینەیەک لێی سودمەند دەبێت و زۆرینەیەک لێی بێبەری دەبێت ئەوا توڕەیی و ئیرەیی دێتە ئاراوە، کەواتە توڕەیی دەرئەنجامی پەیمانێکە کە خەڵکی دەخاتەسەر رەوتی چاوەڕوانی و لەئەنجامدا بەئاگا دەبێتەوە لەو خەسڵەتانەو بەڵام دەرئەنجام نائومێد دەبێت، هەڵبژاردنی کەسانی وەک مودی و ترەمپ و ئەوانیتر دەریچەی ئەو توڕەییەیە. ئەم سیاسییانە بەپەیمانی دژ بە سیستەم دێن. ئەوانەی دەنگیان پێدەدەن توڕەن لەو سیستەمە، چونکە هەستدەکەن خیانەتی لێکردوون، پەراوێزی خستوون، بێبەریی کردوون، بێبەشی کردوون.
ئەم توڕەبووەنە بنەمای توندڕەویی دادەڕێژێت بەچەپ و بەڕاستدا، بەم پێیە ئەو توڕەییەی کە لەپەرچەکرداری مۆدێرنەدا دێتە ئاراوە، توڕەییەکە کە چەند خەسڵەتێکی هەیە، یەکەم دەرئەنجامی ئاگاییەکی تایبەتە، دووەم دەرئەنجامی چاوەڕێیکردن و چاوەڕوانییە، سێیەم لەپاش نائومێدییەکەوە دێت، چوارهەم کەسی توڕە وەها خۆی دەبینێت کە خیانەتی لێکراوە.
کاتێک کەسێک وەها هەستدەکات توڕەدەبێت وەک وەڵامێک، چونکە توڕەیی یەکێکە لەو ئامرازە بڵاوو ئامادەباشانە کەمرۆڤ بەکاری دەبات لەبەرامبەر هەستکردن بەناحەقی و بێبەریکردن و فەرامۆشی.
ئێمە بەگشتی زۆربەی ئەم خەسڵەتانەمان هەیە لەکوردستان، ئەگەر تەماشای لێدوانەکانی خەڵکی بکەیت دەبینیت خەڵکی بەگشتی دوو هێز تاوانبار دەکەن، یەکێتی و پارتی وەک یەک هێزو گۆڕان وەک هێزی دووەم، یەکێتی و پارتی سەرباری هەوڵی زۆریان بۆ خوجوداکردنەوە لەیەکتر، بەڵام بەگشتی سێوێکی لەتکراون. توڕەیی خەڵکی لەم دوو هێزە لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کەخەڵکی هەستدەکەن کوردستان سامانێکی زۆری هەیە، بەڵام ئەوان لێی بێبەریی کراون. کەواتە خەڵک ئاگایی هەیە، خواستی هەیە، چاوەڕوانی هەیە، بەڵام لێی مەحروم دەکرێت، توڕەیی لەگۆڕان لەو روانگەیەوە دێت کە خەڵکی چاوەڕێ بوو ئەم هێزە فشار بکات بۆ ئەوەی، یەکێتی و پارتی نایدەن بەخەڵک لەئەنجامی فشاری ئەمان ئەو دوو هێزە ناچاربن کە بەشی خەڵکی بدەن، ئەمە خۆی لەباشکردنی سیستەمەکەدا دەبینییەوە، لە نەهێشتن یان کەمکردنەوەی گەندەڵی و زۆر خەسڵەتی تر، کاتێک گۆڕان لەمەدا سەرکەوتوو نابێت، لەئەنجامدا توڕەبوونەکەی زیاتر کرد، چونکە زانیاری زیاتریدا بەخەڵکی و چاوەروانی خەڵکی زیاتر کردو هەروەها هەستی بێبەریبوونی لای خەڵکی قووڵتر کردەوە.
بەڵام هەموو ئەمانە لەهیوایەک پێچرابوون، ئەم هیوایە دەرئەنجامی واقیع نەبوو، بەڵکو دەرئەنجامی خواست بوو، هیوایەکی واقیعی جودایە لەو هیوایە کە لەسەر بنەمای خواست بونیادنرابێت. نامەوێت لێرەدا هێندە زیاتر لەسەر هیوا قسە بکەم، چونکە ئەوە چەمکێکی ئاڵۆزەو پێویستدەکات بۆی بگەڕێینەوە، بەتایبەتی بەخوێندنەوەی کتێبە مەزنەکەی ئێرنست بلۆک. بەڵام پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەنێوان هیواو توڕەییدا هەیە، توڕەیی لەهەردوو ئومێدو نائومێدیشدا رەگی قووڵی هەیە. بەڵام جۆری توڕەییەکەیان جیاوازە، توڕەیی مامۆستایان لە ئومێدێک پێچراوە، بەڵام توڕەیی لاوانی بێکار لەنائومێدی، بۆیە جیاوازی هەیە لەنێوان ئەم دوو جۆرە لەتوڕەییدا.
توڕەیی مۆدرێن رەنگدانەوەی جۆری ژیانی مۆدرێنە، مۆدێرنە بەگشتی شمەکییە. بەو مانایە مرۆڤەکان تیایدا لەڕێگای هەبون و خاوەندارێتی شمەکەکانەوە دەبنە خاوەن هەست و شوناس و کەسایەتی جیاوازتر. ئەمەش وەها دەکات کەئابوری کرۆکی هەرە سەرەکی تورەیی مۆدرێن بێت، مرۆڤی مۆدرێن بەکەمی دژ بەبەها تەقلیدییەکانی وەک کەسایەتی و کەرامەت و پیاوێتی و خەسڵەتەکانی تر، توڕە دەبێت، ئەوەی توڕەی دەکات بێبەریکردنیەتی لەپارە. پارە ئەو ئۆرگانە بێجەستەیەی هەناو مۆدێرنەیە کە لەگەڵ هەموو ئۆرگانێکی تردا توانای پێکەوەبوونی هەیە. بەم جۆرە پارە هاوڕێ و پشتیوان و تواناو وزەو دڵنیایی و هێزو دەسەڵات و جوانی و سێکسیبوون و زۆر شتی ترە، ئەمە بنەما سەرەکییەکانی کۆمەڵگایەکی بەرخۆرە. لەبەشەکانی تردا قسە لەسەر توڕەیی دەکەم وەک پەرچەکردار لەزوڵم، لە نادادپەروەیی، پاشان قسە لەسەر سودو ستراتیژی توڕەیی دەکەم، هەروەها توڕەیی سیاسی یان سیاسەتی توڕە.
ئەوەی رۆژانی رابردوو لەکوردستان روویدا، سەرەتای دەستپێکردنی سیاسەتی توڕەییە. لەپێشتردا هەمیشە توڕەیی لەسیاسی و توڕەیی لەسیاسەتدا بوونی هەبووە. بەڵام ئێمە گواستمانەوە بۆ قۆناغێکی تر. لەسەردەمی پێشوودا توڕەیی وەک خەسڵەتێکی سەرەکی ئەو جۆرە سیاسییانە دەبینران کەوەها خۆیان وێنا دەکرد یان هەوڵیاندەدا کەوەها وێنابکرێن کەتوڵەسێنن. لەکۆمەڵگای کوردیدا پەیوەندییەکی تۆکمە لەنێوان توڕەیی و تۆڵەدا هەیە. توڕەبوون هەنگاوی یەکەمی تۆڵەیە، لەهەمانکاتدا توڕەبون وەک جۆرێک لەخیتاب و دەربڕین دەبینرێت. کاتێک کەسێ لەکەسێک توڕە دەبێت یان بەتوڕەیی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات ئەوا مانای وەهایە کە کارێکی تایبەتی بەرامبەر کردووە، کەئەویش تۆڵەکردنەوە یان ترساندن یان دەربڕینی ناڕەزاییە. ئەمانە لەڕووی فەلسەفییەوە قسەی زۆری لەسەر کراوە، دەمەوێت ئەم بەشە بەئەوە کۆتایی پێ بهێنم کە هۆمەر لەئەلیادەدا دەڵێت توڕەیی وەک شیلەی هەنگوین شیرینە، ئێمە هەستمان بەئەمە کرد لەتۆرە کۆمەڵایەتییەکان لەبەرامبەر خۆپیشاندەراندا، بەشێوەیەکی تایبەت. بەڵام ئایا ئەم شیرینیە سودبەخشە یان زیانبەخش؟ ئایا توڕەیی هیچ بەرهەمدەهێنێت یان تەنها وەک خواردنی شیرینییەک وەهایە؟ رایەکی باوو بڵاو هەیە کەتوڕەیی وەک ئامرازی سیاسی ئەنجامی نابێت، ئایا ئەمە هەتا چەندێک راستە؟.