حكومه‌تی هه‌رێم و قه‌یران
ده‌بێت بنه‌ڕه‌تی پرسیاره‌كه له (هه‌رێمی كوردستان له قه‌یراندایه) بگۆڕین به (هه‌رێمی كوردستان بۆچی له قه‌یراندایه؟)
4 ساڵ لەمەوپێش
سامان ساڵح فه‌ره‌ج
بارودۆخی ئێستا ده‌رفه‌تێكه، بۆ خۆ نواندن، خۆ دزینه‌وه له به‌رپرسیارێتی، بۆ شیكردنه‌وه و خوێندنه‌وه و قسه‌كردن، تا بتوانرێت دۆخه‌كه به ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ر بڕوات.
له‌به‌رده‌م مندا ته‌نها ده‌رفه‌تی خوێندنه‌وه و شیكردنه‌وه هه‌یه و كارم به‌وانی دیكهنییه.
حكومه‌تی هه‌رێم له‌ماوه‌ی 28 ساڵی رابردوودا (1992-2020) هیچ كات هێنده‌ی ئێستا له "قه‌یران"دا نه‌بووه!.
ئه‌م تێزه، جگه له‌وه‌ی نه‌خوێندنه‌وه و ناڕوونی و نه‌شاره‌زایی پێوه‌دیاره، له هه‌مانكاتدا پێوستی به ڕوونكردنه‌وه‌یه.
ئایا به‌ڕاست حكومه‌تی هه‌رێم له قه‌یراندایه؟
دۆخی قه‌یران، واته: گه‌یشتن به بارێك كه رێگه‌ی چاره‌سه‌ر نه‌مابێت، یان رێگه‌ی ده‌ربازبوون ته‌واو به‌رته‌سك بووبێته‌وه، به جۆرێك نه‌توانی لێی ده‌ربازببیت.
گه‌ر بنه‌مای ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه به هه‌ند وه‌ربگرین، ئه‌وا به پشت به‌ستن به چه‌ندین به‌ڵگه و ژماره ده‌توانین بیسه‌لمێنین كه "حكومه‌تی هه‌رێم له قه‌یراندا نییه"، بێگومان قسه‌كردنی ئێمه له‌باره‌ی به‌ڵگه و ژماره‌وه باسی ژماره‌ی به‌رمیله نه‌وت و قاچاخچێتی نییه، به‌ڵكو قسه‌كردنه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئایا؛ هێزێك یان زیاتر، گه‌ر بیه‌وێت حوكم بكات، ده‌بێت چۆن حوكم بكات و به چی حوكم بكات و ده‌ره‌نجامی حوكمه‌كه‌ی چی لێ بێته به‌رهه‌م.
یه‌كه‌م: گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك بۆ مێژوو، بۆ په‌ند وه‌رگرتن
1- له ساڵی 1992 حكومه‌تی هه‌رێم كه "ساوا بوو"، چاره‌كێك كه‌متر له‌وه‌ی ئێستا فه‌رمانبه‌ری هه‌بوو، هه‌ر كێشه‌ی مووچه‌ی هه‌بوو، مامۆستایان له ساڵی 1992، خۆپیشاندانیان بۆ به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامدا.
2- له ساڵی 1992 له هاوینی هه‌مان ساڵی دامه‌زراندنی حكومه‌تی هه‌رێم(7/1992)، كابینه‌ی یه‌كه‌م، جوتیاران بۆ كێشه‌ی وه‌رنه‌گرتنی گه‌نمه‌كه‌یان خۆپیشاندانیانكرد.
3- له ساڵی 1992-1993، خه‌ڵك له سلێمانی و شاره‌زوور و زاخۆ و ناوچه‌كانی دیكه بۆ نه‌بوونی خزمه‌تگوزاریی و نه‌بوونی ئاسایش خۆپیشاندانیانكرد.
ئه‌م سێ نموونه، وه‌ك به‌ڵگه‌ی بوونی ناڕه‌زایه‌تی له حكومه‌تی هه‌رێم و كاره‌كانی هێنرایه‌وه، به‌ڵام ئه‌وكات حكومه‌ت وه‌ڵامی هه‌بوو بۆ ئه‌مانه، وه‌ك:
1- بودجه‌ی كه‌م بوو به‌شی مووچه‌ی نه‌ده‌كرد و پشتی به گومرگ و هاوكاریی ده‌به‌ست و حكومه‌تی عێراق به‌شه بودجه‌ی بڕیبوو "له جهنگدابووین"، بۆیه مامۆستایان تاڕاده‌یه‌ك رازی بوون به دۆخه‌كه و دواتر به نیوه باشبوون به‌ڕێكرا.
2- ته‌نها یه‌ك یان دوو سایلۆ هه‌بوون و پاره بۆ وه‌رگرتنی گه‌نم ته‌رخان نه‌كرابوو، به هه‌رحاڵ جووتیاران له بازاڕی ره‌ش گه‌نمه‌كه‌یان فرۆشت و به‌هۆی ئابڵوقه‌وه پاره‌ی زیاتریشیان له‌وه‌ی حكومه‌ت ده‌ستكه‌وت.
3- به‌هۆی دانه‌مه‌زراندنی ته‌واوی ده‌زگه‌كان و جێگیرنه‌بوونی هێزی پێشمه‌رگه و شه‌ڕ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌عسی داگیركه‌ر، نه‌بوونی ئاسایش و خزمه‌تگوزاریی، وه‌ڵامێكی خۆكردی به خه‌ڵك دایه‌وه، بۆیه خه‌ڵك تاڕاده‌یه‌ك رازی بوون، بێده‌نگ بوون، به‌پێچه‌وانه‌وه هاوكاری حكومه‌ت بوون.
دووه‌م: حكومه‌تی هه‌رێم (پارتی و یه‌كێتیی) چی‌یان كرد؟
حكومه‌تی هه‌رێم، روونتر بوترێت: پارتی و یه‌كێتیی، ده‌بوو بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان به‌رنامه‌ی حكومه‌ت دابڕێژن و چاره‌سه‌ر بدۆزنه‌وه، به‌ڵام له‌بری ئه‌وه هاتن:
1- وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه له كابینه دووه‌مه‌وه دووبه‌ره‌كیی دروستبوو، دواتر شه‌ڕی ناوخۆ هاته‌كایه‌وه.
2- هه‌رێمی كوردستان كه به‌شێكه له خاكی باشووری كوردستان، ئه‌ویش كرا به دوو به‌ش و دوو ئیداره‌ی جیاواز و هێز و ئابووری جیاوازیان دروستكرد و دابه‌شكرد.
3- هه‌ر لایه‌ك له دژی یه‌كتر، له‌سه‌ر حسابی داهاتووی حكومڕانی، ژماره‌ی هێزی چه‌كداری زیاتر ده‌كرد و هێزی مرۆیی فره پسپۆڕیی و كه‌رته‌كانی تری بووژانه‌وه‌و خزمه‌تگوزاری په‌كیان كه‌وت.
4- ره‌وایه‌تی له په‌رله‌مان سه‌ندرایه‌وه و دابه‌شكرا و هه‌رلایه‌ك ئه‌وی تری به دوژمن ناساند و ره‌وایه‌تی مێژووی و حیزبی، جێگه‌ی متمانه‌ی گه‌لی گرته‌وه.
ئێستا ده‌بێت بپرسین، ئایا هه‌ر به ڕاست هه‌رێمی كوردستان بۆچی له قه‌یراندایه؟ كه ئه‌مه مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیی ئه‌م نووسینه‌یه، ده‌بێت له گوتاری گشتیدا بنه‌ڕه‌تی پرسیاره‌كه له (هه‌رێمی كوردستان له قه‌یراندایه) بگۆڕێت به (هه‌رێمی كوردستان بۆچی له قه‌یراندایه؟)
پرسیاره‌كه له پێش هه‌مووانه‌وه، ده‌بێت له پارتی و یه‌كێتیی بكرێت، دواتریش بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئه‌وانی دیكه.
ده‌بێت دیسانه‌وه به‌وه ده‌ستپێبكه‌ین، كه بزانین ئه‌مان (پارتی و یه‌كێتیی) حوكم بۆ كێ ده‌كه‌ن؟ گه‌ر بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان حوكم ده‌كه‌ن و مه‌به‌ستیانه له چه‌مكی "گه‌لی كوردستان" یان "خه‌ڵكی كوردستان" سوود وه‌رگرن، ئه‌وا ئه‌م گه‌له سته‌م دیده، پڕه له ده‌رفه‌ت، بۆ نمونه:
- له ساڵی 1992 ته‌نها یه‌ك پله‌ی "پرۆفیسۆر" له سه‌رجه‌م هه‌رێمی كوردستاندا هه‌بوو، ئێستا زیاتر له 400 پرۆفیسۆر و یاریده‌ده‌ری پرۆفیسۆرههن، جگه له پله زانستییه‌كانی دیكه.
- له ساڵی 1992 سێ ناوه‌ندی داڕزاوی پارێزگهتان به ده‌سته‌وه‌بوو، ئێستا چوار پارێزگه و دوو ئیداره و ده‌یان شارۆچكه و سه‌دان شاره‌دێ و هه‌زاران گوندتان به ده‌سته‌وه‌یه.
- له ساڵی 1992 یه‌ك زانكۆ و دواتر سێ زانكۆ، هه‌بوون، ئێستا 40 زانكۆ هه‌ن.
- له ساڵی 1992 كه‌متر له 500 قوتابخانه و خوێندنگه هه‌بوون، ئێستا زیاتر له 4500 قوتابخانه و خوێندنگه هه‌ن.
- له ساڵی 1992 ته‌نها چه‌ند نه‌خۆشخانه و بنكه‌یه‌كی ته‌ندروستی له ناوه‌ندی پارێزگه، قه‌زا و ناحیه‌كان هه‌بوون، ئێستا به هه‌زاران هه‌ن.
- له ساڵی 1992 ته‌نها دوو ده‌روازه‌ی گومرگی هه‌بوون، ئێستا به فه‌ڕمی چوار و به نا فه‌ڕمیی زیاترههن.
- له ساڵی 1992، كه‌رتی تایبه‌ت نه‌بوو، ئێستا ته‌نها له پارێزگه نوێیه‌كه‌ی هه‌رێم كوردستان "هه‌ڵه‌بجه" 100 كۆمپانیا هه‌ن.
- له ساڵی 1992 هیچ فڕۆكه‌خانه‌یه‌ك نه‌بوو، ئێستا دوو فڕۆكه خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و یه‌ك فڕۆكه خانه‌ی كشتوكاڵیش هه‌ن.
- له ساڵی 1992 ته‌نها یه‌ك رۆژنامه‌ی حیزبی هه‌بوو، ئێستا هه‌زاران ده‌زگه‌ی میدیایی جۆراوجۆری حیزبی و ناحیزبی هه‌ن.
- له ساڵی 1992 ته‌نها یه‌ك تا دوو رێكخراوی خۆماڵیی ناحكومیی هه‌بوون، ئێستا زیاتر له 4500 رێكخراوی ناحكومیی هه‌ن.
- له ساڵی 1992 نزیكه‌ی 14 پارتی سیاسی هه‌بوون، ئێستا نزیكه‌ی 40 تا 50 هه‌ن.
- له ساڵی 1992 نزیكه‌ی 1 ملیۆن ته‌ن گه‌نم هه‌بوو، ئێستا زیاتر له سێ ملیۆن ته‌ن گه‌نمی ناوخۆ هه‌یه.
- له ساڵی 1992 ژماره‌ی كتێب كه به‌زمانی كوردی چاپكرابێت، چه‌ند سه‌د دانه‌یه‌ك بوون، ئێستا نزیكه له یه‌ك ملیۆن.
- له ساڵی 1992 نزیكه‌ی 350-400 هه‌زار قوتابی و خوێندكار هه‌بوون، ئێستا 1 ملیۆن و 750 هه‌زار زیاترن.
- له ساڵی 1992 دا 250-300 مێگاوات كاره‌بای حكومی ناجێگیر هه‌بوو، ئێستا توانی وه‌به‌رهێنانی وزه‌ی كاره‌با 5 هه‌زار مێگاواته جگه له مۆلێدهكانی كه‌رتی تایبه‌ت.
- له ساڵی 1992 خه‌ڵك به گاڵۆن نه‌وتی ده‌كڕی، ئێستا رۆژانه خاوه‌نی 450 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی كوردستانین.
- له ساڵی 1992 یه‌ك مه‌تر سێجا غازی سروشتی نه‌بوو، ئێستا خاوه‌نی سه‌دان هه‌زاران مه‌تر سێجا، گازی سروشتین.
- له ساڵی 1992 خاوه‌نی چه‌ند سه‌د كیلۆ مه‌ترێك قیرتاو و رێگه‌ی گشیتی بووین، ئێستا سه‌دان هه‌زاران كم رێگه‌و شه‌قامی قیرتاومان هه‌یه.
- له ساڵی 1992 ته‌نها یه‌ك تونێل هه‌بوو، ئێستا سێ دانه‌مان هه‌ن.
- له ساڵی 1992 ته‌نها یه‌ك مۆڵ له كوردستان نه‌بوو، ئێستا هه‌زاران هه‌ن.
هه‌تا ده‌توانی و بیری لێده‌كه‌یته‌وه، ده‌توانی جیاوازیی، گه‌شه‌كردن، بووژانه‌وه بژمێریت. به‌خۆشحاڵیه‌وه بێگومان من بێگانه په‌رست و هه‌لپه‌رست نیم، ده‌زانم هه‌موو ئه‌مانه به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیده سه‌ربه‌رزه‌كانمان و ره‌نجی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان و ئه‌زموونی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی كورده، له باشووری كوردستان.
به‌ڵام، به‌ڵام...
پرسێكی گرنگ لێره‌دا دێته‌پێشێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه، به چ پێوه‌رێك حكومه‌ت و فهرمانڕهوایهتییهك هه‌بێت له دوای ئه‌و هه‌موو گه‌شه‌كردنه، بكه‌وێته قه‌یرانه‌وه؟ له كاتێكدا
- ژماره‌ی هێزی سه‌ربازیمان له 10 وڵاتی ئه‌وروپا و چه‌ندین وڵاتی ناوچه‌كه زیاتره.
- ئاستی خوێنده‌واریی له زۆر وڵاتی جیهان باشتره كه به گوێره‌ی زانیاری له 80%زیاتره.
- باشترین جۆری گه‌نم له سه‌ر ئاستی وڵاتانی عه‌ره‌بی هی كوردستانه.
- زانكۆی ئۆكسفۆرد، كه زانكۆیه‌كی به ناوبانگی جیهانه، خه‌ڵاتی باشترین توێژینه‌وه‌ی بواری نه‌وت، ده‌دات به توێژه‌رێكی كورد.
- خاوه‌نی سه‌رمایه‌یه‌كی مرۆیی به‌هێز و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی گه‌نج (هێزی كار)ین كه زیاتر له 65% ی دانیتشوانی هه‌رێمی كوردستانه.
- خاوه‌نی ده‌زگه‌ی قانون دانان (په‌رله‌مان) ده‌زگه‌ی جێبه‌جێكردن (حكومه‌ت) و (دادگه)كانین.
- خاوه‌نی مێژووی دێرین، گه‌لی ره‌سه‌ن، زمانی ره‌سه‌ن، كولتووری پێكهوهژیانین.
- نیشتمانێكی ده‌وڵه‌مه‌ند فره‌پێكهاته‌ی هێز و كولتوورین.
- خاوه‌نی به‌رهه‌می دانه‌وێڵه‌ی زیاده‌ین كه، گه‌نم و جۆ به‌شی خۆبژێوی ده‌كات.
- هه‌نارده‌ی هه‌نارمان گه‌یشته ئه‌وروپا.
- په‌تاته و قارچكی كوردستان، به‌شی خۆبژێوی و ههناردهیش ده‌كات له وه‌رزی دیاریكراودا.
ئه‌م هه‌موو ده‌رفه‌ته‌ی دروستكردنی هێز له‌به‌رده‌م حوكمڕانانی هه‌رێمی كوردستاندایه، ئایا چۆن ره‌وایه بڵێن له قه‌یرانداین؟
من به‌ڕوونی ئه‌وه ده‌زانم كه ئه‌زموونه‌كه‌مان، حكومه‌ته‌كه‌مان، زمانه‌كه‌مان، دوژمنی هه‌یه، هه‌ڕه‌شه‌مان له‌سه‌ره، به‌ڵام هیچ ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ت و زمان و نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه نییه، كه دوژمنی نه‌بێت و هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ر نه‌بێت، ئه‌مه ده‌ردێك نییه ته‌نها له كورد قه‌ومابێت، له كاتێكدا هه‌ر ئه‌م گه‌لی كوردستانه:
1- توانی دوژمنی به‌عس تێكبشكێنێت، گه‌ر ده‌وترێت به هاوكاری ئه‌مریكا بووه، ئه‌و نیشانه‌ی ره‌وایه‌تی و هێزی پرسی كوردستانه، نه‌ك خێری ئه‌وان.
2- گه‌ر ده‌ڵێن خیانه‌تی ناوخۆیی هه‌یه، ئه‌وه له‌پێشتریش هه‌ن و له‌ناو هه‌موو نه‌ته‌وه و وڵاتێكدا هه‌یه، گه‌ر چه‌مكی "جاش" یش به‌كارده‌هێنن، ئه‌وا خێره؛ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان زیاتر له 150 هه‌زار جاشی به‌عسی راونا، نه توانێت چه‌ند دانه یان سه‌د دانه جاشێك، راوبنێت!؟
له كۆتاییدا؛ به‌ڕوونی ئه‌وه راده‌گه‌یه‌نم كه هیچ شتێك به‌ناوی (هه‌رێمی كوردستان له قه‌یراندایه) بوونی نییه، چونكه گه‌ر به‌و ئارگیومێنته رازی ببین، ده‌بێت هه‌روا بمێنینه‌وه. نه‌خێر، دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه ده‌بێت پرسیاره‌كه‌مان بگۆڕین به‌وه‌ی كه (هه‌رێمی كوردستان بۆچی له قه‌یراندایه؟) ئه‌وكات كلیلی (بۆچی) ده‌مانبات بۆ ده‌رگه‌ی چاره‌سه‌ر و له‌وێ هاوڕێكانی تریشی وه‌ك: چۆن، كه‌ی و له‌كوێ و به‌چی؟ ده‌دۆزینه‌وه.
حوكمڕانی راسته‌قینه و دڵسۆز، گاڵته‌ی به‌م وشانه نایه‌ت و ده‌توانێت به وه‌گه‌ڕخستنی زانیاری و هێز و ره‌وایه‌تی كۆتایی به‌م قه‌یرانانه بهێنرێت كه له‌هه‌ناوی بكه‌ره‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، نه‌ك ته‌نها له واقیعی بوونی هه‌رێمی كوردستان و چیتر هه‌موو ساڵێك شه‌ڕه به‌رد نه‌مانباته‌وه بۆ خاڵی سفر و هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ژیانی هه‌موومان دۆوست نه‌كات.
هه‌رێمی كوردستان، خه‌ڵكه‌كه‌ی، ده‌رفه‌تی زۆر له‌به‌رده‌مه، گه‌ر به چاوی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه‌كی شارستانی لێی بڕوانرێت.