هەرێم، لەبەرامبەر ئاڵۆزیە ناوخۆیی و هەڕەشە دەرەکیەکان!
4 ساڵ لەمەوپێش
ئارێز عهبدوڵا
لە دوای روخانی رژێمی سەدام، هەتا ماوەیەکی زۆریش هەرێمی کوردستان نیمچە دەوڵەتێک بوو لە ناو دەوڵەتێکی تر، بەڵام سیستەمی سەقەت و خراپ بەڕێوەبردن لە لایەک و پلان و هەڕەشە دەرەکیەکانیش لە لایەکی دی، تا دێ پێگەی هەرێم لاواز و بێهێز دەکەن. ئەگەر ستراتیژیەت و پلانە سیاسی و ئابورییەکان گونجاو و راست و بەرزە فڕانە نەبان، ئەوا بێگومان پیلانە دەرەکی و هەڕەشەکان ئەو کاریگەریەیان نەدەبوو کە ئەمڕۆ چاویان لە هەرێم زەق کردونەتەوە.
- سیاسەتی ئابوریی سەربەخۆ.
- سیاسەتی نەوتی.
- پڕۆژەی سەربەخۆیی.
نەک هەر بێ ئەنجام بوون، بگرە زۆر خراپیش بەسەر گەل و وڵاتدا شکانەوە. ئێستا هەرێم بەچەندین قەیرانی گەورەدا تێدەپەڕێ و لە هەمان کاتیشدا نەیارە دەرەکییەکان و هەندێ لایەنی شۆفینستی کاریگەری عێراقیش بەهەڵی دەزانن و ئامادەن لە بەرامبەر هەرێم پیلان و پلانەکانیان یەک بخەن.
ئەوەی لەناوخۆ روویداوە و روودەدا بەرپرسیارەتیەکەی لە ئەستۆی ئەو سەرکردایەتیەیە کە لە قۆناغی رزگاری سەرکەوتنی وەدەستهێناوە و لە دەوڵەتداریش بەرەو مایەپوچی دەڕوا. سەیرەکە لەوەیە تا ئێستا سەرکردایەتی کلاسیکی کوردستان پێیوایە قەیرانەکان کاتین و تێدەپەڕن، ئەوانیش (معزز مکرم) لەسەر کورسی دەسەڵات درێژە بەو رەوتە سیاسیە نەگونجاوە دەدن، کە لەلایەن چاودێران و هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە دەیان پرسیار و هێمای سەرسوڕمانی لەسەرە!
هەڕشە دەرەکییەکانی سەر هەرێم مەترسیدارن و ناوخۆیەکانیش ماڵوێرانکەرن، بەڵام ئایا ئێـمە دەتوانین بە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان کاریگەری هەڕەشە دەرکیەکان لانیکەم کەم بکەینەوە؟ ئەو وەڵامە لای سەرکردە و بڕیاربەدەستەکانی وڵاتن. ئەوەی دەبینرێ تا هەنوکە ئامادەنین وەڵامێکی دروست بدەنەوە، چونکە ئەو کات هەنگاونان بە ئاراستەی چارەسەری کێشە بنەڕەتیەکان دەبێتە ئەرکی سەر شانیان. من نازانم ئەوان لەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی، ئابوری و سیاسیانەی کوردستان تێناگەن یان نایانەوێ تێی بگەن؟
ئەم قۆناغە هەستیارە پێویستی بە پڕۆژەیەکی نیشتیمانی بۆ چاکسازی بنەڕەتی و دارشتنەوەی ستراتیژیەتێکی سیاسی نوێ هەیە. بەبێ ئەوە هەڕەشەکان زەبری خۆیان دەوەشێنن و تەڕ و وشک بەیەکەوە دەسوتێنن.
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە ئێمەی لایەنە سیاسیەکان لە پێناوی دوا رۆژی ئەم نیشتیمانە دەستبەردای ئەو عەقلیەتە ماوە بەسەرچووە بین، کە دەقمان پێیوە گرتووە؟