بەخێربێن بۆ بیابانی تووڕەیی -بەشی دووەم
4 ساڵ لەمەوپێش
سهردار عهزیز
بەشی دووەم
فەلسەفەی تووڕەیی لەساڵی ١٩٦٥ لەزانکۆی کایمبردیج، لەکایمبردیج یونیان، دیبەتێک بۆ دوو نووسەری ئەمریکی سازکرا. یەکێک لەنووسەرەکان رۆماننووس و وتار نووسی ناسراو جەیمس بۆڵدون بوو. بۆڵدون کەسێکی هۆمۆسێکچواڵی رەشپێستە. ئەویتریشیان سەرنووسەری گۆڤاری ناشناڵ ئینترێست ولیەم بەکڵی بوو. ولیەم سپی پێستە و گۆڤاری ناشناڵ ئینترێست گۆڤارێکی کۆنسێرڤەتیڤە. هەردوو نووسەر لەهەڕەتی ناوبانگیاندا بوون. جەیمس بۆڵدون دوو ساڵ پێشتر کتێبی ئاگرێک جارێکی تری بڵاوکردبوەوە، کەهەمووی نامەن بۆ هاوەڵەکانی دەربارەی رەشپێستبوون و ئازارو چەوسانەوەکانی لەئەمریکادا. دیبەیتەکە لەژێر ناوی: خەونی ئەمریکی لەسەر حیسابی رەشپێست فەراهەم بووە، بوو. سەرەتا بۆڵدون قسەی کرد، وەک چاوەڕوان دەکرا دەربارەی مێژووی ئەمریکاو بەکۆیلەکردنی رەشپێست و کێڵگەکانی پەموو و دروستکردنی هێڵە ئاسنینەکان و زۆر شتی تر دوا. پاشان نۆرەی بەکڵی هات. ولیەم بەئەو پرسیارە دەستی پێکرد، ئایا دەتوانین چی بکەین؟ ئایا خەڵکی ئەمریکی دەتوانێت چی بکات بەرامبەر ئەم سوکایەتییە دەروونییەی کە ئەم خەڵکانە بەدەستیەوە دەناڵێنن؟ رای ولیەم وەهابوو، ئەگەر سپی پێستەکان بەتووڕەییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکەن ئەوا تەنها دەتوانن ئاوڕ لەڕابردوو بدەنەوە، بەڵام بۆ ئەوەی لەم ئەم دۆخە رزگارمان بێت دەبێت بەرەو داهاتوو بنواڕین. بەڕای ولیەم تووڕەبون پەرچەکردار بەرهەم دەهێنێت و لەئەنجامدا توندوتیژی لێدەکەوێتەوەو گۆڕانکاری دەبێتە مەحاڵ. ئەم دیبەیتە چەند پرسێکمان بۆ دەوروژێنێت؟ یەکەم، ئایا تووڕەیی کاتێک دەبێتە دۆخێکی کۆمەڵایەتی، دەکرێت ببێتە وروژێنەری چالاکی، بەڵام ئایا دەگاتە ئەنجام؟ ئایا تووڕەیی تاک و تووڕەیی کۆ جیاوازن؟ لەدۆخی تاکەکەسیدا تووڕەیی بەرامبەر کەسێک یان کارێک رەنگە کەسی تووڕە پاڵ بنێت بۆ ئەوەی کارێک بکات یان تەنها بەتووڕەبونەکەی دابمرکێتەوە، بەڵام ئەمە لەدۆخی گشتیدا بەو جۆرە نیە. هەرچەندە دەبێت ئاماژە بەئەوە بکەم کەتێگەیشتن لەتووڕەیی تاکەکەسی گرنگە بۆ تێگەیشتن لەتووڕەیی گشتی. بۆ ئەمە دەبێت لەئەرستۆەوە دەستپێبکەین، بەڵام لێرەدا کارەکەمان ئەوەنیە. دەبێت بەئاگایی زیاترەوە لەگەڵ تووڕەیی کۆدا مامەڵە بکەین، سەرەتا ئێمە دوو لایەنمان هەیە، لایەک کەتووڕەیە و لایەکەی تر کە تووڕەبونەکەی ئاراستەکراوە، لەنێوان ئەم دوو لایەنەدا پەیوەندییەکی دەسەڵاتی هەیە، کە لایەک پیادەکەری دەسەڵاتەو لایەکەی تر قبوڵکەر، لایەنی قبوڵکەری دەسەڵات، ئێستا چیدی دەسەڵاتی قبوڵ نیە بۆیە تووڕەیە. ئایا ئەم تووڕەییە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لەپەیوەندی دەسەڵاتدا؟ دیارە لێرەدا دەسەڵاتمان فۆکۆیانە خوێندووەتەوە. بەم پێیە دەسەڵات پەیوەندییەو هیچ کەسێک لەدەرەوەی نیەو بێدەسەڵات یان ئەو کەسەی کەخۆی بێدەسەڵات دەبینێت، بەشێکە لەپرۆسەی دابینکەری دەسەڵات. کاتێک بیر لەم دۆخە دەکەینەوە، ئێمە لەبەردەم دۆخی تووڕەیی کوردستانداین، لەهەمانکاتدا لەبەردەم یادی (١٠) ساڵەی )شکستی) بەهاری عەرەبیداین، ئەم دوو رووداوە لەزۆر رووەوە هاوشێوەن. بەهاری عەرەبی نموونەی ئەوەیە کە تووڕەیی رەنگە زۆر شت بەخێرایی بگۆڕێت، بەڵام لەئەنجامدا هیچ نەگۆڕێت. کەواتە تووڕەیی لەدۆخی گشتیدا دەبێت تەنها وەک ئامرازێک یان هاندەرێک ببینرێت نەک وەک میتۆد و ئامانج. (١٠) ساڵ پاش بەهاری عەرەبی دەبینین بنەماکانی حوکمکردن لەزۆر رووەوە هاوشێوەن. ئەم رووداوە کاریگەریی تووڕەیی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. یەکەم کێشەی تووڕەیی ئەوەیە کە بەپەلەیە. تووڕەیی پشودرێژی و فۆکەسکردن و بینین هەموو وێنەکە و چۆنێتی داڕشتنی ئەلتەرناتیڤ لەبەرچاو ناگرێت. بەڵکو پاڵنەرو ئامانجەگەری راستەقینەی ئەوەیە کە چۆن تۆڵە بکاتەوە، چۆن بگاتە ئەو دۆخەی کە ئەوەی لەناخیدایە، ئەو بارە دەروونیەی کە بۆی دروست بووە بیحەسێنێتەوە. بۆیە تووڕەیی وزەیەکە کە بەرهەم ناهێنرێت، بەڵکو تەنها فشار دەکات. لێرەوە دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ گفتوگۆکەی سەرەوە کە تووڕەیی ئاوڕ لەڕابردوو دەداتەوە. ئەم ئاوڕدانەوەیە وزە دەبەخشێت بەتووڕەیی، بەڵام ناتوانرێت رابردوو بگۆڕدرێت. ئەوەی دەتوانرێت بگۆڕدرێت داهاتووە. بۆیە تووڕەیی دەبێت ساتەوەختێکی وەرچەرخان بێت کەچۆن رابردوویەک کە پڕ لەقەیرانە بکرێتە بنەمای ئەوەی کە زەخیرەی لێوەربگیرێت بۆ داهاتوویەکی جیاواز. ئەم پرۆسەی پێکەوەگرێدانی رابردوو و داهاتووە دەبێت تووڕەیی تێپەڕێنێت. لەئاستی تاکەکەسیدا تووڕەیی ئەگەر ئەنجامی نادادپەروەرییەک بێت، ئەوا هەرگیز نابێتە هۆکاری ئەوەی کە نادادپەروەری ئەنجامدراو بگەڕێنێتەوە. ئەمە بۆ دۆخی گشتیش راستە. لەخوارەوە کۆمەڵێک لایەنی نێگەتیڤی تووڕەیی گشتی دەخەمەڕوو: یەکەم، تووڕەیی پرۆسەیەکی سیاسی نیە، بەڵام کاتێک بەسیاسی دەکرێت، بەتایبەتی لەهەناو کایەی دیموکراسیدا، ئەوا دەبێتە مایەی ئەوەی کەکەسانی ناسیاسی بکاتە سیاسی. تۆڵەو دژایەتی و سڕینەوە و لابردن و کۆتاییهێنان ئەم جۆرە چەمکانە دەبنە بنەمای خیتابی سیاسی، بەڵام ئەم جۆرە چەمکانە بەرجەستە نابن چونکە کەسی سیاسی یان بەسیاسی بوو، تەنها ئەوەندە پێویستی پێیەتی کەوروژان دروست بکات نەک بچێتە هەناو قوڕەلیتەی گۆڕینی سیستەم.
دووەم، تووڕەیی سیاسی پرۆسەیەکی سیاسی نیە، هێندەی پرۆسەیەکی شەخسیە، تووڕەیی کاتێک بەباشی بەکاردەبرێت ئەوا بنەما گشتییەکانی سیاسەت دەکوژێت. ئاسان نیە لەگەڵ کەسی تووڕەدا دیبەیت بکەیت، سازش بکەیت، تووڕەیی ئەو دۆخەیە کەبارودۆخی شەخسی دەبێتە سیاسی. ئیتر پرسی کەرامەت و پیاوەتی و غیرەت و شەخسیەت و زۆر شت دێتە ئاراوە. هەرجۆرە رەخنەیەک لەمانە دەبێتە مایەی پەرچەکردارو هەڵچوون. تووڕەیی قسەکردنی تاکڕەهەندە، کە هەمیشە بەدوای خەڵکانی هاوسۆزو هاوشێوەدا دەگەڕێت.
سێیەم، تووڕەیی بەسروشت بونیادنەر نیە، ئەگەر نەشتوانێت بڕووخێنرێت ئەوا یان بەبێ ئاگاییانە تەسلیم دەبێت و دووبارە دەکاتەوە یان هیچ ناکات، لەهەر دۆخێکدا دەرئەنجام تووڕەیی زیاترە، بۆیە تووڕەیی تەنها تووڕەیی زیاتر بەرهەم دەهێنێت.
چوارهەم، ئەگەر کەسی تووڕە بەدوای ئەوانە دەگەڕێت کە هۆکاری توڕەبونەکەین یان بەرپرسن لە تووڕەبونەکەی، ئەوا لەدۆخێکی وەهادا پەرتبوون و جەمسەرگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی دروست دەبێت. کۆمەڵگای جەمسەرگیر ناتوانێت بەرەو پێشەوە بڕوات، بەڵکو لەدۆخی نەیارێتی خوددا دەخولێتەوە. کۆمەڵگای کوردستان هاوشێوەی ئەم کۆمەڵگایەیە لەئەمڕۆدا.
پێنجەم، ئەگەر تووڕەیی دەرئەنجامی نادادپەروەرییە، ئەوا لەهەناو سیستەمی تووڕەیی سیاسیدا، خەڵکانێک دەکرێنە بەرپرسی ئەو نادادپەروەرییە، ئەگەر لاببرێن ئەوا دادپەروەریی بەرقەرار دەبێت، ئەمە کرۆکی دونیابینی مارکسیزم و ئاینییە. بەڵام زۆرجار ئەوە نادادپەروەریی نیە کە سیستەم دروست دەکات، وەک مارکسیزم بڕوای وایە، بەڵکو ئەوا سیستەمە نادادپەروەری دروستدەکات. کەواتە پەیوەندییەکی راستەوخۆ هەیە لەنێوان نادادپەروەریی و سیستەمدا، بەڵام وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا کە تووڕە ناتوانێت سیستەم بونیاد بنێت و ناشتوانێت بیگۆڕێت، بەڵکو زۆرجار دووبارەی دەکاتەوە. بۆیە تووڕەیی نابێتە هۆکاری هێنانە ئارای دادپەروەریی.
پێنجەم، تووڕەیی بەئاسانی سەرمایەگوزاری لەسەر دەکرێت، وەک ئەمڕۆ لەکوردستان دەیبینین کەچەند ئاسانە سەرمایەگوزاری لەسەر تووڕەبون بکرێت. کەسی سەرمایەگوزار تووڕەیی وەک بەرهەڵستکاری نادادپەروەری نابینێت، بەڵکو وەهای دەبینێت کە ئامرازێک بۆ ئامانجێک، ئایا ئەو ئامانجە چیە، هیچ پەیوەندی بە تووڕەییەکەوە نیە.
لەکۆتاییدا، وەک لەسەرەوە دەردەکەوێت تووڕەیی دەرئەنجامە، زۆرجار رەوایە. دەرئەنجامی زوڵم و نادادی و برینداربوونە، بەڵام بۆ ئەوەی کەسی تووڕە زاڵ بێت بەسەر ئەم دۆخەداو دونیایەکی تر بەرهەم بهێنێت پێویستی بەزیاتر لە تووڕەیی هەیە. کەسی تووڕە دەبێت بەئاگابێت لەبازرگانانی تووڕەیی، لەهەناو کایەی سیاسییدا. هەتا تووڕەیی بازاڕی هەبێت ئاستەکەی زیاتر دەکات، بەڵام ئامانجەکەی سەختتر دەبێت. تووڕەیی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەبێت فۆکەسمان بخاتەسەر چەمکگەلی وەک دادپەروەیی، کەرامەت، رێز، پێکەوەیی و هیوا.