ڕۆشنبیری بەکاربەر،لەنێوان کڕین و هۆشیاریدا
4 ساڵ لەمەوپێش
سەرکۆ یونس*
لەزۆربەی وڵاتانی داواکەوتو و تازەپێشکەوتودا،کەکۆمەڵگایەکی بەرخۆرو بەکاربەرن.لەگەڵ لاوازی کەرتەئابورییەکان و نەبوونی خۆژێنی نیشتیمانی و زاڵبوونی تای هاوردەکراوەکان لەتەرازووی بازرگانیاندا. بەدەست دەردێکی تری کۆمەڵایەتی ودەروونی دەناڵێنن،ئەویش نەبوونی هۆشیاری و ڕۆشنبیری بەکاربردنە لەلایەن ڕێژەیەکی بەرزی بەکاربەرانەوە... هۆشیاری بەکاربردن بریتی یە لە توانای تاکەکەس بۆ باشترین بەکارخستنی دەرامەتەبەردەستەکان بەپێ ی پێویست و دوور لە زیادەخەرجکردن.
هۆکارەکانی ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی گرنگ وکاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر جوڵاندنی هەستی بەکاربەران بەگشتی و بەکاربەرانی ناهۆشیار بەتایبەتی. لەگەڵ ڕوودانی هەر تەنگەژەو بارگۆڕانی ئابوری ودارایی ونەختینەیی دا،کڕیاران و بەکاربەران دەشڵــــەژێن وبەهەڵپەو بەشێوازێک پەلاماری بەدەستهێنانی پێداویستیەکانیان دەدەن کەڕاستەوخۆ کاریگەری دروست دەکەن لەسەر گرانبوون و هەڵاوسانی بازاڕی ناوخۆ .
هاوکات لەگەڵ دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی بەڕێژەی زیاتر (20%) ڕاستەوخۆ دوای بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی،هەر زوو هاوڵاتیان و کڕیاران بەهەڵمەت چوونە ناوەندەکانی فرۆشتن و زۆربەی مۆڵ و مارکێتەکانیان قەرەباڵغ کردووە و خواستیان چەند بەرامبەر کردەوە هەرئەم ناهۆشیارییەی بەکاربەران وای لەزۆربەی فرۆشیاران کرد نرخەکانیان بەرز بکەنەوە یان کاڵاوشمەکەخۆراکی و پێداویستیەکانی تر بشارنەوە .
لەزۆربەی کۆمەڵگاکاندا بەکاربەران دەتوانن کاریگەری لەسەر نرخەکان بکەن ،لەڕێگای ڕۆشنبیری کڕینەوە،ئەوەی کەپێویست نی یە نەکڕێت وپەلە نەکرێت لەکڕینی کەلوپەلی جوانکاری،هەتا ئەو کاتەی ئاستی گشتی نرخەکان جێگیربوونی زیاتر بەخۆیانەوە دەبینین و بازاڕ سەقامگیر دەبێت.بەڵام بەداخەوە لەهەرێم و عێراقدا پێچەوانەیە و نرخەکان شێوازی بەکاربردنی کریاران دیاری دەکەن.! بێ گومان ئەم دیاردەیە دەرئەنجامی ژیانی واقعی نالەبارو پڕگۆرانکاری ئابوری هەرێم و عێراقە،خەڵک متمانەیان بەسیستەم و ئابوری و داهاتوویان نی یە.هۆکاری دەروونیش کاریگەری تایبەتی هەیە.
ئەم دیاردەیە جگەلەوەی کە ناشارستانی یە،لەگەڵیشی دا هاونیشتیمانیان هەر خۆیان سەرچاوەو هۆکاری زیادبوونی ڕێژەیەک لە نرخەکانن،هەندێکجار لەوانەیە گۆڕانکاریە دارایی ونەختینەییەکان ئەوەندەی ئەم ناهۆشیارییە لەکڕیندا نەبێتەهۆی بەرزبونەوەی نرخەکان! لەلایەکی ترەوە،زۆربەی جارو لەم بارودۆخە ناتەندروستەی ئابوریدا،زۆرێک لەبازرگان و فرۆشیاران بەدەرفەتیكی گونجاوی دەزانن بۆ ساغکردنەوەی شمەک و کاڵای ماوە بەسەرچوو.ئەمەش باجە دارایی و زیانە تەندروستیەکەی هەر بەکاربەران خۆیان دەیدەن! لەبەرئەوە پێویستە لەسەر کڕیاران لەبارودۆخی ناسەقامگیردا بەووردی و بە ووریاییەوە هەڵسوکەوت بکەن و فشاری دەروونی نەبێتە پاڵنەر بۆئەوەی دەرئەنجامی گۆڕانکاریەکان زیاتر قورستر نەکەن لەسەر خۆیان و خێزانەکانیان...
*ئابوریناس