رێگای سەرکەوتن
4 ساڵ لەمەوپێش
سوارە محەمەد
گەلەکەمان ماوەیەکە لەباشووری کوردستان لەبەرامبەر حکومەتی هەرێم لەبەرخوداندان و بەرەنگاریدایە، لەدۆخی ئێستادا لەهەرسێ پارچەکەى تری کوردستان و لەدەرەوەی وڵات کورد لەدژی داگیرکەران لەتێکۆشاندایە. گەلی کورد بۆ ئەوەى خۆی بەمافە سروشتییەکانی بگەیەنێت و هەبوونی خۆی بپارێزێت پێویستیی بەو تێکۆشانە هەیە، بۆ ئەوەش ئەو تێکۆشانە جێگای سەرفرازی و سەربەرزییە، تەنانەت مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، ئەو تێکۆشانە بەهۆی هۆشمەندی و عەقڵییەتی دیموکراتیک و کۆمەڵایەتی بۆ هەموو کۆمەڵگەکانی جیهان بووەتە هیوا، بەتایبەتی رۆژئاوا لەو خاڵەدا رۆڵێکی گەورە دەگێڕێت و بەو تێکۆشانە کوردانی بەهەموو جیهان ناساندووەتەوە.
بەڵام ئێستا لەباشووری کوردستان تێکۆشان لەدژی داگیرکەری نییە، نەک ئەوەى مەترسیی داگیرکەری نەبێت، بەڵکو ئەو مەترسییە هەیە، هێشتا مەترسی و کاریگەریی داگیرکەری عێراق، ئێران و بەتایبەتی تورکیا لەسەر باشووری کوردستان هەیە، بە داخەوە بەو ئەندازەیە کەپێویست بێت، لەدژی داگیرکەری هەڵوێستێکی بەهێز نییە، ئەوەش بەمانای ئەوەیە، کە باشووری کوردستان هێشتا نەیتوانیوە خۆی لەمەترسیی داگیرکەری رزگار بکات.
تێکۆشان و ناڕەزایەتی لەباشووری کوردستان، جیاوازترە لەتێکۆشانی پارچەکانی تری کوردستان، چونکە زۆرتر لەدژی حکومەتی باشووری کوردستانە. دەیان ساڵە حکومەت لەلایەن حزبە سیاسییەکانی کوردەوە بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئێستا ناڕەزایەتی لەدژی ئەو حکومەتە روودەدات، بێگومان مرۆڤ بەوە ژان دەیگرێت، چونکە گەلی کورد بە رادەیەکی زۆر لەدژی رژێمی داگیرکەری عێراق تێکۆشا، شەهیدی داو لە ئەنجامیشدا سەرکەوت. ئەوە راستە دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە، بەڵام لەئاستی دەوڵەتێکدا خاوەنی ماف و دەستپێشخەرییە و لەهەموو شوێنێکی جیهان بەشێوەیەکی فەرمی دانی پیادا نراوە، هەموو ئەو تێکۆشانە بۆ ئازادی، یەکسانی، دیموکراسی و ئارامی بوو، بەڵام باشە ئێستا دۆخەکە چۆنە، ئەوەیە کەدەیانخواست؟
دەبوایە ئەوانەى دەبوونە حکومەت بەپێی ئەو تێکۆشانە، کە لەدژی داگیرکەری ئەنجامدرابوو بجوڵانایەتەوە. ئەگەر ئەمڕۆ لەدژی حکومەتی کورد بەرەنگاری و بەرخودان هەیە، ئەو حکومەتە قبوڵ ناکرێت، ئەو کاتە ئەوە دەسەلمێت، کەئەو حکومەتە بەپێی رۆح و گەوهەری تێکۆشانی ئازادی نەجوڵاوەتەوەو ناجوڵێتەوە. ئەگەر بەپێی بەرژەوەندیی گەل بجوڵانایەتەوە ئەوا گەلەکەشمان پشتیوانییەکی بەهێزیان لەو حکومەت دەکرد، وادیارە ئەو حکومەتە و حزبە سیاسییەکانی ئێستا، بەپێی بەرژەوەندیی گەل نا، بەڵکو بەپێی بەرژەوەندیی کەسی و حزبیی خۆیان دەجوڵێنەوە، هەر خۆی لەبەر ئەوەیە، ئەو هەموو خۆپیشاندان و بەرەنگارییە لە دژیان ئەنجامدەدرێت.
لەبەرئەوەی هۆکاری ئەو خۆپیشاندانە خواستی ئازادی، یەکسانی و دیموکراسییە، بەئەگەری زۆر ئەو بەرخودانە سەردەکەوێت، ئەو کەسانەى کە دەڵێن، «هەندێک کەس لەدەرەوە دنەى خۆپیشاندانەکان دەدەن و رێکیاندەخەن» با شەکری وا نەشکێنن و کەس تۆمەتبار نەکەن و خەڵک فریو نەدەن، چونکە ئەوانەى چالاکی دەکەن، ناڕەزایەتی پێشدەخەن هەر ئەم گەلەیە. هۆکاری ئەو چالاکی و خۆپیشاندانە ئەو کەسانەن، کە بۆ خۆیان لەبەرپرسیارێتی و بەڕێوەبەریدان، لەبەرئەوەى ناتوانن بەپێی خواستی گەل بجوڵێنەوە، خیانەتیان لەبەرخودانی دەیان ساڵەی گەل کردووە، بۆ خۆیان بەرهەمی شۆڕش دەخۆن و دەخۆنەوە، رێگا نادەن گەل لەدەوڵەمەندیی وڵات سوودمەند بێت، لەوڵات دیموکراسی، ئازادی، یەکسانی نییە، بۆیە ئەو چالاکییانە روو دەدەن، بۆیە ئەو کەسانەى کە دەڵێن، هەندێک کەس لەدەرەوە ئەو چالاکییانە رێکدەخات، ئەوە گەورەترین درۆیە کە بەرامبەر بەگەل دەیکات.
دەبێت روونی و شەفافیەتێک هەبێت، کێشە مووچە نییە، کێشە دیموکراسییە. ئەگەر مووچەش بدرێت، بەڵام دیموکراسی نەبێت، چاودێربوونی کۆمەڵگەو لێپرسینەوەى گەل نەبێت، ئەوا دیسان کێشەکان بەردەوامییان دەبێت. خۆ پێشتر مووچە دەدرا، بەڵام هەموومان دەزانین، ئەوکاتیش هەر کێشە هەبوون، دەبێت ئازادی هەبێت، مافی رادەربڕین هەبێت، مافی لێپرسینەوە هەبێت، هەموو شتێک روون و شەفاف بێت، هیچ شتێک شاراوە نەبێت
لەبناغەى ئەو چالاکییانەدا هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەى گەل هەیە، ئیرادەو ورەیەک هەیە، کە لەدژی هەموو جۆرە نادادییەک تێدەکۆشێت، بەو شێوەیە گەلەکەمان خاوەنداری لە رەنجە دەیان ساڵەکەى دەکات. بەهەرحاڵ گەلی کورد ئەو هەموو باج و قوربانی و خوێنەى نەداوە، کەهەندێک کەس گیرفانی خۆیان پڕ بکەن، گەندەڵی بکەن، خۆیان بەسەر هەموو کەسدا بسەپێنن، رێگری لەئازادی و دیموکراسی بکەن. ئەم گەلە دەزانێت بۆچی بەرەنگاری و تێکۆشانی کردووە، بۆیە ئێستا خاوەنداری لەڕەنج و ماندوبوون و شکۆی خۆی دەکات.
بەبڕوای من دەبێت روونی و شەفافیەتێک هەبێت، کێشە مووچە نییە، کێشە دیموکراسییە. ئەگەر مووچەش بدرێت، بەڵام دیموکراسی نەبێت، چاودێربوونی کۆمەڵگەو لێپرسینەوەى گەل نەبێت، ئەوا دیسان کێشەکان بەردەوامییان دەبێت. خۆ پێشتر مووچە دەدرا، بەڵام هەموومان دەزانین، ئەوکاتیش هەر کێشە هەبوون، دەبێت ئازادی هەبێت، مافی رادەربڕین هەبێت، مافی لێپرسینەوە هەبێت، هەموو شتێک روون و شەفاف بێت، هیچ شتێک شاراوە نەبێت، یەکسانی هەبێت، بەشێوەیەکی گشتیش دیموکراسی هەبێت، ئەگەر ئەوانە هەبن، ئەوکاتە ئێمە دەزانین پارەو داهات و سامانی وڵاتەکەمان لەکوێیە، چەندە و بۆچی خەرج دەکرێت، لەو کاتەدا هەموو شتێک بەبەرچاومانەوە روودەدات، وەک ئەو وڵاتانەى لێدێت، کە دیموکراسییان تیادایە. لەبەرئەوەش بەبڕوای من، دەبێت مرۆڤ خۆی فریونەدات و هەڵە نەکات، مرۆڤ دیموکراسیی دەوێت و بۆ دیموکراسی تێدەکۆشێت، ئەگەر ئەوە رووبدات، لەو کاتەدا مووچەش دەبێت، بەڵام ئەگەر مرۆڤ تەنها مووچەى بوێت، ئەوە سەرناگرێت، چونکە دەتوانن مووچە بدەن، بەڵام کاتێک مووچەیاندا باشە ئازادی، یەکسانی و دیموکراسیشی لەگەڵ دەدەن، روون و ئاشکرایە ئەوانە نادەن، بۆیە دەبێت ئێمە بۆ دیموکراسی تێبکۆشین، چارەسەری لە بەدەستهێنانی دیموکراسیدا ببینین.
بۆ گەیشتنیش بەدیموکراسی یەکگرتووی پێویستە، ئەوانەى دیموکراسییان دەوێت، دەبێت هەموویان یەکبگرن تاوەکو بتوانن دیموکراسی بەدەستبهێنن.
ئەوانەى لەدژی دیموکراسین، دەسەڵاتدارانن و ئەوانیش هەمووکات لەدژی گەل و خواستەکانی گەل یەکگرتوون، سەرباری هەموو ناکۆکییەکانیان پێکەوەن و پێکەوە جوڵە دەکەن، چونکە دەزانن ئەگەر بەو شێوەیە نەجوڵێنەوە، ئەوا دەدۆڕێن، بۆ ئەوەى درێژە بەدەسەڵاتەکەیان بدەن راستەوخۆ لەدژی گەل و کۆمەڵگە یەکدەگرن.
لەوکاتەدا بۆ ئەوەى گەل و هێزەکانی کۆمەڵگە سەربکەون، دەبێت یەکگرتوو بن، دەبێت بەپێی پەیوەندییان لەگەڵ حزبەکاندا نەجوڵێنەوە. هەموو حزبە کوردییەکان بۆ دیموکراتیکردنی گەلی کوردە، هەموو حزبەکان دەڵێن، ئێمە دیموکراسیمان دەوێت و بۆ ئەوە تێدەکۆشین، باشە ئەگەر وایە، دەبێت هەموو حزبە سیاسییەکانی کورد گوێ لەخواستەکانی گەل بگرن، نابێت هیچ کەس هەوڵبدات، کە گەل فریو بدات.
گەلەکەمان لەچوارچێوەی هەڵوێستی ئازادیخوازانەو یەکسانیخوازانەدا بجوڵێتەوەو هێزی خۆی یەکبخات، لەسەر بنەمای هاوبەش بچنە پاڵ یەک، پلاتفۆرمی هاوبەش بونیات بنێن، گەورەترین و بەرفراوانترین بەرەی دیموکراتیک بونیات بنێن، تاوەکو بتوانن گوشارێکی گەورەتر لەسەر دەسەڵات دروست بکەن، ئەگەرنا هەر ئەو دۆخە دووبارە دەبێتەوەو بەردەوامیی دەبێت.
بۆ سەرکەوتن یەکێتی و یەکگرتوویی و بونیاتنانی پلاتفۆرمی دیموکراتیکی هاوبەش مەرجە....