ئاسۆ سوارەی هاوڕێم
ئاوات نامق ئاغا
4 ساڵ لەمەوپێش
ئاوات نامق ئاغا
دوای ئەو هەموو ساڵەی لەهەندەران بەسەرم بردن، کەگەڕامەوە زۆرینەی هاوڕێکانمم لەشاردا نەبینییەوە، بەداخەوە بەشێکیان فەوتیان کردبوو، بەشێکیش ئاوارەو تەریوی وڵاتان بووبوون. راژەکەمم لەوەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە گواستەوە رۆشنبیری و لەبەڕێوەبەرایەتی سینەمای سلێمانی جێگیر بووم. لەوێ کاک ئاسۆ سوارەم بۆ یەکەمجار ناسی و هەرزوو بووینە هاوڕێی نزیکی یەکدی، سەرسام بووم بەوەی تامی هاوڕێ دێرینەکانمی دەدا، کوردییەکی پاراو قسەی دەکرد، عەرەبیەکی باشی دەزانی، خوێنەرێکی باشی ئەدەب و رۆمانەکان بوو، بەحورمەت بوو، باسی کەسی بەخراپە نەدەکرد، بە کوردییەکەی چەندین خەسڵەتی جوانی تێدا بوون کەلای من مایەی دڵخۆشی و لێک نزیکبوونەوە بوون و تاڕادەیەکی زۆر کەلێنی نەبوونی هاوڕێ ونەکانمی بۆ پڕکردمەوە تا ئەو رادەیەی خێزانییش پەیوەندیمان پەیدا کردو لەچەندین بۆنەدا پێکەوە بووین.
فەرمانگەکەمان لەماڵێکی گەڕەکی بەختیاریدا بوو، هێندە بچووک بوو جێگەی ئەو هەموو سەرەی تێدا نەدەبۆوە، بۆیە هەرزوو بەیانیان بۆ نانخواردن دەچووینە چایخانەیەکی نزیک فەرمانگە و دەستمان دەکرد بەنانخواردن و دیشلەمە خواردنەوە. بەیانییەک بەئۆتۆمبێلەکەم لەگەڵ کاک کامەران شەوقی و کاک دانا کەریمدا فڕاندمن و چووینە سەرشەقام و خۆمان کرد بەلای کاک شێرەی زەڕبداو تێرو پڕ جگەرمان خوارد، دواتر لەچایخانەکەی کاک هونەرو کاک هەرێمی شیخ حسام لەوبەرەوە وێنەیەکیشمان پێکەوە گرت، جارێکی تریش لەگەڵ کاک عەبدولڕەحمان (عەبدول محەمەد)ی هونەرمەندی هاوڕێی هەردووکمان پێش قاوەڵتی هاتینەوە ماڵی خۆمان و سێقۆڵی دامەزراین.
نیوەڕۆی ١٢ی جەنیوەری ٢٠١٥ لەگەڵ ئەوو کاک پشتیوان حەسەن خاوێیدا چوینە ناوەندی ئەندێشەو لەوێ پێشنیاری خوێندنەوەی رۆمانەکانی (عێراقییەک لەپاریس)ی سەمۆئێل شەمعون، (ماڵی نانی)ی کاروان عومەر کاکە سورو (دواهەمین هەناری دونیا)ی بەختیار عەلی، بۆ کردم و کڕیمن! پێشتریش لە ٢٠١٤ ( گرەوی بەختی هەڵاڵە)ی عەتای نەهایی و (میرنامە)ی جان دۆستی ... تاد بۆ هەڵبژاردم. سیناریۆیەکی سەرنجڕاکێشی درێژی خۆی بۆ هێنام، هەستم کرد بەشێکی رەوتی ژیانی رێکخراوەیی و گەنجی خۆیەتی، پێیدا چومەوە، تێبینییەکانی خۆمم بۆ نووسی و گفتوگۆیەکی قوڵمان لەسەر دامەزراند، بۆ (وێنەکانی دوێنی) زۆر جار راوێژی پێدەکردم و منیش هەندێ جار کە پەخشیش تەواو دەبوو خێرا تەلەفۆنێکم بۆ دەکردو بیراوڕای خۆمم پێدەوت، سنگی فراوان بوو، رەخنەی لا ئاسایی بوو و هیچ شتێکی بەکەسیی وەرنەدەگرت.
هەر باسێکم لەگەڵدا کردبێتەوە، ئەو شتێکی هاوشێوەی خۆشتری بەئابوتاب بۆ دەگێڕامەوە و بابەتەکەی دەوڵەمەندتر ئەکرد، حازر قسە بوو، هەرگیز بۆ وەڵام دانەدەما! ئەو رۆژەم بیرە کەهەموو بەشی سینەما لەگەڵ کاک بابەکر دڕەیی بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری نوێ لە کۆبوونەوەدا بوون، من درەنگتر گەیشتمە لایان، بەڵام کاک ئاسۆ جێگەیەکی لەتەنیشت خۆیەوە لەڕیزی دووەم بۆ گل دابومەوە. بەڕێوەبەر لەگەرمەی قسەکردنی جدییدا بوو، کاک ئاسۆ ئاوڕێکی بۆ کاک دانا کەریم دایەوەو پێکەوە کەوتنە دوان و پێیان چوو! بەڕێوەبەر لێی پرسی کاک ئاسۆ چییە؟ لەوەڵامدا وتی ‹وەڵڵا هیچ نییە، ئەوە دانا بوو وتی قەڵەمدایەنت پێیە، منیش وتم نەو پێم نییە!› ئیتر کەسمان خۆمان بۆ نەگیراو دامانە قاقای پێکەنین.
٨ی شوباتی ٢٠١٧ لەبەشی منداڵبوونی شاری پزیشکی فاروق پێکەوە بووینە باپیر، کچەکەی ئێمە لەوەی ئەوان نیو کاتژمێرێک زووتر لەدایکبوو. هەردوو بەرودوا برانە چاودێری و ئێمەش لەجامخانە شوشەبەندەکەوە سەیرمان دەکردن، کە دادەکان خەریکیان بوون و خێرا خێرا پێکمان دەوت داخۆ کچەزاکەی من و کوڕەزاکەی ئەو نەگۆڕڕاون. ئیتر هەر چەند یەکدیمان ببینیایە وێنەی ئەو دوو وەچەیەمان نیشانی یەکدی ئەداو بەراوردمان دەکردن، دواجار وتم کاک ئاسۆ، کارای کچم ئەڵێ ‹تازە هانای کچم ئەوەی ئەوانیش بێ، من نایگۆڕمەوە›، ئەویش وتی ‹بەخوا ئێمەش نارین ناگۆڕینەوە›!
دەمێک بوو عەوداڵی ئەو شیعرە هەجوەی کاک حەمە صدیقی محامی بووم کەساڵی ١٩٧٤ لەوەڵامی شیعرێکی هاوشێوە بۆ کاک شیرکۆ بێکەسی نووسی بوو. رۆژێک بەڕێکەوت لەشەقامی مەولەوی دوای چاخواردنەوەمان لەچایخانەی بادینان، کاک حەمە صدیقمان لەدوکانەکەی کاک شوانی محمود زێوەر بینی و هانماندا تا شیعرەکەی بۆ خوێندینەوە، من لای خۆمەوە دەنگەکەیم تۆمار کرد، کەچی مخابن لەپڕێکدا ئەو تۆمارەم لێ ونبوو.
بێ دەعیەو خاکی بوو، رۆژێک پێکەوە گەیشتینە بازاڕی زێوەر، سڵاوو چاکوچۆنییەکانی تەواو نەدەبوون. نەبوو نەیناسێ، لەگەڵ زۆرینەش هەروا بوو. بەتەنگەوەهاتوو و دوڕناس بوو، دڵسۆزێکی بێ وێنەی ئەرشیفی شار بوو، لەمن پەرۆشتری زانیاری بوو لەسەر ٩ی حوزەیرانی ١٩٦٣، وازی لێنەدەهێنام و بۆ بەرنامەیەک و دوانی تریش لەسەر ئەو کارەساتە و سلێمانی داوەتی دەکردم. لەناو بازاڕیش گەر بەسەرپێیش یەکدیمان ببینایە باسێکی تەڕو بڕی دەهێنایە گۆڕێ، دواجار لەبەردەم گەراجی یانەی سیرواندا یەکدیمان بینی و داوای پێشەکییەکی ئینگلیزی بۆ پەڕتوکەکەی لێکردم وتم بەچاوان، دەنگی نەما، بەڵام کۆمەڵێک وێنەی ناوێزەی خێزانیم بۆ هەمان مەبەست رادەست کردو ئەویش زۆر سەرڕاستانە بەماوەیەکی کورت بەجوانی لە دووتوێی زەرفێکی قەشەندا گەڕاندنییەوە.
خوا خوای بوو ئیشێکم تێی بکەوێ، بۆم جێبەجێ بکا. ویستی (کوردسات) لەبەرهەمهێنانی فیلمەکەمدا لەسەر شارو شۆڕش یارمەتم بدات، بەڵام داخەکەم هەوڵەکەی بێهودە دەرچوو.
کاک ئاسۆ ئاشقێکی زۆر گەورەی سلێمانی و مێژوو و کلتوورەکەی بوو، زۆر نهێنی شاری دەزانی و بیستبوو، چی لەڕابردووی سلێمانیدا گوزەراوەو دەگوزەرێ، تەنانەت کاتی خۆی کێ و کێ بەتەمای یەکدی بوون و بۆیان رێکنەکەوتوە؟! شێرکۆی بەباشی دەناسی و هەموو (نووسین بەئاوی خۆڵەمێش)ی لەبیر بوو، بەر لەوەی خۆم بەخۆم بزانم منیشی تێدا دۆزیبووەوە! باسی بنەماڵەی غەواس، مەرقەدی شێخی سەرنەگیراوو گردی کاسەو کەوچکی ئەزانی کەهەرگیز قەدیمییەکانیش ئەوانەیان لەبیر نەمابوو، تاکۆتاش هەر لەوێکانی گیرسایەوە .
کاکە ئاسۆ من هەرچەند سەیری وێنەکانی دوێنێمان دەکەمەوە، هەست دەکەم تۆ منت بەشار ئاشنا کردەوەو خزمەتێکی زۆرت کردم. لەپێشتر خۆشم دەوێیت و بیرت دەکەم، ئەی هاوڕێ دانسقە دڵسۆزو درەنگ وەختەکەم!
دیسەمبەری ٢٠٢٠