مەکگۆرک؛ ئەو پیاوەی تورکیا پێی نیگەرانە، دەگەڕێتەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

3 ساڵ لەمەوپێش



  سامان مەجید

برێت مەکگۆرگ  نوێنەری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش پۆستێکی نوێ لەئیدارەی جۆبایدن وەردەگرێت کەتایبەتە بەئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لەکاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ئەمەش دیسانەوە ئەو کارەکتەرەی هێنایەوە بەرباس کە زیاتر لەچوار ساڵ لەگەڵ کورددا لەپرسی شەڕی داعشدا لەپەیوەندیی توندوتۆڵدا بووە.

برێت مەکگۆرک کەسێکی مەیدانی بوو، چەندین جار سەردانی هەولێرو سلێمانی و قامیشلۆو رەققەو چەندین ناوچەی تری کردووە بۆهێزکردنی شەڕی دژ بەداعش، بەتایبەتی پەیوەندییەکی توندوتۆڵی هەبوو لەگەڵ کوردانی رۆژئاڤای کوردستان، ئەوەش بووە هۆی نیگەرانی تورکیا.

برێت مهکگۆرگ لهساڵی 1973 لهبیتسبێرگی ویلایهتی پنسلڤانیا لهدایکبووه، لەکابینەکانی بوش و ئۆباماو ترەمپدا پۆستی پێدراوە، ساڵی 1991 کۆلێژی یاسای لهزانکۆی کۆڵۆمبیا تهواوکردووهو ساڵی 1999ش لهههمان زانکۆ بووهته مامۆستا و وانهی وتووهتهوه.

مەکگۆرک دیپلۆماسییەکی دیارو شارەزای ئەمریکایە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لەدۆسیەی عێراق، سوریاو ئەفغانستان کاریکردووە کەسایەتییەکی دیپلۆماتکارو ئاکادیمییە و بەشی یاسای تەواو کردووە.

مەکگۆرگ بایەخی بەنیگەرانییەکی تورکیا نەدەدا لەسەر رۆژئاڤا

لەسەرەتای ساڵی 2016 و وەک بەشێک لەهەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، مهکگۆرگ سەردانی بەرپرسانی رۆژئاڤای کوردستانی کردو لەوکاتەشەوە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ سەرکردەکانی رۆژئاڤا هەبوو، بۆچوونەکانی ئەو لەواشنتن بووەهۆی دروستکردنی ئەڵقەیەکی پەیوەندی هاوکاری سەربازیی، لۆجستی و تائاستێکی کەمتریش پەیوەندی دیپلۆماسیی نێوان ئەمریکا و ئیدارەی خۆسەری کە بەکۆتاییهێنان بەداعش لەباکوری سوریاو دروستکردنی پشتێنەیەکی ئارام لەو ناوچەیەدا کۆتاییهات.

لەماوەی کارکردنیدا مەکگۆرک لەچوارچیوەی پلانی رووبەڕووبوونەوەی داعش، هاوکاری کوردانی رۆژئاڤای کرد، ئەوەش بووە هۆی نیگەرانی تورکیا، لەو ماوەیەدا چەند پەرلەمانتارو پارێزەرێک لەتورکیا، داوایان لەدادگای باڵای ئەو وڵاتە کرد، برێت مەکگۆرک نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ شەڕی داعش، دەستگیربکرێت، بەھۆی ئەوەی یارمەتی ھێزەکانی یەپەگەی داوەو بۆتە هۆی مەترسی لەسەر ئاسایشی تورکیا.

ئەو کەسانە داوایان کردبوو لەئەگەری نزیکبوونەوەو بینینی مەکگۆرک لەخاڵە سنورییەکانی نێوان تورکیا-عێراق، تورکیا-سوریا، دەستبەجێ دەستگیربکرێت، بە تۆمەتی ئەنجامدانی یاری مەترسیدار بەدەستکەوت و سەروەرییەکانی تورکیاوە.

بەپێی یاداشتەکە، برێت مەکگۆرکـ، چەکی داوە بەیەکینەکانی پاراستنی گەل و راھێنانی پێکردوون ئەوەشیان وەکو مەترسی لەسەر «سەقامگیری ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا» ناوبردبوو.

پێشتر چەندجارێک تورکیا رەخنەی لەئەمەریکا گرتبوو، بەھۆی ھاوکاری ئەو وڵاتە بۆ شەڕڤانانی ھێزەکانی سوریای دیموکرات و چەندجارێک بەرپرسانی ئەو وڵاتە مەکگۆرکیان تۆمەتبارکردووە.

بەڵام لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩ ئەردۆغان و ترەمپ رێککەوتن کە هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژاوای کلوردستان بکێشێتەوەو دواتر تورکیا دەستی گرت بەسەر چەند شارۆچیەکەی سنوویدا، ئەوەش نیگەرانی مەکگۆرکی لێکەوتوەوە دەستی لەکارکێشایەوە.

برێت مەکگۆرک پێش رێکەوتنەکەی ترەمپ و ئەردۆغان وردەکاری پلانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە سوریا ئاشکراکرد و وتی «ئەوە ههڵهیهکی کوشندهیه، دوژمنانی واشنتن ئهو بۆشاییه پڕدهکهنهوه که دوای کشانهوهی هێزهکانی ئهمهریکا درووست دهبێت».

ئامبەرین زەمان، کە کچە رۆژنامەنووسێکی تورکە لەمیانی بابەتێکدا لە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر بڵاویکردەوە لەسەربەندی ناکۆکیەکانی نێوان تورکیاو برێت مەکگۆرگ، ئاماژەیکردبوو رۆژنامەیەکی لایەنگری حکومەتی تورکیا مەکگۆرک-ی بە «بکوژ» وەسفکردووە.

ئاماژەی بەوەش کردبوو شاراوە نییە کە تورکیا توڕەیە لە هاوپەیمانێتی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و سەردانە ئاشکراکانی مەکگۆرگ بۆ شارەکانی ناوچە کوردییەکان، کە لەوێ لەگەڵ فەرماندەکانی یەپەگە کۆدەبێتەوە کە باوەڕدەکرێت ئەوان وەکو بەشێک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستیان کردبێت بەشەڕکردن لەدژی تورکیا.

ئاماژەشی کردبوو تورکیا وا خەیاڵ دەکات کە ئەمەریکا و مەکگۆرگ بناغەی دەوڵەتی کوردی لە سوریا دادەمەزرێنن.

هەروەها وتبووی «بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە سیاسەتی ئەمەریکا بریتیە لە شکستپێهێنانی داعش و یەپەگەش باشترین هاوبەشی ئەمەریکایە بۆ جێبەجێکردنی ئەو کارە».

مەکگۆرک و نەوشیروان مستەفا

سلێمان عەبدوڵا یونس، نوسەر و رۆژنامەنوس دەگێڕێتەوە ساڵی 2017 ئەو ماوەیەی کە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا  کرا و دۆناڵد ترەمپ و کۆمارییەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، لە نوسێنێکدا کە پیشتر بڵاویکردۆتەوە دەڵێت «کاک نەوشیروان لەلەندەن بوو، لە یەکێک لە سەردانەکانمدا بۆ لای پرسیارێکی کرد لام سەیر بوو، زۆر بە پەرۆشەوە لێی پرسیم و داوایکرد کە لە ڕێگەی دکتۆر، بەرهەمەوە پرسیاری بۆبکەم ئایا برێت مەکگۆرک نوێنەری تایبەتی سەرۆک ئۆباما بۆ شەری داعش له پۆستەکەی دەمێنێتەوە یا دەگۆڕدرێت».

لە کاک نەوشیروانم پرسی، ئەو پرسیارەت بۆ چییە؟ جارێ حەز دەکەی بمێنێتەوە یا حەز دەکەی بگۆڕێت ؟

سلێمان عەبدوڵا یونس دەڵێت «منیش لە کاک نەوشیروانم پرسی، ئەو پرسیارەت بۆ چیە؟ جارێ حەز دەکەی بمێنێتەوە یا حەز دەکەی بگۆڕێت ؟ کاک نەوشیروان وتی بێگومان حەز دەکەم نەگۆڕێ و بمێنێتەوە، منیش وتم باشە بۆچی کاک نەوشیروان خۆ ئەو پیاوە زۆر دژی تۆ و گۆڕانە، لەکێشەی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم هەڵوێستی دژی ئێوە بوو، لەوەڵامدا کاک نەوشیروان وتی گرنگ نیە هەڵوێستی لەسەر خودی من یا گۆڕان چیە و چۆنە، بەڵام مەکگۆرک پەیوەندی لەگەڵ رۆژئاڤای کوردستان زۆر باشەو مانەوەی ئەو بۆ ئەزموونی کانتۆنەکان و رۆژئاڤا سودی زۆر دەبێ ، بۆیە خۆزگە نەئەگۆڕدرا».

سلێمان عەبدوڵا یونس دەڵێت: «کاک نەوشیروان وتی گرنگ نییە هەڵوێستی لەسەر خودی من یا گۆڕان چییە و چۆنە، بەڵام مانەوەی مەکگۆرک بۆ ئەزموونی کانتۆنەکان و رۆژئاڤا سوودی زۆر دەبێت».

کاری نوێی مەکگۆرگ  

جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا هەینی رابردوو برێت مەکگۆرکی وەکو رێکخەری کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لەئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی دیاریکرد.

کاری سەرەکیی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی هاوکاریکردن و پێدانی ئامۆژگارییە بەسەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە، هاوکات رێکخستنی ئەو سیاسەتانەیە لەنێو دامەزراوەکانی حکومەتدا.

برێت مەکگۆرک و ئەندامانی دیکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی لەژێر فەرمانی جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی «هاوکاریی سەرۆکی ئەمریکاو جێگرەکەی دەکەن بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا».

سولیڤان لەئیدارەی ئۆباما لە 2013 تاوەکو 2014 راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بوو، هەروەها لە 2011 تاوەکو 2013 بەڕێوەبەری پلانی سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بوو.

جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لەبارەی کارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، «رۆڵێکی گرنگ دەبینن لەپاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی وڵاتەکەمان».

برێت مەکگۆرک لەتویتێکدا لەبارەی پێدانی ئەو پۆستە پێی، دەڵێت، لەدەیەی رابردوودا لەگەڵ جۆ بایدن خزمەتی کردووە و «ئەو سەرکردەیەکە کە لەم دۆخە هەستیارەی مێژوودا پێویستمانە».

مەکگۆرک و هەرێمی کوردستان

برێت مەکگۆرک رۆڵی هەبووە لەپێدانی چەک بەهێزەکانی پێشمەرگە بۆ شەڕی داعش، بەڵام پشتیگریی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی نەکرد.

بەڵام لەدوای ریفراندۆم و رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، برێت مەکگۆرک رایدەگەیاند وڵاتەکەی پشتیوانی لەحکومەتێکی بەهێز لەهەرێمی کوردستان دەکات.

مەکگۆرک لەتویتێکدا لەهەژماری فەرمیی خۆی لەتویتەر لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێرو بەغدا وتی «ویلایەتە یەکگرتووەکان ... بەشدارییەکی چالاکانەی کردووە بۆ کردنەوەی دیالۆگێکی نوێ و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بەشێوەیەکی ئاشتییانە بەپێی دەستوری عیراق».

دوای وازهێنانی مەسعود بارزانی لەپۆستی سەرۆکی هەرێم لەتویتێکی تردا وتی «ستایشی بڕیارە مێژووییەکەی بارزانی دەکەین و بەشێوەیەکی چالاکانە لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و جێگرەکەی قوباد تاڵەبانی کاردەکەین».

ئەوەش دوای ئەوە هات پەرلەمانی کوردستان یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی پەسەندکرد، دوای ئەوەی مەسعود بارزانی نامەیەکی ئاراستەکردن و رایگەیاند لەدوای 1ی تشرینی دووەم لەپۆستەکەی بەردەوام نابێت.

مەکگۆرک هەروەها لەتویتەکەیدا وتبووی «ویلایەتە یەکگرتووەکان پاڵپشتی حکومەتێکی بەهێز لەهەرێمی کوردستان دەکات لەعێراقێکی یەکگرتوو و فیدراڵدا».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار