بـــــەهـــــــا و وڵات
4 ساڵ لەمەوپێش
سوارە محەمەد
لەوڵاتەکەماندا هەوڵێک هەیە بۆ دروستکردنی تێزو تێگەیشتنی «بێ بەهاکردن»، کورد و کوردستانی مرۆڤی وەفادارو قەدرزانن، چاکی و بەهای هەموو شتێک دەزانن، چونکە لەجوگرافیایەکی سەخت و هەلومەرجێکی دژواردا دەژین، دەزانن هیچ شتێک لەخۆییەوە دروست نابێت، بەتایبەتیش گەلەکەمان لەباشووری وڵات بەبەهاکانی خۆیەوە پەیوەستە، وەک گەورەکانمان وتوویانە «بەعارەقەى ناوچاوانی خۆیان دەژین». ئەوە راستی و تایبەتمەندیی گەلەکەمانە، بەدرێژایی مێژوو گەلی کورد لەبەرامبەر زوڵم و زۆرداریدا سەری خۆی دانەنەواندووە و هەرگیز گەل چاوی لەدەستی هیچ کەسێک نەبووە، نە بەمنەتەوە دەژیان و نە مشەخۆر بوون. لەجەوهەری خۆیاندا کورد گەلێکی پۆلەتیک و سیاسین، لەبەر ئەوەش بۆ ئەوەى درێژە بەژیانی خۆیان بدەن، دەزانن چۆن و چی بکەن، دەزانن چی بکەن، لەبەر ئەوەش پۆلەتیکن. دەزانن بەپێی کام بەهاو نرخ، پێوەرو بنەما بجوڵێنەوە، لەبەر ئەوەش کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقییە، ئەوانە نرخ و بەهای زۆر هێژان و بەو کولتورو رۆشنبیری و پەروەردەیە نەوەی نوێ پێشدەخرێت، مرۆڤ بەو تایبەتمەندییانە دەبێتە مرۆڤ.
نەهیلیزم (پووچگەرایی)، یان لەمانایەکی راشکاوو بێ پەردەدا «هیچ پارێزی» بەتەواوی لەدژی ئەو کولتورو رۆشنبیری و هۆشمەندییەیە. یان وەک ئەوەى هەندێک لەگەنجانی باشوور دەڵێن، هەموو شتێکە «فشەیە». یانی پووچ و ڤاڵایە، بێ بەهاو بێ نرخە، هیچ شتێک واتای نییە. باشە، گەنجانی ئەم گەلە، کە ئەو هەموو قەدەرو بەهایە دەزانێت و واتا بەهەموو شتێک دەدات، بۆ «هەموو شتێک بەفشە» دەزانێت. ئەوەى ئێمە دەمانەوێت بیڵێین ئەوەیە؛ ئەو تێگەیشتنە، یان ئەو بێ بەهاکردنە دروستکراوە!. پێش هەموو شتێک وەک هەڵوێستێکی وڵاتپارێزی و مرۆڤە خاوەن هۆش و عەقڵ و ئەخلاقەکان، دەبێت ئێمە بڵێین، «هیچ شتێک فشە نییە» ئەوانەى لەمێشکی ئێمەدا «فشەیزم» دروست دەکەن و دەیچێنن، دڵۆپ دڵۆپ و هەنگاو بەهەنگاو بەهاو خوێنی ئێمە دەمژن، وڵاتەکەمان تاڵان دەکەن.
ئەوە روون و ئاشکرایە، لەمێژووی سیستمی باشووری کوردستاندا و لەکەسایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، هەموو کات لەبەرامبەر سێ بەشەکەی تری کوردستاندا بەکارهێنراوە، وەک رۆژگاری ئەمڕۆمان. رۆژ هات و لەدژی ئازادی و سەربەخۆیی رۆژهەڵات وەستایەوەو بەکارهێنرا، رۆژ هات لە رۆژئاوا و لەباکوور بە بەردەوامی هەمان ئەو دژایەتییەى دووبارە کردەوە. راستە ئەو سیستمە هەموو کات و بەبەردەوامی بەناوی کورد و کوردستانەوە لەدژی پارچەکانی تر بەکارهێنراوە، ئەوە قسەیەکی راستە، بەڵام کەمە، چونکە ئەو سیستمە بێکەڵکە لەبنەڕەتدا زۆرترین دژایەتیی بەرامبەر بەخودی باشووری کوردستان بووەو لەدژی گەلەکەمان لەباشووردا بەکارهێنراوە، یانی ئەو سیستمە لەبەرامبەر هەموو کوردستان و لە بەرزترین ئاستدا بەکارهێنراوە، کە سەرەتا و لەبنەڕەتدا لەدژی خودی باشووری کوردستان بەکارهێنراوە.
ئێستا هاووڵاتیانی بەشەکانی تری کوردستانمان کۆمەڵگەى باشوور بەخاوەنی شانس و دەرفەتی ژیان، مرۆڤبوون، کۆمەڵگە بوون و ئابووری دەبینین و بەئازادی دەزانن، بەڵام لە راستیدا هەرگیز وا نییە، گرنگترین و بنەڕەتیترین شت بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگە چییە؟ بێگومان هیوایە، ئەگەر هیوا نەبێت تۆ ناتوانیت لەسەر ئەم خاکە هیچ شتێک بچێنیت. لەبەر ئەوە رێبەر ئاپۆ وتوویەتی، «هیوا لەسەرکەوتن بەهادارترە». سەیر بکەن هەموو هێرش و کۆمەڵکوژیی داگیرکەران و زوڵمەکانیان بۆ کوشتنی هیوایە، ئەگەر هیوا بشکێت ئەوا داگیرکەر و زاڵمەکان زەقە زەقە سەردەکەون و هەموو کۆمەڵگە و کولتور بەتاڵان دەڕوات، لەو کاتەدا ئەنجامەکە بەکوێ دەگات؟ لەناوچوون، مردن. بەڵام ئەگەر هیوا هەبێت زوو یان درەنگ ئازادیش شین دەبێت و گەشە دەکات.
بۆ ئێمە ئەو باسەمان کردەوە، چونکە ئێستا باشووری کوردستان لەناو هەر چوار پارچەکانى تری کوردستاندا زیاتر لەهەموو پارچەکان بێهیوا کراوە، ئێوە بڵێن، بەڵام ئەوان خۆیان خۆیان بەڕێوەدەبەن، دەسەڵاتی تورک، عەرەب، یان فارس نییە، بەڵکو کورد بۆ خۆیەتی! هەر خۆی ئەوە یەکێکە لەکێشە زۆر سەرەکی و بنەڕەتییەکان، کە گەورەترین مەترسی بۆ سەر هەموو کوردستان دروستدەکات، لەمێژووی نزیکدا گەلەکەمان لەباشووری کوردستان زۆرترین جار کراوەتە ئامانج و قوربانیی زۆر گەورەی داوە. هێشتا لەزۆر شوێنی باشووردا گۆڕی بەکۆمەڵ دەدۆزرێتەوە، ئەگەر گەلێکی ئەوەندە وڵاتپارێزو فیداکار سەرباری کیمیاباران، ئەنفال، کۆمەڵکوژی، ئاوارەیی، برسیبوون هیوای بۆ ئازادی و بۆ داهاتوو لەدەست نەدابوو، چۆن دەبێت و چۆن ئەوە روویداوە، کە لەژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کەوتبێتە ئەم دۆخ و حاڵەوە؟
رێککەوتنی نهێنی و شاراوەی (٥٠) ساڵە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرو چەوسێنەر، پاکتاوکار و فاشیستدا ئەنجام دراوە، تەنانەت دەوترێت یەکێک لەخاڵە سەرەکییەکانی ئەو رێککەوتنە بۆ بەرەنگاربوونەوەو لەناوبردنی بزووتنەوەى ئازادیی کوردستانە، ئێمە ئەو شێوازە لەبەرهەمهێنان و ئابووری بە راست و دروست نازانین، چونکە لەوڵاتانی جیهاندا کاتێک نەوت دەدۆزرێتەوە، هیچ نەبێت دەسەڵاتی ئەو شوێنانە هەوڵدەدەن لانیکەمی دەوڵەمەندی و ئارامی بۆ گەلەکەیان دابین بکەن، پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان بۆ هاووڵاتییەکانیان دابین دەکەن، سەدامی دیکتاتۆریش تەنانەت تاوەکو ئاستێک ئەوەی دەکرد، بەڵام دەوڵەمەندیی باشوور دەڕواتە گیرفانی بنەماڵەیەک و لەناو بنەماڵەیەکیشدا بۆ چەند کەسی سەرەکی دەڕوات.
گەلە شکۆمەندەکەمان، کە بە رەنج و عارەقەى ناوچاوانی خۆی دەژیا لەژێر ناوی مووچەدا فێری بەتاڵی، بێکاری و «سواڵکردنی فەرمی» کرا. هێزی سەرەکیی کۆمەڵگە بەرهەمهێنان، رەنج، بەهاو خۆڕێکخستنکردنە. ئێمە ئەگەر وردبینەوەو بەسەرنجەوە بڕوانین، نزیکەى (٣٠) ساڵە بەشێوەیەکی سیستماتیک و بەرنامە بۆ دانراو هێرش دەکرێتەسەر هەموو ئەو بناغانەى کۆمەڵگە. کاتێک لەکۆمەڵگەدا هەندێک کەس بیانەوێت وەکو ئەوەى لە مێژوو و لەکۆمەڵگەدا هەبووە، بەبەرهەمهێنان و رەنجی خۆیان پێداویستیی خۆیان دابین بکەن، بەهۆی داگیرکەریی ئابووری و تاڵانی، کە بەهاوکاریی دەسەڵات دەستی بەسەر بازاڕی وڵاتدا گرتووە، ئەوانەی کاری کشتوکاڵ دەکەن زەرەرمەند دەبن و کارو رەنجیان بەفیڕۆ دەڕوات، چونکە ئەو هێزە پاوانخوازە بۆ بەروبوومی هاووڵاتییان نرخێکی زۆر کەم دادەنێن و لەو رێگەیەوە زیان بەهاووڵاتیانی بەرهەمهێن دەگەیەنن، یانی بەو شێوەیە لەبەرهەمهێنان لەسەر زەوییەکەى خۆی دووری دەخەنەوە، بەو شێوەیە هەم بەرهەمی خۆماڵی، کەزۆر باش و تەندروستە لەسەر زەوییەکانیاندا دەبێتە زیان و هەم گەلەکەمان ناتوانێت پێداویستیی خۆی دابین بکات و ئابووری خۆی بەردەوامی پێبدات و بەهێزی بکات، یانی هەروەک ئەوەی، کە مەعنەویات بێ بەهاو بێ نرخ دەکەن، مادیات (بەرهەمی خۆماڵی) بێ نرخ و بێ بەها دەکەن، بۆیە لەئەنجامدا گەنجان و زەحمەتکێشانی بێکارو بێ رەنج دەکرێن و بەوەش کۆمەڵگەیەک دروست دەبێت، لەژێر مەترسیی هەموو جۆرە تاڵانی، داگیرکەری و دادۆشین و چەوسانەوەدا دەبێت، لەو کاتەدا پێوەرەکانی وڵاتپارێزی بۆ راستکردنەوەى ئەو هەڵانە دەستپێدەکات، ئەگەرنا لەناو دەچین و وڵاتەکەمان دەبێتە سەروێنلکی خوێنخۆران و فاشیستەکان، ئێمەش دەبینە ئامێری داگیرکەری، چەوسانەوە و پاکتاوکردن.
کەواتە ئەو پارچەیەی زۆرترین رێکخستن و تێکۆشانی دەوێت، باشوور و گەلەکەمانە لە باشووردا، بۆ شۆڕشگێڕانی ئەم گەلە باشترین و گونجاوترین گۆڕەپان، گۆڕەپانی باشووری کوردستانە، لەم پارچەیەدا زۆرترین کاری پەروەردەکردن بۆ دروستکردنی کەسایەتیی کوردی ئازاد پێویستە، دکتۆر سیروان و دیار غەریب پێویستن.