سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان سه‌رۆکى ئینستیتیۆتى په‌ى بۆ هاوڵاتى
حکومه‌تى هه‌رێم په‌رله‌مان ئاراسته ده‌کات.... زۆربه‌ى په‌رله‌مانتاران ئه‌داى خۆیان جێبه‌جێ ناکه‌ن
4 ساڵ لەمەوپێش
سازدانى: سه‌رچین ساڵح
سه‌رۆکى ئینستیتیۆتى په‌ى بۆ په‌روه‌رده‌و گه‌شه‌پێدان ئاماژه به‌خراپى ئه‌داى کارى په‌رله‌مانى کوردستان و په‌رله‌مانتاران ده‌کات و ده‌ڵێت:» ئه‌ندامى په‌رله‌مان هه‌یه نه‌یزانیوه پرسیار بکات، پرسیارى بۆ وه‌زیرى گشتوکاڵ ناردووه کهفڵانه گه‌ڕه‌ک بۆ ئاوى نییه، له‌کاتێکدا ئه‌وه ئیشى وه‌زیرى شاره‌وانییه نه‌ک وه‌زیرى کشتوکاڵ«.
سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان، سه‌رۆکى ئینستیتیۆتى په‌ى بۆ په‌روه‌رده‌و گه‌شه‌پێدان، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ باس له‌وه ده‌کات، ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مان خراپترین و لاوازترین خولى په‌رله‌مانه‌و ئه‌و یاسایانه‌ى په‌رله‌مان ده‌ریکردوون کێشه‌ى گه‌وره‌ى تێدایه.
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت:» خراپى ئه‌داى په‌رله‌مان وایکردووه حکومه‌ت به‌چاوێکى تر سه‌یرى په‌رله‌مان بکات، له‌برى ئه‌وه‌ى په‌رله‌مان حکومه‌ت ئاراسته بکات، حکومه‌ت په‌رله‌مان ئاراسته‌ده‌کات».
هاوڵاتى : چه‌ند ساڵه وه‌ک ئینستیتیۆتى په‌ى چاودێرى په‌رله‌مان و کاره‌کانى په‌رله‌مانتاران ده‌که‌ن؟
د.سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان: زیاتر له‌حه‌وت ساڵه رێکخراوه‌که‌مان دامه‌زراوه، به‌پێى په‌یڕه‌و چاودێرى چه‌ند شوێنێک ده‌که‌ین، یه‌کێک له‌و شوێنانه په‌رله‌مانى کوردستانه، یه‌کێکى تریان وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌یه، ئه‌ویتریان وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵایه، له‌سه‌ر ئه‌م سێ شوێنه به‌رده‌وام چاودێریمان کردووه‌و راپۆرتى وردمان هه‌بووه، چه‌ندین وۆرکشۆپ و کۆنفرانسیشمان هه‌بووه، جگه‌له‌وه‌ش چاودێریى ههڵبژاردنهکانیشمان کردووه‌و چه‌ندین راپۆرتمان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌کان هه‌بووه، پرۆژه‌یه‌کى تریشمان هه‌یه کهچاودێریى ده‌سته سه‌ربه‌خۆکان ده‌که‌ین، له‌ئێستادا راپۆرتێکمان له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستانه ئاماده‌یه‌و (25)ی ئه‌م مانگه بڵاوى ده‌که‌ینه‌وه.
هاوڵاتى : زۆرجار ده‌وترێت ئه‌وه‌ى رووده‌دات حکومه‌ت لێى به‌رپرسه به‌ڵام ئێوه چاودێرى په‌رله‌مان ده‌که‌ن، ئه‌مه بۆ؟
د.سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان: ئێمه سروشتى ئیشه‌که‌مان وایه، ئه‌مه وه‌ک به‌شێک له‌پرۆژه‌ى رێکخراوه‌که‌مان کهچاودێریى په‌رله‌مانمان کردووه، ئه‌وه‌ى رووده‌دات کۆى داموده‌زگاکان و ده‌سه‌ڵاته‌کان و حزبه‌کان به‌رپرسن، به‌ڵام له‌وڵاتێکى به‌دامه‌زراوه‌ى مه‌ده‌نیدا ئه‌گه‌ر بێت‌و ئیشوکاره‌کان رێچکه‌ى خۆى بگرێت بێگومان به‌وه ده‌بێت کهپهرلهمانێکى باش هه‌بێت، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان به‌پێى پرنسیپه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان بجوڵێته‌وه ئه‌وکاته حکومه‌تیش حکومه‌تێکى باش ده‌بێت، به‌داخه‌وه لێره په‌رله‌مان نه‌یتوانیوه به‌و ئه‌رکه هه‌ڵسێت، بۆیه چاودێریمان له‌سه‌ر په‌رله‌مانه.
هاوڵاتى : ئایا په‌رله‌مانى کوردستان هاوکارى و کارئاسانیتان بۆ ده‌کات یان رێگرى لهتیمهکانتان ده‌که‌ن بۆ چاودێریکردنى کاره‌کانیان؟
د.سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان: حه‌وت ساڵه چاودێریى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌که‌ین، له‌خولى چواره‌مى په‌رله‌ماندا سه‌ره‌تا رێگریمان لێکراو دواتر رێگه‌مان پێدرا، دواى ئه‌وه‌ى راپۆرتێکمان له‌سه‌ر رێگریکردن له د.یوسف محه‌مه‌د بڵاوکرده‌وه له‌لایه‌ن جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانه‌وه رێگریمان لێ‌کرا، له‌م خوله‌دا دیسان رێگریمان لێده‌کرێت رێگه‌نادرێت تیمه‌کانمان بچنه نێو په‌رله‌مانه‌وه، له‌کاتێکدا به‌پێى یاساى ژماره یه‌کى ساڵى 2011 فه‌رمانگه‌ى رێکخراوه‌کان ئێمه رێکخراوێکى مۆڵه‌ت پێدراوین و پێویسته رێگه‌مان پێبدرێت، به‌پێى یاساى مافى به‌ده‌ستهێنانى زانیارى پێویسته زانیاریمان پێبدرێت، به‌پێى بڕیارى ژماره 5ى ساڵى 2013ى په‌یماننامه‌ى کارى هاوبه‌شى رێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى و داموده‌زگا گشتییه‌کان پێویسته رێگه‌مان پێبدرێت، به‌ڵام ئه‌م یاسا‌و بڕیارانه پێشێلکراون و هیچ داتایه‌کمان پێناده‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ى په‌رله‌مان نایه‌وێت ئه‌م راستییانه بۆ خه‌ڵک ئاشکرا بکرێت، له‌کاتێکدا ئامانجى ئێمه بوونى په‌رله‌مانێکى کارایه، به‌ڵام رێگه‌نادرێت راپۆرته‌کانمان بچێته نێو په‌رله‌مان.
هاوڵاتى : واته په‌رله‌مان رێگه‌نادات چاودێرییان بکه‌ن؟
د.سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان: به‌فه‌رمى پێیان وتووین، نووسراویش هه‌یه که‌ده‌ڵێت، ئێمه به‌رزترین ده‌زگاین و هیچ که‌سێک بۆى نییه چاودێرییمان بکات.
هاوڵاتى : ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مان به‌راورد بهخولهکانى تر چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟
د.سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان: به‌داخه‌وه ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مان به‌راورد بهخولهکانى تر لاوازترین خوله، له‌ڕووى ئه‌وه‌ى که‌مترین کۆبوونه‌وه‌ى کردووه‌و که‌مترین یاساى ده‌رکردووه، کوالێتى یاساکانى خراپه‌و پڕ که‌موکوڕیین، هیچ چاودێرییه‌کى حکومه‌ت و هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌کى نه‌کردووه، له‌کاتێکدا ئه‌و هه‌موو گیروگرفته هه‌یه، په‌رله‌مان به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ده‌ستى بۆ بودجه نه‌بردوه‌و داواى له‌حکومه‌ت نه‌کردووه، نه‌ک داواى پرۆژه بودجه‌ى نه‌کردووه، به‌ڵکو داواى ژمێره‌ى کۆتایى نه‌کردووه تابزانێت داهات چۆن خه‌رجکراوه.
مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران دواده‌که‌وێت و ده‌بڕێت به‌نایاسایى، نه‌یتوانیوه لێپێچینه‌وه بکات، ئه‌و هه‌موو گرفته‌ى نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌یه هیچ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌کى نه‌بووه، به‌پێى یاسا په‌رله‌مان ده‌بێت حکومه‌ت ئاراسته‌بکات و لێی بپرسێته‌وه‌و چاودێربێت به‌سه‌ریه‌وه، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه حکومه‌ت په‌رله‌مان ئاراسته ده‌کات.
هاوڵاتى : هۆکارى لاوازیى په‌رله‌مان ئه‌ندامانى په‌رله‌مانن یادهستهى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان؟
د.سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان: هۆکارى سه‌ره‌کى حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانن نایانه‌وێت په‌رله‌مانێکى به‌ده‌سه‌ڵات هه‌بێت، بۆیه که‌سانى لاواز ده‌نێرنه په‌رله‌مان، که‌سانى لاوازیش لهسهرۆکاتى په‌رله‌مان داده‌نێن و ئه‌وانیش ناتوانن به‌بێ حزبه‌کانیان په‌نجه به‌ئاودا بکه‌ن، ئه‌مه شۆڕبووه‌ته‌وه بۆ ئه‌ندامانیش، به‌داخه‌وه ئه‌ندامانى په‌رله‌مان زۆرینه‌یان ئه‌وه‌نده‌ى وه‌ک رۆژنامه‌نووسێک ئیش ده‌که‌ن وه‌ک په‌رله‌مانتار ئیش ناکه‌ن.
هاوڵاتى : ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ى ئه‌رکى خۆیان وه‌ک په‌رله‌مانتار جێبه‌جێ ناکه‌ن ژماره‌که‌یان زۆره له‌وانه‌ى کهچالاکن؟
د.سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان: له‌و (111) ئه‌ندام په‌رله‌مانه سێى لێده‌ربهێنیت که‌ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تین، له‌و (108) ئه‌ندامه‌ى تر‌ى ژماره‌ى ئه‌وانه‌ى که به‌فعلى به‌ڕۆڵى خۆیان هه‌ڵساون له‌په‌نجه‌کانى ده‌ست تێناپه‌ڕن، ئه‌ندامى په‌رله‌مان پێویسته له‌کاتى کۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌کان و له‌گفتوگۆى یاساکاندا به‌شداربێت که‌وه‌ک پێویست نه‌بوون.
پێویستە کارابێت له نووسینه‌وه‌ى راپۆرت له‌سه‌ر پرۆژه یاساکان، له‌کاتێکدا زۆرترین راپۆرت نه‌نووسراوه که‌پێویست بووه بنووسرێت، ئاماده‌نه‌بوونیان زۆره به‌پێى داتاکانمان له‌کۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌کان، پێویسته ئه‌ندامى په‌رله‌مان له‌دانیشتنه‌کاندا به‌پێى پسپۆڕى قسه بکات، به‌ڵام هه‌ندێکیان هیچ قسه ناکه‌ن، هه‌ندێکیان له‌هه‌موو شتێکدا قسه ده‌که‌ن، به‌هه‌ستکردن به‌به‌رپرسیارێتییه‌وه ده‌نگ بدات ئه‌مه‌شیان نه‌بووه، لهچاودێریکردندا وه‌ک پێویست نه‌بوون، له‌م خوله‌دا دووجار داواى پرساندنى حکومه‌ت کراوه ئه‌وانیش ئاماده‌نه‌بوون بچنه په‌رله‌مان، ئه‌ندامى په‌رله‌مان هه‌یه نه‌یزانیوه پرسیار بکات، بۆ نموونه یه‌کێک له‌ئه‌ندامانى په‌رله‌مان پرسیارێکى ناردووه بۆ وه‌زیرى کشتوکاڵ پرسیارى کردووه بۆچى فڵانه گه‌ڕه‌ک ئاوى خواردنه‌وه‌ى نیه، له‌کاتێکدا نه‌بوونى ئاو په‌یوه‌ندى به‌وه‌زیرى کشتوکاڵه‌وه نییه‌و په‌یوه‌ندى به‌وه‌زیرى شاره‌وانییه‌وه‌یه، ئه‌م جۆره هه‌ڵسوکه‌وته‌ى په‌رله‌مان وایکردووه حکومه‌ت به‌چاوێکى تر سه‌یریان بکات.
هاوڵاتى : زۆرجار گله‌یى له‌و یاسایانه ده‌کرێت که‌په‌رله‌مان ده‌ریده‌کات به‌وه‌ى که‌موکورتى یاسایى تێدایه ئایا وایه؟
د.سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان: به‌ڵێ وایه، هه‌ندێک یاسا وێنه کوردییه‌که‌ى له‌گه‌ڵ وێنه عهرەبییهکهى جیاوازه، هه‌ڵه‌ى زمانه‌وانى و رێنووس و چاپ له‌یاساکاندا هه‌یه، که‌نابێت شتى وا له‌یاسادا هه‌بێت، هەروەها له‌ڕووى مه‌وزوعییه‌وه به‌شێوه‌یه‌ک ده‌رده‌کرێن هه‌ڵه لهناوهڕۆکیشیاندا هه‌یه، بۆیه هه‌ندێک له‌و یاسایانه یان ناچنه بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه یان زوو ده‌بێت هه‌موار بکرێنه‌وه، بۆ نموونه له‌م خوله‌دا پێنج یاسا ده‌رکراوه، یه‌کێکیان یاساى چاکسازییه و چه‌ند خه‌له‌لێکى تێدایه، ئه‌وه یه‌کێکه له‌و هۆکارانه‌ى که تائێستا نه‌چووه‌ته بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه، لیژنه‌یه‌کیان پێکهێناوه پێش چوونه بوارى جێبه‌جێکردنییه‌وه پرۆژه‌ى هه‌موارى ئاماده ده‌که‌ن، یاساى به‌قاچاخبردنى نه‌وت و یاساى مادده هۆشبه‌ره‌کان له‌لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمه‌وه راگیران و ئیمزا نه‌کران له‌واده‌ى یاسایى خۆى تێپه‌ڕى، ته‌نانه‌ت سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم لیژنه‌یه‌کیان هه‌بوو به‌یاساکه‌دا چوونه‌وه، که‌ئه‌مه نایاساییه نابێت لیژنه له‌ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مان بهیاساکاندا بچێته‌وه، پاش چه‌ندین مانگ به‌نایاسایى له‌سه‌ر سایتى په‌رله‌مان دایاننا، ئینجا یاساى چواره‌میان تاپۆکردنى زیاده‌ڕۆییه‌کانه ئه‌وه‌تا پێش چوونه بوارى جێبه‌جیکردنى خه‌ریکن هه‌موارى ده‌که‌نه‌وه، یاساى پێنجه‌م یاساى مافى نه‌خۆشه، من هیچ ناڵێم بچۆ سه‌یرى نه‌خۆشخانه‌کان بکه‌و بزانه نه‌خۆش چى مافێکى هه‌یه، بۆیه ئه‌مه حاڵى یاسا ده‌رکردنه له‌په‌رله‌مانى کوردستان.
هاوڵاتى : له‌ساڵى رابردوودا به‌شداریى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌دانیشتنه‌کاندا چۆن بووه؟
د.سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان: له‌ساڵى رابردوودا دوو ئه‌ندامى په‌رله‌مان هیچ قسه‌یه‌کیان نه‌کردووه، چوار ئه‌ندامى په‌رله‌مان یه‌ک جار قسه‌یان کردووه و (10) ئه‌ندامى په‌رله‌مان دوو جار قسه‌یان کردووه، له‌خولى پایزه‌ى په‌رله‌ماندا چوار ئه‌ندامى په‌رله‌مان هچ قسه‌یه‌کیان نه‌کردووه، (14) په‌رله‌مانتار یه‌ک جار قسه‌یان کردووه، (15) ئه‌ندامى په‌رله‌مان دوو جار قسه‌یان کردووه، کاتێک سه‌رنجى دانیشتنه‌کان ده‌ده‌یت به‌ڕوونى دیاره به‌شداریى چه‌ندین ئه‌ندام له‌گفتوگۆکاندا ته‌نها له‌پێناو قسه‌کردندایه، نه‌ک زیاده‌یه‌ک بۆ گفتوگۆکان.
هاوڵاتى : ئه‌رکه‌کانى خولى پایزه‌ى ساڵى یه‌که‌مى په‌رله‌مانى کوردستان له 141 خاڵ پێکهاتبوو، که له‌لایه‌ن سه‌رۆکى په‌رله‌مان و سه‌رۆکى فراکسیۆنه‌کانه‌وه دانرابوو، چه‌ندى لێ جێبه‌جێکرا؟
د.سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان: ئه‌رکه‌کانى خولى پاییزه‌ى ساڵى یه‌که‌مى په‌رله‌مانى کوردستان له (141) خاڵ پێکهاتبوو، که‌مترین خاڵیان لێ جێبه‌جێکرا، که‌گرنگترینیان (کاراکردنه‌وه‌ى لیژنه‌ى ده‌ستورو هێنانى بودجه‌ى 2020 بۆ په‌رله‌مان و گه‌ڕانه‌وه‌ى پاشه‌که‌وتى مووچه به‌یاساو فره‌کردنى سه‌رچاوه‌کانى داهات و دڵنیایى کۆمه‌ڵایه‌تى و ته‌ندروستى و چاره‌نووسى فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست و دامه‌زراندنى یه‌که‌مى زانکۆکان و یاساى خانه‌نشینى هێزه‌کانى ئاسایشى ناوخۆ)یە، کهجێبهجێنهکراوه.