%70 ی ئه‌و رێکخراوانه‌ى هاوکارییان له‌دهۆک دابه‌ش ده‌کرد نه‌ماون

له‌ئێستادا 30 هه‌زار خێزانى ئێزیدى له‌ناو 16 که‌مپى دهۆک چاوه‌ڕێى نه‌وت و خوارده‌مه‌نى ده‌که‌ن

3 ساڵ لەمەوپێش



عهمار عهزیز - دهۆک

ئاواره ئێزدییهکانى قهزاى شنگال لهپارێزگاى دهۆک نه دهتوانن بگهڕێنهوه بۆ شوێنهکانى خۆیان و لهههمان کاتدا ئاستى هاوکارییهکانیش بهراورد بهساڵانى رابردوو زۆر کهمبووەتهوهو دهڵێن: «بهتهواوى پشتگوێ خراون کهژمارهمان (30) ههزار خێزانه لهنێو (16) کهمپدا».

خێرو سهعدو، ئاوارهیهکى قهزاى شنگاله، ئێستا لهکهمپى ئیسیانى سهر بهقهزاى شێخان دهژی، به‌‌هاوڵاتى وت: «ئێمه ئێستا لهچلهى زستانداین، هێشتا نهوتمان وهرنهگرتووه، لهههفتەیهکدا دوو جلیکان نهوت دهکڕم به (30) ههزار دینار، واتا مانگانه دهبێت (120) ههزار دینار بهس نهوت بکڕم، قهسهم بهخوا ههندێک خێزان لهناو کهمپهکهمان ههن ناتوانن یهک لیتر نهوت بکڕن، بهبهتانى و لێفە خۆیان گهرم دهکهنهوه«.

خێرو سهعدو ئاماژهى بهوهشکرد دواینجار کهنهوتیان وهرگرتووه مانگى تهمموزى ساڵى رابردوو بووه، لههیچ شوێنێکى دونیا ههیه نهوت لههاوین دابهشبکرێت، «ئێ خۆ نایکهینه ناو موبهریده«.

خێرو سهعدو ئهوهشى خستهڕوو پێش چهند ساڵێک دهیان رێکخراو دههاتنه ناو کهمپ، ههموو جۆره هاوکارییهکیان دابهشدهکرد بهسهرماندا و ئێستا هیچ نهماوهو بارودوخمان زۆر خراپهو پشتگوێخراوین.

ئهو ئاوارهیهى شهنگال ئهوهشى دووپاتکردهوه که زیاتر لهمانگێکه کارتۆنى خواردنیشیان وهرنهگرتووهو هێشتا دیارنیه کهى وهردهگرن، «ئهوهش دهبێت لهسهر حسابى خۆمان بیکڕین، ئهگهر بهرپرسهکان ژمارهى ئاوارهکان بکهن بهبیانوو، ئهى بۆچى پێش چهند ساڵێک وانهبوو، ههموو سهرهتاى مانگ خواردنمان وهردهگرت، جلوبهرگ و بهتانى و زۆر شتى تر، بهڵام ئێستا بهتهواوى پێچهوانه بووهتهوه«.

بهڕێوهبهرى بهشى راگهیاندن لهفهرمانگهى وهڵامدانهوهى قهیرانهکان کهسهرپهرشتى ههموو ئاوارهو پهنابهرانى پارێزگاى دهۆک دهکات، دهڵێت:»راسته لهئێستادا ئاستى هاوکارییهکان لهلایهن رێکخراوهکانى بیانى و ناوخۆ وهکو پێویست نیه«.

کاروان زهکى، بهڕێوهبهرى بهشى راگهیاندن لهفهرمانگهى وهڵامدانهوهى قهیرانهکان سهر بهوهزارهتى ناوخۆى حکومهتى ههرێم کهئێستا سهرپهرشتى ههموو ئاوارهو پهنابهرانى پارێزگاى دهۆک دهکات، بههاوڵاتى وت «دواى رزگارکردنى شارى نهینهواو ناوچهکانى تر زیاتر لهسهدا 70%ی ئهو رێکخراوانهى لهپارێزگاى دهۆک هاوکاریى ئاوارهکانیان دهکرد نهماون و روویان لهنهینهواو ناوچهکانى تر کردووه«.

کاروان باسى لهوهشکرد مانگانه کارتونێک خواردهمهنى و ماددهى پاککهرهوه لهلایهن حکومهتى ههرێم بهههماههنگى لهگهڵ بهرێوهبەرایهتى کۆچ و کۆچبهرانى عێراق بۆ ئاوارهکان دابهشدهکرێت، بهڵام» راسته لهئێستادا ئاستى هاوکارییهکان لهلایهن رێکخراوهکانى بیانى و ناوخۆ وهکو پێویست نیهو ئێمه بهردهوام داوا لهدهزگا پهیوهندیدارهکان دهکهین کهئاستى خزمهتگوزارى و هاوکارییهکان بۆ ئاوارهکان زیادبکهن».

کاروان راشیگهیاند: «ئێستا ئێمه سهرپهرشتى (16) کهمپى ئاوارهکان و پێنج کهمپى پهنابهرانى رۆژئاوا دهکهین بهههماههنگى دهزگاى خێرخوازى بارزانی، ساڵانه دوو وهجبهى نهوت کهههر جارێک (100) لیتر لهسهر ههر سهرۆک خێزانێک دابهشدهکهین».

ههروهها سهرپهرشتیارى ئاوارهو پهنابهرانى پارێزگاى دهۆک ئهوهشى روونکردهوه که لهماوهى قهدهغهى هاتوچۆو بڵاوبوونهوهى ڤایرۆسى کۆرۆنا بهردهوام کهمپهکانیان تهعقیم کردووه لهگهڵ گهیاندنى ههموو جۆره خزمهتگوزارییهکى تهندروستى، که تائێستا تهنها (125) حاڵهتى کۆرۆنا لهناو کهمپهکان تۆمارکراون، کهئهوهش رێژهیهکى زۆر کهمه بهراورد بهژمارهى ئاوارهکان.

لهئێستادا (30) ههزار خێزانى ئێزیدى لهناو (16) کهمپ لهسنورى پارێزگاى دهۆک دهژین و  (45) ههزار خێزانى ئاواره لهدهرهوهى کهمپهکان دهژین.

بهڕێوهبهرى فهرمانگهى کۆچ و کۆچبهرانى عێراق ئاماژه بهوهدهدات، لهکۆى (70) رێکخراو تهنها چوار رێکخراو هاوکارى ئاوارهو پهنابهران دهکهن لهپارێزگاى دهۆک.

ئهسکهندهر محهمهد ئهمین، بهڕێوهبهرى فهرمانگهى کۆچ و کۆچبهرانى عێراق لهدهۆک به‌‌هاوڵاتى وت:»سهرهتاى ئاوارهبوونى ئێزیدییهکان بۆ پارێزگاى دهۆک زیاتر له (70) رێکخراوى بیانى و ناوخۆ هاوکارییان بۆ ئاوارهکان هێناوه، بهڵام ئێستا ژمارهکه زۆر کهمبووتهوه، تهنها رێکخراوهکانى (یوئێن ئێچ سى ئاڕ _ جى ئاى زێت _ دهبلیو ئێف پى _ ئاى ئو ئێم) و چهند رێکخراوێکى ترن».

 ئهسکهندهر هێماى بۆ ئهوهشکرد ههر لهڕۆژى یهکهمى ئاوارهبوونى ئێزیدییهکان، تائێستا هاوکارییهکانیان رانهگرتووه، بهڵکو بهردهوام مانگانه کەلوپەل بهسهر ئاوارهکاندا دابهشدهکهن، کهپێکهاتووه لهکارتونێک خواردهمهنى و پاککەرهوه«تهنانهت لهوهرزى زستاندا ههر خێزانێک (200) لیتر نهوتی بێبهرامبهر وهرگرتووه، ماوهیهکه دهستمان بهدابهشکردنى نهوت کردووەتهوه، بهڵام بههۆى زۆرى ژمارهى ئاوارهکان تائێستا سێ بۆ چوار کهمپى تر ماوه کهنهوتیان پێبدرێت».

بهڕێوهبهرى فهرمانگهى کۆچ و کۆچبهرانى عێراق پێشیوابوو، دابهشکردنى هاوکاریى تهنها بهیهک لایهن ناکرێت، بهڵکو ژمارهى ئاوارهکانى دهۆک لهههموو پارێزگایهکانى تر زیاترن، کهژمارهیان زیاتره له (30) ههزار خێزان.

یهکێک لهکهمپهکانى ئاوارهکانى ئێزیدى لهپارێزگاى دهۆک ئهوهی پشتڕاستکردهوه کهخواردن و نهوتیان بهسهردا دابهشنهکراوهو چاوهڕێى لایهنه پهیوهندیدارهکان دهکهن.

سهعدوڵلا عهبدوڵلا، بهڕێوهبهرى کهمپى ئیسیان بهوهکالهت به‌‌هاوڵاتى وت: «راسته دابهشکردنى نهوت له(کهمپى ئیسیان) دواکهوتووه، بهڵام ئهوه دهمێنێتهوه سهر پلانى بهڕێوهبهرایهتى کۆچ و کۆچبهرانى عێراق، کهئهوان خشتهیهکیان داناوه بۆ ههموو کهمپهکان، ههرکاتێک کهمپهکانى تر تهواوبوون لەکهمپهکهى ئێمهش دهست بهدابهشکردنى نهوت دهکرێت».

ههروهها جهختى لهوهشکردهوه کهبهمنزیکانه دهست بهدابهشکردنى کارتۆنێک خواردهمهنى و پاککهرهوه بۆ ئاوارهکانى کهمپهکهیان دهکهن.

«راسته رێکخراوهکان وهک پێویست هاوکاریى بهسهر ئاوارهکاندا دابهش ناکهن، بهڵام پێداویستییه سهرهکییهکان وهکو ئهرزاق و ئاوو کارهباو نهوتو بهتانى و لێفە بهبهردهوامى بەسهر ئاوارهکاندا دابهشدهکرێت»، بهڕێوهبهرى کهمپى ئیسیان بهوهکالهت وادهڵێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار