نەوت.. نیعمەت یان نەفرەت؟

یەک مانگ لەمەوپێش



سەرکۆ یونس- ئابووریناس

ئەو پرسیارەی، کە شەو و ڕۆژ، بەمێشکی زۆربەی تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایەدا دێت ئەوەیە؛ ئاخۆ ئەگەر نەوتی ژێر زەویمان بەجێبهێشتایە بۆ نەوەکانی داهاتوو، باشتر نەدەبوو؟ یاخود نەخێر با لەئێستادا سود لە خێروبێری ئەم زێڕە ڕەشە وەربگیرێت. نەوت لە کوردستاندا، بۆ هەندێ لایەن و کەس، بووەتە نیعمەت و بۆ زۆربەی هاونیشتمانیانیش بووە بەنەفرەت و جگە لە نەھامەتی زیاتر بەدوای خۆیدا هیچی نەهێناوە.

سامانی نەوت، یەکێکە لەهەرە گرنگترین سامانەکانی زۆربەی نەتەوە و وڵــاتانی جیهان، بە شمەکێکی ستراتیژی گرنگ دادەنرێت بۆ داهات و بودجەی گشتی وڵات، تا لەڕێگەیەوە خزمەتگوزارییە ئابووری وکۆمەڵایەتییەکان بەبێ جیاوازی بۆ کۆمەڵــانی خەڵک دابین بکرێت.

نەوتی کوردستان، نزیکەی(12) ساڵە دەرهێنراوە و لەڕێگەی بۆری فرۆشراوەوە بەکۆمپانیای رۆزنەفتی ڕوسی دەگوازرێتەوە بۆ بەندەری جیهانی تورکی لەسەر دەریای ناوەڕاست، لەوێش بە نیوەی نرخی نەوتی جیهانی ھەڕاج دەکرێت، کەبەتێکرایی(15.78)دۆلارە، لەکاتێکدا تێکڕای نرخی نەوتی برێنت زیاتر لە(29)دۆلار بووە،لەنۆ مانگی ساڵی ڕابردوودا. بەداخەوە، بەهۆی ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم و تورکیا، ساڵانە بەدەیان ملیۆن دۆلار زیان بە ئابووری هەرێم دەگات و بەپێی داتاکان نزیکەی (30%) داهاتی نەوتی فرۆشراو دەگەڕێتەوە گیرفانی حکومەتی هەرێمەوە! بەگوێرەی کۆتا راپۆرتی کۆمپانیای دیلۆت، لەھەر سێ مانگی(نیسان و ئایار و حوزەیران)ی ساڵی رابردودا، هەرێم لەبری قازانج(76)ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتوە! لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا، ھەرێم(38)ملیۆن بەرمیلی بەنرخی(15.78)دۆلار فرۆشتوە.

بەپێی هەمان ڕاپۆرت، لەو ماوەیەدا خەرجییەکانی بواری نەوت لەداهاتەکانی نەوتی فرۆشراو زیاتر بووە!! هەروەها لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە،نزیکەی(15%) داهاتی نەوتی هەرێم بۆ تورکیــــا دەچێت! یەکێکی تر لەگرفتەکانی بەردەم ئەم پرۆسەیە،زۆری تێچونی بەرهەمهێنانی نەوتەکەیە،کەنزیکەی (20)دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک. بەشێکی تری نەوتی کوردستان، بەڕێگای تەنکەر دەگوازرێتەوە بۆ دەرەوە و لەمەزادی ئاشکرای ناڕەسمیدا دەفرۆشرێت، کەدیسان بەداخەوە ئەمەش هەروا بەهەدەردان و بەفیڕۆدانی دارایی زۆری تێدا دەکرێت و بەزیانی هەرێم کۆتایی دێت.

ئەوەی بارەکەی زیاتر قورستر کردووە ئەوەیە؛ کە هەرێم لەڕووی یاسایی و نێودەوڵەتییەوە ناتوانێت نەوتەکەی هەناردە بکات و ئەندام نیە لەڕێکخراوی ئۆپیک، هەموو ئەمانە بەربەستن لەبەردەم هەناردەکردندا. حکومەتی هەرێم، لەکاتی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوتدا، بەبیانوی ئابووری سەربەخۆ و بودجەی سەربەخۆ، ئەم پرۆسەیەی دەست پێکرد، بەڵام لەدوای دەیەیەک لە هەناردەکردنی نەوت، نــە ئابووری سەربەخۆ هاتەدی و نە هەرێمی کوردستان بەرەوپێشەوە چوو، بگرە گۆڕانکارییەکان لەدوای پرۆسەکەوە بەخراپ بەسەر ئابووری هەرێم و دانیشتوانەکەیدا شکایەوە، هەر ئەم مەلەفەیە، بووەتە ڕێگر لەبەردەم ڕێکەوتنی هەولێر و بەغدا، تائێستاو دوای خوێندنەوەی دووەمی بودجەی گشتی(2021)ی عێراق لەئەنجومەنی نوێنەران، ھێشتا ڕێککەوتنی سیاسی و یاسایی ئیمزا نەکراوە، هەربۆیە مەترسی گەورە هەیە لەسەر پشکی هەرێم، کەبڕی پێشنیارکراوی ڕەشنووسەکە بە(12.67%)دانراوە، بەمەرجی ڕادەستکردنی (250)هەزار بەرمیلی ڕۆژانەو نیوەی داهاتی ناوخۆ و خاڵەسنورییەکانی هەرێم.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار