جۆو بایدن و کامالا هاریس سوێندى یاسایان خوارد

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
له‌ واشنتنى پایته‌ختى ئه‌مه‌ریکا رێوڕه‌سمى ده‌ستبه‌کاربوونى جۆ بایدن، وه‌ک 46ـه‌مین سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا دواى چوونى دۆناڵد تره‌مپ له‌و پۆسته‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و سوێندى یاساییان خوارد له‌گه‌ڵ کاملا هاریسى جێگرى.

ئاهه‌نگى ده‌ستبه‌کاربوونى بایدن جیاواز له‌ سه‌رۆکه‌کانى دیکه‌ى ئه‌و وڵاته‌ سازده‌کرێت، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ک به‌هۆى رێکاره‌کانى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا و له‌لایه‌کى دیکه‌شه‌وه‌ به‌هۆى ئه‌و گرژییانه‌ى دواى په‌لاماره‌که‌ى رۆژى 6ى ئه‌م مانگه‌ى لایه‌نگرانى دۆناڵد تره‌مپ بۆ سه‌ر بینایه‌ى کاپیتاڵ، که‌ دۆخێکى تایبه‌تى ئه‌منیى له‌و وڵاته‌ هێنایه‌ ئاراوه‌ و وه‌ک ئاماده‌کارى بۆ رێوڕه‌سمى ده‌ستبه‌کاربوونى سه‌رۆکى نوێ.

هاوکات رێکارى تایبه‌تى ئه‌منى له‌ واشنتن گیراونه‌ته‌به‌ر و به‌ هه‌زاران ئه‌ندامى گاردى نیشتمانى له‌ ده‌وروبه‌رى کۆشکى سپى کۆکرانه‌وه‌.

له‌لایه‌کى دیکه‌شه‌وه‌ ئاهه‌نگى ده‌ستبه‌کاربوونى جۆ بایدن به‌ پابه‌ندبوون به‌ رێکاره‌کانى دوورى کۆمه‌ڵایه‌تى به‌هۆى په‌تاى کۆرۆنا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، بۆیه‌ ته‌نیا هه‌زار میوان له‌ ئاهه‌نگه‌که‌دا به‌شدارن، له‌ناویان سه‌رۆکه‌کانى پێشووترى ئه‌مه‌ریکا، وه‌ک باراک ئۆباما، جۆرج بۆشى کوێ‌ و بیل کلینتۆن، له‌کاتێکدا دواى ئه‌ندرۆ جۆنسۆن، که‌ له‌ماوه‌ى ساڵانى نێوان 1865 تا 1869 فه‌رمانڕه‌وایى ئه‌مه‌ریکاى کردووه‌، دۆناڵد تره‌مپ یه‌که‌م سه‌رۆکه‌ که‌ به‌شدارى له‌ رێوڕه‌سمى ده‌ستبه‌کاربوونى سه‌رۆکى دواى خۆیدا ناکات.

له‌ ئاهه‌نگه‌که‌دا لیدى گاگا، هونه‌رمه‌ندى ناسراوى ئه‌و وڵاته‌ سروودى نیشتمانى ئه‌مه‌ریکى پێشکه‌ش بکات، هه‌روه‌ک ژماره‌یه‌ک ئه‌کته‌رى دیکه‌ى وه‌ک جێنیفه‌ر لۆبیز و جاستن تێمپه‌رلیک و تیمى "فو فایته‌رز" له‌ ئاهه‌نگه‌که‌دا به‌شدارن.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار