کۆرۆنا لەنێوان سیاسەت وکەلتوردا
4 ساڵ لەمەوپێش
حسێن محمود
بەوپێیەی کە تاکوئێستامەترسیەکانی کۆرۆنا بەیەکجاری کۆتاییان نەهاتوەولێکەوتەکانی لەبوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەندروستیدا پابەرجایە ، قسەکردن لەبارەیەوە تاکو ئێستاش ئاکتوێڵە .لەسەرەتای دەرکەوتنیەوەوتائێستاش دوو بۆچون هەیە یەکێکیان پێی وایە ڤایرۆسەکە دەسکردی هەندێ دامەزراوەی دەوڵەتیە تاکو لەبواری ململانێی سیاسیدا بەکاری بهێنن ،بۆچونی دووەمیش پێی وایە کەسروشتیە و پەیوەندیدارە بە خولی ژیانی ڤایرۆسەکان لەسروشتدا .لەبۆچونی یەکەمدا بەڵگەی تەواوو قەناعەتهێن بەتەواوی لەبەردەستدا نین ، چونکە ئەمەیان سەربەوبەشەی سیاسەتە کەبەپەنهان و بەنهێنی بەڕێوە دەچێت . بەڵام ئەوەی کە دیارو بێماسکە بریتیە لە کۆرۆنای کەلتوری.
واتا جۆرێک لە ڕۆشنبیری دیاری کراو بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ سروشت و بایۆسفیر (ژینگەی بایۆلۆژی) دەبێتە هۆکاری گواستنەوەی کۆرۆنا بۆ مرۆڤ .بۆ تێگەیشتن لە کۆرۆنای کەلتوری پێویستمان بە ئاوڕداوەوەیەکی مێژویی هەیە لەپەیوەندی نێوان مرۆڤ و سروشت. لەوکاتەوەی مرۆڤ لەناو سروشتدا دەژی بەردەوام لەهەوڵدایە تاکو بەرژەوەندیەکانی خۆی لەناو سروشتدا مەیسەر بکات ، لەم ڕوەشەوە شارەزایان و پسپۆڕانی بواری کۆمەڵناسی وژینگە بەسەر دو گۆشەنیگاو قوتابخانەی جیاوازدا دابەش بون
یەکەم /قوتابخانەی ئیستەرەمی (حتمي) detrminism :
پەیڕەوانی ئەم قوتابخانەیە لەسەر ئەوە کۆکن کە مرۆڤ ملکەچی سروشتەوناتوانێت لەحەتمیەتی ژینگەیی دەربچێت و(مسير ) ە نەک (مخیر) واتا لەناو چوارچێوەی ژینگەی سروشتیدا لەژێر جەبری سروشتدایە نەک ئارەزوەکانی خۆی . هەریەک لە ئەرستۆو هیپۆکرات و ڕاتزێڵ و ابن خلدون جەخت لەم جەبرگەرایی یە دەکەن ،تەنانەت ابن خلدون لە لەکتێبەکەیدا ( المقدمة ) تا ئەو جێیە دەڕوات کە دەڵێ کەش وهەوا ڕەنگدانەوەی بەسەر ڕەفتاری مرۆڤدا هەیە و خەڵکی سودان بە نمونە دەهێنێتەوە کەحەزیان لە ڕەقس و سەمایە و کەش وهەوا وای کردووە زیاتر مەیلی جوڵان بکەن.
دوەم /قوتابخانەی توانامەندی ( الامكانية ) possibility :
پەیڕەوانی ئەم قوتابخانەیە بەپێچەوانەی حەتمیەکانەوە پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە مرۆڤ توانیویەتی لەژێر جەبرگەرایی سروشتدا بێتەدەروهەوڵیداوە تاڕادەیەکی زۆر سروشت بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە ، وەک دروست کردنی بەست و بەنداوو تونێڵ وڕێگاو بان و شوێنی حەوانەی جۆراو جۆر ، لە پەیڕەوانی ئەم قوتابخانەیەش فیداڵ دی لابلاش و کارل ساور
لە پەیوەند بەکۆرۆناوە جوڵەی مرۆڤ بە ڕام کردنی هەندێ گیانەوەرو خواردنی گۆشتی هەندێکیان و تێکدانی ژیانی ئاسایی ئەم گیانەوەرانە جوڵەیەکی زۆر ئیمکانیەو زیادڕەوەی کردنی زۆری ئەم بوارەیە ، لەکۆرۆنادا ئێمە لەبەردەم مرۆڤی ئیمکانگەراداین ،مرۆڤێک هەمو تاپۆو سنورێک دەشکێنێ ،کەلتوری خواردنی هەموشتێک ودەسکاری کردنی هەموو شتێک کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە ، ڕەنگبێ کۆرۆنا دوا کارەسات نەبێت .