‌هیلارى و کچه‌که‌ى رۆمانى "کچانى کوبانێ" به‌رهه‌م ده‌هێنن

هیلارى کلینتۆن: ئێمه‌ ئاهه‌نگ بۆ ئه‌و پاڵه‌وانانه‌(کچانى کوبانێ) ده‌گێڕین

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
هیلارى کلینتۆن و چێلسیاى کچى له‌ رێى کۆمپانیایه‌کى هونه‌رییه‌وه‌ رۆمانى (کچانى کوبانێ) چیرۆکى یاخیبوون و بوێرى و دادپه‌روه‌ری وه‌ک به‌رهه‌مێکى هونه‌رى و زنجیره‌یه‌کى ته‌له‌ڤزیۆنى به‌رهه‌م ده‌هێنن.  

رۆمانى (کچانى کوبانێ) له‌ لایه‌ن نووسه‌رى ئه‌مه‌ریکایى (گه‌یل تزماج لێمۆن) نووسراوه‌ و تێیدا باس له‌ چیرۆکى ئازایه‌تى یه‌کینه‌کانى پاراستنى ژنان  له‌ کوبانێ ده‌کات که‌ رووبه‌ڕووى داعش بوونه‌ته‌وه‌.

کۆمپانیاکه‌ى هیلارى و کچه‌که‌ى له‌ ژێر ناوى "رووناکى شاراوه‌" کار له‌سه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مه‌ پڕفرۆشانه‌ى ئه‌مه‌ریکا ده‌کات.

رۆمانى کچانى کوبانێ بڕیاره‌ له‌ 16ى شوباتى ئه‌مساڵدا که‌ سێ هه‌فته‌ى دیکه‌ ده‌کات له‌ لایه‌ن "په‌نگوین پرێس" بڵاو بکرێته‌وه‌.

"کچانى کوبانێ" به‌ پشت به‌ستن به‌ سه‌دان کاتژمێر چاوپێکه‌وتن و ئاماده‌کردنى راپۆرت له‌ باره‌ى رۆڵى ژنانى کورد له‌ سه‌نگه‌ره‌کانى شه‌ڕى دژ به‌ داعش له‌ باکوورى سووریا ئاماده‌کراوه‌.

یه‌که‌مجاره‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا هێزێکى تایبه‌تى ژنان به‌ روانگه‌یه‌کى تایبه‌ت به‌ خۆیان و له‌ سه‌نگه‌ردا خۆیان دژى چه‌کدارانى داعش رێکبخه‌ن و به‌و په‌ڕى ئازایه‌تییه‌وه‌ شه‌ڕى ئه‌و چه‌کدارانه‌ بکه‌ن.

هیلارى کلینتۆن له‌ باره‌ى ئه‌و رۆمانه‌وه‌ ده‌ڵێت: "کچانى کوبانێ گێڕانه‌وه‌یه‌کى نائاسایى ئازایه‌تى ئه‌و ژنانه‌یه‌ که‌ ئاڵنگاریان له‌ پێناو هێنانه‌دى دادپه‌وه‌رى و یه‌کسانى بووه‌، ئێمه‌ کۆمپانیاى رووناکى شاراوه‌ (HiddenLight)مان دامه‌زراند بۆ ئه‌وه‌ى ئاهه‌نگ بۆ ئه‌و پاڵه‌وانانه‌ بگێڕین".

هیلارى کلینتۆن و کچه‌که‌ى له‌ دیسه‌مبه‌رى رابردوودا به‌ ئامانجى به‌رهه‌مهێنانى هونه‌رى و بڵاوکردنه‌وه‌ى زنجیره‌ى به‌ڵگه‌نامه‌یى و به‌رهه‌مى تیڤیى و دیجتاڵى کۆمپانیایه‌کى دامه‌زراند و له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بڕیاریاندا کار له‌سه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ بکات، که‌ پڕفرۆشترین بوون و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، رۆمانى کچانى کوبانێ هه‌ڵبژێردراوه‌ کارى له‌سه‌ر بکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار