‌گه‌نجێک پلانه‌که‌ى ئاشکرا بوو بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ر دوو مزگه‌وت

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
ده‌سه‌ڵاتدارانى سه‌نگافوره‌ گه‌نجێکى ته‌مه‌ن 16 ساڵیان ده‌ستگیرکرد که‌ پلانى هێرشکردنه‌ سه‌ر دوو مزگه‌وتى هه‌بووه‌ له‌رێگه‌ى ساتوره‌وه‌.

ئه‌و گه‌نجه‌ى ده‌ستگیرکراوه‌، کاریگه‌ر بووه‌ به‌ "برینتۆن تارانت" ئه‌و هێرشکاره‌ى که‌ به‌ چه‌ک هێرشى کرده‌ سه‌ر دوو مزگه‌وته‌که‌ى ناوچه‌ى کرایست چێرس له‌ نیوزله‌ندا، پلانى هێرشه‌که‌ى واداناوه‌ که‌ به‌ ساتوور "چه‌قۆى گه‌وره‌" هێرش بکاته‌ سه‌ر دوو مزگه‌وت و راسته‌وخۆش له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان په‌خشى بکات.

ئه‌و گه‌نجه‌ مانگى رابردوو ده‌ستگیرکراوه‌، به‌پێى یاساى ئاسایشى ناوخۆیى سه‌نگافوره‌،به‌هۆى ئه‌وه‌ى ته‌مه‌نى نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ 18 ساڵ ده‌توانرێت بێ دادگایى کردن و ساغ بوونه‌وه‌ى تۆمه‌ت به‌سه‌ریدا بخرێته‌ زیندان.
وه‌زاره‌تى ناوخۆى سه‌نگافوره‌، له‌باره‌ى ده‌ستگیرکردنى ئه‌و مێردمنداڵه‌وه‌ رایگه‌یاند: "خاوه‌نى ره‌گه‌زنامه‌ى سه‌نگافورییه‌ و کریستیانێکى پرۆتستانته‌ و له‌ بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵکى هیندستانه‌".

وه‌ک وه‌زاره‌تى ناوخۆى سه‌نگافوره‌ باسى کردووه‌، ئه‌و گه‌نجه‌ پێشتر به‌وه‌ ناسراوه‌ که‌ زۆر دژى موسوڵمانان بووه‌و له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیش بانگه‌شه‌ى توندوتیژى دژ به‌ ئیسلام کردووه‌.

ئه‌و گه‌نجه‌ ویستویه‌تى 15 ى ئازارى 2021 له‌ دووه‌م ساڵیادى هێرشه‌که‌ى نیوزله‌ندا، هێرش بکاته‌ سه‌ر دوو مزگه‌وت و راسته‌وخۆش له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان هاوشێوه‌ى هێرشه‌که‌ى برنتۆن تارانت بۆ سه‌ر دوو مزگه‌وته‌که‌ى نیوزله‌ندا په‌خشى بکات.

له‌ 15 ى ئازارى ساڵى 2019 برنتۆن تارانت، که‌ هێرشکارێکى توندڕه‌وى کریستیان بوو، به‌ چه‌ک هێرشیکرده‌سه‌ر دوو مزگه‌وت له‌ شارۆچکه‌ى کرایست چێرس له‌ نیوزله‌ندا، به‌هۆیه‌وه‌ 51 که‌س کوژران، رووداوه‌که‌ش کاردانه‌وه‌ى ناوخۆیى و جیهانى به‌دواى خۆیدا هێنا.

تارانت پاش زنجیره‌یه‌ک دادگایى کردن، به‌ زیندانیى هه‌تاهه‌تایى سزادرا و هیچ لێبوردنێکى مه‌رجداریش نایگرێته‌وه‌.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار