ئێمەو دیموکراسی

4 ساڵ لەمەوپێش



سوارە محەمەد

تاوەکو دێت لەجیهاندا سنووری دیموکراسی زیاتر بەرفراوان دەبێت، تاوەکو دێت لەهەموو شوێنێکدا گەل و کۆمەڵگە زیاتر دەبنە خاوەن ماف، تاوەکو دێت گەل و کۆمەڵگە لەجیهاندا لەبەرامبەر دەوڵەتەکانی ئێستادا زیاتر دەست بەبزاوت و جموجوڵ دەکەن، کۆمەڵگە تێدەکۆشێت ئەو مافەى لەلایەن دەوڵەتەکانەوە زەوتکراوە بەدەستی بهێنێتەوە.

هەر لەبەر ئەوەشە لەهەموو وڵاتانی رۆژئاوایدا، کە سیستمی مۆدێرنیتەى کاپیتالیستیان هەیە، بۆ ئەوەى زیاتر خۆیان لەدەست نەدەن و زیاتر نەدۆڕێن، بەپێویستی دەزانن لەسیستمی نەتەوە – دەوڵەتدا گۆڕانکاری ئەنجام بدەن. سەرنجڕاکێشترین نموونە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە ترەمپ لەدەسەڵات خراو بایدن هاتە شوێنەکەی، وەک دەزانرێت بەرخودانێکی بەهێزی ژنان، دیموکراسیخوازان، ئازادیخوازان و هێز و بزاوتە کۆمەڵایەتییەکان هەبوو، تاوەکو دەهات ئەو هێزەی کۆمەڵگە زیاتر لەبەرامبەر ترەمپدا هەڵوێستی وەردەگرت، سیاسەتەکانی ترەمپ بوو بووە مەترسی لەسەر سیستمی مۆدێرنیتەى کاپیتالیست، ترەمپ هەم دەیخواست رێگری لەسەرمایەى جیهانی و گلوباڵ بکات و هەم بەهەڵوێستە دژە دیموکراتیکەکانی دەبووە هۆی ئەوە ناڕەزایەتیی هێزو بزاوتەکانی کۆمەڵگەى زیاتر بەرز ببێتەوە، بۆ ئەوەش لەهەڵبژاردندا زۆربەى هەرە زۆری هێزەکانی سەرمایەى جیهانی پشتیوانییان لە بایدن کردو خواستیان ترەمپ بدۆڕێت، بەو شێوەیە لەکەسایەتیی ترەمپدا هەڵوێستی دەسەڵاتخوازانە، نەژادپەرەستی، دژە دیموکراتیک و فاشیست دۆڕا.

 وادیارە ئەو شەپۆلە بەناوچەکانی تریشدا بڵاودەبێتەوە، هەموو نیشانەکان ئەوە دەردەخەن، کە کەسایەتییەکانی وەک ترەمپ لە ناوچەکانی تریش دەدۆڕێن، لەداهاتووشدا هەمان پێشهات و پێشکەوتن لەتورکیا، بەریتانیا، بەڕازیل و .... هتد روودەدات، بەو شێوەیە قۆناغێک کۆتایی پێدێت و قۆناغێکی نوێ دەستپێدەکات.

لەدۆخی ئێستادا کێشەکانی ئێمە هەرگیزاو هەرگیز لەکێشەی وڵاتانی تر کەمتر نییە. تاوەکو دێت دۆخمان خراپتر دەبێت، دوو مانگێک لەوە پێش گەلی باشووری کوردستان لەدژی دەسەڵات ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی ئەنجامدا، لەئەنجامی ئەو خۆپیشاندانانەدا چەندین کەس شەهید و بریندار بوون و سەدان کەسیش دەستگیرکران. دەکرێت لەدۆخی ئێستادا ئەو خۆپیشاندانانە راوەستابن، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە، کە کێشەکانی هاووڵاتیان چارەسەر بوون و دۆخەکە ئارامتر بووەتەوە. نەخێر، دۆخەکە هەرگیز ئارام نییە، باشە، چی دەبێت و دەبێت چی بکرێت؟ 

باشە، ئێمەش لەم جیهاندا دەژین. ئەگەر مەیلی جیهانی بەرەو نەرمبوونە، بۆ ئێمەش بەشی خۆمان لەوە بەدەست نەهێنین؟ ئێمەش وەک گەلانی تر، داوای دیموکراسی دەکەین، بۆ مافەکانی خۆمان بەرەنگاری و پێداگری دەکەین. دەمانەوێت لەوڵاتی خۆماندا لە ئارامی و ئازادییدا بژین، بەڵام بە داخەوە ئەوە نەبووەتە پشک و بەشمان، باشە، ئەوە لەبەر چی وایە؟ بۆ وا دەبێت؟ بۆ لەهەموو شوێنێکدا گۆڕانکاری روودەدات، بەڵام لەوڵاتی ئێمەدا هیچ ناگۆڕدرێت؟ ئەگەر سەرنج بدەین، هەموو کات کێشەکانمان هەر هەمان ئەو کێشانەن، کە هەبوون. هەموو کات دوژمنەکانمان ئەو دوژمنانەن، کە هەمان بوون. هەموو کات بەڕێوەبەرانی ئێمە ئەو بەرپرسانەن، کە هەمان بوون. هەموو کاتیش داواکانی ئێمە هەمان ئەو داوایانە بوون، کە هەمان بوون. مرۆڤ دەڵێت، ئاخۆ ئەو یاسایە کەدەڵێت، هەموو شتێک لەساتێکدا دەگۆڕێت، لەوڵاتی ئێمەدا پووچ بووەو کار ناکات، باشە ئەگەر ئاخۆ ئەوە چارەنووسە؟ باشە ئاخۆ قەت ئەوە ناگۆڕدرێت؟ باشە ئەو بەڕێوەبەرو بەرپرسانەمان بۆ هەمیشەو هەموو کات بەڕێوەبەر بن؟ باشە ئێمە هەر بەو شێوەیە بین؟ بە راستی مرۆڤ نایەوێت بێ هیوا بێت، بەڵام وادیارە بەڕێوەبەرانی ئێمە دەیانەوێت هەر وابێت، چونکە لە راستیدا ئەوان لەهیچیان کەم نییە، بەڵام لە راستیدا ئیمە نامانەوێت بەو شێوەیە بێت، چونکە دۆخی ئێستا هیچ نییەو زۆر خراپە، باشە دەبێت ئێمە چی بکەین؟ ئێمە چۆن دەتوانین ئەو دۆخە بگۆڕین؟

دەبێت ئێمە ئەوە قبوڵ بکەین، ئەوەى لەلای ئێمە بوونی نییە، دیموکراسییە، ئەو دیموکراسییەى ئێمە باسی دەکەین، بەداخەوە نە لەلای ئێمە هەیەو نە لەلای دەسەڵاتەکەشمان هەیە، دەسەڵاتدارانی کورد لەدەسەڵاتدارانی وڵاتانی تر ناچن، لەوڵاتانی تر، ئەوانەى دەبنە دەسەڵاتدار بۆ ماوەیەک لەدەسەڵاتدا دەبن، لەچوارچێوەی یاساکاندا کاردەکەن و دەجووڵێنەوە، بە هەڵبژاردن دێن و بەهەڵبژاردن دەڕۆن، هەندێکجاریش بەهۆی دۆڕان و شکستەوە زووتر دەست لەکاردەکێشنەوەو دەڕۆن، وڵات ناکەن بەماڵ و موڵکی خۆیان، تاوەکو ئاستێک خۆیان بەخزمەتکاری گەلەکەیان دەزانن، گەلیش ئەوان چاودێری و کۆنترۆڵ دەکات، لەدژی کەموکوڕییەکانیان هەڵوێست وەردەگرن و چالاکی ئەنجامدەدەن و بەهەڵبژاردن، یان بەهەڵوێست و ناڕەزایەتیی کۆمەڵگە دەیانگۆڕن، بەو شێوەیە نیشانی دەدات، کە گەورە گەلە نەک دەسەڵات.

بەڵام بەداخەوە لەوڵاتی ئێمەدا دەسەڵات خۆی بەخاوەنی وڵات دەزانێت، خۆی پەیوەست و پێبەند بەهیچ یاسایەک نازانێت، خۆی دەبێت بەقانون و یاسا، خۆی بەخزمەتکاری گەلەکەى خۆی نازانێت، بەپێچەوانەوە گەلەکەى خۆی بەقەرزاربارو شوێنکەوتەی خۆی دەزانێت. خۆی دەکات بەدەوڵەت، هەموو فەرمانبەران و کارمەندانی دەوڵەت بەخۆیەوە دەبەستێتەوە و داوای غوڵامییان لێدەکات، ئەو کەسانەى بەپێی حەزو دڵی ئەو نەبن لەسەر کار دەردەکرێن، خۆیان بەهێز و گەورە دەکەن، کۆمەڵگە و گەلیش بێهێزو بچووک دەکەن، بەو شێوەیە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەمان هەرگیز لەدەسەڵاتدارانی وڵاتانی تر ناچن، زۆر فو تێکراوو لوتبەرز و بێبەرهەمن، ئێمە لەهەموو ساتەکانی ژیانی خۆماندا بەئەندازەی پێویست و بەشێوەى زۆرو زەوەندە ئەو رەفتارو هەڵسوکەوتانە دەبینین، بۆ ئەوەش هەرگیزاوهەرگیز نیازی گۆڕانکاری و گۆڕینیان نییە.

باشە ئێمە نیازی گۆڕانکاریمان هەیە یان نا؟ کاتێک ئێمە سەیری هەڵوێستی خۆمان، قسە و چالاکییەکانمان دەکەین، ئەوە دەبینین، کەئێمەش زۆر نەگۆڕدراوین و ئەگەر ئێمە ئەو هەڵوێستەى خۆمان نەگۆڕین، ئیدی ئەو دۆخە، کەمرۆڤەکان بێهیوا دەکات هەر بەردەوام دەبێت. مەبەست چییە؟

مەبەست ئەوەیە؛ هیچ دەسەڵاتدارێک لەمێژووی مرۆڤایەتییدا لەهیچ کات و سەردەمێکدا نەیخواستووە لەخۆیدا گۆڕانکاری دروست بکات. هەموو دەسەڵاتداران خواستوویانە درێژە بەدۆخی دەسەڵاتی خۆیان بدەن، چونکە هەموو کات ئەو دۆخەیان لەبەرژەوەندیی خۆیاندا بینیوە،  بەڵام تێکۆشانی کۆمەڵگەکان، چالاکییەکانی گەل، دەسەڵاتەکانی ناچار بەگۆڕانکاری و گۆڕین کردووە، هەموو گۆڕانکاری و گۆڕینێک  بەرهەمی تێکۆشانی گەلان بووە.

کەواتە ئەوانەى دیموکراسی پێشدەخەن، گەل و کۆمەڵگەن، ئەگەر ئێمەش بمانەوێت ئیدی لەوڵاتەکەماندا دیموکراسی پێشبکەوێت، گۆڕین و گۆڕانکاری رووبدات، ئەوا لەو کاتەدا ئەوەى دەکەوێتە ئەستۆمان ئەوەیە؛ دەبێت ئێمە لەهەڵوێستی خۆماندا، کەهەموو کات پڕە لەگلەیی و گازندە، گۆڕانکاری ئەنجامبدەین. تاوەکو ئێمە خۆمان نەگۆڕین بەدڵنیاییەوە دیموکراسی و ئارامیی نایەتە وڵاتەکەمانەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار