هێڤیدار ئه‌حمه‌د 13 پرسیارى لیژنه‌ى دارایى عێراق بۆ وه‌فدى هه‌رێم ئاشکرا ده‌کات
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئه‌ندامێکى فراکسیۆنى پارتى له په‌رله‌مانى کوردستان رایگه‌یاند، وه‌فدى هه‌رێم بۆ جارى دووه‌م و بۆ ماوه‌ى چوار رۆژ و له ئه‌نجامى چوار دانیشتنى به‌رفراوان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق له به‌غدا کۆبوه‌وه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى 13 پرسیارى لیژنه‌که بووه.
هیڤیدار ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى فراکسیۆنى پارتى له په‌رله‌مانى کوردستان له وتارێکدا رایگه‌یاند:"شاندى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به سه‌رۆکایه‌تیى به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی، بۆ جارى دوه‌م و بۆ ماوه‌ى چوار رۆژ و له ئه‌نجامى چوار دانیشتنى به‌رفراوان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق له به‌غدا کۆبوه‌وه، مه‌به‌ستى شانده‌که ئه‌مجاره وه‌ڵامدانه‌وه‌ى 13 پرسیارى لیژنه‌که بوو".
ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردوه، شاندى هه‌رێمى کوردستان سێیه‌م سه‌ردانى خۆى بۆ به‌غدا ئه‌نجامدا، ئه‌وه‌ش به‌مه‌به‌ستى جێگیرکردنى به‌شه بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان بووه، دو سه‌ردانى کۆتایی، شاندى هه‌رێمى کوردستان سه‌رۆکوه‌زیرانى عێراقى نه‌بینیوه، سه‌ردانى یه‌که‌م: له‌گه‌ڵ حکومه‌تى فیدراڵیى عێراق گه‌یشتنه رێککه‌وتن، که به‌رامبه‌ر راده‌ستکردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌لایه‌ن هه‌رێمى کوردستانه‌وه به‌غدا 12.67%ى بودجه دواى ده‌رهێنانى خه‌رجییه سه‌روه‌رییه‌کان و حاکیمه، پشکى هه‌رێمى کوردستان بدات و ئه‌مه له‌نێو پرۆژه یاساى بودجه په‌سندکرا.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى پارتى ئه‌وه‌شى خستۆته‌روو سه‌ردانى دوه‌م: له مانگى یه‌که‌مى 2021 بووه له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق، لیژنه‌که 13 پرسیارى دایه شاندى حکومه‌ت و پێیان وتوه بگه‌ڕێنه‌وه هه‌رێمى کوردستان و وه‌ڵامى پرسیاره‌کانى ئێمه له‌گه‌ڵ خۆتان بێنن و وه‌رنه‌وه.
هێڤیدار ئه‌حمه‌د، باسى له‌وه‌شکردووه که سه‌ردانى سێیه‌م: شاندى حکومه‌ت له سه‌ره‌تاى مانگى دوو له به‌غدا بووه، وه‌ڵامى هه‌ر 13 پرسیاره‌که‌ى بردبوو، به‌ڵام به‌غدا هه‌ر هیچى نه‌خسته به‌رده‌م شاندى هه‌رێمى کوردستان که پشکى هه‌رێمى کوردستان چۆن ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى زانراوه، "به‌غدا ده‌یه‌وێت دۆسیه‌ى نه‌وت که ده‌ستوورى عێراق له مادده‌ى 111 و 112 به هه‌ردوو به‌شى یه‌که‌م و دوه‌مى ئه‌م مادده‌یه به وردى و به ئاشکرا باسیکردوه که سیاسه‌تى نه‌وت له عێراق چۆن ده‌بێت و ده‌بێت یاساى نه‌وت و غاز له په‌رله‌مانى عێراق ده‌ربچێت، به‌غدا ئێستا ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ى یاساى بودجه‌ى 2021، ئه‌م دۆسیه‌یه یه‌کلایى بکاته‌وه و هه‌رێمى کوردستان نه‌وته‌که‌ى راده‌ستى به‌غدا بکات".
ده‌قى وتار‌ى هیڤیدار ئه‌حمه‌د:
شاندى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به سه‌رۆکایه‌تیى به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی، بۆ جارى دوه‌م و بۆ ماوه‌ى چوار رۆژ و له ئه‌نجامى چوار دانیشتنى به‌رفراوان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق له به‌غدا کۆبوه‌وه، مه‌به‌ستى شانده‌که ئه‌مجاره وه‌ڵامدانه‌وه‌ى 13 پرسیارى لیژنه‌که بو. وه‌زیرى نه‌وتى عێراقیش سێ قۆناخى خستوه‌ته‌ڕو بۆ وه‌رگرتن و فرۆشتنى نه‌وتى هه‌رێمى کوردستان. دیپلۆماتکارێکى گه‌وره‌ى به‌ریتانیا له هه‌ولێر وتى "به‌غدا خه‌ڵکى دیکه‌ى هه‌رێمى ده‌وێت له به‌غدا بن".
هه‌وڵده‌ده‌م له‌ڕێگه‌ى ئه‌م گوتاره زانیارى و دیدگاى نوێ له‌سه‌ر ره‌وتى دانوستاندنه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر پشکى هه‌رێمى کوردستان له بودجه‌ى 2021ى عێراق بخه‌مه‌ڕوو که ده‌بێت ئیدى هه‌رێمى کوردستان چى بکات.
سێ سه‌ردانه‌که‌ى به‌غدا
شاندى هه‌رێمى کوردستان سێیه‌م سه‌ردانى خۆى بۆ به‌غدا ئه‌نجامدا، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستى جێگیرکردنى به‌شه بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان بوه، دو سه‌ردانى کۆتایی، شاندى هه‌رێمى کوردستان سه‌رۆکوه‌زیرانى عێراقى نه‌بینیوه.
سه‌ردانى یه‌که‌م: له کۆتایى ساڵى 2020 بوه و له‌گه‌ڵ حکومه‌تى فیدراڵیى عێراق گه‌یشتنه رێککه‌وتن، که به‌رامبه‌ر راده‌ستکردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌لایه‌ن هه‌رێمى کوردستانه‌وه به‌غدا 12.67%ى بودجه دواى ده‌رهێنانى خه‌رجییه سه‌روه‌رییه‌کان و حاکیمه، پشکى هه‌رێمى کوردستان بدات و ئه‌مه له‌نێو پرۆژه یاساى بودجه په‌سندکرا.
سه‌ردانى دوه‌م: له مانگى یه‌که‌مى 2021 بوه له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق، لیژنه‌که 13 پرسیارى دایه شاندى حکومه‌ت و پێیان وتوه بگه‌ڕێنه‌وه هه‌رێمى کوردستان و وه‌ڵامى پرسیاره‌کانى ئێمه له‌گه‌ڵ خۆتان بێنن و وه‌رنه‌وه.
سه‌ردانى سێیه‌م: شاندى حکومه‌ت له سه‌ره‌تاى مانگى دو له به‌غدا بو، وه‌ڵامى هه‌ر 13 پرسیاره‌که‌ى بردبو، به‌ڵام به‌غدا هه‌ر هیچى نه‌خسته به‌رده‌م شاندى هه‌رێمى کوردستان که پشکى هه‌رێمى کوردستان چۆن ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى زانراوه، به‌غدا ده‌یه‌وێت دۆسیه‌ى نه‌وت که ده‌ستورى عێراق له مادده‌ى 111 و 112 به هه‌ردو به‌شى یه‌که‌م و دوه‌مى ئه‌م مادده‌یه به وردى و به ئاشکرا باسیکردوه که سیاسه‌تى نه‌وت له عێراق چۆن ده‌بێت و ده‌بێت یاساى نه‌وت و غاز له په‌رله‌مانى عێراق ده‌ربچێت، به‌غدا ئێستا ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ى یاساى بودجه‌ى 2021، ئه‌م دۆسیه‌یه یه‌کلایى بکاته‌وه و هه‌رێمى کوردستان نه‌وته‌که‌ى راده‌ستى به‌غدا بکات!
13 پرسیاره‌که‌ى به‌غدا چین؟
له دوه‌م سه‌ردانى شاندى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ به‌غدا کاتێک له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق کۆبونه‌وه، لیژنه‌که 13 پرسیارى خستوه‌ته به‌رده‌م شاندى هه‌رێمى کوردستان و داواى وه‌ڵامى ئه‌و 13 پرسیاره‌یان کردوه، من لێره 9 پرسیارى سه‌ره‌کى ده‌خه‌مه‌ڕو ئه‌ویش:
1- ئایا ئه‌م شانده‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌سه‌ڵاتى بڕیاردانیان هه‌یه؟
2- داهاتى ناوخۆى هه‌رێمى کوردستان چه‌نده؟
3- هه‌رێمى کوردستان نه‌وتى خۆى به چه‌ند ده‌فرۆشێت؟
4- گرێبه‌سته نه‌وتییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان چۆنن؟
5- قه‌رزه‌کانى هه‌رێمى کوردستان چه‌ندن؟ قه‌رزى کێن؟
6- ئایا دیوانى چاودێریى دارایى چ رۆڵێکى هه‌یه له چاودێریکردنى گرێبه‌سته نه‌وتییه‌کان؟
7- هه‌رێمى کوردستان بودجه‌ى تایبه‌ت به خۆى هه‌یه؟
8- ئه‌گه‌ر بودجه نه‌بێت، به چ میکانیزمێک داهات خه‌رج ده‌که‌ن؟
9- ژماره‌ى فه‌رمانبه‌ر و خانه‌نشین و مووچه‌خۆران به‌گشتى چه‌ندن له هه‌رێمى کوردستان؟
هه‌رچه‌نده لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق مافى ئه‌وه‌ى نییه له‌گه‌ڵ شاندى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان گفتوگۆ بکات و شاندى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانیش هیچ پێبه‌ندییه‌کى نییه به‌رامبه‌ر لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق ئه‌و ورده‌کارییانه بخاته‌ڕوو، چونکه رێککه‌وتنى له‌گه‌ڵ حکومه‌تى فیدراڵى عێراق کردوه و حکومه‌تى فیدراڵ پابه‌نده له‌به‌رده‌م لیژنه‌ى دارایى عێراق، به‌ڵام دیاره شاندى هه‌رێمى کوردستان وه‌کو نیازپاکییه‌ک ئاماده‌بووه له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق زیاتر له جارێک کۆبونه‌وه بکات، که ته‌نیا له دوا سه‌ردانیدا چوار کۆبوونه‌وه‌ى فه‌رمیى ئه‌نجامداوه و کۆبونه‌وه‌ى لاوه‌کیش هه‌بوه.
هه‌ڵوێستێکى مه‌ترسیدارى وه‌زیرى نه‌وتى عێراق
سه‌ربارى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى هه‌مو ئه‌و پرسیارانه و هه‌مو ئه‌و گفتۆگۆ و کۆبونه‌وانه، له به‌غدا به ئاشکرا به هه‌رێمى کوردستانى وتراوه بابه‌تى راده‌ستکردنى (250 هه‌زار به‌رمیل به سۆمۆ) کۆتایى هاتوه، ته‌نیا دو رێگه له‌به‌رده‌م هه‌رێمى کوردستان هه‌ن له بابه‌تى نه‌وت ئه‌ویش:
یه‌که‌م: هه‌مو نه‌وتى هه‌رێمى کوردستان راده‌ستى به‌غدا بکرێت
دووه‌م: هه‌مو داهاتى نه‌وتى هه‌رێمى کوردستان راده‌ستى به‌غدا بکرێت
به‌غدا وه‌کو نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌ک باسى ئه‌وه ده‌کات که کام له‌م دو رێگه‌یه، هه‌رێمى کوردستان هه‌ڵبژێرێت. داهاتى نه‌وتى هه‌رێمى کوردستان به‌سه‌ر سێ که‌رتدا دابه‌شده‌کرێت ئه‌ویش:
ا- نه‌وتى هه‌رێمى کوردستان به‌شێکى بۆ ناوخۆ به‌کاردێت
ب- ده‌ستحه‌قى کۆمپانیاکانى نه‌وت بدرێت که له هه‌رێمى کوردستان وه‌به‌رهێنان ده‌که‌ن
ج- ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه ده‌خرێته نێو گه‌نجینه‌ى گشتی
ئه‌ى چۆن پشکى هه‌رێمى کوردستان ده‌ده‌ن له بودجه‌ى 2021؟
لیژنه‌ى دارایى عێراق ده‌ستکاریى ژماره‌ى پرۆژه یاساى بودجه‌ى 2021ى کردوه که حکومه‌تى فیدراڵیى عێراق ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى عێراقى کردوه ئه‌ویش له 163 ترلیۆن دیناره‌وه که‌مکراوه‌ته‌وه بۆ 127 ترلیۆن. پشکى هه‌رێمى کوردستانیش 12.67% دانراوه.
ئه‌گه‌ر ئه‌م ژماره‌یه ده‌ستکارى نه‌کرێت، هه‌روه‌کو خۆى که حکومه‌ت ناردویه‌تى 163 ترلیۆن دینار بمێنێت، ئه‌وا پشکى هه‌رێمى کوردستان زیاتر له 13 ترلیۆن دینار ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر که‌مکرایه‌وه بۆ 127 ترلیۆن دینار، ئه‌وا ئه‌و ژماره‌یه که‌مده‌بێت بۆ نزیکه‌ى 11 ترلیۆن دینار.
ئیحسان عه‌بدولجه‌بار، وه‌زیرى نه‌وتى عێراق له‌نێو لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق له‌سه‌ر دۆسیه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى کوردستان وتى "ئه‌گه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه که‌وته ده‌ست حکومه‌تى عێراق ئه‌وا به سێ قوناخ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین که ئه‌ویش: قۆناخى یه‌که‌م: دۆسیه‌ى نه‌وت وه‌رده‌گرین. قۆناخى دوه‌م: چۆن ئه‌و دۆسیه‌یه رێکده‌خه‌ین، ره‌نگه هه‌ندێک بیر هه‌بێت هه‌ر دایبخه‌ین؟ قۆناخى سێیه‌م: له‌ڕوى ئیدارى و چاودێرییه‌وه مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین".
ئه‌م دۆسیه‌یه هێڵى سوره
له‌و رۆژانه له شارى هه‌ولێر له‌گه‌ڵ دیپلۆماتکارێکى گه‌وره‌ى به‌ریتانیا له عێراق، وه‌کو لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى کوردستان کۆبوینه‌وه و ئه‌و به ئاشکرا وتى "په‌رله‌مانتارانى به‌غدا و وه‌زیرى نه‌وتى عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن دۆسیه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى کوردستان ده‌ستکارى بکرێت و ده‌زانین ئه‌مه بۆ هه‌رێمى کوردستان قورسه و هه‌رس ناکرێت".
هه‌رێمى کوردستان له مانگى یه‌کى 2021 به‌کۆى گشتى رۆژانه 433 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى فرۆشتووه و ئه‌م ژماره‌یه لاى به‌غدا له کۆمپانیاى سۆمۆش تۆمارکراوه.
به‌غدا نایشارێته‌وه که چیدیکه ئه‌وان قبوڵ ناکه‌ن هه‌رێمى کوردستان دۆسیه‌ى نه‌وتى خۆى به‌ڕێوه‌ببات و، گوێناداته ده‌ستوور و یاسا و، ده‌ڵێن "هیچ رێگه‌یه‌کى دیکه نییه، ده‌بێت ئه‌و دۆسیه‌یه راده‌ستى به‌غدا بکرێت".
هه‌رێمى کوردستان به‌رامبه‌ر به‌غدا نه ئابورییه‌کى به‌هێزى هه‌یه، نه له‌ڕوى سیاسییه‌وه یه‌کده‌نگین، ئه‌وه‌ى له‌ده‌ست هه‌رێمى کوردستاندا ماوه و (عێراق، تورکیا، ئێران و ئه‌مریکا و ....) به چاوێک سه‌یرى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ن، هه‌بونى دۆسیه‌ى نه‌وته، به‌غدا ده‌یه‌وێت ئه‌و دۆسیه‌یه‌ش له‌ده‌ست کورد ده‌ربهێنێت. بۆئه‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌وپه‌ڕى لاوازی‌دا بمێنێت.
ئه‌م دۆسیه‌یه‌ش هێڵى سوره و هیچ لایه‌نێک ره‌نگه جورئه‌تى ئه‌وه نه‌کات دۆسیه‌ى نه‌وتى کوردستان راده‌ستى به‌غدا بکات.
به هه‌مو شێوه‌یه‌ک پاڵپشتیى به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی، جێگرى سه‌رۆکوه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ین که رۆڵێکى باشى هه‌بووه له دانوستاندنه‌کانى له‌گه‌ڵ به‌غدا گێڕاوه. دیپلۆماتکاره گه‌وره‌که‌ى به‌ریتانیا به لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى کوردستانى وت "ده‌بێت هه‌رێمى کوردستان خه‌ڵکى گونجاو ره‌وانه‌ى به‌غدا بکات که له به‌غدا گوێیان بۆ ده‌گرن و به‌غداش ئه‌و که‌سانه‌ى ده‌وێت".