دوژمن
4 ساڵ لەمەوپێش
سوارە محەمەد
لەسروشتدا ژیان بەجیاوازییەوە بەرەوپێش دەڕوات، هەبوونە دژبەرەکان پێشخستنی تێکۆشان و هەوڵەکان بۆ بەرەوپێشچوون دەسەپێنن، لەسروشتدا جیاوازی و دژبەری، وەکو پێوەرەکانی هەبوونن، دیالکتیک لەوە پێکدێت، سارد هەبێت گەرمیش دەبێت، ژوور هەبێت ژێریش دەبێت، ئەوانە پێویستیی ژیانن. لەمانا فەلسەفییەکەیدا باشی و خراپی بەپێی هەبوون و سزاکان پێناسە دەکرێن، چونکە ئێمە مرۆڤین، کۆمەڵگەین، بەپێی باشی و خراپیی کۆمەڵگە ئێمە بەها بەهەڵسوکەوت و نزیکایەتییەکان دەدەین، عەقڵییەت و کردارە باشەکان بەرامبەر کارە خراپ و دزێوەکان وەک هەڵوێست دەگرینە بەر، تاوەکو مرۆڤ بەشێوەیەکی بوونناسانە (ontological) هەبوونێکی کۆمەڵایەتی بێت – ئەوە دەبێتە راستییەکی بنەڕەتیی کۆمەڵناسی و سۆسیۆلۆژیایی – کە بەپێی بنەماو پێوەری ئەخلاقی و سیاسی ژیانی خۆی راست دەکاتەوە، بەشێوەیەکی سروشتیش هەڵسوکەوت، عەقڵییەت و کردارەکانی لەدژی حەقیقەتی خۆی قبوڵ ناکات.
هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا کولتورو عەقڵییەتی مرۆڤایەتیی لەسەر بناغەى جیاوازی بەرەوپێشچووەو تاوەکو ئاستێک هەبوونی دژبەرانەش بەشێوەی عەقڵمەندانە (rationalism) قبوڵ دەکات، لەسروشتدا هیچ هەبوونێکی زیندوو دوژمن بۆ خۆی قبوڵ ناکات، یان بەئاسایی نازانێت.
زمانی ئێمە، زمانێکی ژیانی و لۆژیکییە، واتای پەیڤە رەسەنەکان زۆر جوان و باش راڤە دەکات، بۆ نموونە، دوژمن! من، خۆم، ئێمە، ئەوان و ئەوانەى لەدژی – من، یان لەدژی – ئێمەن روونکراوەتەوە، هەمان واتا لەپەیڤی هاوواتای دوژمندا واتە لەپەیڤی ‹نەیار›یشدا هەیە. یار گیانە و ئەوەى حەزی لێدەکرێت ئێمەین، نە – یار ، بەپێچەوانەى ئەوانەوەیە. یانی هەبوونی ئێمە و هەردووکیان پێکەوە ‹ئاسایی نییە›. دوژمن هەیەو ئێمەش هەین، ئەوە راستییەکە، بۆیە ئەگەر هەندێک پێوەرو بناغەى پێکەوە ژیان نەبێت، یان ئەوەتا دوژمن نییە، یان ئەوەتا دوژمن ئێمە لەناو دەبات، لەعەقڵییەتی دوژمنایەتیدا لاوازی دەتوانێت کارەسات بەدوای خۆیدا بهێنێت و بە داخەوە تاوەکو رۆژگاری ئەمڕۆشمان کارەساتی بەدوای خۆیدا هێناوە.
ئێمە دەبێت ورد سەرنج بدەین، چونکە ئەمڕۆ لەکوردستان هەلومەرج زیاتر بەپێی سیاسەت، عەقڵییەت و بەرژەوەندیی دوژمنەکەمان هۆنراوەتەوە، هەوڵەکانی دوژمنەکەمان بۆ لەناوبردن و سڕینەوەى ئێمەیە، ئەویش نەک لەناوبردن و سڕینەوەیەکی ئاسایی، وەک داپیران و باپیرانمان دەڵێن، دژومن دەیەوێت لە رەگ و ریشەوە هەڵمان بکەنێت، بۆ؟ چونکە هەبوونی ئێمە لەبەرامبەر هەبوونی خۆی بە مەترسی دەزانێت، لەهەبوونی ئێمەدا مەرگی خۆی دەبینێت و دەیخوێنێتەوە، چونکە ئێمە بەزەویی ژیانی خۆی دەزانێت، قسەیەکی لەجێدایە، کەدەوترێت، دوژمن دەیەوێت جەستەى خۆی لەسەر لاشەی ئێمە گەورەو بەهێز بکات.
وەکو کوردە سیاسییەکان، ئێمە بەباشی لەو نزیکبوونەوەو رەفتارە تێدەگەین و بە ‹ئاسایی و نورماڵ›ی دەزانین، بۆیە عەقڵییەت و سیاسەتی ئەوان، بەسەرماندا دەسەپێنرێت، بۆیە فاشیستەکان بەرخۆرو چەوسێنەر و خوێنخۆرن، سەردەمێک سەدامی دیکتاتۆر و خوێنخوار لەڕێگەى داگیرکەری و خوێنخوارییەکانییەوە پەسەنی خۆی دەداو هەڕەشەى لە گەلەکەمان دەکرد، باب و باپیرانی خۆی لەسەر کەللەسەرو ئێسک و پروسکی کەڵەکەکراوی مرۆڤەکان، کە قەڵایان پێ دروستکردبوون، بەئێمە نیشان دەداو وەک ئەوەی بڵێت، ‹ئێوە بۆ خۆتان راناوەستن و ئەوە کۆتایتان دەبێت› و بەوە پڕوپاگەندەی دەکرد، رەنگە وەک و باب و باپیرانی خۆی کەللەسەرو ئێسک و پروسکی ئێمەیان لەسەر یەک کەڵەکە نەکردبێت و قەڵایان پێ دروست نەکردبێت، بەڵام بەکۆمەڵکوژی و جینۆسایدی ئەنفال نزیکەى (٢٠٠) هەزار مرۆڤی ئێمەیان پاکتاوکرد، باس لەهەموو ئەوانە کراوە.
ئێستا لەسەر رووی جیهان تاکە دوژمن، کە چاو لەگەلەکەمان سوور دەکاتەوە، دەوڵەتی تورکیای فاشیست، داگیرکەر، پاکتاوکارو چەوسێنەرە. ئەگەر سەیر بکەین، هەموو رۆژێک راپۆرتی کوشتنی منداڵان، گەنجان و ژنانی کورد بڵاودەکاتەوە، بەکوشتن هەڕەشەمان لێدەکات، وەک شەهیدی گەورە ئاپێ موسا عەنتەر دەڵێت، ‹ئەو زاڵمانە کوشتنی ئێمەی کوردان بەپاککردنەوە› ناو دەبەن.
سەدان ساڵە دەوڵەتی تورک دوژمنایەتیی گەلان دەکات، بەتایبەتی دوژمنایەتیی گەلی کورد دەکات، بەڵام لەم چەند ساڵەى دواییدا ئەو دوژمنایەتییەی لەعەقڵییەت و سیاسەتی دەوڵەتدا هەیە دەیانەوێت بەناو کۆمەڵگەى تورکیشدا بڵاوی بکەنەوە، دەیانەوێت لە حەوت ساڵییەوە بۆ (٧٠) ساڵی، هەموو کۆمەڵگە بەژەهری فاشیزم، بەعەقڵییەتی نەژادپەرەست، پاکتاوکاری تورکێتیی، پیس و ژەهراوی بکەن، بەداخەوە تاوەکو ئاستێک ئەنجامیان بەدەستهێناوە، یانی دەوڵەتی تورک چی دەکات بەئاشکرا دەیڵێت و ئەنجامی دەدات.
باشە ئێمە لەبەرامبەر ئەو راستییەدا وەک شۆڕشگێڕ، نووسەر، رۆشنبیر، هونەرمەند، رۆژنامەوان، سیاسەتمەدار، رێکخستن، حزب، ژن، گەنج و... هتدو وڵاتپارێزانی کورد چی دەکەن؟ باشە خۆ دوێنێ بوو، کەسەرۆکی فاشیستەکان رەجەب تەیب ئەردۆغان بە بەڕێوەبەرانی باشووری کوردستانی وت، «ئێمە ئێوە لەبرساندا دەکوژین»، ئەوەی وتی ئەنجامیدا؛ دەوڵەتانی دەورووبەرو ئەوانەى ترسیان لەئازادیی کوردو کوردستان هەیە، هەموویانی کۆکردەوەو دیسانەوە هەڕەشەى پاکتاوکردن و سڕینەوەى لەکورد کرد. بۆ؟ چونکە ریفراندۆمێکی هێژا، کە کەسیش نەیزانی بۆ ئەنجامدرا، روویدابوو.
دەسەڵاتی باشووری کوردستان بەسیاسەتێکی هەڵە، ئاشی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەری گەڕاند، بەتێکۆشانی دەیان ساڵە ئەوەی ‹هاوپەیمانی و بلۆکی دژە – کورد› بوو تێکشکێنرابوو، بەڵام جارێکیتر بەهۆی ئەو سیاسەتە هەڵەیەی بەڕێوەبەرانی باشووری کوردستانەوە بونیاتنرایەوە، چونکە بەڕێوەبەرانی باشووری کوردستان، هێشتا دوژمنی گەلی خۆیان نەناسیوە، یان نایانەوێت بیناسن، بۆیە کاتێک مرۆڤ دەڵێت، ئەوە ‹دوژمن›ە ئیدی دەبێت مرۆڤ بەپێی دوژمنایەتی لەئەو - نزیک بێتەوە، وەکو ئێستا کە دەوڵەتی داگیرکەر، پاکتاوکار و فاشیست نزیک دەبێتەوە! دەوڵەت گەلەکەمان بەدوژمن دەزانێت و وەک دوژمن سەیری گەلەکەمان دەکات، لەبەرئەوەش بۆچوونی خۆی و سیاسەت و شەڕەکەى بەڕێوەدەبات، ئەوەش بەئاشکرا ئەنجامدەدات.
باشە، دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان بۆ وا ناکەن؟ لەسیاسەت تێناگەن، یان داگیرکەری نابینین؟ بەبڕوای خۆیان سیاسەتێکی باش بەڕێوەدەبەن و بەباشی خوێندنەوە بۆ دەورووبەر دەکەن. ئەگەر وایە، ئەی کێشەکە لەکوێدایەو چییە؟ باشە بەرژەوەندیی هاوبەش و تێکەڵ هەیە، یان هێزو ئیرادەی تێکۆشان لەبەرامبەر دوژمن و داگیرکەران نەماوە؟ هۆکارەکەى چییە؟ ئایا ئەو ئەگەرە لەگۆڕێ نییە، کەهەڵوێستی ناڕوون و لاوازمان هێزو بوێریی بەسیاسەت و کرداری هەڵەو دوژمنانی کوردو کوردستان دا بێت؟