‌جه‌میل هه‌ورامی، سه‌رۆکى کۆمه‌ڵه‌ى پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کانى کوردستان بۆ هاوڵاتى:

ده‌زگاى ئه‌یلوول‌و گوڵان به‌مۆڵى مووچه‌ وه‌رده‌گرن...پارتى له‌یه‌کێتى و لایه‌نه‌کانى دیکه‌ پێشمه‌رگه‌ى دێرینى زیاتره

4 ساڵ لەمەوپێش



سازدانى: سه‌رچین ساڵح

جه‌میل هه‌ورامی، سه‌رۆکى کۆمه‌ڵه‌ى پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کانى کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، (17) موچه‌ى ته‌واویان لاى حکومه‌تى هه‌رێمه‌و چه‌ند داواکارییه‌کیان هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر جێبه‌جێنه‌کرێت له‌حه‌وشه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیراندا کۆده‌بنه‌وه‌و رێگه‌ له‌هاتوچۆ ده‌گرن.

جه‌میل هه‌ورامی سه‌رۆکى کۆمه‌ڵه‌ى پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کانى کوردستان له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى باس له‌وه‌ده‌کات ژماره‌ى خانه‌نشینانى پێشمه‌رگه‌ى پارتى دوو هێنده‌ زیاترى ژماره‌ى خانه‌نشینى پێشمه‌رگه‌ى هه‌موو لایه‌نه‌کانى دیکه‌یه‌.

هه‌روه‌ها پێشیوابوو که‌« هیچ پاداشت و رێزلێنانێک نییه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ى دێرین، لێره‌ رۆژى ڤالانتاین هه‌یه‌و یادى ده‌کرێته‌وه‌، به‌ڵام رۆژى پێشمه‌رگه‌ى دێرین و پێشمه‌رگه‌ش نییه‌«.

هاوکات، جه‌میل هه‌ورامى ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌« درێژه‌ به‌ناڕه‌زایه‌تییه‌کانمان ده‌ده‌ین و فشار ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر حکومه‌ت، ... کۆتا جار ئه‌گه‌ر وه‌ڵاممان نه‌ده‌نه‌وه‌و ئه‌نجامێکى باشى نه‌بێت ئینجا ده‌چینه‌ حه‌وشه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و رێگه‌ناده‌ین هاتوچۆ بکرێت».

‌هاوڵاتى: کێشه‌ى پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کان چییه‌، ئایا به‌جێبه‌جێکردنى داواکارییه‌کانتان کێشه‌کانتان چاره‌سه‌ر ده‌بێت؟

جه‌میل هه‌ورامی: کێشه‌ى پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کان دوو شته‌، یه‌ک ئه‌و موچه‌یه‌ى دوو مانگ جارێک به‌نیوه‌ ناچڵى ده‌یده‌ن، کێشه‌ى دووه‌م شوێنى نیشته‌جێبوونه‌، زۆرێک له‌پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کان زه‌وییان وه‌رنه‌گرتووه‌.

له‌ساڵى 2013 فه‌رمان هه‌یه‌ له‌زاخۆوه‌ تاده‌گاته‌ که‌لار و هه‌موو شوێنه‌کان زه‌وى بدرێت به‌و پێشمه‌رگه‌ دێرینانه‌ى زه‌وییان وه‌رنه‌گرتووه‌  که‌ژماره‌یان پێنج هه‌زار و (700) که‌سه‌و زۆربه‌یان له‌زۆنى زه‌رددان، جگه‌ له‌وه‌ش له‌یاساى ژماره‌ (38)ی ساڵى 2007دا هاتووه‌ هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ک له‌پێش راپه‌ڕین له‌شاخ سێ ساڵ خه‌باتى کردبێت بۆى ده‌که‌ن به‌ (15) ساڵ، ته‌نها ئه‌وه‌ کراوه‌ ئیتر هیچ پاداشت و رێزلێنانێک نییه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ى دێرین، لێره‌ رۆژى ڤالانتاین هه‌یه‌و یادى ده‌کرێته‌وه‌ به‌ڵام رۆژى پێشمه‌رگه‌ى دێرین و پێشمه‌رگه‌ش نییه‌.

‌هاوڵاتى: مووچه‌ى چه‌ند مانگتان لاى حکومه‌ته‌؟

جه‌میل هه‌ورامی: (17) موچه‌مان به‌ته‌واوى وه‌رنه‌گرتووه‌و لاى حکومه‌ته‌، شه‌ش موچه‌شمان به‌نیوه‌ناچڵى وه‌رگرتووه‌.

هاوڵاتى: چه‌ند ساڵێکه‌ ناڕه‌زایى پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کان سه‌ریهه‌ڵداوه‌ بۆچى چاره‌سه‌ر نه‌کراوه‌؟

جه‌میل هه‌ورامی: گوێى پێناده‌ن، له‌ئاست پێشمه‌رگه‌ى دێرین و پیاوه‌ تیکۆشه‌ره‌کانى ئه‌م وڵاته‌دا چاویان نوقاندووه‌و گوێیان داخستووه‌.

‌هاوڵاتى: چه‌ند ساڵێک پێش ئێستا مه‌سعود بارزانى که‌ له‌پۆستى سه‌رۆکى هه‌رێمدا بووه‌ به‌ڵێنى  جێبه‌جێکردنى داواکارییه‌کانتانى پێدان و ته‌نانه‌ت داواى لیستى پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کانى کرد، به‌ڵێنه‌که‌ى جێبه‌جێکرد بۆتان؟

جه‌میل هه‌ورامی: به‌ڵى زیاتر له‌چوار ساڵ پێش ئێستا بوو، سێ بۆ چوار جار ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیش به‌ڵێنیان پێداین، هه‌موو داواکارییه‌کانمان خسته‌ به‌رده‌ستیان، به‌ڵام خه‌ریکه‌ لاى ئه‌وان ده‌بێت به‌قه‌وانى سواو.

‌هاوڵاتى: ده‌وترێت تائێستا لیستى خانه‌نشینى ئه‌یلول و گوڵان نه‌زانراوه‌و به‌گۆتره‌ موچه‌ وه‌رده‌گرن؟

جه‌میل هه‌ورامی: ده‌ڵێن به‌شێکى زۆریان پاره‌که‌ به‌مۆڵى وه‌رده‌گرن و ده‌یده‌ن به‌فه‌له‌ک و له‌وێ به‌سه‌ر لقه‌کاندا دابه‌شى ده‌که‌ن و موچه‌کانیان وه‌رده‌گرن، وه‌ک ئێمه‌ نین که‌هه‌موومان له‌بانک وه‌ریده‌گرین.

‌هاوڵاتى: چه‌ند هه‌زار خانه‌نشین ده‌بن؟

جه‌میل هه‌ورامی: تائێستا نازانین ژماره‌ى خانه‌نشینانى پێشمه‌رگه‌ى پارتى چه‌نده‌.

‌هاوڵاتى: یه‌کێک له‌ و ره‌خنه‌ دیارانه‌ى له‌لیستى خانه‌نشینى پێشمه‌رگه‌ ده‌گیرێت خه‌ڵکێکى زۆر خانه‌نشین کراوه‌ که‌پێشمه‌رگه‌ نه‌بووه‌ یان په‌یوه‌ندى به‌حکومه‌تى به‌عسه‌وه‌ هه‌بووه‌، ئه‌وه‌ چۆنه‌؟

جه‌میل هه‌ورامی: ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندى به‌ئێمه‌وه‌ نییه‌، ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندى به‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و حزبه‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ خانه‌نشینمان نه‌کردوون و لایه‌نى جێبه‌جێکار نه‌بووین، ئێمه‌ کۆمه‌ڵه‌ین و داکۆکى له‌ئه‌ندامانى کۆمه‌ڵه‌که‌مان ده‌که‌ین.

‌هاوڵاتى: ته‌سه‌ور ده‌که‌ن چه‌ند هه‌زار خانه‌نشینى پێشمه‌رگه‌ى دروست هه‌بێت؟

جه‌میل هه‌ورامی: ئه‌وه‌ى له‌سنورى هێزه‌کانى (70) و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌م ده‌ڤه‌ره‌و کۆمه‌ڵه‌ى پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کان به‌هه‌مووى (32) هه‌زار که‌س هه‌یه‌، به‌ڵام لاى پارتى دوو  هێنده‌ى ئه‌و ژماره‌یه‌ زیاتره‌، له‌کاتێکدا ئه‌و (32) هه‌زاره‌ى ئێمه‌ هى هه‌موو حزبه‌کانه‌ که‌پێکهاتوون له‌یه‌کێتى و گۆڕان و شیوعى و سۆسیالست و کۆمه‌ڵى ئیسلامى و بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامی.

‌هاوڵاتى: چاکسازیى له‌لیستى پێشمه‌رگه‌ دێرنیه‌کان به‌کوێ گه‌یشتووه‌، هیچ زانیارییتان هه‌یه‌ له‌ئه‌نجامى چاکسازیدا چه‌ند که‌س ده‌رکه‌وتووه‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌بووه‌؟

جه‌میل هه‌ورامی: په‌رله‌مان ناردوویه‌تى بۆ حکومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ى لیژنه‌ى بۆ دروستبکرێت، به‌ڵام جێبه‌جێناکرێت، ئه‌گه‌ر جێبه‌جێبکرێت بۆ ناووناوبانگى پێشمه‌رگه‌ باشه‌و ئاشکرا ده‌بوو ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ له‌کوێیه‌ و هه‌ر بۆ خۆیشیان باشبوو مه‌بله‌غێک پاره‌ بۆ حکومه‌ت ده‌گه‌ڕایه‌وه‌.

‌هاوڵاتى: هه‌ڵوێستان چى ده‌بێت ئه‌گه‌ر داواکارییه‌کانتان جێبه‌جێنه‌کرێت؟

جه‌میل هه‌ورامی: درێژه‌ به‌ناڕه‌زایه‌تییه‌کانمان ده‌ده‌ین و فشار ده‌خه‌ینه‌سه‌ر حکومه‌ت، راپۆرت و نووسراومان نووسیوه‌ چه‌ندین جار، کۆتا جار ئه‌گه‌ر وه‌ڵاممان نه‌ده‌نه‌وه‌و ئه‌نجامێکى باشى نه‌بێت ئینجا ده‌چینه‌ حه‌وشه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و رێگه‌ناده‌ین هاتوچۆ بکرێت.

‌هاوڵاتى: ده‌وترێت به‌ڕێزتان کاتى خۆى زۆر که‌ستان خانه‌نشین کردووه‌ که‌پێشمه‌رگه‌ى دێرین نه‌بووه‌ ئایا وایه‌؟

جه‌میل هه‌ورامی: هیچ به‌رپرسیارنیم له‌وه‌ى که‌سێک پێشمه‌رگه‌ نه‌بووبێت و وه‌ک پێشمه‌رگه‌ خانه‌نشین کرابێت، لاى ئێمه‌وه‌ شتى وا نه‌کراوه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار