بایدن و کازمى په‌یوه‌ندییه‌کى ته‌له‌فونیان ئه‌نجامدا

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

 کازمى و جۆ بایدن، په‌یوه‌ندییه‌کى ته‌له‌فۆنیان ئه‌نجامدا و  کۆشکى سپى رایگه‌یاند:"ئه‌مریکا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پشتیوانیکردنى عێراق بۆ پاراستنى سه‌روه‌رى و سه‌ربه‌خۆیى خۆی".

کۆشکى سپى له‌ راگه‌یێندراوێکدا ئاشکراى کردووه‌ شه‌وى رابردوو بایدن و کازمى له‌ په‌یوه‌ندییه‌کى ته‌له‌فۆنیدا باسیان له‌ هێرشه‌ مووشه‌کییه‌کانى ئه‌مدواییه‌ى هه‌ولێر کردووه‌ و هه‌ردوولاش هاوڕا بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌نجامده‌رانى ئه‌و هێرشه‌ ده‌بێت لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بکرێت.

 له‌ راگه‌یێندراوه‌که‌ى کۆشکى سپیدا هاتووه‌: "هه‌ردوولا باسیان له‌ هێرشى مووشه‌کى ئه‌مدواییه‌ى سه‌ر هاوپه‌یمانان و عێراقییه‌کان کردووه‌ و هاوڕا بوون له‌وه‌ى ده‌بێت ئه‌وانه‌ى هێرشه‌کانیان کردووه‌، به‌رپرسیارێتى ئه‌و هێرشانه‌ هه‌ڵبگرن". 
 هه‌روه‌ها بایدن و کازمى پێکه‌وه‌ گفتوگۆیان سه‌باره‌ت به‌ گرنگى  پێشخستنى دیالۆگى ستراتیژى نێوان هه‌ردوو وڵات سه‌باره‌ت به‌ پرسه‌ سه‌ره‌کییه‌کان کردووه‌.
 

هاوکات، مسته‌فا کازمى له‌ ئه‌کاونتى خۆى له‌ تویته‌ر نووسیویه‌تى له‌گه‌ڵ بایدن باسیان له‌ په‌یوندیى دووقۆڵى و به‌ردوامى هاوکارییه‌کان له‌ شه‌ڕى دژ به‌ داعشدا کردووه‌.

 کازمى که‌ تویته‌که‌ى نوسیویه‌تى: "له‌ په‌یوه‌ندییه‌کدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆک جۆ بایدن، تاوتوێى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌کان و به‌هێزکردنى هه‌ماهه‌نگى هاوبه‌شمان کرد، رێککه‌وتین کار بکه‌ین بۆ بۆ چه‌سپاندنى ئاشتى و ئاسایش له‌ناوچه‌که‌ و پێکه‌وه‌ شه‌ڕى داعش بکه‌ین.  جه‌ختمان کرده‌وه‌ له‌ درێژه‌پێدانى گفتوگۆى ستراتیژیى نێوان هه‌ردوو وڵات".
 
رۆژى 15-2-2021 به‌ مووشه‌ک هێرش کرایه‌ سه‌ر بنکه‌یه‌کى هێزه‌کانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تیى دژ به‌ داعش له‌ فرۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى هه‌ولێر، هێرشه‌که‌ کوژرانى به‌ڵێنده‌رێکى بیانى برینداربوونى نۆ که‌سى دیکه‌ى لێکه‌وتنه‌وه‌و  یه‌کێک له‌ برینداره‌کانى رووداوه‌که‌ رۆژى  دووشه‌ممه‌ 22ى شوبات گیانى له‌ده‌ستدا.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار