ئاو.. سه‌رچاوه‌ى قه‌یران یان ئاسووده‌یی؟
6 ساڵ لەمەوپێش
ته‌حسین قادر
زه‌وى به گشتى ڕووبه‌ڕووى گۆڕینى که‌ش و ھه‌وا و گه‌رمبوون چووه، که‌مبوونه‌وه‌ى ئاوى شیرین له‌سه‌ر زه‌وى و ژێر زه‌وى کێشه‌یه‌کى جیهانییه، به ڕێژه‌ى جیاواز ھه‌موو لایه‌ک ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام زۆر توند به‌رۆکى ڕۆژھه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى گرتووه به ھه‌رێمى کوردستان و عێراق و وڵاتانى ده‌وروبه‌ره‌وه. بۆیه پرۆژه‌کانى وڵاتانى دراوسێ له‌سه‌ر ئاوه ھاوبه‌شه‌کان کاریگه‌رى خراپى له‌سه‌ر ھه‌رێم و عێراق ھه‌یه و له داھاتوودا خراپتر ده‌بێت، چونکه ئاو له ھه‌موو لایه‌ک که‌متر ده‌بێته‌وه و پرۆژهکانیشیشیان ته‌واو ده‌بن و ده‌س به گلدانه‌وه‌ى زیاترى ئاوه ھاوبه‌شه‌کان ده‌که‌ن لاى خۆیان. ھه‌رێمى کوردستان و عێراق، ده‌بوایه زۆر زووتر خۆیان ئاماده بکه‌ن بۆ ڕووبەڕووبوونهوهى قهیرانیى ئاو، چونکه ئه‌م کێشانه پێشبینیکراو بوون. ئه‌وه‌ش به‌وه ده‌کرا که :
*یاساى ئاو ده‌ربکرێت له په‌رله‌مانه‌وه بۆ پاراستن، کۆنترۆڵکردن، گه‌شه‌پێدان، به‌فیڕۆنه‌دان، نرخ و پێوه‌رى زیرهکدانان بۆ ھه‌ر دڵۆپه ئاوێکى سه‌ر زه‌وى و ژێر زه‌وی، و ڕیسایکلین و دووباره به‌کارھێنانه‌وه ى ئاو و .....ھتد.
*پلان و ئیداره‌ى زانستى کامڵ دابنرێت بۆ ئاو) الاداره المتکامله للموارد المائیه).
IWRM- Integrated water resources management.
* بودجه‌ى پێویست تهرخانبکرایه بۆ جێبه‌جێکردنى پلانه‌کان و به تایبه‌ت پلانى ستراتیجى که‌رتى کشتوکاڵ که له کابینه‌ى پێنجى حکومه‌تى ھه‌رێم داڕێژرا به ھه‌ماھه‌نگى وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان و کۆى بودجه‌که ١٠ ملیار دۆلار بوو، حه‌وتى بۆ پڕۆژه‌کانى سه‌رچاوه‌کانى ئاو بوو.
* ھه‌وڵ بدرایه داتا و زانیارى ڕاست و ته‌واو ئاڵوگۆێ بکه‌ن له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ له‌سه‌ر ئاوى ھه‌ر لایه‌ک و ئاوه ھاوبه‌شه‌کان به تایبه‌تی، ھه‌تا ده‌گاته پێکه‌وه و به ھاوبه‌شى به‌ڕێوه‌بردنى ئاوه ھاوبه‌شه‌کان.
* دیاره ده‌نگى ھه‌رێم و عێراقیش کاتێک دلێر ده‌بوو، لاى وڵاتانى دراوسێش به باشى ده‌بیسترا که ھه‌رێم و عێراق و په‌یوه‌ندیى نێوانیان به‌ھێز کردایه له ھه‌موو ڕوویه‌که‌وه:
ئابوری، سه‌قامگیری، کاریگه‌رکردن و جیاکردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته ده‌ستووریه‌کان، دیموکراسى و فیدراڵى و دیسێنترالیزم و ئاشته‌وایى کۆمه‌ڵایه‌تى و ڕازیکردنى دانیشتووان و که پشتیوانى ده‌وڵه‌ت بن، به‌ھێزکردنى تاکه که‌س و کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی، دروستکردنى ھێزى نیزامى به‌ھێز و نه‌ھێشتنى میلیشیاى حیزبى ....ھتد
هەرێمى کوردستان و عێراق، ده‌بوایه زۆر زووتر خۆیان ئاماده بکه‌ن
بۆ ڕووبەڕووبوونهوهى قهیرانیى ئاو، چونکه ئه‌م کێشانه پێشبینیکراو بوون
به‌داخه‌وه ئه‌مانه ھیچى نه‌کران نه له ھه‌رێم و نه له عێراق، بۆیه وڵاتانى دراوسێ پلان و پرۆژه‌کانیان بێ ئاگادارکردن و حسابکردن بۆ عێراق جێبه‌جێکرد له‌سه‌ر ئاوه ھاوبه‌شه‌کان و به‌رده‌وامیشن له‌سه‌ری.
ئێستاش ھه‌رچه‌نده زۆر دره‌نگه، به‌ڵام ده‌کرێت عێراق و ھه‌رێمى کوردستان ئاو بکه‌نه یه‌کێک له بایه‌خه یهکهمهکانییان و بودجه‌ى خۆیان و ده‌عم و قه‌رزى نێو ده‌وڵه‌تیش خه‌رج که‌ن له دروستکردنى زۆرترین به‌نداو له ھه‌رێمى کوردستان و زۆرترین پرۆژه‌ى ئاودێرى و ئاوى خواردنه‌وه و سه‌وزکردن و پاراستنى ژینگه له هەرێم و عێراق، له‌سه‌ر ئه‌و ئاوانه‌ى ھى خۆمانن و به‌شى زۆرى سه‌رچاوه‌و ئاوڕێژهکانییان له ناوخۆدایه (زێى گه‌وره و به‌نداوى بێخمه و مه‌نداوه له‌سه‌رى به نموونه) بۆ فریاکه‌وتنى ئه‌وه‌ى که ده‌کرێت فریاى بکه‌وین، چونکه ئاشکرایه تۆپۆگرافیاى ھه‌رێمى کوردستان له باره بۆ دروستکردنى به‌نداو بۆ گلدانه‌وه‌ى ئاو بۆ ھه‌موو عێراق.
گه‌رچى عێراق خۆى به‌رهەمى ئاوى دیجله و فوراته و کوردستانیش سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌کى ئاوى عێراقه، به‌ڵام به‌ھۆى داگیرکارى و نه‌بوونى دیموکراسى و مافى بڕیاردانى چاره‌نوس بۆ گه‌لى کوردستان، شه‌ڕى نێوان نه‌ته‌وه و ئایین وئایینزا، شه‌ڕه‌کانى عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، به شێوه‌یه‌ک ھهمووانى دواخستووه که بایه‌خ به سروشت و ژینگه و ئاو نه‌درێت و بودجه‌ى پێویستى بۆ ته‌رخان نه‌کرێت نه له عێراق و نه له ھه‌رێمى کوردستان و که‌مئاوى و پڕۆژه‌کانى ئێران و تورکیاش له‌سه‌ر ئاوه ھاوبه‌شه‌کان، بکاته ھه‌ڕه‌شه‌یه‌کى گه‌وره. ته‌نھا ھه‌ڵوێستى پۆزه‌تیڤى حکومه‌تى عێراق له دواى ٢٠٠٣، ته‌رخانکردنى بودجه بوو بۆ ته‌واوکردنى به‌نداوى بێخمه، به‌ڵام به‌داخه‌وه سه‌رۆکایه‌تى ھه‌رێمى کوردستان ڕێگرى لێ کرد!
ئابورى و سیاسه‌ت له دنیا و ڕۆژھه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌تى ھێنده ئاوێته‌ى یه‌کترن، که به گوێره‌ى کات و که‌یس پله‌ى یه‌که‌م و دوھه‌م جێگۆڕکێ ده‌که‌ن له نێوان خۆیاندا. ئاویش یه‌کێکه له‌و بابه‌ته ھهستیارانهى ده‌ربڕى ئه‌م ڕاستییه‌یه. ئێران و تورکیا ده‌یان ساڵه و بۆ سه‌ده‌یه‌ک ده‌چێت پلانییان بۆ باش به‌ڕێوه‌بردنى سه‌رچاوه‌کانى ئاو ھه‌یه، به‌ڵام به گوێره‌ى بارودۆخى دارایى و سیاسى خۆیان و ده‌وروبه‌رییان لێى جێبه‌جێ ده‌که‌ن. لاوازى عێراق و ھه‌رێمى کوردستانیش له ھه‌موو ڕوویه‌که‌وه، به فرسه‌ت ده‌زانن بۆ به ئه‌نجامگه‌یاندنى پرۆژهکانییان له‌سه‌ر ئاوه ھاوبه‌شه‌کان. که به گوێره‌ى یاساى نێوده‌وڵه‌تى و ڕێکه‌وتنه‌کانى عێراق له‌گه‌ڵیان، نابێت پرۆژهکانییان زیان به عێراق بگه‌یه‌نێت و به‌شى ئاوى دیجله و فورات که‌مبکات!
ئێران و تورکیا ده‌یان ساڵه و بۆ سه‌ده‌یه‌ک ده‌چێت پلانییان بۆ باش به‌ڕێوه‌بردنى سه‌رچاوه‌کانى
ئاو هەیه، به‌ڵام به گوێره‌ى بارودۆخى دارایى و سیاسى خۆیان و ده‌وروبه‌رییان لێى جێبه‌جێ ده‌که‌ن
ته‌واو بوونى ھه‌ندێک له پرۆژه‌کانى تورکیا و ئێران له یه‌ککاتدا و ده‌ستکردن به گلدانهووى ئاو بێ حسابکردن بۆ ئه‌و کارگه‌رییه خراپانه‌ى له‌سه‌ر ھه‌رێم و عێراقى ده‌بێت، ناکرێت دوور له سیاسه‌ت ببینرێت، ھه‌ر یه‌ک له‌و دوو وڵاته دراوسێیه‌ش ئه‌جێندا و ئامانجى تایبه‌ت به خۆیان ھه‌یه.
له‌به‌رامبه‌ردا به‌گوێره‌ى ده‌ستورى عێراق پاراستن و مامه‌ڵه له‌سه‌ر ئاو له ده‌سه‌ڵاتى حکومه‌تى فیدراڵى عێراقه، به‌ڵام عێراق و ھه‌رێمى کوردستان به ھۆى لاوازى و کێشه ناوخۆییهکانییانهوه له بارودۆخێکدا نین کارتى فشار و ھه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وتۆیان به‌ده‌سته‌وه بێت دژى ئێران و تورکیا، پاڕانه‌وه و ئینشاى جوانى دراوسێیه‌تى و موسوڵمانێتى ھاوبه‌شیش به فریایان ناکه‌وێت!
ئه‌وه‌ى به عێراق و ھه‌رێم ده‌کرێت ئه‌وله‌وییه‌ت دانه به سه‌رچاوه‌کانى ئاوى ناوخۆ، ته‌رخانکردنى بودجه‌یه بۆ جێبه‌جێکردنى زۆرترین و باشترین پرۆژه که ئاسایشى ئاو بپارێزێت، له ھهمامکاتدا خۆ بهھێزکردنهوهیه به دیموکراتیزه‌کردن و مافى چاره‌نوس و دیسێنترالیزم و به ده‌ستورى کردنى ده‌سه‌ڵات و به مهدهنیکردنى حیزبه‌کان و کۆمه‌ڵگه، ئینجا گه‌ر ده‌نگیان ببیسترێت له‌و دیو ئاو و سنوره‌کانه‌وه!