ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران پاکێجه‌ داراییه‌که‌ى په‌سه‌ند کرد

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى زۆرینه‌ى دیموکراتى ئه‌مریکا، پاکێجى دارایى تایبه‌ت به‌ بووژاندنه‌وه‌ى ئابووریى وڵاتى به‌ بڕى ترلیۆنێک و 900 ملیار دۆلار په‌سندکرد، ئه‌وه‌ش وه‌ک سه‌رکه‌وتنێکى گه‌وره‌ بۆ ئیداره‌ى جۆوبادین هه‌ژمار ده‌کرێت.

جۆو بادین، سه‌رۆکى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا له‌ سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌کاربوونیه‌وه‌ هه‌وڵیدا بۆ په‌سندکردنی، له‌ کۆى 435 ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران، 219 ئه‌ندام به‌ به‌ڵێ و 212 به‌ نه‌خێر ده‌نگیاندا و 4 ئه‌ندامیش به‌شدارییان له‌ ده‌نگدانه‌که‌دا نه‌کرد.
 دواى په‌سندکردنى پاکێجه‌ داراییه‌که‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانه‌وه‌   بۆ ئه‌نجوومه‌نى پیران ده‌نێردرێت که‌ له‌وێش دیموکراته‌کان به‌هێزن و له‌ ئه‌گه‌رى تێپه‌ڕاندنیدا ده‌چێته‌ به‌رده‌م سه‌رۆکى ئه‌مریکا بۆ واژۆکردنى و دواتر جێبه‌جێده‌کرێت.

 نانسى پیلۆسى سه‌رۆکى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى ئه‌مریکا رایگه‌یاند: " ناتوانین له‌وه‌ خۆمان بدزینه‌وه‌ که‌ ئاستى مووچه‌ى کارمه‌ند و کرێکاران له‌ 7 دۆلار  و25 سه‌نت بۆ هه‌رکاتژێرێک بۆ 15 دۆلار به‌رزبکه‌ینه‌وه‌، ئێمه‌ زۆر به‌ گرنگ و پێویست ته‌ماشاى ده‌که‌ین".

پاکێجه‌ داراییه‌که‌ ئاستى مووچه‌ و حه‌قده‌ست له‌ ئه‌مریکا له‌ 7 دۆلار و 25 سه‌نت بۆ هه‌رکاتژێرێک بۆ 15 دۆلار  به‌رزده‌کاته‌وه‌، له‌ کاتێکدا دیموکراته‌کان پاکێجه‌که‌ به‌ پێویست ده‌زانن بۆ پاراستنى شکۆى کرێکارانى ئه‌مریکی، به‌شێک له‌ کۆمارییه‌کان دژى وه‌ستاونه‌ته‌وه‌ و به‌ پاکێجى سیاسى ناویان بردووه‌.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار