ئه‌مریکا پێیوتین نابێت ئه‌زموونى هه‌رێمى کوردستان دووباره‌ بکه‌نه‌وه‌

‌غه‌ریب حه‌سۆ هاوسه‌رۆکى ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ته‌ڤگه‌رى جڤاتى دیموکراتیک (ته‌ڤده‌م) بۆ ‌هاوڵاتى:

3 ساڵ لەمەوپێش



 

هێمن حهسهن

 

هاوسهرۆکى دهستهى بهڕێوهبهرایهتى تهڤگهرى جڤاتى دیموکراتیک (تهڤدهم) ئاماژه بهوهدهدات کهدهبێت له رۆژئاڤاى کوردستان یهک ئیدارهو یهک هێزى سهربازیى ههبێت و دهشڵێت:» ئهزموونى باشورى کوردستان (ههرێمى کوردستان) دووباره ناکهینهوه، بۆ ئهوهش ئهمریکا پشتیوانى ئهو بۆچوونهى کردووین».

غهریب حهسۆ هاوسهرۆکى تهڤدهم لهم چاوپێکهوتنهدا لهگهڵ رۆژنامهى هاوڵاتى دهشڵێت:» تورکیا نایهوێت ئهنهکهسه لهناو یهکڕیزیى ماڵى کورددا بێت و بچێته ناو یهکڕیزیى کوردهوه، چونکه بهرژهوهندییهکانى تورکیا بهوه تێکدهچێت».

ههروهها هاوسهرۆکى تهڤدهم جهختى لهوهکردهوه کهتورکیا پهیوهندییهکانى لهگهڵ روسیا بههێزتر دهکات بهو هیوایهى که لهڕێى ئهوانهوه ههندێک ئهنجامى دهستبکهوێت لهناو سوریاداو پێشیوابوو» تورکیا بۆى دهرکهوتووه لهڕێى ئهمریکییهکانهوه ناتوانێت هیچى دهستبکهوێت لهسوریادا».

هاوڵاتى: پێتانوایه هاتنى بایدن چى لهسیاسهتى ئهو وڵاته لهسوریا دهگۆڕێت؟

غهریب حهسۆ: رهنگه ئهمریکا بگهڕێتهوه بۆ رێکهوتنى (٥+١) کهتایبهته بهڕێکهوتنى نهوهوى ئێران، ئهوهش پێویستى بهسیاسهتێکى نهرم ههیه، لهو حاڵهتهشدا ئهمریکا پێویستییهکى ئهوتۆى بهتورکیا نابێت، بهڵام ئهگهر ئهمریکا توندبێت بهرامبهر ئێران ئهوا ئهوکاته پێویستى بهتورکیا ههیه.

 پێشتر ترهمپ سیاسهتى بهرامبهر ئێران توندبوو، بۆ ئهوهش پێویستى بهتورکیا بوو، بۆیه پێیوت من هێزهکان لهباکورى سوریا دهکشێنمهوه تۆ وهره ناو باکورى سوریا، ئهم سیاسهتهش ئهخلاقى تێدا نهمابوو، بۆ دژایهتیکردنى ئێران ئیرادهو دۆستایهتى گهلى کوردى لهباکورى سوریا بنپێ کرد.

ئێستا ئیدارهى ئهمریکا چاوهڕوان دهکرێت سیاسهتێکى نهرم بهرامبهر ئێران پهیڕهوبکات، تورکیاش بهوه تهنگاو بووه، دهبێت ئیرادهى گهلان بهتێکۆشانى خۆیان بهرهوپێشهوه بڕوات، ئهمریکا لهناو سوریا لهچوارچێوهى هاوپهیمانیەتى بوونیان دژى داعش ههیهو بوونیان لهسوریا تهنیا لهبهر نهوت نییه وهک ئهوهى ترهمپ بهئاشکرا دهیوت، تائێستا سیاسهتى ئیدارهى نوێى بایدن سهبارهت بهسوریاو باکورى رۆژههڵاتى سوریا روون نییه چۆن دهبێت، که ئایا دهکشێتهوه یان نا، ئایا مهبهستى تهنیا نهوته یان سیاسهتێکى فراوانتره، بهڵام بهبڕواى من تهنیا لهچوارچێوهى نهوتدا نامێنێتهوه، بهدڵنیاییهوه گۆڕانکارى لهسیاسهتى ئهمریکا لهباکورو رۆژههڵاتى سوریا دهگۆڕێت و بهرهوپێش دهچێت.

هاوڵاتى: لهدوای رۆیشتنى ترهمپ دهبینین هاوکارییه سهربازییهکان بۆ رۆژئاڤا زیادى کردووه؟

غهریب حهسۆ: ترهمپ کهسانێکى ئهزموندارو شارهزاو خاوهن کاریگهرى لهئیدارهکهى دوورخستهوه، لهوانه جۆن بۆڵتن و برێت مهکگۆرک و جۆزیف بۆتیل و کهسانى دیکه، لهشوێنى ئهوان کهسانێکى دانا کهدۆستایهتیان لهگهڵ تورکیا ههبوو، ئهوهش دهستى تورکیاى ئاواڵاکرد کهپیشتیوانى لهتیرۆر بکات.

ئێستا کهئهوانهى ترهمپ لایبردبوون جارێکى دیکه دێنهوه سهر کار بهتایبهت برێت ماکگۆرک کە تورکیا ناڕازییه، بۆیه تورکیا زیاتر بهئیدارهى نوێى ئهمریکا تهنگاو بووه بهوپێیهى دۆستهکانى لهئیدارهى ئهمریکا دوورکهوتوونهتهوه، لهبهرامبهردا تورکیا پهیوهندییهکانى لهگهڵ رووسیا بههێزتر دهکات، بهو هیوایهى که لهڕێى ئهوانهوه ههندێک ئهنجامى دهستبکهوێت لهناو سوریادا، چونکه تورکیا بۆى دهرکهوتووه لهڕێى ئهمریکییهکانهوه ناتوانێت هیچى دهستبکهوێت لهسوریادا.

هاوڵاتى: پێشتر ترهمپ ئاماژهى بهوهکردبوو کهئێمه تهنیا بۆ نهوت لهسوریا ماوینهتهوه، بهڵام ئیدارهى نوێ وتى ئێمه تهنیا بۆ نهوت لهسوریا نین؟

غهریب حهسۆ: بێگومان بوونى ئهمریکا لهباکورى سوریا تهنیا بۆ نهوت نییه، بهڵکو سیاسهت و ستراتیژى فراوانى خۆى ههیه، چاوهڕوان دهکرێت ئهمریکا رۆڵێکى بههێزترو کاریگهرترى ههبێت لهسوریادا بۆ چارهسهرکردنى ئهو کێشانهى کهساڵانێکه ههن، بۆیه ئهگهر ههیه ههندێک سیاسهتى نوێ پهیڕهو بکرێن.

هاوڵاتى: لهم ماوهیهدا ئاڵۆزییهک لهنێوان رژێمى سوریاو ههسهدهو ئاسایشی رۆژئاڤا لهقامیشلۆ دروست بوو هۆکارهکهى چى بوو؟

غهریب حهسۆ: ئهو کێشهیهى که لهقامیشلۆ روویدا لهئهنجامى رێککهوتن بوو که لهنێوان رژێم و تورکیا ههیه، که لهساڵى ١٩٩٨ واژۆ کراوهو تائهمڕۆش جێبهجێ دهکرێت.

رژێم خۆى پابهندى ئهو رێککهوتنهیهو تورکیاش بهههمان شێوه بهشێکى زۆرى خاکى سوریاى داگیرکردووهو کارى تیرۆرستى لهسوریا ئهنجامدهدات.

رژێم لهقامیشلۆو حهسهکه ویستى ههندێک ئاژاوه دروستبکات و ئارامى قامیشلۆو حهسهکه تێکبدات و هاوکارى تورکیا بکات لهبوارى سیخوڕی، بۆ پاراستنى ئهمنیهتى قامیشلۆ ئاسایشى رۆژئاڤا بهئهرکى خۆى ههستاو رێگرى لهو ئاژاوهو ئاڵۆزییه گرت، ههندێ شهڕ دروست بوو لهنێوان ئاسایش و ئهو سیخوڕانهى که لهسهر رژێم حساب دهکرێن، ویستان ئارامى و ئاسایشى قامیشلۆ تێکبدهن، بهڵام ئاسایش زیانى باشى لێدان، دواتر ریشسپى و رووسییهکان هاتنه بهینهوه، لهئهنجامدا رێگا کرایهوه که نهوت و پێداویستییهکان بۆ کهمپى شههباو شێخ مهقسود بڕوات.

ئێستا رهوشهکه ئارامهو ژیان نۆرماڵ بووهتهوه، ئاڵۆزییهکه دامرکاوهتهوه.

هاوڵاتى: گفتوگۆکانی رژێمى سوریاو ئیدارهى خۆسهر چى بهسهرهات ئایا شکستیان هێناوه؟

غهریب حهسۆ: رژێم کهسیستهمى فیدراڵى قبوڵ دهکات یان نایکات ئهوه پرسێکى جیاوازه، بهڵام رژێم ئیرادهى کوردى و زمانى کوردى و کهسایهتى کوردى قبوڵ ناکات، رژێم بهفکرى بهعسى شۆڤێنى خۆ بهڕێوهدهبات و هیچ میللهتێکى دیکه قبوڵ ناکات.

راسته گفتوگۆو دانیشتن ههیه، بهڵام ئهو بیرکردنهوهى شۆڤێنى و نهتهوهپهرست رژێم باڵادهسته، بۆ ئهوهش لهژێر فشارێکدا ژیان دهکات کهئهویش فشارى ئێران و تورکیایه، ئهو رێککهوتنهى کهپێشتر حافز ئهسهد لهگهڵ تورکیا کردوویهتى تائهم ساتهش کارێ پێدهکرێت، ئهگهر تورکیا کوردان قبوڵ ناکات، رژێمى سوریاش قبوڵى ناکات، بهوهش کێشهکانى سوریا گهورهترو ترسناکتر دهبێت.

هاوڵاتى: ئێستا بۆنى مامهڵهیهکى تازه دێت به عهین عیساوه لهلایهن رووسیاو تورکیاوه، پێتوایه سیناریۆى عهفرین و سهرێکانى لهوێش دووباره ببێتهوه؟

غهریب حهسۆ: پێموانییه ئهوهى که لهعهفرین و سهرێکانى روویدا له عهین عیساش دووباره ببێتهوه، ئهوهى رووسیا لهعهفرین کردی پشتى لهسیاسهتى ئهخلاقى خۆى ههڵگرتوو لهسهر حسابى خهڵکى سوریاو گهلى کورد مامهڵهى لهگهڵ تورکیا کرد، ئهمریکاش لهسهرێکانى ههمان شتى کرد.

ئهم سیاسهت و تاکتیکه لهسهر ئاستى جیهان رهخنهى توندى لێگیراو سیاسهت و تاکیکى ئهوانى لهسوریا بۆ راى گشتى جیهانى ئاشکرا بوو، میدیاکانى جیهان ئهوهیان پیشاندا که ئهو دوو وڵاته خوازیارى  ئاشتى و چارهسهرکردنى کێشهکان نین لهسوریادا، بهڵکو خوازیارى شهڕن و دهیانهوێت چۆن تورکیا لهخۆیان رازى بکهن، ئهمه وایکردووه ئهوان تاڕادهیهک بهخۆیاندا بچنهوهو نههێڵن عهین عیسا وهک عهفرینى لێبێتهوه، چونکه چوار مانگه تورکیاو چهکدارهکانى بهردهوام هێرش دهکهنهسهر عهین عیسا، بهڵام لهبهرئهوهى قهدهغهى ئاسمانیان ههیه هیچ ههنگاوێک نهچوونهته پێشهوه.

هاوڵاتى:  رووسیا دهستى تورکیاو ئێرانى واڵاکردووه لهسوریادا دژى کورد؟

غهریب حهسۆ: رووسیا بهردهوامه لهسهر ههڵوێستى نابهرپرسانهى خۆی، رووسیا یارى دهکات، ئهوان لهسهر حسابى گهلانى سوریا، گهلى کورد، لهسهر حسابى رژێم و تورکیاو تهنانهت لهسهر حسابى ئێرانیش سیاسهت دهکات.

واته رووسیا ئهگهر ئێران بهقسهى نهکات، رێگه خۆشدهکات بۆ ئهمریکاو ئیسرائیل هێزهکانى ئێران بۆردومان بکات، ئهگهر سیاسهتى تورکیاى بهدڵ نهبێت دهڵێت دهبێت ئیدارهى کوردى بههێز بکرێت و مامهڵهى لهگهڵ بکرێت، ئهگهر سیاسهتى ئێمهى بهدڵ نهبێت دهڵێت عین عیسا رادهستى تورکیا دهکهین.

واته دهیهوێت فشار لهسهر ئێمه بکات، چۆن ئیرادهى ئێران و رژێمى تهسلیم بووه، دهیهوێت ئێمهش ئیرادهى خۆمانى تهسلیم بکهین، بهڵام ئهوهى لهگهڵ ئێمه بۆ ناچێتهسهر، چونکه ئێمه سیاسهت و ستراتیژى خۆمان ههیه، ئیرادهى خۆمان تهسلیمى رووسیا ناکهین.

ئهگهر رووسیا له عهین عیساش بکشێتهوه، هێزێکى پاراستنى سهربازیى و کۆمهڵایهتى ههیه، ئهوهى رووسیا سیاسهتێکى خراپ و نائهخلاقییه، ئهوان جارێک به رژێم و جارێک بهتورکیا دهڵێن وهرن عهین عیسا بگرن، ئهمه سیاسهتێکى بچووک و نائهخلاقییه.

هاوڵاتى: سهبارهت بهگفتوگۆکانى ئهنهکهسهو پهیهنهکه بهنێوهندگیرى ئهمریکاو جهنهراڵ مهزڵوم عهبدى گهیشت بهکوێ؟

غهریب حهسۆ: گفتوگۆى ئهنجومهنى نیشتیمانى کورد لهسوریا (ئهنهکهسه)و پارتى یهکێتى نهتهوهیى کوردى لهسوریا (پهیهنهکه) زۆر ئهنجامدرا، لهسهر ئاستى ئیدارهى بهڕێوهبهرى گفتوگۆ کران، ههندێک جار گفتوکان راوهستان و دهستیان پێدهکردهوه، نوێنهرى ئهمریکاش لهو گفتوگۆیانهدا ههبوو کهسهرپهرشتى دهکرد، بهڵام نوێنهرى ئهمریکا گهڕاوهتهوه ئهمریکاو مۆڵهته، بڕیاره بهمنزیکانه گفتوگۆکان دهستپێبکهنهوهو ئامادهکاریش بۆ ئهوه کراوه.

مهزڵوم عهبدیش باسى لهوهکرد کهئهو بهپهرۆشه بۆ یهکڕیزیى ماڵى کوردى و یهکێتى ماڵى کوردی، وتیشى» ئێمه سوورین لهسهر سهرخستنى ئهو پڕۆژهیه، لهڕاستیدا ئهمهش کاتى پێویسته تادهگهینه کۆتایی، بهڵام ئێمه سوورین لهسهر سهرخستنى گفتوگۆکان و گهیشتن بهیهکڕیزى ماڵى کورد»، بۆیه بهرژهوهندى ئێمه وهک تهڤدهم و وهک ههموو لایهنه سیاسییهکان و خهڵکى رۆژئاڤاى کوردستانیش لهو یهکڕیزى ماڵى کوردییەدایهو هاوکارییشه بۆ یهکێتى نهتهوهیى.

هاوڵاتى: ئایا کاریگهرى تورکیا بهسهر بڕیارهکانى ئهنهکهسهوه دیاره بهتایبهت لهم ماوهیهی رابردوو مهولود چاوشئۆغلۆ داواى لهئهنهکهسه کرد لهگفتوگۆکان بکشێتهوه؟

غهریب حهسۆ: یهکڕیزیى ماڵى کورد بۆ ئێمه زۆر گرنگ و پێویسته، ئهگهر ئێمه خۆ بهخۆ رێکبکهوین زۆر باشه، بهڵام ئهگهر دهوڵهتێکى داگیرکهر بهشێک لهکورد بۆ لاى خۆى راکێشێت ئهوه مهترسییهکى گهورهیهو دهوڵهتانى داگیرکهر بهتایبهت  تورکیا لهیهکڕیزى ناوماڵى کورد دهترسێت، چونکه هێزێک بهرامبهرى دروست دهبێت و سیاسهتى ئهو دهڕووخێت، ئهوکات کهس نابێت دواى سیاسهتى ئهو بکهوێت.

بۆیه تورکیا نایهوێت ئهنهکهسه لهناو یهکڕیزیى ماڵى کورددا رۆڵى ههبێت و بچێته ناو یهکڕیزیى کوردهوه، چونکه بهرژهوهندى تورکیا بهوه تێکدهچێت، لهبهرئهوه تورکیا ههرچى پێبکرێت لهدژى دروستبوونى یهکێتى ناوماڵى کورد ئهنجامى دهدات، گفتوگۆى ئهنهکهسهو پهیهنهکه هیوایهکى داوه بهگهلى کورد له رۆژئاڤاى کوردستان و کوردستانى گهوره بهگشتی، بۆیه پێویسته ههر هێزو لایهنێک ههوڵ بۆ یهکڕیزى ناو ماڵى کوردى بدات و نهبێته بهشێک لهئهجێنداى داگیرکهران.

هاوڵاتى: لهماوهی رابردوو ههم ئهنهکهسهو ههم مهزڵوم کۆبانى ئهوهیان باسکردبوو کهتهنیا لهڕووى سهربازییهوه ماوه بگهینه رێککهوتن لهسهر شتهکانى تر چۆن رێکهوتوون؟

غهریب حهسۆ: مهزڵوم عهبدى بهردهوام ههردوولا دهبینێت و گفتوگۆ بهردهوامن، لهسهر ئاستى سهربازیى دهبێت ئهوه بزانین کهئێستا هێزێک ههیه ناوى هێزهکانى سوریاى دیموکراته، یهپهگهو یهپهژه لهناو ئهو هێزهدان، نابێت هیچ هێزێکى سهربازیى دیکهى جیاواز لهههسهده دروستبێت، بهو مانایه نابێت له رۆژئاڤاى کوردستان دوو هێزى سهربازیى ههبێت.

نامانهوێت ئهزموونى باشورى کوردستان (ههرێمى کوردستان) دووباره بکهینهوه، ئهوه مهترسیداره، بۆ دواڕۆژ مهترسیدارهو پارچه پارچهبوون دروستدهبێت، چهک بهچهندین جۆر هێزهوه دروستدهبێت، ئهوهش شایهنى کۆمهڵگهى ئێمه نییه.

ئهگهر دروست ببێت، ئهوا دهستى دهوڵهتانى دیکهى تێدایه، بۆ ئهوهى ئهوە روونهدات دهبێت له رۆژئاڤاى کوردستان یهک سیاسهت و دیبلۆماسى و هێزى سهربازیى ههبێت، یهکڕیزیى ماڵى کوردى به (١٠٠) هێز دروستنابێت، بۆیه پێش ئهوه دهبێت یهکڕیزیى ناوماڵى کوردستان ئاوهدان بکهینهوه، چونکه هێزى سهربازیى پێویستى بههێزى یهکڕیزى ناوماڵى کورده.

هاوڵاتى: ئهنهکهسه ئێستاش سووره لهسهر داواکارى گهڕانهوهى پێشمهرگهى رۆژ ئایا ئهمه ترسى دووبارهبوونهوهى ئهزموونى باشورى کوردستانتان نییه؟

غهریب حهسۆ: ئێستا لهباشورى کوردستان، دوو ناوچهیى و دوو ئیدارهو دوو هێزى ههیه، ئێمه نامانهوێ ئهو ئهزموونه دووباره بکهینهوه، ئهمریکاش نایهوێت ئێمه ئهو ئهزموونه دووباره بکهینهوهو راستهوخۆش بهئیدارهى رۆژئاڤایان وتووه کهئهزموونى باشورى کوردستان دووباره مهکهنهوه.

 ئهو ئهزموونهى لهباشور ههیه لهئهنجامدا لاوازى دهکات، دهبینیت بهرامبهر ئێران و تورکیا بێ ئیرادهیه، تهنانهت بهرامبهر حکومهتى عێراقیش ئیرادهیهکى لاوازى ههیه، بۆچی، چونکه دوو ئیدارهییهو دوو هێزییهو دوو سیاسهت و دیبلۆماسییه، ئهوهش ئهخلاقى ئێمه نییه که کهموکوڕییهکانى باشور نهبینین و دووبارهیان بکهینهوهو  گهلى ئێمهش ئهوه قبوڵ ناکات.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار