باهۆز ئه‌رداڵ: که‌جه‌که‌ ڕێز له‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ى باشوورى کوردستان ده‌گرێت

"هه‌موو فه‌رمانده‌ و کادره‌کانى په‌که‌که‌ سه‌ربه‌رزن به‌ په‌که‌که‌یى بوون"

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

 فه‌رمانده‌ى بڕیارگه‌ى ناوه‌ندیى هه‌په‌گه‌ ده‌ڵێت کۆماجڤاکێن کوردستان رێز له‌ سه‌روه‌رى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان ده‌گرێت و ڕاشیگه‌یاند:" کراوه‌ین بۆ دانوستانێک که‌ خزمه‌ت به‌ئارامیى و ئاشتى له‌ ناوچه‌که‌ ده‌کات".

باهۆز ئه‌رداڵ فه‌رمانده‌ى بڕیارگه‌ى ناوه‌ندیى هێزه‌کانى پاراستنى گه‌ل- هه‌په‌گه‌، چاوپێکه‌وتنێکى له‌گه‌ڵ (ستێرک تى ڤی)  ئه‌نجامداوه‌و وتى:" گه‌ریلا له‌ گاره‌ گورزێکى قورسى له‌ دوژمندا، هێزى گه‌ریلا جارێکى دیکه‌ نیشاندرا، ده‌وڵه‌تى تورک له‌م ساڵانه‌ى دواییدا هه‌ر پرۆپاگه‌نده‌ ده‌کات و بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ گه‌ریلا چیتر ناتوانێت شه‌ربکات، به‌ڵام هه‌ڤاڵان به‌ به‌رخۆدانى خۆیان پڕۆپاگه‌نده‌کانى ده‌وڵه‌تى تورکیان پوچه‌ڵ کرده‌وه‌".

ناوبراو له‌سه‌ر کاردانه‌وه‌کان بۆ سه‌رکه‌وتنى گاره‌ش وتیشى:" ئه‌وانه‌ى زۆر دڵیان به‌ سه‌رکه‌وتنى گاره‌ خۆش بوو، خه‌ڵکى باشوورى کوردستان و به‌تایبه‌تیش خه‌ڵکى بادینان بوون، ئه‌گه‌ر به‌ڕێوبه‌رانى باشوورى ڕێگه‌یان بدایا، گه‌له‌که‌مان له‌ ئاکره‌، ئامێدى و سه‌رسنگ ئاهه‌نگى گه‌وره‌یان ده‌گێڕا، ئه‌مه‌ نیشانده‌دات که‌ گه‌له‌که‌مان له‌ باشوور چیتر له‌ ڕاستیى هێرشه‌کانى ده‌وڵه‌تى تورک بۆسه‌ر هه‌موو کوردستان تێگه‌یشتوون و به‌رخۆدانى گه‌ریلا ته‌نیا به‌ هى په‌که‌که‌ نازانن و به‌ هى هه‌موو گه‌لى کوردى ده‌زانن".

ئه‌رداڵ ڕێزگرتن له‌ خه‌باتى پارچه‌کانى دیکه‌ به‌ ئه‌رکێکى نه‌ته‌وه‌یى ده‌زانێت و ده‌ڵێت: به‌ڕێوبه‌ریى که‌جه‌که‌ به‌ ئاشکرا ڕایگه‌یاند که‌ ئێمه‌ ڕێز له‌ به‌ڕێوبه‌ریى و پێشمه‌رگه‌کانى باشوورى کوردستان ده‌گرین و ده‌یاننانسین، هه‌ڵویستمان له‌م باره‌وه‌ دیاره‌، پێویسته‌ "به‌ڕێوبه‌ریى باشووریش بێت و بڵێت ئێمه‌ش ڕێز له‌ تێکۆشانى په‌که‌که‌ و خه‌ڵکى باکوور ده‌گرین، ڕێز له‌ خۆبه‌ڕێوبه‌ریى و خه‌ڵکى ڕۆژئاواى کوردستان ده‌گرین، ئه‌مه‌ ئه‌رکێکى کوردستانى و نه‌ته‌وه‌ییه‌ له‌سه‌ر شانى به‌ڕێوبه‌رانى باشوورى کوردستان".

له‌سه‌ر ئامانجى هێرشه‌کانى ده‌وڵه‌تى تورکیش، باهۆز ئه‌رداڵ وتی: ئامانجى ستراتژیکى ده‌وڵه‌تى تورک له‌ به‌ ئامانجکردنى گاره‌، شه‌نگال و خاکورک، داگیرکردنى باشورى کوردستانه‌، ئێستا بیانوى کاربه‌ده‌ستانى باشوور ئه‌مه‌یه‌ که‌ گوندییه‌کان هاتوچۆیان ئاسان نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تى تورک بێته‌ ناوچه‌که‌، ئه‌و کات هاتۆچۆى نێوان هه‌ولێر-دهۆک ئاسان نییه‌، سوپاى تورک ته‌نیا بۆ لێدان له‌ ئێمه‌ نایه‌ت، داوامان له‌ به‌ڕێوبه‌رانى باشوور ئه‌مه‌یه‌ که‌ له‌مه‌ تێبگه‌ن و به‌و پێیه‌ هه‌ڵویست وه‌رگرن، ئه‌مه‌ مه‌ترسییه‌که‌ له‌سه‌ر دۆزى کورد به‌ گشتی.

باهۆز ئاماده‌یى په‌که‌که‌ بۆ دانوستانێک که‌ خزمه‌ت به‌ ئاشتى له‌ ناوچه‌که‌ بکات ده‌رده‌بڕێت و ده‌ڵیت:" ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ کورد کارى کردووه‌، قازانیشى لێى بینیوه‌ زیانى لێى نه‌بینیوه‌، په‌که‌که‌ له‌ کوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست هێزێکى گه‌وره‌یه‌، خاوه‌ن کاریگه‌رییه‌ له‌سه‌ر هاوسه‌نگییه‌کان، په‌که‌که‌ بۆ دانوستانێک که‌ خزمه‌ت به‌ ئارامیى و ئاشتى ناوچه‌که‌ ده‌کات کراوه‌یه‌، سیاسه‌ت تا ئێستا ئه‌نجامى نه‌بووه‌، ئه‌و حساباته‌ى که‌ په‌که‌که‌ به‌ده‌ر له‌ بابه‌ته‌کان بهێڵدرێته‌وه‌ ئه‌نجامى نه‌بووه‌ و ناشبێت".

له‌ به‌رده‌وامیدا ئه‌رداڵ ده‌ڵێت: ئه‌مه‌ بانگه‌وازییه‌ک ته‌نیا بۆ به‌ڕێوبه‌رانى ئه‌مریکا نییه‌، بۆ هه‌موو هێزه‌ هه‌رێمیى و نێوده‌وڵه‌تییه‌کانیشه‌، دانوستان له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌ به‌ قازاشتى ئه‌وانه‌، ئێوه‌ ناچار نیین له‌ چاوى ده‌وڵه‌تى تورکه‌وه‌ سه‌یرى کێشه‌ى کورد بکه‌ن یان وه‌ک ئه‌ردۆغان سه‌یرى په‌که‌که‌ بکه‌ن، به‌ ڕاستى کاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ که‌ چیتر ڕاى گشتى داواى ئه‌مه‌ بکات، کاره‌کانى ده‌رهێنانى په‌که‌که‌ له‌ لیستى تیرۆر تا ئاستێک هاتووه‌، وڵاتانى ئه‌وروپاش هه‌موو قه‌رزدارى په‌که‌که‌ن، په‌که‌که‌ پێویسته‌ له‌ لیستى تیرۆر ده‌ربهێنرێت و به‌و شێوه‌یه‌ قه‌رزداریى خۆیان به‌ په‌که‌که‌ سافى بکه‌نه‌وه‌.

هاوکات باهۆز ئه‌رداڵ به‌ ئاماژه‌دان به‌وه‌ى که‌ په‌که‌که‌یى بوون شانازییه‌ ده‌شڵیت:" په‌که‌که‌ نه‌بوایه‌ له‌ کۆبانێ چى ده‌قه‌وما؟ په‌که‌که‌ نه‌بوایه‌ له‌ شه‌نگال چى ده‌قه‌وما؟ په‌که‌که‌ نه‌بوایه‌ له‌ ناوچه‌که‌ چى ده‌قه‌وما؟ خه‌بات و تێکۆشانى په‌که‌که‌ جێى سه‌ربه‌رزییه‌، هه‌موو فه‌رمانده‌ و کادره‌کانى په‌که‌که‌ سه‌ربه‌رزن به‌ په‌که‌که‌یى بوون".

له‌ کۆتاییشدا باهۆز ئه‌رداڵ فه‌رمانده‌ى بڕیارگه‌ى ناوه‌ندیى هێزه‌کانى پاراستنى گه‌ل- هه‌په‌گه‌، وتی:" په‌که‌که‌ نه‌بێت دۆزى کوردیش نییه‌، هه‌موو ده‌بێت ئه‌م ڕاستیه‌ بزانن، ئه‌وانه‌ى نازانن پێویسته‌ مێژووى دوور و نزیکى گه‌لى کورد ببینن و بزانن په‌که‌که‌ واتاى چییه‌؟ ئێستاش ئه‌مه‌ ئاشکرا بووه‌ که‌ ده‌وڵه‌تى تورک ته‌نیا دوژمنى کورد نییه‌، دوژمنى عه‌ره‌ب، ئه‌رمه‌ن و هه‌موو که‌سێکه‌".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار