په‌رله‌مانتارێکى کورد له‌به‌غدا هۆشدارى ده‌داته‌ سه‌رکردایه‌تى کورد 

"دووشه‌ممه‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه‌ بودجه‌ ده‌ستپێده‌کات و نه‌وت به‌رزبونه‌وه‌ چاره‌سه‌رى دارایى هه‌رێم ناکات"

4 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
رێبوار که‌ریم مه‌حمود، ئه‌ندامى فراکسیۆنى هاوپه‌یمانى هیوا له‌ په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت دووشه‌ممه‌ى هه‌فته‌ى ئاینده‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه‌ بودجه‌ ده‌ستپێده‌کات و به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت چاره‌سه‌رى دارایى هه‌رێم ناکات ئه‌گه‌ر بیه‌وێت رێککه‌وتن نه‌کات".

رێبوار که‌ریم مه‌حمود، ئه‌ندامى فراکسیۆنى هاوپه‌یمانى هیوا له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه‌ بودجه‌ى 2021 رۆژى دووشه‌ممه‌ 15ى ئازار له‌ په‌رله‌مانى عێراق ده‌ستپێده‌کات و تا ئێستا لایه‌نه‌ شیعه‌کان هیچ ده‌قێکى به‌دیلیان نه‌هێناوه‌ له‌باره‌ى پشکى کورد له‌ بودجه‌که‌دا".

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد وه‌ک فراکسیۆنه‌ کوردییه‌کان هه‌موو موته‌فقین له‌سه‌ر ئه‌و ده‌قه‌ى له‌نێو پرۆژه‌ بودجه‌ هاتووه‌ که‌ تایبه‌ته‌ به‌ پشکى کور دو حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق رێککه‌وتنیان له‌سه‌ر کردووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌رى دووه‌م و سێیه‌میش هه‌یه‌.
له‌باره‌ى ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌وه‌، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ باسى له‌وه‌کرد که‌ لایه‌نه‌ شیعییه‌کان ده‌قێکى دیکه‌ بهێنن تا پێش دووشه‌ممه‌و کوردو شیعه‌ له‌سه‌رى رێکبکه‌ون و مافى موچه‌خۆرانى هه‌رێمى تێدا پارێزراو بێت ئێمه‌ ده‌نگى پێده‌ده‌ین، وتیشى:" ئه‌گه‌رى سێیه‌م ئه‌وه‌یه‌ که‌ رێککه‌وتن نه‌کرێت و پشکى کورد هه‌ر باس نه‌کرێت ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌رێکى لاوازه‌".

رێبوار که‌ریم مه‌حمود هۆشدارى دایه‌ سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد که‌ رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق به‌ قازانجى هه‌رێمى کوردستاندا ده‌بێت، وتیشى:" ئێستا نرخى نه‌وت به‌رزبووه‌ته‌وه‌ و به‌هاى دینار دابه‌زیووه‌و داهاتیان زیادى کردووه‌ ره‌نگه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم به‌لایانه‌وه‌ ئاسایى بێت رێککه‌وتن نه‌کرێت، به‌ڵام ئه‌م شه‌پۆله‌ى ئێستاى کۆرۆنا نرخى نه‌وت داده‌به‌زێنێت و وانامێنێت".

هاوکات له‌باره‌ى ئه‌و هه‌وڵه‌ى مسته‌فا کازمى بۆ دیالۆگى سیاسى نێوان لایه‌نه‌کان، تا چه‌ند به‌ قازانجى رێککه‌وتنى هه‌رێم و عێراق ده‌شکێته‌وه‌،  ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌  جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ که‌ ئه‌و دیالۆگى سیاسییه‌ فریاى بودجه‌ ناکه‌وێت و کاتى که‌م ماوه‌، وتیشى:" مسته‌فا کازمى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق بۆ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژاردن دوور له‌ ساخته‌کارى ئه‌نجام بدرێت و ئه‌نجامه‌کان قبوڵ بکرێت، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌یه‌ له‌ ئاستى نێوده‌وڵه‌تى ئیعتبارى زیاتر ببێت".

له‌پرۆژه‌ بودجه‌ى 2021 دا نرخى یه‌ک به‌رمیل نه‌وت به‌ 42 دۆلار دیارى کرا دواتر لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق کردیانه‌ 45 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێک، له‌ئێستادا هه‌وڵێک هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بکرێته‌ 51 دۆلار، به‌و پێیه‌ى به‌رمیلێک نه‌وتى خاو له‌سه‌رو 67 دۆلاره‌وه‌یه‌و عێراق له‌ ئێستادا به‌رمیلێک نه‌وتى خاو به‌ 63 دۆلار ده‌فرۆشێت.

رێبوار که‌ریم مه‌حمود ئه‌وه‌ى روونکرده‌وه‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام به‌هۆى هاتنى شه‌پۆلى کۆرۆناوه‌ مه‌ترسى هه‌یه‌ نرخى نه‌وت وه‌ک ئێستا نه‌مێنێته‌وه‌و داببه‌زێت، ئه‌وکات عێراق تووشى سه‌دمه‌ ده‌بێت.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار