پاپا لەعێراق، پەیامێکی سیاسی بۆ ناوچەکە!

کامل ئه‌حمه‌د

4 ساڵ لەمەوپێش



کامل ئه‌حمه‌د

سەردانی چەند رۆژەی پاپای ڤاتیکان، پاپا فرانسیس، بۆ عێراق و کوردستان دەکرێت لێکدانەوەو شرۆڤەی جۆراوجۆری بۆ بکرێت، کەمەبەستی من لێرەدا ئەوە نیە کەئەوانە بدەمە بەر لێکۆڵینەوە، بەڵکو تەنها ئامانجە سیاسییەکانی پشتی ئەم سەردانە لەچەند خاڵێکی کورتدا دەخەمەڕوو.

پاپا و سیستانی و هەر فیگورێکی دیکەی دینی، سەر بەهەر دین و تائیفە و مەزهەبێک بن، لەجیهانی ئەمڕۆی سەرمایەداریدا تەنها و تەنها بریتین لەنوێنەرانی پاراستنی قازانجەکانی نیزامی سەرمایەداری و وەبەرهێنانەوەی ئەو نامۆییەی کەمرۆڤەکان لەیەکتری دوور دەخاتەوە و وەک تاکی بێ ئێرادە بەرامبەر خوداوەند رایاندەگرێت تانەتوانن لەهێزی یەکگرتووی خۆیان هەم تێبگەن و هەم بەهرەمەندبن بۆ کۆتاییهێنان بەژیانی مەینەتباری ئەمڕۆیان. ئەمە ئەو ئەرکە سەرەکییەیە کە دین دەیگێڕێت لەدوورخستنەوەی دەسەڵاتی بورژوازی لەدوژمنی راستەقینە و چینایەتی خۆی، چینی پرۆلیتاریا. بۆیە هەرکات ئەمە پێویستی بەتەبایی بوو، ئەوا بەتەبایی دەیکەن و هەرکاتیش پێویستی بەجەنگی خوێنین بوو ئەوە مرۆڤەکان بەردەدەنە گیانی یەکتری و تا ئاستی پاکتاوی ئایین و مەکتەب و مەزاهیبە جیاوازە دینیەکان دەیبەن، مێژوو شاهیدی ئەم راستییەیە.

پەیامێکی تری ئەم سەردانە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی ئاشتەوایی و ئاساییکیردنەوەی پەیوەندیییەکانی ئیسرائیلە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا. پرۆسەیەک کە لەژێر ناوی پێغەمبەری هەرسێ ئایینە ئاسمانییەکەدا، ئیبراهیم، دەیانەوێت بیبەنە پێشەوەو ناوی ئەویان لێناوە بۆ ئەوەی نە شیش بسوتێ و نە کەباب. تا دوێنی بەناکۆکی و ئەمڕۆ بەئاشتەوایی و ئاساییکردنەوە، چونکە ئەمڕۆ پێویستییەکانی بازاڕو بەرژەوەندییەکانی سەرمایە لەناوچەکەدا پێویستی بەم جێگیریە سیاسی و ئابورییە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت گەشەبکات و خۆی بەرهەمبهێنێتەوە. پەیامی پاپاش لەسەردانیکردنی بۆ ئورو مەنزڵگای ئیبراهیم نیشاندانی ئەم پشتیوانییەیە، مەسەلەکە ئەوەیە ئەمریکا دەیەوێت لەچوارچێوەی ئاشتەوایی لەگەڵ ئیسرائیلدا ناوچەکە رێکبخاتەوە بەعێراق و سوریاو ئێرانیشەوە.

مەسەلەیەکی تری ئەم سەردانە مۆلەقەیی و ناجێگیریی باری سیاسی عێراق و ساغنەبوونەوەو یەکلایینەبوونەوەیەتی کە لەچ بەرەیەکدا سەقامگیردەبێت. لەلایەک ئەمریکاو خۆرئاوا دەیانەوێت پێگەی ئێران لەناو عێراقدا لاوازبکەن و بەقازانجی خۆیان بیشکێننەوە. لەلایەکی تریشەوە ئێران لەهەوڵی ئەوەدایە کەئەم پێگە بەهێزەی خۆی بهێڵێتەوە، مانەوەی پێگەی بەهێزی ئێرانیش واتە فراوانبوونەوەو جێبەجێبوونی پرۆژەی چینی کە بووەتە ترس و دڵەڕاوکێی خۆرئاوا. بۆ لێدان لەم پێگەیەی ئێران، پاپا سەردانی سیستانی دەکات و بە بەردێک دەیەوێت دوو چۆلەکە بپێکێت. لەلایەک دەیەوێت بڵێت ئێمە لەگەڵ هیچ پێکهاتەیەکی دینی کێشەمان نیەو لەلایەکی ترەوە دەیەوێت  وا نیشانبدات کە مەرجەعیەتی شیعە سیستانییە نەک ئێران، بۆیە لەگەڵ ئەو پەیوەندی دەگرین. بەمانایەکی تر یانی پەراوێزخستنی ئێران  وەک مەرجەعیەتێکی شیعی و رۆڵی لەناوچەکەدا. ئەمە شەڕێکی بەردەوامە لەنێوان زلهێزە جیهانییەکان و نوێنەرە ناوچەییەکانیاندا کەئەوروپا دەیەوێت رۆڵێکی زیاتر ببینێت تیایدا وێڕای جەڕانی لەنێوان ئەمریکاو چیندا.

چوونی پاپا بۆ کوردستانیش وێڕای ئەوەی کە لەڕووی تەشریفاتییەوە شوێنێکی ئامنترە لەچاو سەرجەم شوێنەکانی تری عێراقداو بۆ ئەو کارە گونجاوە، بوونی ژمارەی زیاتری مەسیحییەکان و نزیکایەتیەتی لەموسڵ و شارۆچکە مەسیحی نشینەکانی دەشتی نەینەواوە. هاوکات دەیەوێت پەیامێک بدات بەمەسیحییەکان کە بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان و لەوێدا ژیانیان دەستپێبکەنەوەو موسڵ ئاوەدانبکەنەوە بەجێگای ئەوەی کۆچبکەن و روو لەوڵاتانی ئەوروپا بکەن. پەیامی کەمکردنەوەی مەسەلەی کۆچ و رووکردنە ئەوروپایە، کە ئەمە پەیامی ئەوروپایەو ڤاتیکانیش بەشیکە لێی.

لەکۆتاییشدا دەتوانم بڵێم ئەم سەردانەی پاپاش لەچوارچێوەی هەمان ئەو کێشمەکێشمانەدایە کە لەئەمڕۆی جیهاندا لەسەر دووبارە دابەشبوونەوەی دەسەڵات و بەشکردنی کێکەکە لەلایەن زلهێزە جیهانییەکانەوە  بەڕێوەدەچێت،هاوکات سەردانەکەشی لەچوارچێوەی سیاسەتی ئەمریکی و خۆرئاوادایە وەک لەسەرەتاوە باسمانکرد کەئەویش ئاشتبوونەوەیە لەگەڵ ئیسرائیلدا لەژێر ناونیشانی تەبایی لەنێوانی دیانەتی ئیبراهیمیدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار