یان بەکۆمەڵگەیی بوون، یان پاکتاوکردنو سڕینەوە
سوارە محەمەد
4 ساڵ لەمەوپێش
سوارە محەمەد
ئێمە بەهەوڵ و پرۆسەیەکی سەدان هەزار ساڵان بووین بەمرۆڤ، مرۆڤ بەگەل و کۆمەڵگەکەى خۆی مرۆڤە، کۆمەڵگە بوونیات و ئۆرگانێکی زیندووە، هەر ئەندامێکی کۆمەڵگە پەیوەستە بەوی ترەوە. ئەگەر لەکۆمەڵگەدا لەڕووی هەست، خۆشویستن، رێزگرتن، هەستپێکردن، ئومێد، نێگەرانی، چاوەڕوانی و پێکەوەژیانکردن پچڕان و دابڕان هەبێت، کۆمەڵگە کۆمەڵگەبوونی خۆی لەدەستدەدات و مرۆڤ لەمرۆڤبوون دەردەچێت.
ئێمە لەم هەفتەیەدا دەچینە (٣٣)هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی هەڵەبجەو «پاکتاوکاری و سڕینەوەى ئەنفال». هێشتا وەک دوێنێ خوێن لەبرینەکانمان دەچۆڕێت، هێشتا دایکان منداڵی کەمئەندام و نەخۆشیان دەبێت، سەرباری ئەوەى ئەوەندەی دەزانرێت، لەچەند مانگدا نزیکەى (٢٠٠) هەزار کورد لەباشووری کوردستان کۆمەڵکوژکران
کۆمەڵگە لەشین و شایدا یەکە. ئەگەر وانەبێت نابێت بەکۆمەڵگە. لەبنەڕەتدا کۆمەڵگە بنەماڵەیەکی گەورەیە، ئەگەر لەبنەماڵەیەکدا شین، مردن، ئازارو پەژارە هەبێت، ئەوە هەموو بنەماڵەکە پێی کاریگەر دەبن و بێتاقەت و نیگەران دەبن، کاتێک بەشێک لە کۆمەڵگە و وڵات ئازار، زۆرداری، زوڵم، بەرخۆری، تاڵانی، دەستدرێژی، کۆمەڵکوژی، داگیرکەری و چەوسانەوەو ...هتد تیادا بێت، پێویستە ئێمە هەستی پێبکەین. دەبێت بزانین، ئەگەر لەو ساتەدا ئەو هێرشە راستەوخۆش لەسەر «من» نەبێت، بەڵام هێرشە بۆ سەر «من»، چونکە منیش بەشێک و پارچەیەکی سەرەکی و بنەڕەتی لە «ئێمە»ین.
ئەگەر ئەو هۆشمەندی و تێگەیشتنە لاواز بێت مرۆڤ لەدڵ، مێشک، هەست و رۆحدا پارچە دەبێت، لەو کاتەدا ئیدی پێویستی بەهێرشی دەرەکیی دوژمن نییە. کاتێک کۆمەڵگە، یان گەلێک پارچە ببێت هەر خۆی دادەفرەقێت و بەتێپەڕبوونی کات دەتوێتەوەو لەناودەچێت.
ئەگەر ئێمە بەوردی سەرنج بدەین، بەدرێژایی مێژوو دوژمنەکانمان خواستویانە ئێمە پارچە بکەن. خواستویانە بەشێکی وڵات بەگژ بەشێکی تریدا بکەنەوەو بەرامبەر بەیەک بوەستنەوە. خواستویانە رێکخستنێکی کورد بەرامبەر بە رێکخستنێکی تر قوت بکەنەوە، خواستویانە لە ناو رێکخستنێکدا، هەندێک کەس لەبەرامبەر هەندێک کەسی تردا بوەستێننەوە. ناوی ئەو سیاسەتە بەناوبانگە دەزانرێت، سیاسەتی «پارچە بکە، پەرت بکەو لە ناویان ببە، یان کۆنترۆڵیان بکەو بەڕێوەیان ببە». هەرچەند لەو رووەوە لەناو گەلی کورددا هەندێک بەرەوپێشچوون و پێشکەوتن هەبێت، بەڵام هێشتا بەپێی پێویست نەبووین بە یەک، لەبەرئەوەش هێرشکی داگیرکەری، پاکتاوکاری و چەوسێنەرانە بۆ سەر گەلەکەمان بەردەوامیی هەیە، دەبێت ئێمە ئەوە بزانین یەکێک لەهۆکارەکانی بەردەوامیی ئەو هێرشانە بۆ هەڵوێست و سیاسەتی لاوازی ئێمە دەگەڕێتەوە.
حەزرەتی عەلی هەزارو (٤٠٠) ساڵ لەوەپێش پێوەرێکی هەبوو، کە بۆ ئەمڕۆش دەبێت و دەیوت، «ئەگەر ئێوە لەبەرامبەر ناهەقی نەوەستنەوە، ئێوە لەگەڵ هەقەکەتاندا شکۆو کەرامەتی خۆشتان لەدەستدەدەن!». هەق و حەقیقەت شانبەشانی مرۆڤ و سات بەسات لەگەڵ مرۆڤ، لەبەرامبەر ناهەقی پێشەنگایەتی بۆ هەڵوێستێک دەکات، تەنها ئیمە بەیەکگرتووی کۆمەڵگەیی دەتوانین خۆمان لەکۆمەڵکوژیی و پاکتاوکاری رزگار بکەین.
وەک دەزانرێت ئێمە لەم هەفتەیەدا دەچینە (٣٣)هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی هەڵەبجەو «پاکتاوکاری و سڕینەوەى ئەنفال». هێشتا وەک دوێنێ خوێن لەبرینەکانمان دەچۆڕێت، هێشتا دایکان منداڵی کەمئەندام و نەخۆشیان دەبێت، سەرباری ئەوەى ئەوەندەی دەزانرێت، لەچەند مانگدا نزیکەى (٢٠٠) هەزار کورد لەباشووری کوردستان کۆمەڵکوژکران. ئەگەر لەو کاتەدا چوار بۆ پێنج جار منداڵان و مرۆڤەکان زیاتر لەهێرۆشیما و ناکازاکی بەکیمیایی کاریگەر بوو بوون، بەڵام ئەمڕۆ گەلی کورد لەو کاتە بەهێزترو کاریگەرتر هەستاوەتەوەو تاوەکو ئاستێک رێکخستنبوون و تێکۆشانی خۆی بەهێزتر کردووە.
پێویستە بزانرێت، ئەگەر باشووری کوردستان دەتوانێت لەسەر پێ بمێنێتەوە، لەهەموو شتێک زیاتر ئەوە لەسایەی پشتگیریی گەلی کوردی باکووری کوردستانەوەیە، چونکە لەو کاتەدا گەلەکەمان لەباکوور بە رۆحی سەفەربەری و بە سەرو ماڵەوە، بەگیان و بەدڵ داکۆکییان لەگەلی باشوور کردو دەستیان بەهەوڵ و جموجوڵ کرد، گەنجان روویان لەناو ریزەکانی تێکۆشان کردو بوونە پێشمەرگە و شەهید بوون. یان بەپێی توانای خۆیان، نانی خۆیان و ماڵی خۆیان لەگەڵ بەشکردن، یان هەندێکی تریان دڵی خۆیان لەگەڵ بەشکردن.
گەلی باکوور لەناخی دڵەوە هەستی بەئازاری باشوور کردو ئەوەش هەستە راست و پێویست و دروستەکە بوو. هەر بەهەمان شێوەش رۆژهەڵات و رۆژئاواش بەو زامە بریندار بوون، لە رۆح و جەستەی خۆیاندا هەستیان بەبرینی هەڵەبجە کرد، ئەگەر ئەو هەستانەوەو پشتیوانیی بەشەکانی تری وڵات نەبوایە، باشووری کوردستان ئەو دەستکەوتانەى ئەمڕۆی بەدەستنەدەهێنا، دەبێت مرۆڤ ئەوە هیچ کات و هەرگیز لەبیر نەکات.
بەڵام لەکاتێکدا لەهەر چوارپارچەى وڵات و جیهان ژنانی کورد پێشەنگایەتییان بۆ پیرۆزبایی ٨ی ئادار دەکرد، بکوژ، دەستدرێژیکارو دوژمنی دڕندەی گەلی کوردو هەموو مرۆڤایەتی لەباشووری کوردستان، لەکۆشکەکان و لەئاستی زۆر بەرزدا پێشوازیی لێکرا. ئەو چەتەیە، ئەو تیرۆریستە، ئەو خوێنمژە، ئەو دەستدرێژیکارو دوژمنەى مرۆڤایەتی بەرپرسیارە لەکوشتنی منداڵانی عەفرین، ئەو بەرپرسە لەدار زەیتونە بڕاوەکان، لەو ژنانەی دەستدرێژییان کراوەتەسەرو شکۆی گەلی کوردو مرۆڤایەتیی پێشێلکردووە. بەداخەوە ئەوانەى پێشوازییان لێکرد ئەوەیان دەزانی.
هەڵبەت مرۆڤ لەکۆشکدا بژی ناتوانێت لە ئازارو هەستی گەلی ئاوارەو پەنابەر، کە دوو بۆ سێ ساڵە هاوین و زستان لەژێر چادردا بەسەردەبەن، تێبگات، هەڵبەت دڵ و مێشک ئەگەر بکەوێتە خزمەت بەرژەوەندیی بنەماڵەیی، کەسی، عەشیرەت، خێڵ و حزب ئیدی ناتوانێت لەو مرۆڤە تێبگات، کە دایک و کچی لەلایەن چەتەکانەوە رفێندراون و دەستدرێژییان کراوەتەسەرو کوژراون، ئەڵبەت ناتوانێت لەئازاری باپیرەیەک تێبگات، کە بەحەسرەت و تامەزرۆیی عەفرینەوە کۆچی دوایی کردووە.
ئەگەر مرۆڤ لە رۆحی وڵاتپارێزی و شۆڕشگێڕیی دابماڵرێت، ئیدی ناتوانێت لەتێکۆشانی ژنان و گەنجانی چوارپارچەى وڵات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان تێبگات. مرۆڤ لەهەموو ئەوانە تێدەگات و لەڕاستیشدا ئێمە هیچ چاوەڕوانییکەمان لێیان نییە.
بەڵام ئەو منداڵانە، کە دایک و باوکیان لەپاکتاوکاریی ئەنفال و هەڵەبجەدا لەدەستداوە بۆ هاوارێکی وایان لێ بەرز نەبووەوە، کە شوشەکانی کۆشکەکە بشکێنێت؟ بۆ ئەو باپیرەو داپیرانە، کەبرینداری هەڵەبجەن و برینەکانیان ساڕێژو دەرمان نەکراون وەک مێژووی راپەڕیوی خۆیان دڵ و مێشکی راپەڕیوی خۆیان نەخستەڕوو؟ حزب و رێکخستنەکانی باشووری کوردستان هێشتا لەدەرەنجامەکانی هەڵوێست و وەستانەوەى بەشەکانی تر تێنگەیشتوون؟ بۆ ئەو رێکخستن و حزبانە ئەو هەڵوێستە دژە نەتەوەیی و دژە مرۆڤایەتیی و بەدەر لەئەخلاقە ریسوا ناکەن؟ بۆ هونەرمەندان، رۆشنبیران، مافناسان، داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و رۆژنامەنووسان رەخنە لەوە ناگرن؟
رەنگە هەندێک بڵێن، «بەداخەوە دیموکراسی و ئازادی نییە، ئێمە ئەگەر ئەوە بکەین دەستگیردەکرێین، ئەشکەنجە دەدرێین و ... هتد». رەنگە ئەوە راست بێت، ئەو گوشارو زۆردارییە هەیەو ئێمەش ئەوە دەزانین، بەڵام ئاخۆ ئەو گوشارو زۆردارییانە لەهەڵوێست و شکۆی مرۆڤایەتی گرنگترن؟ باشە ئێمە ئەندامی کۆمەڵگەی گەلی کوردو مرۆڤایەتی نین؟
رەنگە هەموو کەس نەتوانێت بڕوات بۆ عەفرین، سەرێکانی، گرێ سپی و پارچەکانی تر وڵاتەکامان، کە لەژێر داگیرکەری و پاکتاوکاریدان و شەڕ بکات، بەڵام هەموو کەس دەتوانێت لەبەرامبەر هەڵوێستی لەو جۆرەی بەدەر لەکوردایەتی و مرۆڤایەتی ناڕەزایەتی نیشان بدات، وتەیەکی هەبێت و بیڵێت و پێشەنگایەتی بۆ هەڵوێستێک بکات. ئەگەر ئێمە نەتوانین ئەوەش بکەین، ئەدی چما دەڵێین، رۆشنبیر، رۆژنامەنووس، حزب و رێکخستنی کوردین؟ حەزرەتی عەلی هەزارو (٤٠٠) ساڵ لەوەپێش پێوەرێکی هەبوو، کە بۆ ئەمڕۆش دەبێت و دەیوت، «ئەگەر ئێوە لەبەرامبەر ناهەقی نەوەستنەوە، ئێوە لەگەڵ هەقەکەتاندا شکۆو کەرامەتی خۆشتان لەدەستدەدەن!». هەق و حەقیقەت شانبەشانی مرۆڤ و سات بەسات لەگەڵ مرۆڤ، لەبەرامبەر ناهەقی پێشەنگایەتی بۆ هەڵوێستێک دەکات، تەنها ئیمە بەیەکگرتووی کۆمەڵگەیی دەتوانین خۆمان لەکۆمەڵکوژیی و پاکتاوکاری رزگار بکەین.