نەهامەتییەکانى کوردبوون لەتورکیا
ئهنوهر حسێن(بازگر)
4 ساڵ لەمەوپێش
ئهنوهر حسێن(بازگر)
مێژووى شەڕو ململانێى تورکیاو کورد، زیاتر لە (40) ساڵى تێپەڕ کرد، کە بەپێى سەرچاوە هەواڵییەکان نزیکەى (60) هەزار کەس لەهەردوولا بوونەتە قوربانیى.
پرسیارى گرنگ لێرە دروست دەبێت، تورکیا چى لەکورد دەوێت؟
- وەڵامەکەى ئاسانە، دکتۆرێک لەتورکیا بۆى گێڕامەوە، من و هاوسەرەکەم لەژوورى نووستنەکەى خۆمان، نەماندەتوانى بەزمانى کوردى قسە بکەین، تەنانەت گومانم لەهاوسەرەکەشم هەبوو....!
- ئاتا تورک، بونیادنەرى تورکیاى نوێ، خۆى وتى «کوردەکان لەتورکى شاخاوین».
- پێشتر زیندانیانى سیاسی کورد ناچار دەکران لەزیندان، پیسایی خۆیان بخۆن.
- کوردەکانیان دەکردە ناو ئەشکەوتێک و دواتر ئەشکەوتەکەیان ئاگر دەداو کوردەکان دەبوونە قەرەبرووت و یەک تاکیان دەرنەدەچوو، تەنها لەسەر کوردبوون.
- پەلامارى ژنان و کچانیان دەداو هەڕەشەى ناموس و سوکایەتییان لێدەکردن.
- بەهەزاران کورد بێسەروشوێن بوون و تەرمەکانیشیان نەدرایەوە دەست خانەوادەکانیان. پێشتریش لەسەردەمى عوسمانییەکاندا قەتڵ و عامێکى بێ وێنەو پڕ تراژیدیا لەبەرامبەر کوردەکان ئەنجامدرا، وەکو هۆلۆکۆست، کوردقڕان، لەناوبران...، تەنها لەسەر کوردبوون.
مانیفێستى تورک، لەقسەکانى ئاردۆغاندا خۆى دەردەخات، کەدەڵێ «من ئەو کوردەم خۆشدەوێت کە لەگۆڕستانە و مردووە».
یان دەڵێن «دەوڵەتى کوردى دروستدەبێت لەسەر مانگ».
ئەو هەموو رق و شۆڤێنییەت و بەربەرییەتە لە چییەوە دژى کورد سەرچاوەى گرتووە؟
هەموو کوردەکان یەقینیان هەیە، کەتورکیا، عێراق، سوریا، ئێران دوژمن و نەیارى کوردن، بەڵام هیچ کامیان هێندەى تورکیا مەترسیدارو شۆفێنى نییە، تورکیا نەک بەتەنها قەتڵ و عامى کوردەکانى باکورى ژێر دەسەڵاتى دەکات و جێنۆسایدیان دەکات و کیمیابارانیان دەکات، نا، هەمان کار لەگەڵ کوردەکانى سوریاو عێراقیش دەکات و دەیەوێت حکومەتەکەیان بڕوخێنێت و لەسەر نەخشە و جوگرافیاى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست بیانسڕێتەوە، تورکیا هەمیشە دژایەتى کورد لەسەر مێزى رۆژانەیەتى، جا گرنگ نییە ئاتاتورک دێت یان عیسمەت ئینۆنۆ، مەسعود یەڵمازە، یان بوڵند ئەجەویدە، تانسۆ چیللەرە، یان نەجمەدین ئەربەکانە، ئاردوغانە، یان فەتوحوڵڵا گیوللەنە، بۆ هیچ کامیان فەرق ناکات و کورد قابیلى ژیان کردن نییە.
دیقەت بدەن، لەهاکارى چیکرد؟ لەئامەد چیکرد؟ لەڕۆبۆسکێ چیکرد؟ لەحەفتانین چیکرد؟ لەشێرناخ چیکرد؟ لەو وڵاتەدا شوێنێک نادۆزیتەوە، کوردى لێ نەکوژرابێت بەبێ خەتا، بەبێ هۆکارو تەنهاو تەنها لەبەرئەوەى کوردە.
کوردەکان دەڵێن «با بەیەکەوە بژین»، ئەوان دەڵێن «ئەوە دەیانەوێت ببنە شەریکمان»، کوردەکان دەڵێن «با خەباتى هاوبەش بکەین»، دەڵێن «نیەت و مەرامى خراپیان هەیە»، کوردەکان دەڵێن «پرسی دیموکراسی و ئازادى و مافى هاووڵاتیبوون پێش بخەین»، تورکەکان دەڵێن «دەیانەوێت تورکیا داگیربکەن و وڵات تووشی کارەسات بکەن»، هەڵبژاردن دەکرێت کوردەکان (110) شارەوانى دەبەنەوە، بەڵام هەموویان بە بیانووى (پەکەکە)وە دەخەنە زیندان و قەیوم بۆیان دادەندرێت.
ئاخر کوردبوون گوناهە؟ کوردبوون چ عەیبەیە؟ بەڵێ لاى تورکیاو تورکەکان، کوردبوون عەیبەبە، کوردبوون ریسواییە.
باشە، لەبەرامبەر ئەم گوتارو میتۆدە فاشستییە، کورد چی بکات، ناچارە بەرگریى بکات، ناچارە چەک هەڵبگرێت.
کوردەکان دەڵێن «با بەیەکەوە بژین»، ئەوان دەڵێن «ئەوە دەیانەوێت ببنە شەریکمان»، کوردەکان دەڵێن «با خەباتى هاوبەش بکەین»، دەڵێن «نیەت و مەرامى خراپیان هەیە»، کوردەکان دەڵێن «پرسی دیموکراسی و ئازادى و مافى هاووڵاتیبوون پێش بخەین»، تورکەکان دەڵێن «دەیانەوێت تورکیا داگیربکەن و وڵات تووشی کارەسات بکەن»، هەڵبژاردن دەکرێت کوردەکان (110) شارەوانى دەبەنەوە، بەڵام هەموویان بە بیانووى (پەکەکە)وە دەخەنە زیندان و قەیوم بۆیان دادەندرێت.
(59) ئەندام پەرلەمان دەرچوون بۆ پەرلەمانى تورکیا، زۆربەى زۆریان خراونەتە زیندان بە بیانووى (پەکەکە)وە.
(14) هەزار چالاککوان، رۆشنبیر، رۆژنامەنووس، ژنانى ئازادیخواز، رێکخراوى مەدەنى و کۆمەڵایەتى کورد خراونەتە زیندان، بەڵێ چواردە هەزار، بۆچى؟ چونکە کوردن رێگا نادەن کوردەکان بەکوردى بخوێنن و دەیانخەنە زیندان، رێگا نادەن گۆرانى بڵێن بەکوردى و دەیانخەنە زیندان وەک (ئەحمەد کایا)، رێگا نادەن فیلمى سینەمایی بەکوردى بەرهەمبهێنن و دەیانخەنە زیندان و شار بەدەریان دەکەن وەکو (یەڵماز گۆنای)، رێگا نادەن رۆژنامەنووس بیت و بەکوردى بنووسی، دەتخەنە زیندان وەک (عیسمەت شەریف وانلى)، رێگا نادەن خەریکى کارى سیاسی بیت، بە تۆمەتى کوردبوون و (پەکەکە) بوون دەتخەنە زیندان وەک (سەڵاحەدین دەمیرتاش)، رێگا نادەن بانگى خوا بەکوردى بدەى دەتخەنە زیندان وەکو (یەشار ئۆغلۆ)، رێگا نادەن مەراسیم و کۆبوونەوە بۆ مردووەکان بکەى، کە جەندرمە کوشتونى، رێگا نادەن هەناسە هەڵمژى، رێگا نادەن لەئەستنبوڵ ژیان بکەى دەڵێن «تەقینەوە دەکات» و رێگا نادەن کوردەکان شۆفێرى تاکسی بن و تورکەکان کاتێ دەزانن کوردو کرمانجە لەگەڵى سوار نابن و دەڵێن «تیرۆریستە یان کورد گڵاوە».
لەتورکیا کوردبوون، گەورەترین کارەساتەو هەمیشە قابیلى ئەوەیە، جەندرمە ئۆپراسیۆن بکات و دوو کوڕو دوو کچت بەرێتە دەرەوەى شارو بیانکوژێت.
لەگەڵ ئەم میللەتە، لەگەڵ ئەم دەوڵەتە شۆڤێنییە، ژیان دەکرێ؟ دەتوانى لە شارو گوند دابنیشی؟ یان بە ناچارى روو بکەیتە شاخ و بەرگریى بکەیت؟
لەتورکیا کوردبوون، گەورەترین کارەساتەو هەمیشە قابیلى ئەوەیە، جەندرمە ئۆپراسیۆن بکات و دوو کوڕو دوو کچت بەرێتە دەرەوەى شارو بیانکوژێت.
خۆ بابەتەکە هەر ئەوە نییە، سەرۆکى حزبەکە ناچار دەکەن سوریا جێبهێڵێت و دەکەونە شوێنى و مافى مرۆڤى ئەوروپاو ئەمەریکاش کەقسەى رۆژنامەکانە، هاوکار دەبن بۆ گرتن و بەخشینى بەدیارى بەبوڵند ئەجەوید، سەکینە جانسز لەناو جەرگەى دڵى ئەوروپاى دیموکراسی و وڵاتى رۆشنگەرى، وڵاتى سارتەرو رۆسۆ لەپاریس تیرۆرى دەکەن.
ئێستا رۆژانە بە فرۆکەى بێفرۆکەوان رەزو باخ و باخاتى خەڵک دەسوتێنن و خەڵکى سڤیل و مەدەنى دەکوژن.
کوشتنى کورد باشترین سەرکەوتنە بۆ تورکیا، جا گەریلاو پێشمەرگە بێت یان سڤیل و مەدەنى، باکورى بێت، یان باشورى گرنگ نییە، گرنگ کوردێک کەمبێتەوە.
بەهەزاران نەگبەتى پاش (100) ساڵ لەسوریا کوردەکان ئازاد بوون، کە ناسنامەى کوردیان نەبووە، لەسایەى (حافز ئەسەد) دواى رووداوەکەى (2011)ى بەهارى عەرەبی، دەسەڵاتێکى شۆڕشگێڕانەى کوردى لەڕۆژئاوا خوڵقا، کەچى بەردەوام تورکیا پەلامارى دەدات بەبیانوى کوردبوون.
رۆژئاوا نزیکەى (18) هەزار شەهیدى داوە، کەچى تورکیا دەڵێ «ئەمانە دەبنە خاوەنى دەوڵەت»، بۆچى گوناهە کورد دەوڵەتى هەبێت؟
سەدان پیلانى گێڕاوە، دژى حکومەتى هەرێم، کوردەکانى باشورو بەردەوام لەهەوڵى رووخاندنى حکومەتەکەیاندایە، بۆ؟ چونکە کوردن.
ئێستا روونە کوردبوون لەتورکیا چەند پڕ مەترسییە.
خوازیار بووم تورکیا وا بیرى نەکردایەتەوە، یان ئێستا وابیر نەکاتەوە، بەڵام دڵنیام ئەو خۆزگانە جگە لەساویلکەیی بوون، هیچى تر نییە.
بەڵام واقیعییەتێک هەیە ئەوەیە، نە تورکیا دەست لەم کوشتارو قەتڵ و عام و جینۆسایدەى کورد هەڵدەگرێت، نە کوردیش واز لەمافى بەرگریى دێنێت و لەناودەچێت، بۆیە با کەس گلەیی نەکات، کورد بۆ وادەکات؟