شانۆنامەی بۆ دۆزەخ ئەی بێگوناهانو سەرنجێکی گوناهبارانە
بەهادین حاجی بەكر دارتاش
4 ساڵ لەمەوپێش
بەهادین حاجی بەكر دارتاش
لەڕۆژانی هەفتەی رۆشنبیری شاری سلێمانیدا، نووسەرێکی ناودارو رۆشنبیری کوردستان، بەرهەمێکی نوێی بڵاوکردەوە بەناونیشانی (شانۆنامەی بۆ دۆزەخ، ئەی بێگوناهان)، ئەگەرچی نووسەری ئەم بەرهەمە کاک بەختیارعەلی لەخانەی پڕخوێنەرترین و پڕتیراژترین نووسەرانێکدایە کەهێشتا بەرهەمەکەی نەگەیشتووەتە کتێبخانەکان تاووتوێی چاپی دووهەم دەکرێت، بەڵام بەداخەوە ئەم بەرهەمەیان زۆر جێگەی ئیرەیی و سەرسام بوون نەبوو بەهۆی سەودایەکەوە کە بەکتێبەکەیەوە دەیکات.
پرسیارێک کە دەبوو نووسەر رێگەی داچڵەکانی هیچ کەسێکی نەدایە، ئەو نرخەیە کە کاک بەختیار چووەتە ژێرباری کە شەش هەزار دینار لەسەر کتێبێکی (150) لاپەڕەیی داناوە بەبێ ئەوەی هیچ پرسیارێک لەخۆی بکات کەئایا بەم کارە چ گوناهێک بۆ کەسایەتی خۆی تۆمار دەکات ؟! من دڵنیام کاک بەختیار ئەوەندە کورت بیرو کوڵبیرنیە کە موعانات و کەمدەرامەتی و گیرفان خاڵی بوونی زۆرێک لەخوێنەرەکانی خۆی نەزانێت
پێش هەموو شتێک ئەوە بڵێم کاتێک کە نووسەرێکی پڕ بەهرەو ناسراوی وەک کاک شێرزاد حەسەن سەرسامە بەتواناو داهێنانەکانی کاک بەختیارعەلی، ئیتر من لێرەوە دەستپێناکەم کە ئاخۆ نووسەری ئەم چەند دێڕە چەند ئیرەیی بەتوانای نووسین و فەنتازیای نووسین و تەکنیک وتەکتیکی هونەری نووسەر کاک بەختیار دەبات.
هاوکات ئەوەش بڵێین کە بەدڵنیاییەوە سەرنجی ئێمە لەسەر ناوەڕۆکی ئەو کتێبە نیە کەهێشتا نەمخوێندووەتەوە، بەڵکو لەڕاستیدا پرسیارێک کە دەبوو نووسەر رێگەی داچڵەکانی هیچ کەسێکی نەدایە، ئەو نرخەیە کە کاک بەختیار چووەتە ژێرباری کە شەش هەزار دینار لەسەر کتێبێکی (150) لاپەڕەیی داناوە بەبێ ئەوەی هیچ پرسیارێک لەخۆی بکات کەئایا بەم کارە چ گوناهێک بۆ کەسایەتی خۆی تۆمار دەکات ؟! من دڵنیام کاک بەختیار ئەوەندە کورت بیرو کوڵبیرنیە کە موعانات و کەمدەرامەتی و گیرفان خاڵی بوونی زۆرێک لەخوێنەرەکانی خۆی نەزانێت، دڵنیام کاک بەختیار ئاگاداری ئەوەیە کەهەندێک لەو خوێنەرانەی کە بەرهەمەکانی ئەو دەخوێننەوە پاش تەواوکردنی زانکۆ سویچی سەیارەیەکی بەقیست هاوردە لەبازاڕی بێ رەونەق و بێ مووچەی کوردستاندا دەگێڕن بۆ خۆدورخستنەوە لە بەڵای بێکاری؛ لەکاتێکدا کە گومان دەکرێت لەم رۆژگارەدا ئەو گەنجە شەش نەفەر مشتەری پەیدا بکات تادواجار کرێ خانوو شیری منداڵەکەی پێ دابینبکات. ئەی عەجەبا کاک بەختیار چۆن بەم نرخ دانانە بیرێکی لەگیرفانی خاڵی زۆرێک لەخوێنەرانی خۆی نەکردەوە؟! ئایا بەڕاستی کاک بەختیار بیری لەوە کردووەتەوە کە لایەنگرانی بەهێنانەوەی پاساوی نەبوونی هیچ موچەیەک سووکایەتی بەکەسایەتی ئەو دەکەن و وەک بازرگانێک پێناسەی دەکەن و بەدووری دەگرن لە مۆڕالی نووسەری خاوەن ویژدان و هەڵوێست، ئایا بەڕاستی کاک بەختیار ئەوە بۆ خۆی قایل دەبێت کە ببێتە رەچەشکێنێکی نەریتی گرانفرۆشی بازاڕی کەم رەونەقی کتێب ؟!.
هەربۆیە ئەگەر نووسەر بەم پاساوە لاوازو شکێنەرانە رازی نییە، ئەوا جێگەی خۆی بوو چاو دانەخات لەتێپەڕبوونی ئەم نەریتە نەگونجاوو ناشیرینە بەسەریدا، ئەگینا شایستەترین هەڵوێستی خوێنەران و رۆشبیرانی کوردستان ئەوەیە کە بایکۆتی کڕینی کتێبەکەی بکەن و رێگەنەدەن لەم بارودۆخە پڕ کارەساتەی کوردستاندا نووسەر بردنە سەرەوەی نرخی کتێبیش بکاتە نەریت و نووسینیش بکرێتە کاڵای بازاڕی گیرفان گەرم کردن، چونکە ئەم بێهەڵوێستییە دەتوانێت خۆێنەریکی زۆر دووربخاتەوە لەبەرهەمەکانی خۆی.
جێگەی خۆیەتی بەختیار عەلی بەدەنگی بەرز بەلایەنگرانی خۆی بڵێت من باری داراییم ئەوەندە خراپ نییە لەم بارودۆخەی کوردستاندا تەحەمولی هەناسە هەڵکێشانی گەنجێک بکەم بۆ حەسرەت خواردن لە نەخوێندنەوەی بەرهەمەکەیەوە بەهۆی گرانفرۆشی کتێبەکەیەوە، لەم حاڵە بەدەر بەدڵنیاییەوە خەڵکی مافی خۆیەتی کە ویژدانی نووسەر بهێننە ژیر پرسیارەوە! ئاخر لەبازاڕی بێ رەحمی ئەم قڵشتە چینایەتیەی کۆمەڵگای کوردستاندا ئەوە تەنیا سەرمایەو خاوەنداریەتی تایبەتی نییە کەدەتوانێت کەسەکان لەخانەی چینایەتی دژ بەیەکدا پۆلێن بکات، بەڵکو هەڵوێست و بێهەڵوێستیش دەتوانێت هەر ئاو بەهەمان ئاشدا بکات، کەواتە دەبێت بڵێین خودایە بەختیار عەلی لەم بێ هەڵوێستییە بپارێزیت!